یوسف محه‌مه‌د: هه‌نگاوى باش بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێم نراوه‌

12/3/2014 2:26:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

سه‌رۆکى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌ڤیه‌پڤینێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى ئانادۆڵو شه‌ڕى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ داعش به‌ "شه‌ڕێکى نێوده‌وڵه‌تى نه‌ک ناوچه‌یی" ناوده‌بات و رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ ده‌خوازن له‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ په‌له‌بکرێت. 

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد که‌ په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان له‌ ده‌رکردنى یاسا و چاودێریکردندا کارایه‌، هه‌ماهه‌نگیى نێوان حکومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ باش ده‌زانێت و ده‌ڵێت، په‌رله‌مان و حکومه‌ت کار بۆ هه‌ڵگرتنى به‌شێک له‌ داهاتى نه‌وت بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو له‌ سندوقێکدا ده‌که‌ن.

له‌مه‌ڕ هه‌موارکردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ ده‌ستوورى هه‌رێمش، سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئاشکراى کرد که‌ گفتوگۆیه‌کى جیدى له‌ئارادایه‌ و له‌ چه‌ند رۆژى ئاینده‌دا هه‌نگاوى کرده‌یى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌نرێن.

 ده‌قى دیداره‌که‌ى سه‌رۆکى په‌رله‌مان 

ئانادۆڵو: چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر سوێندى یاساییتان خوارد و ده‌ستبه‌کاربوون، تا ئێستا کاره‌کانتان چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و خۆتان رازین له‌ ئه‌داى خۆتان؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: راستییه‌که‌ى نزیکه‌ى شه‌ش مانگه‌ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ستبه‌رکاربووین، ئێمه‌ ده‌ستبه‌رکاربووین له‌ قۆناغێکدا که‌ قۆناغى ته‌نگه‌ژه‌ و شه‌ڕه‌ له‌ هه‌رێم، به‌ ڕاستى ئه‌و قۆناغه‌ش جیاوازه‌ له‌ قۆناغى ئاسایی، دۆخى ئێستاى په‌رله‌مانى کوردستان دۆخى تێپه‌ڕاندنى سه‌رده‌مى شه‌ێ‌ و ته‌نگه‌ژه‌یه‌، بۆیه‌ له‌م دۆخه‌دا ناچاربووین مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ تازه‌یه‌دا بکه‌ین که‌ هاتنى داعش و ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌ که‌ به‌ درێژایى نزیکه‌ى هه‌زار ٥٠٠ کیلۆمه‌تر له‌ جه‌له‌ولاوه‌ بۆ کۆبانى هێزى پێشمه‌رگه‌ تیایدا به‌شدارى ده‌کات، له‌ هه‌مان کاتدا دۆخى قه‌یرانى ئابووریى هه‌رێم که‌ به‌هۆى ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ى حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمى دایناوه‌، دروستبووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى خوله‌کانى دیکه‌ له‌و کاته‌ى ده‌ستمان کردووه‌ به‌ دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان، هه‌ردوو پڕۆسه‌ى یاسادانان و چاودێریمان به‌ڕێوه‌ بردووه‌ که‌ دوو ئه‌رکى گرنگیى په‌رله‌مانن، له‌ بوارى یاساداناندا له‌ خوله‌کانى پێشووى په‌رله‌ماندا نه‌کراوه‌ له‌ یه‌که‌م خولى گرێداندا په‌رله‌مان یه‌کسه‌ر بپه‌رژێت و یاسا ده‌ربکات، ئێمه‌ له‌ خولى یه‌که‌مماندا توانیمان هه‌ندێک یاسا ده‌ربکه‌ین که‌ له‌ خوله‌کانى پێشوو نه‌توانراوه‌ ده‌ربکرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌م خوله‌ى ئێستاشدا چه‌ند یاسا و بڕیارێکى گرنگ ده‌رکراوه‌ که‌ هه‌ندێکیان مێژوویین و چه‌ند یاسایه‌کى دیکه‌شمان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌سه‌ندى بکه‌ین، وه‌ک یاساى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌کان و یاساى کۆمپانیاى کوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و چه‌ند یاسایه‌کى دیکه‌ش که‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ دۆخى سیاسى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌.

ئانادۆڵو: به‌هۆى ئه‌و قه‌یرانانه‌ى ئاماژه‌تان بۆکرد، له‌ رۆڵى چاودێرى کردنى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن رازین؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: حکومه‌ت تازه‌ ده‌ستبه‌کار بووه‌ که‌ ناگاته‌ چوار مانگ و قه‌یران و شه‌ڕیش هه‌یه‌، ده‌بێت ئه‌وانه‌ له‌ پڕۆسه‌ى چاودێرى کردن ره‌چاو بکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و پرسیارانه‌ى که‌ له‌م خوله‌ى ئێستاى په‌رله‌مان له‌ شه‌ش مانگى رابردوو ئاڕاسته‌ى حکومه‌ت کراون زیاترن له‌ کۆى ئه‌و پرسیارانه‌ى له‌ چوار ساڵى خولى پێشوو ئاڕاسته‌ى حکومه‌ت کراون، که‌واته‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان زۆر چالاکن له‌ پڕۆسه‌ى چاودێرى کردن و چه‌ند وه‌زیرێک هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌م لێژنه‌کانى په‌رله‌مان و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردوون له‌سه‌ر پرس و باسه‌کانى ئێستاى هه‌رێم و گفتوگۆیان کردووه‌، چه‌ند وه‌زیرێک هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانى کوردستان و له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان وتوێژ دروستبووه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کان سه‌باره‌ت به‌ سێکته‌ره‌ جیاوازه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان. ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئێستا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت. راسته‌ دۆخه‌که‌ وایکردووه‌ که‌مێک سستتر بێت، به‌ڵام له‌م رووه‌وه‌ تا ئێستا هه‌نگاوى باش هاویژراون.

ئانادۆڵو: تا ئێستا په‌رله‌مان چه‌ند پرسیارى ئاڕاسته‌ى حکوومه‌ت کردووه‌؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: به‌پێى راپۆرتێک که‌ هاتووه‌ته‌ به‌رده‌ستمان، تا سه‌ره‌تاى مانگى تشرینى دووه‌م نزیکه‌ى 300 پرسیار ئاڕاسته‌ى حکوومه‌ت کراون.

ئانادۆڵو: په‌یوه‌ندى نێوان په‌رله‌مان و حکوومه‌تى هه‌رێم چۆنه‌؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگییه‌کى باش له‌ نێوان حکوومه‌ت و په‌رله‌مانى کوردستان هه‌یه‌، پڕۆسه‌ى چاودێرى کردن وه‌ک خۆى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت، له‌ هه‌مان کاتدا حکوومه‌تیش هاوکاره‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان به‌وه‌ى له‌و کاتانه‌ى داواى وه‌زیر یان سه‌رۆکوه‌زیران ده‌کرێت ئاماده‌ ده‌بن له‌ به‌رده‌م په‌رله‌ماندا، تا ئێستا سێجار سه‌رۆکوه‌زیران له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ بووه‌، ئه‌نجوومه‌نى هه‌رێمى نه‌وت و گاز دووجار له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان ئاماده‌بوون و له‌سه‌ر باس و خواسه‌کانى پڕۆسه‌ى نه‌وت و قه‌یرانى دارایى باس و وتوێژ ئه‌نجام دراوه‌، که‌واته‌ ئه‌وه‌ى پێویسته‌ له‌ سیستمى په‌رله‌مان هاوکارى و هاوسه‌نگى و چاودێرى دوو لایه‌نه‌ له‌ نێوان دوو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ بێته‌ کایه‌وه‌ و تا ئێستا هه‌نگاوى گه‌وره‌ هاویژراوه‌.

ئانادۆڵو: گرنگترین ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى له‌به‌رده‌ستاندان چین؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: له‌ گرنگترین ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى که‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانى کوردستان گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت، پڕۆژه‌ یاساى جێبه‌جێکردنى یاساى خانه‌نشینى یه‌کگرتووى عێراقه‌ که‌ لێژنه‌ى دارایى ئێمه‌ ته‌واوى کردووه‌ و ناردوویه‌تى بۆ حکوومه‌ت و ئێستا حکوومه‌ت لیژنه‌یه‌کى دروست کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بزانن ده‌توانن جێبه‌جێى بکه‌ین یان نا، یه‌کێکى دیکه‌ له‌و پڕۆژه‌ یاسا گرنگانه‌ى له‌ به‌رده‌ستى لیژنه‌کانى په‌رله‌مانه‌ و گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت، یاساى ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ هه‌رێم که‌ نزیکه‌ى شه‌ش پڕۆژه‌ یاسا له‌خۆ ده‌گرێت، سه‌باره‌ت به‌ کابانى ماڵ و مووچه‌ى که‌مئه‌ندام و بیمه‌ى بێکارى و بیمه‌ى ته‌ندروستى که‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ یه‌کبخرێن و له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ یاسایه‌کدا ده‌ربکرێت، ئه‌و یاسایانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به‌ که‌رتى نه‌وت و گاز له‌ به‌رده‌ستى لیژنه‌کانن بۆ وتوێژ کردن، پڕۆژه‌ بڕیارى ستایشى فه‌رمانبه‌ران له‌ به‌رده‌م لیژنه‌کانى په‌رله‌مان و حوکمه‌تدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت و خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ کراوه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ندین پڕۆژه‌ یاساى دیکه‌ى گرنگ.

ئانادۆڵو: سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هاوڵاتییان له‌ داهاتى نه‌وت له‌ هه‌رێم پشکیان هه‌بێت به‌پێى پڕۆژه‌ یاساى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌کان؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: ئه‌و بڕیاره‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و ئه‌ندامانییه‌وه‌ یه‌کلایى ده‌کرێته‌وه‌، به‌پێى تێڕوانینى ئێمه‌ په‌رله‌مان و حکوومه‌تیش کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن به‌شێک له‌ داهاتى نه‌وت بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو له‌ سندوقێکدا هه‌ڵبگیرێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا دادپه‌روه‌رى له‌ دابه‌شکردنى داهات له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت.

ئانادۆڵو: توانیوتانه‌ گه‌نده‌ڵى له‌ کوردستان که‌م بکه‌نه‌وه‌، چیتان له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌سته‌؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌کاربوون، دیوانى چاودێرى داراییمان خسته‌ سه‌ر سکه‌ى خۆى به‌وه‌ى سه‌رۆکه‌که‌ى له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان سوێندى یاسایى خوارد و دیوانه‌که‌ ده‌ستى کردووه‌ به‌ کاره‌کانى و ئه‌نجوومه‌نى خۆى دامه‌زراند. دواى دوو ساڵ له‌ وه‌ستانى پڕۆسه‌ى چاودێریی، ئێستا ده‌ستى کردووه‌ به‌وه‌ى تیمه‌کانى خۆى ده‌نێرێت بۆ داموده‌زگاکانى حکوومه‌ت و پڕۆسه‌ى چاودێرى ده‌ستى پێکردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامانى په‌رله‌مان کاران له‌ پڕۆسه‌ى چاودێرى کردن، به‌ هه‌مان شێوه‌ یاساى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکیمان هه‌موار کرده‌وه‌ له‌ حه‌فته‌ى رابردوودا که‌ هیوادارین سه‌رۆکى هه‌رێمیش واژووى بکات و ئه‌وه‌ش ده‌بێتـه‌ زیاتر کارابوونى ده‌سته‌که‌ له‌ پڕۆسه‌ى چاودێرى کردن، ئێستا پڕۆژه‌ یاسایه‌کمان له‌به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ى داواکارى گشتیش له‌ هه‌رێمى کوردستان زیاتر کارا بکرێت و به‌شێک بێت له‌ چاودێرى کردن و دژ وه‌ستانه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی، واته‌ هه‌م کارى په‌رله‌مانى له‌ چاودێرى کردن و به‌دواداچوونى گه‌نده‌ڵى به‌ شێوه‌یه‌کى رێکوپێک ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌ له‌ پرسى به‌ قاچاخ بردنى نه‌وت و بازرگانى کردنى نه‌وت له‌گه‌ڵ داعش و پرسه‌کانى دیکه‌ى وه‌ک بوونى "بن دیوار" و چه‌ندین پرسى دیکه‌، هه‌م داموده‌زگاکانى دیکه‌ى نزیک یان سه‌ر به‌ په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندیدار به‌ پڕۆسه‌ى چاودێرى کارا کراون.

ئانادۆڵو: یه‌کێک له‌و پرسه‌ گه‌رمانه‌ى زۆر باسى لێوه‌ده‌کرێت، کڕینى ئۆتۆمبێله‌ بۆ په‌رله‌مانتاران، ئێوه‌ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: ئه‌و پرسه‌ له‌ رابردوودا به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌نجامدراوه‌، بۆ ماوه‌یه‌کى زۆره‌ ئه‌وه‌مان دواخستووه‌ و ئۆتۆمبێل بۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ناکڕین، ته‌نانه‌ت خۆمان له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى هیچ ئۆتۆمبێلێکمان بۆ خۆمان و ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى نه‌کڕیوه‌، به‌ڵکو ئۆتۆمبێله‌کانى خوله‌کانى پێشوو به‌کاردێنین، ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلیش بکڕدرێت بۆ په‌رله‌مان ده‌کڕدرێت وه‌ک چۆن راوێژکارانى په‌رله‌مان و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کان و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحییه‌کانى حکومه‌ت ئۆتۆمبێلیان له‌ لایه‌ و به‌کاریدێنن، ئه‌و پرسه‌مان به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ دواخستووه‌ هه‌رچه‌نده‌ زۆر ده‌مێکه‌ بودجه‌ى بۆ ته‌رخان کراوه‌، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ره‌کانى جه‌نگیان به‌سه‌رکردووه‌ته‌وه‌ و رۆڵى کارا ده‌بینن له‌ چاودێریکردنى حکوومه‌ت و له‌ شاره‌کانى خۆیان و په‌رله‌مان کاریان هه‌یه‌، له‌ شار و شارۆچکه‌کان کاریان هه‌یه‌ و به‌دواداچوون ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌وانیش پێویستیان به‌وه‌یه‌ پێداویستییه‌کانى کاروباره‌کانیان بۆ فه‌راهه‌م بکرێت، ئێمه‌ پڕۆسه‌که‌مان دواخستووه‌، ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌مان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ که‌ پێشتر ئۆتۆمبێل به‌ په‌رله‌مانتار یان ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى ده‌درا و به‌ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ فڕاکسیۆنه‌کان پێش قه‌یرانى داراییش بڕیارمان دابوو که‌ ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مان بکڕین نه‌ک بۆ په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامى په‌رله‌مان سوودى لێوه‌ربگرێت و دواییش بمێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، وه‌ک چۆن ئێستا ئێمه‌ ئۆتۆمبێلى خولى پێشتر به‌کاردێنین و خولى داهاتووش ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ به‌کاربێنێت، ئه‌و پڕۆسه‌یه‌مان به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ دواخستووه‌ و هیوادارین قه‌یرانه‌که‌ کۆتایى پێبێت و په‌رله‌مانتاران بتوانن به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌رک و کاروباره‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن.

ئانادۆڵو: پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2015ى هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مان؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مان، ئه‌و پرسیاره‌ ده‌بێت له‌ حکوومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایى بکرێت که‌ چى کراوه‌ بۆ بودجه‌ى ساڵى 2015ى هه‌رێم، به‌ڵام داواکارییه‌ک له‌ لایه‌ن لێژنه‌ى داراییه‌وه‌ هه‌بوو بۆ وه‌زاره‌تى دارایى که‌ په‌له‌ بکه‌ن له‌ ئاماده‌کردنى بودجه‌ى ساڵى 2015.

ئانادۆڵو: هه‌شت فڕاکسیۆنى مه‌سیحى و تورکمان بایکۆتى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستانیان راگه‌یاند، به‌هۆى نه‌بوونى نوێنه‌ریان له‌ ئه‌نجوومه‌نى کۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى که‌ نزیکه‌ له‌ دروستکردن، ئێوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چى ده‌ڵێن؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ رێککه‌وتنى نێوان فڕاکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ وردى چاودێرى ئه‌وه‌ ده‌که‌ین یاساى کۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى به‌ ته‌واوه‌تى جێبه‌جێ بکرێت که‌ له‌ پڕۆژه‌که‌دا هاتووه‌ پێویست ده‌کات گه‌ره‌نتى بوونى پێکهاته‌کان و بوونى یاسایى و ئافره‌تانیش له‌ ئه‌نجوومه‌نى کۆمیسیاران بکرێت، ئه‌و ناوانه‌شى هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌ستمان ئه‌و گه‌ره‌نتییانه‌ى تیادایه‌، هه‌م نوێنه‌رایه‌تى پێکهاته‌کان و هه‌م نوێنه‌رایه‌تى ئافره‌ت و یاساناسان کراوه‌،به‌ڵام من تێده‌گه‌م له‌ نیگه‌رانییه‌کانى ئه‌و به‌ڕێزانه‌، تێده‌گه‌م له‌وه‌ى ره‌نگه‌ هه‌ر لایه‌نێک حه‌ز بکات له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ نوێنه‌رى هه‌بێت، هیوادارین به‌ رێگه‌ى دیالۆگ ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ چاره‌سه‌ربن.

ئانادۆڵو: دواین هه‌وڵه‌کان بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستوور به‌ کوێ گه‌یشتوون؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: له‌باره‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى کوردستان گفتوگۆیه‌کى جیدى له‌ نێوان فڕاکسیۆنه‌کان هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌ و له‌ یه‌ک دوو حه‌فته‌ى داهاتوودا هه‌نگاوى کرده‌یى له‌باره‌ى پڕۆژه‌ یاساکه‌ ده‌نرێن. رێککه‌وتنێکى باش له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ نێوان فڕاکسیۆنه‌کان هه‌یه‌، به‌ڵام بڕیارمان داوه‌ تا نه‌چینه‌ هه‌نگاوه‌ کرده‌ییه‌کانه‌وه‌ هیچ شتێک باس نه‌که‌ین، چونکه‌ ده‌مانه‌وێت پڕۆسه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى هێمن به‌ دروستبوونى متمانه‌ له‌ نێوان فڕاکسیۆنه‌کان و له‌پشت ئه‌مانه‌وه‌ دروستبوونى متمانه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێم، پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێم سازانى له‌سه‌ر بکرێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ فڕاکسیۆنه‌کان رێککه‌وتووین ئه‌و شتانه‌ى له‌ کۆبوونه‌وه‌کان پێیده‌گه‌ین بڵاونه‌کرێنه‌وه‌ تا هه‌نگاوه‌ کرده‌ییه‌کان ده‌ست پێده‌که‌ن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت دڵنیایى بده‌م که‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌نگاوى زۆر باش نراون و له‌ یه‌ک دوو حه‌فته‌ى داهاتوودا هه‌نگاوى کرده‌یى ده‌بینرێت.

ئانادۆڵو: بڕیاره‌ تا 19ى ئابى ساڵى داهاتوو هه‌رێمى کوردستان ببێته‌ خاوه‌نى ده‌ستوورى خۆی، ئایه‌ تا ئه‌و کاته‌ ئه‌وه‌ روو ده‌دات؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: به‌و رۆحه‌ى ئێستاى کارکردنى نێوان فڕاکسیۆنه‌کان ده‌بینرێت، هیوادارین زۆر پێش ئه‌و واده‌یه‌ش پڕۆژه‌ى ده‌ستوور ته‌واو بکه‌ین و بیخه‌ینه‌ به‌رده‌ستى هاوڵاتییانى کوردستان بۆ ئه‌وه‌ى راپرسى له‌سه‌ر بکرێت، ئێمه‌ کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى باش به‌ڕێوه‌بچێت.

ئانادۆڵو: چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان مه‌سعود بارزانى په‌رله‌مانى راسپارد بۆ ئه‌وه‌ى په‌له‌ بکه‌ن له‌ گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى ریفراندۆم، ئه‌و پرسه‌ چى به‌سه‌رهات؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: بژارده‌ى ستراتیژى هه‌رێمى کوردستان تا ئێستاش مانه‌وه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ى عێراق ئه‌گه‌ر ده‌ستوورى عێراق جێبه‌جێ بکرێت و ئه‌گه‌ر حکومه‌تى عێراق پابه‌ندبوونه‌کانى به‌رامبه‌ر به‌ ماف و داخوازییه‌کانى کورد که‌ له‌ ده‌ستوورى عێراق چه‌سپێنراون جێبه‌جێ بکات، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تى به‌ به‌ بنبه‌ست گه‌یشتنى ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ دڵنییایه‌وه‌ کورد بیر له‌ بژارده‌کانى دیکه‌ى به‌رده‌مى ده‌کاته‌وه‌ که‌ یه‌کێک له‌و بژاردانه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامدانى راپرسى له‌باره‌ى جیابوونه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان.

ئانادۆڵو: ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر جۆڵه‌یه‌کى په‌رله‌مانیتان ده‌ستپێکرد بۆ لێکنزیکبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو په‌رله‌مانى هه‌رێم و به‌غدا، که‌ى سه‌ردانى په‌رله‌مانى عێراق ده‌که‌ن؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: گفتوگۆکردن و کردنه‌وه‌ى پردى په‌یوه‌ندییه‌کان زۆر گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، ئێمه‌ تا ئێستاش به‌شێکین له‌ عێراق و پێویست ده‌کات تا ئه‌و کاته‌ى به‌شێکین له‌ عێراق پردى په‌یوه‌ندییه‌کانمان به‌رده‌وام بێت، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌ن و دامه‌زراواه‌ میانڕه‌وانه‌ى هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ده‌ده‌ن، ده‌رفه‌تێکى وامان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ سه‌ردانى به‌غدا بکه‌ین، چونکه‌ شێوازى ئیشکردنمان وایه‌ هه‌موو حه‌فته‌یه‌ک لیژنه‌کان و په‌رله‌مان کۆبوونه‌مان هه‌یه‌ و چه‌ندین پڕۆژه‌یاساى گرنگمان له‌به‌رده‌سته‌ که‌ پێویسته‌ کاریان له‌سه‌ر بکه‌ین، له‌ نزیکترین ده‌رفه‌تى گونجاودا سه‌ردانى به‌غدا ده‌که‌ین و هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ گه‌شه‌ پێبده‌ین، هه‌م له‌ نێوان په‌رله‌مانى کوردستان و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، هه‌م له‌ نێوان فڕاکسیۆنه‌کانى هه‌ردوولا.

ئانادۆڵو: په‌یوه‌ندیى نێوان په‌رله‌مانى هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاساییه‌؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: به‌ڵێ په‌یوه‌ندییه‌کى زۆر دۆستانه‌ له‌ نێوان سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى هه‌رێم و سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هه‌یه‌، ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کردنى پڕۆتۆکۆڵێکین بۆ شێوازى په‌یوه‌ندى نێوان فڕاکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانى به‌غدا و فڕاکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان.

ئانادۆڵو: تێڕوانینتان له‌سه‌ر رێککه‌وتنه‌که‌ى ئه‌م دواییه‌ى هه‌رێم و به‌غدا چییه‌ که‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى وه‌زیرى نه‌وت عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ هه‌ولێر لێکتێگه‌یشتن دروست بوو؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: هه‌نگاوى سه‌ره‌تایى باشن بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و هیوادارین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ببنه‌ هۆى دروستبوونه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا و له‌به‌ر رۆشنایى ده‌ستوور کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن، رێککه‌وتنه‌که‌ سه‌ره‌تایى بوو و هیوادارین بیناى له‌سه‌ر بکرێت بۆ کۆتایى هێنان به‌ کێشه‌ى بودجه‌ و کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانى دیکه‌ى نێوان به‌غدا و هه‌رێم، وه‌ک کێشه‌ى خاک و پێشمه‌رگه‌ و نه‌وت و کێشه‌کانى دیکه‌ش که‌ به‌بێ چاره‌سه‌رى ماونه‌ته‌وه‌.

ئانادۆڵو: بۆچى نوێنه‌رتان له‌ دانووستانه‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌بوو؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: ئێمه‌ پێویست ناکات نوێنه‌رمان هه‌بێت، چونکه‌ دانووستان له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردندا ئه‌نجام ده‌درێت، ئێمه‌ چاودێرین به‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌وه‌، نه‌ک خۆمان ئه‌ندام بین تیایدا. پێش سه‌ردانه‌که‌ى شاندى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌غدا ئه‌نجوومه‌نى نه‌وت و گازى هه‌رێم هاتنه‌ په‌رله‌مانى کوردستان و له‌ په‌رله‌مان راپۆرتى دوو لیژنه‌ خوێندرایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و پڕۆسه‌یه‌ و راسپارده‌ پێشکه‌ش به‌ حکوومه‌ت کراوه‌ و دواجار هه‌ر رێککه‌وتنێکیش بێته‌ کایه‌وه‌ و حکوومه‌ت ده‌رئه‌نجامى گفتوگۆکانى له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ک خۆى بۆ په‌رله‌مان ئاشکرا ده‌کات.

ئانادۆڵو: بۆچوونتان له‌سه‌ر لێکنزیکبوونه‌وه‌ى ئه‌م دواییه‌ى نێوان عێراق و تورکیا چییه‌؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: پێمان باشه‌ په‌یوه‌ندى نێوان عێراق و وڵاتانى دراوسێ په‌یوه‌ندییه‌کى ئاسایى و دۆستانه‌ بێت، په‌یوه‌ندییه‌ک بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ست وه‌رنه‌دان له‌ کاروبارى ناوخۆیى یه‌کتر بونیات نرابێت، پێمان وایه‌ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کى باش له‌ نێوان عێراق و تورکیا کاریگه‌رى باشى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى هه‌رێمى کوردستانو تورکیا و هه‌رێمى کوردستان و عێراقیش ده‌بێت، بۆیه‌ به‌ هه‌نگاوى باشى ده‌زانین.

ئانادۆڵو: په‌یوه‌ندى هه‌رێمى کوردستان و تورکیا که‌ به‌م دواییانه‌ هه‌ندێک ساردبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینی، پێتان باشه‌ پته‌وتر بکرێت؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ پێویست ده‌کات زیاتر له‌سه‌ر ئاستى ده‌زگایى گه‌شه‌ى پێبدرێت، تورکیا وڵاتێکى دراوسێى ئێمه‌یه‌ و هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌ندروست و دوو لایه‌نه‌ و هاوسه‌نگ له‌ نێوان هه‌ردوولا بێته‌ کایه‌وه‌ و پێمان وایه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا به‌ گشتیى ماوه‌ى ساردى و گه‌رمیش هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ دوور مه‌ودادا کاریگه‌رییه‌کى ئه‌وتۆ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ردوولا دروست ناکات.

ئانادۆڵو: هه‌وڵتان داوه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى تورکیا دروست بکه‌ن؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: هێشتا له‌و ئاسته‌ گه‌وره‌یه‌دا نییه‌، به‌ڵام سه‌ردان و یه‌کتربینینى سه‌ره‌تایى له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئانادۆڵو: تێڕوانینتان بۆ قۆناغى چاره‌سه‌ریى له‌ تورکیا چییه‌، پێتان وایه‌ ئه‌و میکانیزمه‌ بتوانێت کێشه‌ى کورد له‌ تورکیا چاره‌سه‌ر بکات؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: به‌دڵنیاییه‌وه‌، هیوادارین پڕۆسه‌ى ئاشتى له‌ تورکیا زیاتر بڕواته‌ پێشه‌وه‌، چونکه‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى کورد له‌ تورکیا زیاتر په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، بوونى کێشه‌ له‌ تورکیا له‌ نێوان کورد و حکوومه‌تى تورکیا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کێشه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا دروست ده‌کات، پێچه‌وانه‌که‌شى راسته‌، به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌بێته‌ هۆى باشتربوونى په‌یوه‌ندى هه‌رێم و تورکیا، هیواخوازین ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ هه‌رچى زووتره‌ بگاته‌ دوا ئامانجه‌کانى خۆی. 

ئانادۆڵو: له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش وڵاتانى هاوپه‌یمان وه‌ک پێویست یارمه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌یان داوه‌؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ درێژایى ١٠ ساڵى رابردوو له‌ چه‌ک و مه‌شقکردن بێبه‌ش کراوه‌، چه‌کێکى زۆر دواکه‌وتووى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ له‌ رژێمى پێشووى عێراقه‌وه‌ بۆى ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌و هاوکارییانه‌ تا ئێستا وه‌ک پێویست نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و هاوکارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ هاوکێشه‌که‌ى گۆڕیوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هێزى پێشمه‌رگه‌ و پشتیوانى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئاسمانه‌وه‌ و گه‌یاندنى هه‌ندێک چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى واى کردووه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییه‌ تازه‌یه‌ى پێیگه‌یشتووه‌ هاوکێشه‌که‌ بگۆڕێت، هیوادارین کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتى بکات له‌م ئاسته‌دا، چونکه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌یکات شه‌ڕێکى ناوچه‌یى نییه‌، به‌ڵکو شه‌ڕێکى نێوده‌وڵه‌تییه‌ و هه‌روه‌ک سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانى ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌کانى جیهان ئه‌وه‌یان به‌ ئاشکرا گوتووه‌ که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ برى مرۆڤایه‌تى و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى شه‌ڕى تیرۆر ده‌کات، بۆیه‌ پێویست ده‌کات پابه‌ندبوون به‌رامبه‌ر به‌و خۆڕاگرى و ئازایه‌تى و قاره‌مانێتییه‌ى پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێ بکرێت و ئه‌و هێزه‌ پڕچه‌ک بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ باشترین شێوه‌ به‌رنگارى ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییانه‌ ببێته‌وه‌.

ئانادۆڵو: په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان مۆڵه‌تى شه‌ش مانگى بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ دیارى کرد، ئایه‌ ئه‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌کرێت؟، ئه‌گه‌ر نه‌کرا چی؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و لێژنه‌ى ناوخۆى په‌رله‌مان له‌ نزیکه‌وه‌ و به‌ وردى چاودێرى ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌که‌ن و به‌رده‌وام گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ن بۆ سه‌رکه‌وتنى ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ و هه‌ندێک هه‌نگاوى ئیجابى له‌و رووه‌وه‌ هاویژراون، بۆ نموونه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌کانه‌ى له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ته‌نیا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌و چه‌کانه‌ وه‌رده‌گرێت و دابه‌شیان ده‌کات به‌سه‌ر به‌ره‌کانى جه‌نگدا و ده‌کرێته‌ موڵکى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، هه‌نگاوى دیکه‌ش نراون و هیوادارین له‌ داهاتوودا په‌له‌ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له‌ کاتى خۆیدا ته‌واوبێت.

ئانادۆڵو: دۆسییه‌ى بازرگانى پێکردنى ژماره‌یه‌ک بازرگانى کورد له‌گه‌ڵ داعش به‌کوێ گه‌یشت؟

سه‌رۆکى په‌رله‌مان: په‌یوه‌ندییه‌کى حه‌فتانه‌ و به‌رده‌وام له‌ نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ى دارایى و ده‌ستپاکى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و لێژنه‌ وه‌زارییه‌ى که‌ حکومه‌ت دروستى کردووه‌ هه‌یه‌ بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و که‌یسه‌ و ئاڵۆگۆڕى بیروڕا و زانیارى ده‌که‌ن، پێم وابێت هه‌موو به‌ره‌وپێشچوونه‌کان هه‌ردوولا ئاگادارى یه‌کترن، راپۆرته‌که‌ى حکومه‌ت هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌، چونکه‌ پڕۆسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌ و ده‌ستگیرکردنى ئه‌وانه‌ى به‌شدارن له‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و لیژنه‌کانى ئێمه‌ش به‌ به‌رده‌وامى له‌سه‌ر خه‌تن بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و زانیارییانه‌ى که‌ هه‌ن.


زۆرترین خوێندراو