وه‌زیرى خوێندنى باڵا تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر وه‌رگرتنى قوتابیانى ئاواره‌ له‌ زانکۆ وپه‌یمانگاکانى هه‌رێم

1/11/2015 2:43:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، دکتۆر یوسف گۆران، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر تێڕوانینى وه‌زاره‌ته‌که‌ى بۆ چه‌ندین بابه‌ت، به‌ تایبه‌تى وه‌رگرتنى قوتابیانى ئاواره‌ له‌ زانکۆ وپه‌یمانگاکاندا، دواى به‌رپابوونى شه‌ر له‌گه‌ڵ  رێکخراوى تێرۆریستى ده‌وڵه‌تى ئیسلامی، ناسراو به‌ داعش.

ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قى دیمانه‌که‌یه‌:  

به‌هۆى بارودۆخى شه‌ێ‌ له‌گه‌ڵ رێکخراوى تێرۆریستى ده‌وڵه‌تى ئیسلامی، ناسراو به‌ داعش، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى ئه‌م ساڵ به‌ چ شێوه‌یه‌ک قوتابیانى هه‌رێم و قوتابیانى ئاواره‌ له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکان وه‌رگرتووه‌؟

دکتۆر یوسف گۆران، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی: یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى کابینه‌ى هه‌شتم که‌ له‌ کۆتایى حوزه‌یرانى رابردوو سازکرا، بڕیارى له‌سه‌ر پێشنیارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى دا که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ره‌چاوکردنى کێشه‌ى قوتابیانى هه‌رێم به‌گشتى و قوتابیانى ناوچه‌ دابڕاوه‌کان به‌تایبه‌تی، چونکه‌ له‌به‌ر دۆخه‌که‌ بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ ئه‌م ساڵه‌ى خوێند ده‌بێته‌ ساڵێکى پر له‌ کێشه‌

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ووه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌جندایه‌کیان هه‌بوو بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌م کێشه‌یه‌، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ژۆرێکى عه‌مه‌لیاتى تایبه‌ت به‌ ره‌وش و کێشه‌ى قوتابیانى ئه‌م ناوچانه‌ دامه‌زراندن و دیراسه‌ى ره‌وشى قوتابیانى کرد و دواتر فۆرمێکى تایبه‌تى به‌سه‌ریان دابه‌شکرد و ئامارێکى ته‌واو بۆ ژماره‌ى قوتابى و خوێندکاره‌ ئاواره‌کان کرا و کێشه‌ و گرفته‌کانیانیش ده‌ستنیشانکران.

سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ کوردستانیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم وه‌کو که‌رکووک بۆ نموونه‌، وه‌زاره‌ت هه‌وڵى دا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى حکومه‌تى فیدرالى عیراق که‌ کورسیه‌کانى خوێندنى زانکۆى که‌رکووک سه‌دا سه‌د بۆ قوتابیانى پارێزگاى که‌رکووک بێت و حکومه‌تى عیراقیش پێشنیارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رچاوى گرت و سه‌دا سه‌دى قوتابیانى که‌رکووک، ته‌نها کۆلیژى ئه‌ندازه‌ و پزیشکى نه‌بێت، له‌ زانکۆى که‌رکووک وه‌رگیران.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ت فۆرمێکى تایبه‌تى به‌ قوتابیانى ئێزدى و ناوچه‌ى خانه‌قین و ناوچه‌کانى ترى دا، به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنیان له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکانى هه‌رێم. به‌پێى بڕیارێکى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا له‌سه‌دا پێنچى کورسیه‌کانى خوێندن له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکانى هه‌رێم بۆ قوتابیانى ئه‌م ناوچانه‌ ته‌رخان ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌موو ئه‌و قوتابیانه‌ى که‌ له‌ زانکۆکانى به‌غدا و تکریت و مووسل و شاره‌کانى ترى عیراق بوون له‌ کورد و تورکمان و مه‌سیحى و هاوڵاتى ره‌سه‌نى هه‌رێمى کوردستان بوون ئاسانکاریان بۆکرا بۆ ئه‌وه‌ى بگوازرێنه‌وه‌ بۆ زانکۆ و په‌یمانگاکانى هه‌رێم.

ده‌توانم بڵێم ئێستا پرۆرسه‌ى وه‌رگرتنى قوتابیانى ئه‌م ناوچانه‌ و قوتابیانى هه‌رێمى کوردستان له‌ زانکۆکانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له‌ قۆناغى کۆتایى دایه‌ و کێشه‌ و گرفته‌کانیان چاره‌سه‌رکراون و به‌هه‌زاران قوتابى له‌ هه‌موو ئاسته‌کان وه‌رمانگرتوون و ته‌نها کێشه‌ى زانکۆى پزیشکى ماوه‌ که‌ له‌م دوو رۆژه‌دا ئه‌وانیش به‌ته‌واوى چاره‌سه‌رده‌کرێن.

ئه‌م ساڵ به‌ بڕیارێکى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، زانکۆى چه‌رمۆ له‌ چه‌مچه‌ماڵ کرایه‌وه‌ که‌ ئامانجى سه‌ره‌کى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى قوتابیانى ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بوو. زانکۆى چه‌رمۆ له‌ سێ کۆلیژ و سه‌نته‌رێکى لێکۆلینه‌وه‌ پێکهاتووه‌و له‌ وانه‌یه‌ بۆ ساڵى داهاتوو زیاتر گه‌شه‌ بکات. جگه‌ له‌وه‌ش کۆلیژى تر کراینه‌وه‌. ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان 77 کۆلیژ هه‌یه‌ و نزیکه‌ 38 کۆلیژى تر له‌ نێو زانکۆى ئه‌هلیه‌کانى دایه‌و ئه‌م ژماره‌ى کۆلیژانه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌ى قوتابیانى هه‌رێمى کوردستان تاراده‌یه‌ک ژماره‌یه‌کى باشه‌ بۆ ئه‌م قوناغه‌.

به‌ گشتى چه‌ند قوتابى له‌ زانکۆو په‌یمانگاکانى هه‌رێم ئه‌م ساڵ وه‌رگیراون؟ 

رێژه‌ى قوتابیانى ئه‌م ساڵ که‌ ده‌رچووى پۆڵى دوانزده‌هه‌من زیاتره‌ له‌ ساڵى پار، به‌ڵام ژماره‌ى ئه‌و قوتابیانه‌ى که‌ پێشکه‌شى زانکۆ و په‌یمانگاکانیان کردووه‌ که‌متره‌ له‌ ساڵى پار. ئه‌مه‌ش هۆیه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بڕیارێکى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ که‌ به‌ بڕیارى (باشترکردنى کۆى نمره‌کان) ناولێندراوه‌، که‌ به‌پێى ئه‌م بڕیاره‌ قوتابى ئه‌گه‌ر له‌هه‌موو وانه‌کانیشى سه‌رکه‌وتووبووه‌ به‌ڵام نمره‌کانى باش نییه‌، ده‌توانێت دووباره‌ پۆڵى دوانزده‌هه‌م بخوێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نمره‌کانى به‌رزبکاته‌وه‌. به‌ رێژه‌یه‌کى به‌رچاو قوتابیان خۆیان هێشته‌وه‌ سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى که‌ سه‌رکه‌وتووبوون. ئه‌م هه‌ڵویسته‌ى قوتابیان بارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هه‌ندێک سووک کرد. وه‌زاره‌ت نزیکه‌ى 32000 قوتابى ئه‌م ساڵ وه‌رگرتووه‌.

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عیراق دان به‌ زانکۆ ئه‌هلیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان دا نانێت.. بۆ؟

به‌ڵێ راسته‌ نه‌ک ته‌نها زانکۆ ئه‌هلیه‌کان، هه‌ندێک له‌ زانکۆ نوێیه‌کانى ترى هه‌رێمیش دانى پێ نه‌ناوه‌ وبۆ ئه‌مه‌ هه‌ندێک بیانووى زانستى ده‌هێنته‌وه‌. به‌ڵام پێمان وایه‌ ئه‌م بیانووانه‌ زۆر به‌هێز نین چونکه‌ زانکۆکانى عیراق له‌ زانکۆکانى هه‌رێم باشتر نیین. وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا کار له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسایه‌کى کردووه‌ که‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانى عیراقى فیدرالیه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ زانکۆ ئه‌هلیه‌کان. به‌پێى ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ داوا له‌ حکومه‌تى عیراقى فیدرالى ده‌کرێت که‌ دان به‌ هه‌موو زانکۆ ئه‌هلیه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا بنێت. به‌وهیوایه‌ین که‌ په‌رله‌مانى عیراقى په‌سه‌ندى بکات.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ى تواناسازی، پێش ماوه‌یه‌ک قوتابیان کێشه‌ و گرفتیان هه‌بوو، ئایا وه‌زاره‌ت ئه‌م کێشانه‌ى چاره‌سه‌ر کردووه‌ و به‌رنامه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت ؟

ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌کى زۆر گه‌وره‌بوو و نزیکه‌ى 4500 قوتابى به‌شدارى ئه‌م به‌رنامه‌ بوونه‌ و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌م ژماره‌یه‌ رۆیشتوونه‌ بۆ خوێندن ته‌نها نزیکه‌ى 1000 قوتابى ماون نه‌رۆیشتوون. دیاره‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بێ که‌م و کورى نه‌بووه‌ به‌ڵام ده‌توانین له‌ ئاینده‌دا باشترى بکه‌ین. کێشه‌ى سه‌ره‌کى قوتابیان کێشه‌ى دارایى بووه‌ و ئه‌م کێشه‌یه‌ش گشتیه‌ و هه‌موو هه‌رێمى گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌راى کێشه‌ى دارایى هه‌رێم، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌ ماوه‌ى کاتى ده‌ست به‌کاربوونى کابینه‌ هه‌شته‌مه‌وه‌ تائێستا، نزیکه‌ بیست ملیون دۆلارى ته‌رخانکردووه‌ بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بێت. پرۆسه‌ى رۆیشتنى قوتابیان له‌سه‌ره‌تاى حوزه‌یرانى رابردووه‌وه‌ راگیراوه‌ به‌ڵام ئه‌و قوتابیانه‌ى که‌ پێش ئه‌م رێکه‌وته‌ موعامه‌لاتى خۆیان ته‌واوکردووه‌ به‌ به‌رده‌وامى ده‌رۆن بۆ خوێندن.

کۆلیژى پزیشکى ئه‌هلى کێشه‌که‌ى له‌ چى دایه‌ و  وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا چون ره‌فتار له‌گه‌ڵى دا ده‌کات؟

خۆى شتێک نه‌بو به‌ناوى کۆلیژى ئه‌هلى ئه‌مه‌ زیاتر قسه‌ى میدیا بوو و باسى لێوه‌ کرا و ئێمه‌ چه‌ندین لێدوانمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ داوه‌، ته‌نها هه‌وڵێک هه‌بوو له‌ زانکۆى کوردستان بنه‌مایه‌ک بۆ کۆلیژى پزیشکى ئه‌هلى دابنرێت، به‌ڵام کردنه‌وه‌ى هه‌ر کۆلیژێک له‌ هه‌ر زانکۆیه‌ک به‌ زانکۆى کوردستانه‌وه‌ پێویستى به‌ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هه‌یه‌ و ئێمه‌ تائێستا ره‌زامه‌ندیمان نه‌داوه‌ چونکه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا ئه‌م زانکۆیه‌ هیچ  داواکاریه‌کى پێشکه‌شى وه‌زاره‌تیان نه‌کردووه‌ بۆ کردنه‌وه‌ى کۆلیژى پزیشکی. بۆیه‌ ئه‌م کۆلیژه‌ نه‌کرایته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌دا زانکۆى کوردستان بیر له‌ کردنه‌وه‌ى ئه‌م کۆلیژه‌ بکات ئه‌و کاتیش پێویستى به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌ت ده‌بێت.

کرێى خوێندن له‌ زانکۆ ئه‌هلیه‌کانى هه‌رێم به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ عیراق زۆر گرانه‌، له‌به‌ر چی؟

هۆى یه‌که‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ بارى بژێوى ژیانى هاوڵاتیانه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌رزتره‌ له‌ به‌شه‌کانى ترى عیراق. ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کان، به‌ خوێندنیش، هه‌بووه‌. له‌ ساڵانى رابردوو کرێى خوێندن له‌ زانکۆ ئه‌هلیه‌کانى هه‌رێم زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا. به‌ڵام وه‌زاره‌ت دواى دیراسه‌تکردن به‌ره‌ به‌ره‌ کرێى خوێندن که‌مى کردۆته‌وه‌ تا بۆ ئێستا گه‌یشتوته‌ ئاستێکى ره‌وا. ئه‌م ساڵ، چه‌ندین زانکۆى ئه‌هلى له‌ هه‌رێم داواکارى هه‌بوو بۆ به‌رزرکردنه‌وه‌ى کرێى خوێندن به‌ڵام ره‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر یه‌ک داواکارى نه‌داوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وه‌کو وه‌زاره‌ت هه‌وڵمانداوه‌ کرێى خوێندن بۆ قوتابیان له‌ زانکۆ ئه‌هلیه‌کان به‌شێوه‌ى قیست بکرێت و قوتابى بتوانێت به‌ قیست ئه‌و بڕه‌ پاره‌ى بۆى دیارکراوه‌ بدات.

زه‌ماڵاتى خوێندن بۆ قوتابیانى هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، ئایا بۆ ئه‌م ساڵیش هه‌یه‌؟ چ به‌رنامه‌ى تر هه‌ن که‌ وه‌زاره‌ت پلانى بۆ دانابن؟

زه‌ماڵات، خۆى ناتوانین بڵێین که‌ به‌رنامه‌یه‌کى رێکخراوه‌ بۆ هه‌ر ساڵ ده‌بێت، بۆ نموونه‌ له‌ ساڵى پار حکومه‌تى هه‌نگاریا ده‌ستپێشخه‌ریکرد بۆ وه‌رگرتنى ژماره‌یه‌کى قوتابیانى هه‌رێم و بۆ ئه‌م ساڵیش حکومه‌تى هۆڵه‌ندا ده‌ستپێشخه‌ریکردووه‌. راسته‌ ره‌نگه‌ ژماره‌که‌ تا بیست کورسى خوێندن بێت به‌ڵام شتێکى باشه‌ چونکه‌ ئاستى خوێندن له‌ هۆڵه‌ندا به‌رdزه‌ و سوودێکى باشى ده‌بێت.

هه‌روه‌ها بۆ ساڵى ئاینده‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌رنامه‌یه‌کى به‌رفراوانى هه‌یه‌ و ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا چه‌ند پرۆژه‌یه‌کى راگه‌یاندووه‌، یه‌کێک له‌و پرۆژانه‌ رێزبه‌ندیکردنى زانکۆکانه‌، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نێکى باڵا بۆ کاروبارى لێکۆڵینه‌وه‌ى زانستی. له‌ چه‌ند حه‌فته‌ى داهاتوودا شێوه‌ى کارکردنى ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ راده‌گه‌ینرێت. له‌ ساڵى نوێدا وه‌زاره‌ت ته‌ئکید له‌سه‌ر دڵنیایى جۆرى زانکۆکان ده‌کاته‌وه‌ و هه‌وڵى زیاترى په‌ره‌پێدانى جۆرى خوێندن ده‌دات به‌مه‌به‌ستى  زیاتر به‌زرکردنه‌وه‌ى ئاستى زانستى قوتابیان و مامۆستایان و ئاستى خوێندن، به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى له‌زانکۆ ئه‌هلیه‌کاندا.


زۆرترین خوێندراو