سه‌رۆکى هه‌رێم : مافى چاره‌ى خۆنووسین مافێکى یاسایى و سروشتى گه‌لى کورده‌وخۆى بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات

11/20/2014 8:15:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

  به‌رێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ فرانس 24  ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌مافى چاره‌ى خۆنووسین مافێکى یاسایى و سروشتى گه‌لى ئێمه‌یه‌ و گه‌لى خۆمان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووى خۆیان ده‌ده‌ن.

فرانس 24: له‌م دواییه‌دا کاتێکى زۆرتان به‌سه‌ر برد له‌ پێشه‌وه‌ى به‌ره‌کانى جه‌نگى دژ به‌ داعش که‌ بووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کى سه‌ره‌کى له‌وکاته‌ى ده‌ستیان به‌سه‌ر موسڵدا گرت له‌ مانگى حوزه‌یران و زیاتر کاریگه‌رى دانا کاتێک له‌ ئاب به‌ره‌و کوردستان هاتن. ئه‌و هێڕشه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و به‌ پشتیوانى هێزى ئاسمانى رۆژئاوایى راگیرا. ده‌مه‌وێت دوایین پێشهاته‌کان له‌سه‌ر دۆخى سه‌ربازى بزانم به‌تایبه‌تى که‌ له‌م دواییانه‌ دیسان هێڕشیان هێناوه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم : ته‌قریبه‌ن رۆژانه‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ له‌ دژى داعش و تیرۆریستان به‌رێوه‌ ده‌چێت. داعش، ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستییه‌، کۆنترۆڵى موسڵى کرد و به‌ره‌و باشوور هه‌نگاوى نا و دواتر هێڕشیان کرده‌ سه‌ر کوردستان. له‌ رۆژانى سه‌ره‌تایى هێڕشکردنه‌ سه‌ر کوردستان و راسته‌ توانییان ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ندێک ناوچه‌ بگرن، به‌ڵام دواتر هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ستیان کرد به‌ جێبه‌جێکردنى ستراتیژییه‌ک که‌ له‌ دوو قۆناغ پێکهاتبوو، یه‌که‌م بریتى بوو له‌ راگرتن و راوه‌ستانى داعش، و دواتر ده‌ستکردن به‌ هێڕش و ده‌رکردنیان له‌و ناوچانه‌ى که‌ کۆنترۆَیان کردووه‌. به‌ڵێ تا ئێستا پێشمه‌رگه‌ زۆر سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و ده‌ستکه‌وتیان زۆر بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر داعش، پێشمه‌رگه‌ له‌ فراوانبووندایه‌ و ده‌چنه‌وه‌ ئه‌و جێگایانه‌ى داعش کۆنترۆڵى کردبوو. له‌م چرکه‌ساته‌ش که‌ له‌گه‌ڵ تۆ قسه‌ ئه‌که‌م، شه‌ێ‌ له‌ رۆژئاواى دیجله‌ هه‌یه‌.

فرانس 24: ئێستا له‌ ناوچه‌ى ره‌بیعه‌ شه‌ێ‌ هه‌یه‌. هه‌ست ده‌که‌ن داعش له‌ دۆڕاندندایه‌ و ده‌یه‌وێـت هێڕشى له‌پێ‌ بهێنێت؟ پێت وایه‌ که‌ ئه‌وان ده‌توانن هێشتا ئه‌و شه‌ڕه‌ ببه‌نه‌وه‌؟


بارزانی: جه‌نگه‌که‌ هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌. داعشیش هێشتا له‌ بارودۆخێکدا نییه‌ که‌ بڵێین هێزى هێڕشکردنیان له‌ده‌ست داوه‌. ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامه‌ و داعشیش هێشتا ده‌توانێت هێڕش بکات. راسته‌ ئه‌وان لاواز بوون به‌ڵام هێشتا ئیمکانیاتى هێڕشبردنیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

فرانس 24: تۆ به‌شداریت زۆر شه‌ێ‌ کردووه‌و له‌ دژى سه‌ددامیش جه‌نگاوی. ده‌کرێت بڵێیت داعش له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ خراپتره‌ که‌ رووبه‌رووى کوردستان بوونه‌ته‌وه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئه‌مه‌ شه‌ڕێکى نوێیه‌ و ته‌کتیکى نوێى جه‌نگه‌ و شه‌ڕێکى ئایدۆلۆجییه‌. ئه‌م تیرۆیسته‌ به‌ربه‌ریانه‌ ره‌چاوى هیچ ناکه‌ن و ته‌نها هێڕش ده‌که‌ن. بۆیه‌ به‌ڵێ ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستییه‌ دڕنده‌ترین و به‌ربه‌ریترین رێکخراوه‌، و ته‌نانه‌ت شه‌ڕه‌کانى که‌ کردوومانه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردى بکه‌یت به‌ هێزه‌کانى سه‌ددام حوسێنیش. 

فرانس 24: ده‌مه‌وێت باسى پشتیوانى وڵاتانى رۆژئاوا بکه‌م. دیاره‌ هێڕشى گرنگى ئه‌مه‌ریکى هه‌ن و چه‌کتان له‌ وڵاتانى دیکه‌وه‌ بۆ هاتووه‌و هه‌تا سه‌ردانێکى مێژووییش له‌ لایه‌ن فرانسوا هۆلاند سه‌رۆکى فه‌ره‌نساوه‌ ئه‌نجامدرا. چاوه‌ڕێى چى تر ده‌که‌ن له‌ رۆژئاوا؟ ئایا ئێوه‌ چه‌کى قورسترتان ده‌وێت؟ یارمه‌تى مرۆیى زیاترتان ده‌وێت؟ چاوه‌ڕوانیتان چییه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ردانى جه‌نابى فرانسوا هۆلاند سه‌رۆک کۆمارى فه‌ره‌نسا سه‌ردانێکى مێژوویى بۆ کوردستان و سوپاسى ده‌که‌ین بۆ سه‌ردانه‌که‌. هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت سوپاسى فه‌ره‌نسا و هه‌موو ئه‌ندامانى دیکه‌ى هاوپه‌یمانى دژ به‌ داعش بکه‌م بۆ هه‌موو ئه‌و یارمه‌تییانه‌ى که‌ پێشکه‌شیان کردوه‌. 
به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێـت بڵێم، هه‌موو ئه‌و هاوکارییه‌ى تا ئێستا به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ له‌و ئاسته‌یه‌ نییه‌ که‌ پێویسته‌ بۆ ئێمه‌، بۆ نموونه‌ سیسته‌مى قورسه‌کان، به‌تایبه‌تى له‌ رووى ژماره‌ و کوالیتییه‌وه‌ى ئه‌و چه‌کانه‌ى پێویستیمان پێیه‌تى بۆ ئه‌م جه‌نگه‌. بۆ نموونه‌، زرێپۆشى سه‌رباز گوێزه‌ره‌وه‌، تانکى ئه‌براهمس، هه‌لیکۆپته‌ر، تۆپ که‌ پێویسته‌ بۆ شه‌ڕى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌ دژى ئه‌وان، ئێمه‌ ئه‌م جۆره‌ چه‌که‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌و ئه‌و چه‌کانه‌ى هاتوون هێشتا له‌ ئاستێکى زۆر نزمن.

فرانس 24: بۆچى ئه‌و چه‌کانه‌ت به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌؟ پێتان وایه‌ رۆژئاوا دوودڵ له‌ پێدانى چه‌کى زۆر به‌ ئێوه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئێمه‌ ئه‌و پرسیاره‌مان هه‌یه‌. ئێمه‌ش به‌دواى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌گه‌ڕێین. پرسیاره‌که‌ى ئێمه‌ زۆر روونه‌ و وه‌ڵامى روونمان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌: ئایا سه‌قفێک هه‌یه‌ بۆ سیسته‌مى ئه‌و چه‌کانه‌ى که‌ بڕیار وایه‌ به‌ده‌ستمان بگه‌ن له‌رووى کوالیتى و ژماره‌وه‌؟ وه‌ڵامه‌که‌ لاى ئێمه‌ش روون نییه‌. 

فرانس 24: که‌واته‌ ئێوه‌ بێ ئومێدن له‌وباره‌یه‌وه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئێمه‌ بێ ئومێد نین به‌ڵام چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێبوونى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ین پێمان دراون.

فرانس 24: ده‌مه‌وێت بچمه‌ سه‌ر باسى کۆبانێ، ئه‌و شاره‌ بچووکه‌ى له‌سه‌ر سنوورى تورکیا و سوریا. ره‌خنه‌یه‌کى زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر تورکیا که‌ کارێکى زیاترى نه‌کردووه‌ بۆ پاراستنى خه‌ڵکى شاره‌که‌ له‌ده‌ست هێڕشى داعش؟ پێت وایه‌ بارودۆخى شاره‌که‌ ئارام بۆته‌وه‌؟ پێـت وایه‌ کۆبانێ له‌ دواجار ده‌توانێت داعش ره‌تبکاته‌وه‌؟

بارزانى : تا ئێستا به‌رگرى قاره‌مانانه‌ له‌ کۆبانێ ده‌کرێت له‌لایه‌ن پارێزه‌رانى کۆبانێینه‌و له‌ دژى هێڕشه‌کانى داعش به‌ پشتیوانى پێشمه‌رگه‌. هه‌روه‌ک ده‌زانن پێشمه‌رگه‌ نێردراوه‌ بۆ کۆبانێ و پشتیوانییه‌کى به‌هێزبووه‌ له‌ ڕووى ده‌روونى و عه‌مه‌لییه‌وه‌. تورکیا رێگه‌ى داوه‌ تا 200 هه‌زار ئاواره‌ى کۆبانێ بچنه‌ تورکیاوه‌، به‌ڵام له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌ تورکیا ده‌ستوه‌ردانى نه‌کردووه‌و ناشزانم هۆکاره‌که‌ى چییه‌. باشتره‌ بۆ ده‌ستکه‌وتنى ئه‌و وه‌ڵامه‌ پرسیاره‌که‌ له‌ به‌رپرسانى تورکیا بکرێت.

فرانس 24: پلانتان هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ و چه‌کى زیاتر بنێرن بۆ کۆبانێ؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئه‌گه‌ر داواکارى هه‌بێت و رێگا هه‌بێت، هه‌موو شتێک ده‌که‌ین بۆ کۆبانێ.

فرانس 24: رێگه‌پێدانى تورکیاتان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌وه‌ بکه‌ن؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: رێککه‌وتنێک هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا و ئه‌مه‌ریکا. ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌مان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و رێککه‌وتنه‌ نارد بۆ کۆبانێ، به‌ڵام بۆ ناردنى پێشمه‌رگه‌ى زیاتر ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ش قسه‌ بکه‌ین.

فرانس 24: له‌ رۆژئاوا ره‌خنه‌ى له‌ تورکیا ده‌گیردرێت که‌ شتێکى زیاترى بۆ پاراستنى کۆبانێ نه‌کرد، به‌ڵام هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌شى ئاراسته‌ ده‌کرێت که‌ گوتوویه‌تى ((داعش بۆ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ یه‌کسانه‌، هه‌ردووکیان تیرۆریستن)). ئه‌مه‌ش له‌ رۆژئاوا خه‌ڵکى تووشى شۆک کرد. کۆکن له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ که‌ هه‌ردوو په‌که‌که‌ و داعش تیرۆریستن؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: نه‌خێر من له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ نیم.

فرانس 24: هێشتا به‌شدارن له‌و گفتوگۆیانه‌ى نێوان په‌که‌که‌ و حکوومه‌تى تورکیا به‌رێوه‌ ده‌چێت؟ ئومێدت هه‌یه‌ بتوانن سه‌ربکه‌ون؟ بارودۆخى کۆبانێ چۆنه‌ ئێستا؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئه‌وله‌ویه‌تى سه‌ره‌کى هه‌موومان بریتییه‌ له‌ به‌رانگاربوونه‌وه‌ى داعش. سه‌ربارى ئه‌وانه‌ش، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌وڵه‌کانى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ تورکیا چونکه‌ ئه‌مه‌ بۆ گه‌یشتنه‌ به‌ چاره‌سه‌رێکى ئاشتییانه‌ى کورد له‌وێ. ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ رۆڵى خۆمان له‌وباره‌یه‌وه‌.

فرانس 24: ئێوه‌ش شه‌خسى به‌رده‌وام به‌شدارن له‌و گفتوگۆیانه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان.

فرانس 24: ئایا تورکیاى هیچ یارمه‌تى پێشکه‌شتان کرد کاتێک داعش له‌ کوردستان نزیکبووه‌وه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئه‌وان فرۆکه‌یه‌کى ته‌قه‌مه‌نییان نارد.

فرانس 24: ئێوه‌ یارمه‌تیتان له‌ ئێرانه‌وه‌ پێگه‌یشت و هێشتاش به‌رده‌وامه‌.

سه‌رۆکى هه‌رێم: به‌ڵێ ئێرانیش به‌ ته‌قه‌مه‌نى یارمه‌تییان داین.

فرانس 24: ئایا ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌ یارمه‌تیدان؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: به‌ڵێ هه‌ندێکجار یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن و به‌رده‌وامن.

فرانس 24: ئه‌وان یه‌که‌م لایه‌ن بوون به‌ده‌نگتانه‌وه‌ بێن و یارمه‌تیتان بده‌ن.

سه‌رۆکى هه‌رێم: یه‌که‌م فرۆکه‌ى ته‌قه‌مه‌نى له‌ لایه‌ن ئێرانییه‌کانه‌وه‌ نێردرا.

فرانس 24: ئایا هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ک هه‌یه‌ له‌نێوان ئێران، ئه‌مه‌ریکا و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئه‌وه‌نده‌ى من بزانم به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى هیچ نییه‌.

فرانس 24: ده‌مه‌وێت بچمه‌ سه‌ر بابه‌تى سه‌ربه‌خۆیی. چه‌ند مانگێک له‌مه‌وپێش بانگه‌شه‌ى ریفراندۆمى چاره‌ى خۆنووسینتان، دیاره‌ رووداوى دیکه‌ به‌دوا داهات وه‌کو نزیکبوونه‌وه‌ى داعش له‌ کوردستان. ئایا ریفراندۆم له‌سه‌ر مافى چاره‌ى خۆنووسین له‌ کوردستان ساز ده‌کرێت؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: مافى چاره‌ى خۆنووسین مافێکى یاسایى و سروشتى گه‌لى ئێمه‌یه‌ و گه‌لى خۆمان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووى خۆیان ده‌ده‌ن. بۆیه‌ کاتێک گه‌ل ئه‌و مافه‌ى هه‌بێت، ده‌بێت بتوانێت موماره‌سه‌ى بکات و هیچ کام له‌ رووداو و پێشهاته‌کان ناتوانن رێگرى له‌م پرۆسه‌یه‌ بکه‌ن چونکه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌ و هیچ شتێک نابێته‌ به‌ربه‌رست و پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌. ره‌نگه‌ چوارچێوه‌ى زه‌مه‌نى یاخود کاته‌که‌ى گۆڕانکارى به‌سه‌ردا هاتبێت، به‌ڵام له‌م پرۆسه‌یه‌ و له‌ موماره‌سه‌کردنى مافى سروشتى خۆمان ناگه‌ڕێینه‌ دواوه‌.

فرانس 24: ئه‌و ریفراندۆمه‌ ساڵى داهاتوو جێبه‌جێ ده‌کرێت؟

بارزانى : ئێستا په‌رله‌مانى کوردستان سه‌رقاڵى ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ و بڕیاره‌که‌ هى ئه‌وانه‌، به‌ڵام کاتى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌که‌ش هه‌ر له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت.

فرانس 24: به‌ڵام پێویستیشه‌ له‌ لایه‌ن دراوسێ و هاوپه‌یمانه‌کانته‌وه‌ قبووڵ بکرێت و زۆرێک له‌وانیش له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان نین.

سه‌رۆکى هه‌رێم: بڕیارى ئه‌نجامدانى ئه‌و ریفراندۆمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکى کوردستان چى بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر چاره‌نووس و مافى چاره‌نووسى خۆیان که‌ هه‌یانه‌، به‌ڵام ورده‌کارى دواترى ئه‌و ریفراندۆم و بڕیاره‌ دواتر باسى لێوه‌ ده‌کرێت. ئێمه‌ هیوادارین که‌س رێگریمان لێ نه‌کات له‌ ماف و خواست خه‌ڵکى کوردستان، گه‌لى کوردستان خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسى خۆیان ده‌ده‌ن، هیچ که‌سیتر مافى بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسى گه‌لى کوردستان نییه‌ جگه‌ له‌ گه‌لى کوردستان خۆی.

فرانس 24: ده‌مه‌وێت بێمه‌ سه‌ر باسى که‌رکووک که‌ شارێکى ره‌مزییه‌. ئێوه‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هێڕشه‌کانى داعش کۆنترۆڵى که‌رکووکتان کرد. ئایا هه‌رگیز ئێوه‌ که‌رکووک ده‌ده‌نه‌وه‌ حکوومه‌تى فیدراڵ یاخود پێتان وایه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ هى کوردستانه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: به‌لاى ئێمه‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێکه‌، که‌رکووک به‌شێکه‌ له‌ کوردستان. ئێمه‌ رێککه‌وتنێکى ده‌ستووریمان هه‌بوو که‌ پرۆسه‌یه‌ک هه‌بێت بۆ ئاساییکردنه‌وه‌، سه‌رژمێرى و ریفراندۆم بۆ خه‌ڵکى که‌رکووک تا بڕیار له‌سه‌ر شاره‌که‌یان بده‌ن. خه‌ڵکى که‌رکووک هه‌ر چ بڕیارێک بده‌ن ئێمه‌ رێزى لێ ده‌گرین، به‌ڵام له‌ هه‌ر حاڵه‌تێکدا ئێمه‌ هه‌رده‌م گوتوومانه‌ که‌رکووک به‌شێکه‌ له‌ کوردستان و له‌مه‌ پاشگه‌ز نابینه‌وه‌، به‌ڵام چۆنێتى ئیداره‌کردنى بارودۆخى شاره‌که‌، ئه‌وه‌ پێویسته‌ رێکخستنێکى تایبه‌ت هه‌بێت بۆ ئیداره‌کردنى شاره‌که‌ و بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌کى یه‌کسان و عادیلانه‌ پێکهاته‌کان به‌شدار بن له‌ ئیداره‌ى که‌رکووک.

فرانس 24: له‌ پشتى جه‌نابته‌وه‌، ئاڵایه‌کى کوردستان و عێراقى لێیه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو رووداوه‌کان، هێشتا هه‌ست ده‌که‌ن ئێوه‌ سه‌ر به‌ عێراقن.

بارزانى : خۆى له‌ راستیدا هه‌رێمى کوردستان به‌شێکه‌ له‌ عێراق به‌ گوێره‌ى ئه‌و ده‌ستووره‌ى به‌ به‌ڵێ ده‌نگمان بۆدا. به‌ڵام حه‌قیقه‌تێک هه‌یه‌ که‌ عێراق له‌ دوو نه‌ته‌وه‌ پێکهاتووه‌: کورد و عه‌ره‌ب. پێویسته‌ ئێمه‌ هاوبه‌ش بین. من نامه‌وێت هیچ پێناسه‌یه‌کى دیکه‌ بده‌م بۆ چۆنێتى هاوبه‌ش بوون له‌ عێراق.

فرانس 24: پێت وایه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانى 10 ساڵى رابردوو بۆ دروستکردنى عێراقێکى یه‌کگرتوو فه‌شه‌لیان هێناوه‌؟ هیچ هیوایه‌کتان هه‌یه‌ بۆ عێراقێکى یه‌کگرتوو یان پێت وایه‌ عێراق بووه‌ته‌ رابردوو؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئه‌وه‌ به‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چى جۆره‌ حوکمڕانییه‌ک په‌یڕه‌و ده‌کرێت له‌ لایه‌ن حوکمڕانانى ئه‌وێ، چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌ى رابردوو دووباره‌ بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵێ ئه‌وه‌ عێراق به‌ره‌و دابه‌شبوون ده‌چێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پابه‌ندبن به‌ ده‌ستوور، ئه‌وه‌ به‌ڵێ ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تێک هه‌یه‌ بۆ رزگاربوونى عێراق.

فرانس 24: هه‌ر سه‌باره‌ت به‌مه‌، دوا کات بۆ ئه‌م حکوومه‌ته‌ نوێیه‌ نزیک بووه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌که‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان که‌ 8ـى کانوونى یه‌که‌مه‌، له‌وانه‌ کێشه‌ى پێشمه‌رگه‌، که‌رکووک و نه‌وت، به‌تایبه‌تیتر دواى ئه‌وه‌ى ئێوه‌ نه‌وتان له‌ رێى تورکیا به‌ بۆڕى هه‌نارده‌ کرد و ده‌ره‌نجام حکوومه‌تى عێراقى بودجه‌ى ئێوه‌ى بڕی. پێت وایه‌ تا 8ـى کانوونى یه‌که‌م ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ رێککه‌وتن له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌م کێشانه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئێستا پرۆسه‌یه‌ک ده‌ستى پێکردووه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌ندێک له‌م کێشانه‌ و ئێمه‌ش نه‌رمیمان نواندووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ى هه‌مانه‌. ئێمه‌ش نییه‌تمان چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م کێشانه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کران، ئه‌وکات ئێمه‌ ناتوانین تا هه‌تایه‌ چاوه‌ڕێى داهاتوویه‌کى نادیار بکه‌ین، ئه‌وسا ئێمه‌ بڕیار له‌سه‌ر هه‌ر بڕیارێکى پێویست ده‌ده‌ین. 

فرانس 24: ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ رێککه‌تن تا 8ـى کانوونى یه‌که‌م، ئاماده‌ن به‌رده‌وام بن له‌ گفتوگۆ یاخود ئه‌مه‌ دوا واده‌یه‌کى کۆتاییه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ تا ئه‌وکات چاره‌سه‌ر نه‌کرێن ئیتر ته‌واو؟

بارزانى : ئه‌و بڕیارێکى ده‌سته‌ جه‌معى پارته‌ سیاسییه‌کان و په‌رله‌مانى کوردستانه‌، من ناتوانم پێشبینى بکه‌م ئه‌م بڕیاره‌ چى ده‌بێت.

فرانس 24: له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى نه‌وت، ئێوه‌ رێک چیتان ده‌وێت؟ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت کوردستان ده‌سه‌ڵاتى گه‌ڕان و به‌رهه‌مه‌هێنان و هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌بێت و حکوومه‌تى فیدراڵ ده‌سه‌ڵاتى له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌بێت؟ یاخود ئاماده‌ن ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ به‌غدا دابه‌ش بکه‌ن له‌سه‌ر نه‌وتى کوردستان؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: له‌ ده‌ستوورى عێراقدا هاتووه‌ که‌ نه‌وت و غاز موڵکى هه‌موو عێراقییه‌کانه‌ و داهاته‌که‌شى بۆ هه‌موو عێراقییه‌کانه‌. ئێمه‌ کێشه‌مان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ نییه‌. ئێستا ده‌رفه‌تێکى نوێى هاتۆته‌ پێش، وه‌زیرێکى نوێى عێراقى هه‌یه‌ که‌ نیشتیمانپه‌روه‌رێکى کۆن و دۆستێکى نزیکى ئێمه‌یه‌، پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو لێره‌بوو، و له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان گه‌یشته‌ جۆره‌ رێککه‌وتنێک و هیوادارین ئیتر ئه‌و کێشه‌یه‌ کۆتایى پێبێت.

فرانس 24: ئایا ئێوه‌ متمانه‌تان زیاتر به‌م سه‌رۆک وه‌زیرانه‌ هه‌یه‌ وه‌ک له‌ نورى مالیکی؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: حه‌ز ناکه‌م باسى ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌خسییانه‌ بکه‌م لێره‌.

فرانس 24: خه‌ون ده‌بینى رۆژێک بێت ببیت به‌ سه‌رۆکى هه‌موو کوردان و پێـت وایه‌ ئه‌م خه‌ونه‌ له‌ هه‌موو کات زیاتر نزیکتره‌ له‌ به‌دى هاتن؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: هه‌رگیز خه‌وم نه‌بینیوه‌ ببمه‌ سه‌رۆک و قه‌ت چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌شم نه‌کردووه‌ ببمه‌ سه‌رۆکى هه‌موو کوردان، به‌ڵام هیچ کات گومانم نه‌بووه‌ که‌ رۆژێک دێت کورد ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى ده‌بێت و هه‌رچى قوربانییه‌ک پێویست بێت بۆ ئه‌وه‌ى کوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت من ئه‌نجامى ده‌ده‌م. گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ کوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت، گرنگ نییه‌ کێ سه‌رۆکى ده‌بێت.

فرانس 24: دواى ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ به‌ره‌کانى شه‌ێ‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیکردنى جه‌نگه‌که‌؟

بارزانى : له‌م ماوه‌یه‌ سه‌رم له‌ هه‌موو به‌ره‌کانى جه‌نگ داوه‌ به‌ڵام دواى ئه‌مه‌ ده‌چم به‌دواداچوون و چاودێرى پێشهاته‌ نوێیه‌کانمان ده‌که‌م. 

فرانس 24: هیواتان هه‌یه‌ که‌ ده‌ره‌نجام ده‌یبه‌نه‌وه‌؟

سه‌رۆکى هه‌رێم: ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ سه‌رکه‌وتن هه‌یه‌.


زۆرترین خوێندراو