سه‌رۆکی په‌رله‌مان : هاوڵاتیان هه‌قی خۆیانه‌ بپرسن چییان ماوه‌ به‌عێراقه‌وه‌ گرێیان بداته‌وه‌

10/31/2014 3:26:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

کۆتایی نیسانی رابردوو یوسف محه‌مه‌د سادق بووه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان، ده‌ستبه‌کاربوونی ئه‌و هاوکات بوو له‌گه‌ڵ‌ قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی سیاسی نێوان هه‌ولێرو به‌غداو دوو مانگ دواتریش داعش وه‌ک رێکخراوێکی چه‌کداری کاریگه‌ر له‌ناوچه‌که‌دا ده‌رکه‌وت، بۆیه‌ ره‌نگه‌ یوسف محه‌مه‌د جگه‌ له‌نازناوی گه‌نجترین سه‌رۆکی په‌رله‌مان، نازناوی سه‌رۆکی قه‌یراناویترین ولی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت.
 
د. یوسف محه‌مه‌د پاڵێوراوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو بۆ ئه‌و پۆسته‌، که‌ بزوتنه‌وه‌که‌ی له‌ژێر دروشمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا 24 کورسی په‌رله‌مانی کۆکرده‌وه‌ (له‌کۆی 111 کورسی)، بۆیه‌ ئێستا ده‌نگده‌ره‌کانی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێده‌که‌ن به‌راستی له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌وه‌ شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی بکات.
 
نیقاش له‌باره‌ی بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێم‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ به‌غداو وڵاتانی ناوچه‌که‌ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجامدا.
 
نیقاش: له‌و کاته‌دا که‌ ئێوه‌ بوونه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان کۆمه‌ڵێک قه‌یرانی ئابوری‌و سیاسی‌و ئه‌منی به‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی گرته‌وه‌، ئه‌مانه‌ نه‌بوونه‌ رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و پلانانه‌ی ئێوه‌ی هه‌تانبوو؟

یوسف محه‌مه‌د: به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ هه‌ندێکیان رێگری دروستکردووه‌، بۆ نموونه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی بۆ رێکخستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و خانه‌نشینی گشتی، خانه‌نشینی که‌رتی تایبه‌ت، زیادکردنی موچه‌ی خانه‌نشینی به‌گشتی، هێنانه‌ کایه‌ی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ له‌به‌رنامه‌ماندا بوو خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌میشی بۆ کراوه‌، ئێستا به‌داخه‌وه‌ ناتوانین ده‌ستیان بۆ ببه‌ین‌و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ بکه‌ین‌و بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر بده‌ین، چونکه‌ بارودۆخی دارایی هه‌رێمی کوردستان له‌بارێکی خرپدایه‌.
 
به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی له‌ئارادایه‌ په‌رله‌مانی سه‌رقاڵ کردوه‌، هه‌م به‌سه‌ردانکردنی لیژنه‌کانی په‌رله‌مان بۆ به‌ره‌کانی جه‌نگ‌و بۆ شوێنی رووداوه‌کان، سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌و بارودۆخه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ که‌ ده‌بێت له‌و باره‌یه‌وه‌ راپۆرت ئاماده‌ بکرێت‌و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت‌و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، ته‌نانه‌ت بارودۆخی رۆژئاوا ئه‌وا بۆ ماوه‌ی سێ‌ هه‌فته‌یه‌ په‌رله‌مان کارى له‌سه‌ر ئه‌کات، هه‌م به‌ناردنی لیژنه‌ بۆ کۆبانێ‌‌و سه‌ردانیکردنی ئاواره‌کانی کۆبانێ‌‌و هه‌م به‌ وتوێژکردن له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان.
 
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێک له‌و به‌رنامانه‌ی که‌ هه‌مانبوون جێبه‌جێمان کردوون، بۆ نموونه‌ هێنانه‌ کایه‌ی شه‌فافیه‌ت له‌دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان، دروستکردنی سیسته‌م له‌چۆنێتی ئیداره‌دانی دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان‌و رێکخستنی گفتوگۆکان‌و پاراستنی هاوسه‌نگی له‌نێوان کوتله‌ جیاوازه‌کانی په‌رله‌مان‌و کاراکردنی رۆڵی په‌رله‌مان له‌پرسه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن، هه‌روه‌ها متمانه‌دان به‌حکومه‌ت، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ناو په‌رله‌ماندا درا وایکرد پێکهێنانى حکومه‌ت له‌وه‌ زیاتر دوا نه‌که‌وێت، ئه‌گه‌رنا دوور نه‌بوو دروستکردنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوابخرێت تا دروستکردنی حکومه‌تی عێراقی (رۆژی 21ی ئه‌یلولی 2013 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌رێوه‌چوو - دوای نۆ مانگ رۆژی 18ی حوزه‌یرانی 2014 کابینه‌ی هه‌شته‌می حکومه‌تی هه‌رێم پێکهات).
 
بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م بارودۆخه‌ له‌هه‌ندێ‌ پرسدا ده‌ستی گرتوین‌و ناتوانین کاربکه‌ین‌و سه‌رقاڵی کردوین‌و له‌گه‌ڵ‌ رووداوه‌کان سه‌ره‌ده‌رى ئه‌که‌ین‌و بڕیارده‌ده‌ین، به‌ڵام له‌هه‌ندێکی تردا کاره‌کانی خۆمان ئه‌نجامداوه‌و پرۆسه‌ی چاودێریکردن باش ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر لێی رازی نیم، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرین حکومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی تازه‌ دروستبووه‌، هاوکات که‌وتووه‌ به‌سه‌ر زۆر قه‌یرانی گه‌وره‌دا، وه‌ک قه‌یرانی دارایی‌و قه‌یرانی ئاواره‌کان‌و شه‌ڕی داعش که‌ نزیکه‌ی هه‌زارو سی کیلۆمه‌تر به‌ره‌مان له‌گه‌ڵ‌ داعشدا هه‌یه‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌و ئیداره‌دانی ئه‌م به‌رانه‌ش کارێکى قورسه‌. به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا پرۆسه‌ی پرسیارکردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌حکومه‌ت‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌ی بانگکردنی وه‌زیره‌کان بۆ به‌رده‌م لیژنه‌ تایبه‌ته‌کانی په‌رله‌مان به‌رده‌وامه‌ که‌ تائێستا چه‌ندین وه‌زیر هاتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌کانه‌وه‌ پرسیاریان لێکراوه‌ سه‌باره‌ت به‌کۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ئارادایه‌. هه‌ڵبه‌ت کۆمه‌ڵێک یاساو بڕیاریش ده‌رکراون که‌ ئه‌توانین بڵێین هه‌ندێکیان مێژووین وه‌کو ئه‌و بڕیاره‌ی 22ی ئه‌م مانگه‌ سه‌باره‌ت به‌ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ له‌په‌رله‌مانی کوردستان ده‌رچوو که‌ له‌مێژووی په‌رله‌ماندا وێنه‌ی نه‌بووه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ یاساو پرۆژه‌ یاسا ته‌واوکراون که‌ له‌خوله‌کانی پێشوو کێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌پێش بووه‌‌و نه‌توانراوه‌ یه‌کلابکرێنه‌وه‌، له‌م ماوه‌ که‌مه‌دا یه‌کلایی کرانه‌وه‌، بۆ نموونه‌ یاسای کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان، یاساى بودجه‌ی حیزبه‌کان، یاسای خۆپیشاندان که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌ ره‌تکرایه‌وه‌، به‌ڵام فراکسیۆنه‌کان رێککه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌وه‌رزی نوێی ته‌شریعی په‌رله‌مان ئه‌و یاسایه‌ ده‌ربکه‌نه‌وه‌.
 
نیقاش: خه‌ڵک گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌م بارودۆخه‌ پرسی گه‌نده‌ڵی له‌بیر ئێوه‌ بردووه‌ته‌وه‌، له‌کاتێکدا هه‌م به‌رێزت‌و هه‌م کوتله‌که‌ت (گۆڕان) ئه‌و متمانه‌ی له‌خه‌ڵکه‌وه‌ وه‌رتانگرتووه‌ متمانه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: پرسی گه‌نده‌ڵی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانی کوردستان فه‌رامۆش نه‌کراوه‌، هه‌م لیژنه‌ی نه‌زاهه‌مان ئه‌کتیڤه‌، هه‌م هه‌وڵی ئه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستبه‌کاربوونی ئێمه‌ دیوانی چاودێری داراییش ده‌ستبه‌کار بێت، سه‌رۆکه‌که‌ی سوێندی خوارد له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی باڵای ده‌سته‌ی چاودێری دارایی دروست بووه‌و ئێستا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ تیمه‌کانی خۆی بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان ده‌نێرێت‌و راپۆرت ئاماده‌ ده‌کات. ته‌نانه‌ت له‌م بارودۆخه‌ی ئێستاشدا به‌شێکی گرنگی سه‌رنجی ئێمه‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌و به‌ره‌کانی جه‌نگ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان به‌گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ پێمان وایه‌ گه‌نده‌ڵی خۆره‌ی ئیراده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌، هه‌م ده‌بێته‌ هۆی به‌هه‌ده‌ردانی سامان‌و هه‌م له‌ده‌ستدانی وره‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌، هه‌ندێ‌ زانیارییمان بیستووه‌ که‌ ده‌ستبه‌جێ‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان‌و لیژنه‌ی نه‌زاهه‌و لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ به‌دواداچونیان بۆ کراوه‌. پرسی گه‌نده‌ڵی فه‌رامۆش نه‌کراوه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ئه‌و ده‌سته‌و دامه‌زراوانه‌ی تریش ئاکتیڤ بکه‌ین که‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ‌ په‌رله‌مان کاری به‌دواداچوون‌و لێپێچینه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م خوله‌دا داواکاری گشتیش زیاتر ئاکتیڤ ده‌که‌ین له‌رێی یاسایه‌که‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێی دادگاکانیشه‌وه‌ پرسی گه‌نده‌ڵی به‌دواداچوونی بۆ بکرێت.
 
نیقاش: خه‌ڵک چاوه‌ڕێی له‌ئێوه‌ ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن یاسا به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کاندا جێبه‌جێ‌ بکه‌ن سه‌ره‌تا له‌وه‌زیره‌کانی کوتله‌کانی خۆتانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ن، گۆڕان چه‌ند وه‌زیرێکی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و دارایی، خه‌ڵک ده‌ڵێن وه‌زاره‌تی دارایی به‌شێکی گه‌وره‌ی به‌رپرسیارێتی قه‌یرانی دارایی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌یه‌کی زۆری شه‌ێ‌ له‌ئارادایه‌و که‌موکوڕی له‌ناوپێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا هاوڵاتیان نه‌یانبینی هیچ کام له‌وه‌زیره‌کانتان بانگ بکه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌، بۆچی؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌بێت فراکسیۆنى گۆڕان خۆی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌، به‌ڵام هێنده‌ى من ئاگادارم هیچ یه‌کێک له‌فراکسیۆنه‌کان خۆ ناپارێزن له‌پرسیار کردن‌و بانگکردنى وه‌زیره‌کانى خۆیان. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ئێمه‌ وه‌ک سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان هیچ داواکارییه‌ک له‌لایه‌ن هیچ فراکسیۆنێکی په‌رله‌مانیه‌وه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست ئێمه‌ بۆ بانگهێشتکردنی وه‌زیری دارایی‌و پێشمه‌رگه‌‌و ئێمه‌ ره‌تمانکردبێته‌وه‌و نه‌مانناردبێت بۆ وه‌زیری دارایی‌و پێشمه‌رگه‌، ڕۆژى دووشه‌مه‌ى رابردوو وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بانگهێشتی به‌رده‌م لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌و جینۆسایدو زیندانیان کراو ئاماده‌ بوو، ئێمه‌ کاری خۆمانمان کردووه‌ له‌و رووه‌وه‌ بێ‌ که‌موکوڕی.
 
نیقاش: پێش ئه‌وه‌ی ببنه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان تێزی دکتۆراکه‌ی ئێوه‌ له‌سه‌ر فاکته‌ره‌ کاریگه‌ره‌کانی ئاینده‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان بوو، پێشبینی ئه‌م رووداوانه‌تان کردبوو له‌هه‌رێمدا رووبدات، به‌له‌به‌رچاوگرتنی واقیعه‌ نوێیه‌که‌ چی له‌بارودۆخه‌که‌ ده‌خوێننه‌وه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: راستیه‌که‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا هاتووه‌ته‌ ‌پێش پێی وتین هه‌رێمی کوردستان له‌قه‌یراندا ده‌ژی له‌سێ‌ رووه‌وه‌: قه‌یرانی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ له‌رووه‌کانی ئابوری‌و سیاسی‌و سه‌ربازییه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌هێزی‌و ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌ وایکردووه‌ بتوانین رووبه‌رووی ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ ببینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌بێت راستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆماندا بزانین که‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌مان هه‌یه‌.
 
له‌رووی داراییه‌وه‌ قه‌یرانی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ که‌ به‌ته‌واوی پشتمان به‌به‌غدا به‌ستووه‌، نزیکه‌ی 85% بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان پشتى به‌به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌بودجه‌ى گشتیى عێراق به‌ستوه‌، له‌کاتێکدا پێش ساڵی 2003 هه‌رێمی کوردستان 100% پشتی به‌خۆی به‌ستووه‌، که‌واته‌ سێکته‌ره‌کانی تری هه‌رێمی کوردستان سست کراون‌و گه‌شه‌یان نه‌کردووه‌. له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو نزیکه‌ی (70) ملیار دۆلار هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌راورد بکه‌ین به‌وڵاته‌ قه‌یرانزه‌ده‌کان، بۆ نموونه‌ له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م 16 وڵاتی ئه‌وروپای خۆرئاوا که‌ زۆربه‌ى شاره‌کانیان‌و ژێرخانى ئابوریان به‌ته‌واوى وێران بووبوو، توانیان به‌بڕی 13 ملیار دۆلار هه‌ڵبستنه‌وه‌ سه‌ر پێی خۆیان‌و ئابوریان ته‌واو بوژایه‌وه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی مارشاڵ‌ وه‌کو یارمه‌تی‌و قه‌رز پێی به‌خشین.
 
له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا له‌هه‌رێمی کوردستان به‌بڕی (70) ملیار دۆلار نه‌توانراوه‌ ژێرخانی ئابوری ببوژێنرێته‌وه‌. پێویسته‌ له‌مه‌ودوا قه‌دری داهات بزانرێت، به‌جۆرێک به‌باشی خه‌رج بکرێت‌و به‌هه‌ده‌ر نه‌درێت، به‌راستیش پێویستمان به‌بوژاندنه‌وه‌ی که‌رته‌کانی تر هه‌یه‌.
 
هه‌رێمی کوردستان نابێت بۆ ئابورییه‌که‌ی ته‌نها چاوی له‌سه‌ر نه‌وت بێت، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر وڵاتێکی تر ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ک بێت که‌ هه‌موو ئابورییه‌که‌ی له‌سه‌ر یه‌ک سه‌رچاوه‌ بێت، ئه‌وا بۆ هه‌رێمی کوردستان دووجار هه‌ڵه‌یه‌، چونکه‌ هه‌رێمی کوردستان هیچ ده‌رچه‌یه‌کی ده‌ریایی نییه‌ بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت، بۆیه‌ له‌هه‌موو کاتێکدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌مان له‌سه‌ره‌ که‌ ئه‌گه‌ر هاوکێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان یان هاوکێشه‌ ئیقلیمییه‌کان گۆڕان ئێمه‌ تووشی قه‌یران ببینه‌وه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ که‌رته‌کانی پیشه‌سازی‌و کشتوکاڵ‌‌و گه‌شتوگوزار ببوژێنینه‌وه‌.
 
له‌رووی سیاسییه‌وه‌ ئه‌م رووداوانه‌ پێی وتین که‌ خراپ دابه‌شبووین به‌سه‌ر میحوه‌ره‌ ئیقلیمییه‌کاندا، له‌کاتێکدا ئێمه‌ ئێستا له‌هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌گوتارێکی کوردستانیانه‌‌ هه‌یه‌، پێویستمان به‌وه‌یه‌ خۆمان کاراکته‌ر بین له‌م ناوچه‌یه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دابه‌ش ببن به‌سه‌ر کاراکته‌ره‌ ئیقلیمییه‌کان تا ئاستی شه‌ڕه‌ په‌ڕۆو یه‌کتر تۆمه‌تبارکردن، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ناکۆکی له‌به‌ره‌کانى جه‌نگدا هه‌بێت که‌ ئه‌مه‌ کاره‌ساتی دروستکردووه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌. ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ خاوه‌نی ستراتیژێکی روونی کوردستانیانه‌ بین له‌ناوچه‌که‌و گوتارێکی هاوبه‌شی نیشتیمانیمان هه‌بێت‌و دوور بکه‌وینه‌وه‌ له‌و جیاوازیانه‌و سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی کوردستان زیاتر به‌دامه‌زراوه‌یی بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی حیزبایه‌تی ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر ئێستاو داهاتووی هه‌رێمی کوردستان. 
 
له‌رووی سه‌بازیشه‌وه‌ کێشه‌مان هه‌بووه‌، هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووى چه‌ک، ڕێکخستن، مه‌شق، عه‌قیده‌ى سه‌ربازى کێشه‌ى گه‌وره‌ى هه‌بوه‌و هه‌یه‌. خۆشبه‌ختانه‌ ئیراده‌یه‌کی باش ده‌بینین بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ببێته‌ هێزێکی نیشتیمانی پیشه‌یی یه‌کگرتوو دوور له‌ئینتیمای حیزبی، بۆ ئه‌مه‌ بڕیاری په‌رله‌مان‌و بڕیاری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، هه‌نگاویش نراوه‌، راسته‌ به‌هۆی ئه‌م بارودۆخه‌ی هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌نگاوه‌کان به‌خاوی ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌.
 
نیقاش: که‌وابێت فشاری ئابوری به‌غداو شه‌ڕی داعش بیری خستنه‌وه‌ ئه‌م هه‌موو کێشه‌یه‌ له‌هه‌رێمدا هه‌یه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: به‌ڵێ‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئێستا به‌ته‌واوه‌تی خستوینیه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی ئه‌م کێشانه‌مان‌ هه‌ن، سه‌ره‌تا ئه‌بێت دانی پیادا بنێین، پێم وایه‌ ئێستا هه‌موومان دانمان پیادا ناوه‌، دواتر ماده‌م ئێستا حکومه‌تێکی یه‌کڕیزی نیشتیمانیمان هه‌یه‌ ئه‌وا ئه‌بێ هه‌ر لایه‌ک  شان باته‌ به‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشانه‌.
 
نیقاش: خه‌ڵک چاوه‌ڕێی ئه‌کرد یه‌کێک له‌ئه‌رکه‌کانی حکومه‌تی یه‌کڕیزی ئه‌وه‌ بێت ده‌ستی وڵاتانی ئیقلیمی له‌هه‌رێمدا ببڕێت، که‌چی ئه‌وه‌تا به‌روونی دیاره‌ دوو هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی هه‌رێم به‌سه‌ر میحوه‌ری ئێران‌و تورکیادا دابه‌شبوون‌و ئه‌و وڵاتانه‌ زیاتر ده‌ستیان وه‌رداوه‌ته‌ کاروباری ناوخۆی هه‌رێم؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌مه‌ کارێکی زۆر خراپه‌و ده‌بوو هه‌موومان بڕیاری ئه‌وه‌مان بدایه‌، که‌ نه‌هێڵین ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر ده‌ست وه‌ربده‌نه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌، زۆر ئاساییه‌ داوای هاوکاری ‌ له‌وڵاتانی جیهان بکه‌ین، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه‌، کارێکی خراپه‌ بێنه‌ ناوه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قه‌یرانه‌کانیشمان قووڵ‌ بن.
 
نیقاش: ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌به‌غداوه‌ هه‌یه‌، گه‌شبینن به‌وه‌ی له‌کابینه‌که‌ی عه‌بادیدا کێشه‌ی هه‌رێم‌و به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت؟

یوسف محه‌مه‌د: به‌ڕاستی نابێت نه‌ گه‌شبین بین‌و نه‌ ڕه‌شبین، ده‌بێت هه‌رێمی کوردستان بزانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م کابینه‌ تازه‌یه‌دا ده‌کات، پێم وایه‌ هه‌ندێ‌ هه‌ڵه‌مان کرد له‌پرۆسه‌ی دانوستاندنی دروستکردنی حکومه‌تی به‌غدا.
 
نیقاش: هه‌ڵه‌کان چی بوون؟

یوسف محه‌مه‌د: بۆ نموونه‌ به‌ستنه‌وه‌ی ته‌کتیکی دانوستانی خۆت به‌که‌سێکی دیاریکراو پێم وایه‌ له‌هونه‌ری دانوستان هه‌ڵه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ى ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ گۆڕا، ئیتر پێیان وتین ئه‌وه‌ داواکاری ئێوه‌ جێبه‌جێ‌ کراوه‌، بینیشمان ئه‌مه‌ کوردی زۆر لاواز کرد له‌مه‌سه‌لی پێکهێنانی حکومه‌تدا (مه‌رجی یه‌که‌می هێزه‌ کوردییه‌کان بۆ به‌شداری له‌حکومه‌تی عێراقی گۆڕینی نوری مالیکی بوو). وایلێهات خه‌ریکبوو حکومه‌ته‌که‌ دروست ببێت بێ ‌به‌شداری کورد، ئه‌مه‌ بۆ یه‌که‌مینجاره‌ حکومه‌تی عێراقی دروست ببێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پێشتر رێکه‌وتنی سیاسی کرابێت له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی کوردستان.
 
فاکته‌ری تریش هه‌بوون، وه‌ک بێتوانایى هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌ته‌واوه‌تی روبه‌رووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئێستا موچه‌ ئه‌دات، به‌ڵام زۆر دوا ئه‌که‌وێت‌و پڕۆژه‌کانیش زۆربه‌یان وه‌ستاون. فشاری خه‌ڵکیش هۆیه‌کی تر بوو، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵک داوای ساده‌ترین مافی خۆیان ده‌کرد که‌ موچه‌یان پێ‌ بدرێت، به‌ڵام ئه‌و داواکارییه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا تێبگه‌ن ئه‌و ئه‌بڵوقه‌یه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمیان دروستکردووه‌ به‌بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم شوێنی خۆی گرتووه‌و زانیویانه‌ کارته‌ فشاره‌که‌یان به‌هێزه‌و ته‌نازولیان لێنه‌کرد.
 
له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تی تازه‌ی به‌ڕێز عه‌بادی ئه‌وه‌ گرنگه‌ ئێمه‌ بزانین خۆمان چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ین‌و چۆن داهاتی ناوخۆ ده‌بوژێنینه‌وه‌‌و کارتی فشار دروست بکه‌ین‌و کارته‌ فشاره‌کانی ده‌ستی ئه‌وان لاواز بکه‌ین.
 
نیقاش: ناوه‌ ناوه‌ باسی دروستکردنی ده‌وڵه‌ت له‌ناوه‌ندی سیاسی هه‌رێم گه‌رموگوڕی به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، ئه‌م پرسه‌ی به‌چی گه‌یشتووه‌، له‌بیر خۆتان بردووه‌ته‌وه‌ یان کاری بۆ ده‌که‌ن؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌مه‌ پێویسته‌ ئامانجێک بێت کاری بۆ بکه‌ین، به‌دوور له‌هه‌ڵای راگه‌یاندن، هه‌م ژێرخانی ئابوری ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز بکه‌ین که‌ پشت به‌خۆمان ببه‌ستین، هه‌م سیسته‌می سیاسی هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ به‌دامه‌زراوه‌یی بکه‌ین که‌ ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کان نه‌بنه‌ کێشه‌ بۆی، هه‌م پشت به‌ده‌وروبه‌ر نه‌به‌ستین‌و له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین. من پێم وایه‌ نزیکین له‌م ئامانجه‌، به‌ڵام کاری پێویسته‌، ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی کاری بۆ بکه‌ین‌و ده‌ستورێک بهێنینه‌ ئاراوه‌ که‌ جێێ‌ ره‌زامه‌ندی هه‌موو خه‌ڵک بێت، پێم وایه‌ ئه‌و رۆژه‌ دوور نییه‌ ئامانجه‌کانمان بێنه‌دى ئه‌گه‌ر خۆمان ئاماده‌ بین.
 
نیقاش: ئه‌گه‌ر عه‌بادی خواسته‌کانی کوردی جێبه‌جێ نه‌کرد، به‌ئاراسته‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی هه‌نگاو ده‌نێن؟

یوسف محه‌مه‌د: هاوڵاتی هه‌رێمی کوردستان هه‌قی خۆیه‌تی بپرسێت چی ماوه‌ته‌وه‌ له‌م عێراقه‌دا، حکومه‌تی عێراقی که‌ یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌دات‌و بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان نه‌دات‌و له‌کێشه‌ی ئاواره‌کان هاوکاری نه‌کات که‌ به‌هۆی شکستی سوپاکه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی کوردستان بوون ئیتر چاوه‌ڕێی چی لێبکرێت، خه‌ڵکی هه‌رێم ده‌پرسێت: به‌ڕاستی چی له‌م عێراقه‌ ماوه‌.
 
من ته‌مه‌نم 36 ساڵه‌، به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆم ته‌نها ئازارو ئابڵوقه‌ی ئابوری‌و کیمیاباران‌و تۆپباران‌و گه‌مارۆم له‌حکومه‌تی عێراق بینیوه‌، له‌نه‌وه‌ى پێش خۆشمان بپرسین هه‌روا ئه‌ڵێن.
 
له‌نه‌ستی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان چه‌سپاوه‌ عێراق به‌م هه‌موو ململانێیه‌ی ناوخۆییه‌ی خۆیه‌وه‌و به‌و ‌دژایه‌تییه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ ده‌یکات وه‌کو نه‌یار ته‌ماشا ده‌کرێت.
 
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌بێت به‌روونی له‌وه‌ تێبگه‌ین هه‌میشه‌ ئه‌و کارانه‌ی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانی عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستان کردویانه‌ په‌رچه‌کرداری پێچه‌وانه‌ی هه‌بووه‌، بۆ نموونه‌ له‌مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 1991 رژێمی پێشووی عێراق سه‌رجه‌م داموده‌زگاکان‌و سوپاکه‌ی له‌سێ‌ پارێزگاکه‌ی هه‌رێمی کوردستان کشانده‌وه‌و موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی بڕی، ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی کوردی لاواز ببێت، به‌ڵکو رێک به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵکی هه‌رێم پاش شه‌ش مانگ هه‌ڵبژاردنی کردو حکومه‌تی کوردی پێکهات‌و داهاتی ناوخۆ زیادیکردو موچه‌ دراو داموده‌زگاکان دروستکران، تا 2003 به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو. له‌به‌رامبه‌ردا ڕژێمى پێشوى عێراق ڕوخا. هیواداریشین حکومه‌تی تازه‌ به‌عه‌قڵیه‌تی تازه‌ بیر بکاته‌وه‌و په‌ند له‌ئه‌زموونه‌کانی رابردوو وه‌ربگرێت.
 
نیقاش: ئێستا ئێوه‌ ئاماده‌کاری ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم ده‌ربکه‌ن، ئه‌م ده‌ستوره‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ داڕێژراوه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌رێمێکی فیدراڵ‌ یان ده‌وڵه‌تێک له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق؟

یوسف محه‌مه‌د: تائێستا بڕیاری سیاسی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێنێته‌وه‌و ئه‌وه‌تا به‌شداری حکومه‌تی عێراقمان کردووه‌. به‌ڵام چیتر ناتوانین ته‌نها یه‌ک رێگا له‌به‌رچاو بگرین‌و خۆمان به‌یه‌ک سیناریۆوه‌ ببه‌ستینه‌وه‌، به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئه‌م رێگایه‌، به‌ڵام ناکرێت سیناریۆکانی تریش له‌به‌رچاو نه‌گرین، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م رێگایه‌ که‌ رێگای مانه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراقدا سه‌رکه‌وتوو بێت‌و به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌له‌کانی ده‌وروبه‌رماندا بژین، ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیارێکی تریش بده‌ین ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ بێت. 
 
نیقاش: ئێوه‌ به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌وه‌ی بودجه‌ی له‌هه‌رێم بڕیوه‌، به‌ڵام هه‌رێمیش پێشتر نه‌چووه‌ ژێر بڕیاره‌کانی به‌غداوه‌و سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی ره‌وانه‌ کرد، که‌واته‌ سیاسه‌تی نه‌وتی خۆتان هۆکار بووه‌، بۆچی گله‌یی له‌به‌غدا ده‌که‌ن؟

یوسف محه‌مه‌د: به‌رهه‌مهێنان‌و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ مافێکی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق، ئه‌مه‌ به‌ته‌نها رای ئێمه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ی کاتی خۆی به‌شداربوون له‌نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور به‌شێوه‌یه‌کی ئامانجدار ئه‌و مادانه‌یان داڕشتووه‌و هه‌رێم ئه‌و هه‌قه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، چونکه‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌هه‌رێم که‌وتووه‌ته‌ پێش نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقه‌وه‌.
 
هه‌رێم جگه‌ له‌وه‌ی هه‌قێکی ده‌ستوری‌و یاسایی‌ خۆیه‌تی، هاوکات له‌رووی ستراتیژییه‌وه‌ ده‌بێت ئاماده‌کاری ئه‌وه‌ بکات که‌تووشی قه‌یرانی سوته‌مه‌نی نه‌بێت، چونکه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆرجار که‌وتووینه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌، حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی حکومه‌ته‌کانی عێراق چه‌ندینجار نه‌وت‌و غازیان له‌هه‌رێم بڕیوه‌، ته‌نانه‌ت حکومه‌ته‌که‌ی به‌رێز جه‌عفه‌ری‌و دوای ئه‌ویش حکومه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز مالیکی نه‌وت‌و به‌نزینیان له‌هه‌رێم بڕی، بۆیه‌ هه‌رێم هه‌م بۆ ناوخۆو هه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ش مافی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌یه‌.
 
به‌ڵام له‌کۆی ئه‌م پرۆسه‌ى له‌بوارى وزه‌ له‌هه‌رێمدا ئه‌نجامدراوه‌، ئایا هه‌ڵه‌و که‌موکوڕتی نییه‌، بێگومان هه‌ڵه‌ش هه‌یه‌و ده‌بێت به‌دواداچوونی بۆ بکرێت‌و له‌ژێر چاودێری په‌رله‌ماندا بێت‌و له‌ژێر چاودێری هه‌ر رێکخراوێکی شه‌فافی جیهانیدا بێت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیش مافی مه‌شروعی خۆیه‌تی چاودێری ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بکات‌و هیچ رێگری لێنه‌کرێت. به‌ڵام هه‌رێم ده‌ستبه‌رداری مافی ده‌ستوری خۆی نابێت له‌به‌رهه‌مهێنان‌و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت.
 
نیقاش: له‌شه‌ڕی داعشدا سه‌ڕه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌ له‌عێراق‌و له‌سوریاش گورزی گه‌وره‌ی وه‌شاند، به‌ڵام کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی کاتێک کاردانه‌وه‌ی هه‌بوو که‌ هه‌ڕه‌شه‌ که‌وته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان‌و کۆبانی، هۆکاری ئه‌مه‌ بۆچی ده‌گێڕنه‌وه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: به‌راستی ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌یه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌کوردو هه‌رێم، چه‌ندین هۆکاری هه‌یه‌؛ به‌شێکی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ تا راده‌یه‌ک توانیومانه‌ ئه‌زموونی جیاواز پێشکه‌ش بکه‌ین، له‌کاتێکدا مه‌سیحییه‌کان‌و که‌مایه‌تییه‌کانی تر له‌ناوچه‌کانی تری عێراق ده‌رده‌کرێن‌و ده‌کوژرێن، له‌هه‌رێم جێیان ده‌بێته‌وه‌‌و ژیانێکی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ مه‌سیحی‌و ئێزدی‌و تورکمان‌و عه‌ره‌بی سوننه‌و شیعه‌و هه‌موو پێکهاته‌کانی تر دابین کراوه‌، هه‌رێم توانیوێتی وه‌ها خۆی پیشان بدات ناوچه‌یه‌که‌ لێبورده‌یی‌و فره‌ ره‌نگی تێدایه‌. جگه‌ له‌مه‌ بوونی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری وڵاتانی تر له‌هه‌رێم وایکردووه‌ هه‌رێم بپارێزرێت. هه‌روه‌ها به‌ره‌و پێشچوونی پرۆسه‌ی دیموکراسی‌و سیاسی، له‌چاو ناوچه‌کانی تری عێراق هۆیه‌کی تر بووه‌. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت گه‌لی کورد هه‌م له‌هه‌رێمی کوردستان‌و هه‌م له‌کۆبانی گه‌لێکی مه‌زڵومه‌و هێرشی نه‌کردووه‌ته‌ سه‌ر که‌س، به‌ڵکو هێرشى کراوه‌ته‌سه‌ر. بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تێدایه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌هانایه‌وه‌ بێت.
 
نیقاش: ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ ئێوه‌ نوسینگه‌ی په‌رله‌مانتان له‌که‌رکوک کرده‌وه‌و له‌وێ‌ راتانگه‌یاند که‌رکوک شارێکی کوردستانییه‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب‌و تورکمانه‌کانی ئه‌وێ‌ به‌م بڕیاره‌ی ئێوه‌ رازی نین؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌مه‌ مافێکى مه‌شروعه‌ که‌رکوک به‌کوردستانی بزانین، له‌ده‌ستوری عێراقدا که‌رکوک‌و ناوچه‌کانی تر به‌جێناکۆک ده‌ستنیشان کراون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیاد له‌لایه‌نێک داواى خاوه‌ندارێتیان ده‌کات، یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ی داوای ده‌کات کورده‌، هاوڵاتیانی که‌رکوک‌و ناوچه‌کانی تر هه‌قیانه‌ هه‌ر داوایه‌کیان هه‌یه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ هه‌رێم‌و ئێمه‌ش له‌رێی نوسینگه‌یه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا بین.
 
سه‌باره‌ت به‌مافی پێکهاته‌کان ئێمه‌ ئینکاری مافی هیچ لایه‌نێک ناکه‌ین، هه‌م له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێم‌و هه‌م له‌که‌رکوک. هیچ چاره‌یه‌ک له‌که‌رکوک‌و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ناسه‌پێنین سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییه‌کان‌و راستییه‌ جوگرافییه‌کان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ که‌رکوک‌و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی تر کوردستانین، به‌ڵام ئێمه‌ هیچ چاره‌یه‌ک ناسه‌پێنین‌و له‌هه‌ر بڕیارێکدا ده‌بێت ئه‌وان به‌شداربن‌و رای سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ربگیرێت‌و به‌شداربن له‌راپرسیدا. ئێستا پرۆژه‌ یاسامان هه‌یه‌ بۆ زامنکردنی مافی پێکهاته‌کان له‌هه‌رێم که‌ که‌رکوکیش گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌بێت له‌ده‌ستوری هه‌رێمدا بارودۆخی تایبه‌ت بۆ که‌رکوک له‌به‌رچاو بگرین.
 
نیقاش: چه‌ند جارێک به‌رپرسانی هه‌رێم وتویانه‌ پاش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ چووه‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ئیتر ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراقی کۆتایی هاتووه‌، ئایا به‌ڕاستی ماده‌که‌ کۆتایی هاتووه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: ماده‌ی 140 کۆمه‌ڵێک رێوشوێنه‌ به‌داخه‌وه‌ حکومه‌تی عێراقی ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی له‌م باره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێنه‌کردووه‌، خۆ ئێستا ده‌توانێت راپرسی بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ کرا ماده‌ی 140 جێبه‌جێ‌ ده‌بێت‌و کۆتایی پێدێت.
 
نیقاش: له‌گه‌ڵ‌ زۆربوونی ژماره‌ی ئاواره‌کان، هه‌رێم له‌توانایدا ماوه‌ له‌م ژماره‌یه‌ی ئێستا زیاتر ئاواره‌ له‌خۆبگرێت؟

یوسف محه‌مه‌د: ژماره‌ی ئاواره‌کان له‌هه‌رێم به‌و رووبه‌ره‌ بچووکه‌ی خۆیه‌وه‌ زیاتره‌ له‌کۆی ئاواره‌کان له‌وڵاتێکی وه‌ک تورکیا به‌و رووبه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌و ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی دانیشتوان که‌ ده‌گاته‌ (76) ملیۆن که‌س، به‌هۆی بارودۆخی ئێستاو به‌هۆی ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی به‌رامبه‌ر ئاواره‌کان جێبه‌جێ‌ ناکات، ئیتر هه‌رێم توانای وه‌رگرتنی ئاواره‌ی نه‌ماوه‌، داوای هاوکاری نێوده‌وڵه‌تیمان کردووه‌و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش ورده‌ ورده‌ هاتووه‌ته‌ پێش.
 
نیقاش: له‌ماوه‌ی رابردوودا دوو بڕیارتان ده‌رکرد سه‌باره‌ت به‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم که‌ له‌مێژووی په‌رله‌ماندا وێنه‌ی نه‌بووه‌، یه‌که‌میان به‌ره‌سمی ناساندنی ئه‌و سێ‌ کانتۆنه‌یه‌ که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان له‌سوریا دروستیان کردووه‌، دووه‌میان ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ کۆبانی، ئه‌م بڕیارانه‌ی ئێوه‌ ده‌ستوه‌ردان نییه‌ له‌کاروباری ناوخۆی وڵاتانی تر؟

یوسف محه‌مه‌د: بارودۆخێکی نائاسایی له‌ئارادایه‌، رێکخراوێکی تیرۆریستی وه‌ک داعش له‌عێراقه‌وه‌ تا سنوری لوبنانی داگیرکردووه‌، ئه‌مه‌ شه‌ڕی دژی تیرۆره‌، هه‌رێمی کوردستان‌و عێراقیش به‌شێکن له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی تیرۆر بۆیه‌ هه‌رێم مافی به‌هاناوه‌چوون‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی که‌ برایانمان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان، له‌م بارودۆخه‌ نائاساییه‌شدا رێی تێده‌چێت هه‌ندێ‌ کۆت‌و به‌ند بشکێنرێت.
 
نیقاش: به‌ڵام خه‌ڵک ده‌پرسێت پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی خۆیدا نه‌یتوانی شنگال‌و جه‌له‌ولا بپارێزێت، ئیتر له‌ده‌ره‌وه‌ی خاکی خۆی چی پێده‌کرێت؟

یوسف محه‌مه‌د: هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌زارو سی کیلۆمه‌تر سنوری له‌گه‌ڵ‌ داعش هه‌یه‌‌و رووبه‌رووی به‌ره‌یه‌کی جه‌نگى کراوه‌ بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌چه‌کی کۆنی روسی که‌ له‌رژێمی پێشووی عێراقه‌وه‌ بۆی ماوه‌ته‌وه‌ رووبه‌رووی گه‌وره‌ترین‌و پڕچه‌کترین رێکخراوی تیرۆریستی بووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌ستى به‌سه‌ر نوێترین چه‌کى ئه‌مریکیدا گرتووه‌. بێگومان له‌م سنوره‌ به‌رفراوانه‌شدا رووده‌دات له‌شوێنێک شکست بهێنێت، به‌ڵام به‌و چه‌که‌ نوێیانه‌ی ورده‌ ورده‌ ده‌ستی ده‌که‌وێت پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت زیاتر خاکی خۆی بپارێزێت‌و هاوکێشه‌ى هێز پێچه‌وانه‌ بکاته‌وه‌و هاوکاری کۆبانێ‌‌و قاره‌مانه‌کانی ئه‌وێ‌ بکات.

  زانکۆ ئه‌حمه‌د 


زۆرترین خوێندراو