عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : ئه‌بێت گیرو گرفته‌ ناوخۆییه‌کان هه‌ر له‌ناو خۆماندابێت و به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ یه‌کگرتوو یه‌کهه‌ڵوێست بین

3/8/2015 1:32:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

به‌ڕێز عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود پێشمه‌رگه‌ى دێرین و کارگێری مه‌کته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌رى کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ پێویسته‌ گیرو گرفته‌ ناوخۆییه‌کان هه‌ر له‌ناو خۆماندابێت  و به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ یه‌کگرتوو یه‌کهه‌ڵوێست بین .


 ئه‌مه‌ ده‌قى دیداره‌که‌یه‌ : 

له‌ یادی راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌که‌ی کوردستاندا ئه‌و راپه‌رینه‌ى 1991 خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان به‌یه‌ک ده‌نگ و به‌یه‌ک وتار له‌دژی ڕێژمی به‌عس راپه‌رین و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌کانى ڕێژمی به‌عسیان له‌هه‌رێمی کوردستان راماڵی دوا به‌دوای ئه‌و قۆناغه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌رلمانى کوردستان دروست بوو وه‌ دواتر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌  ده‌کرێت که‌ له‌یادی راپه‌رینی کوردستان دا ده‌سکه‌وته‌کانى هه‌رێمی کوردستان چیه‌ و ئه‌و هۆکارانه‌ چی بوون که‌وای له‌خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان کرد به‌یه‌ک ده‌نگ راپه‌رن و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌کانی رژێم له‌ هه‌رێمی کوردستان رابماڵن.هه‌روه‌ها ئه‌وپرسیاره‌ش ده‌کرێت ئایا  ڕۆڵی حیزبه‌ سیاسیه‌کان له‌یادی راپه‌ریندا چی ده‌بێت ئه‌م پرسیارانه‌ و چه‌ندین پرسیاری دیکه‌ ئاراسته‌ى به‌ڕێز عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود پێشمه‌رگه‌ى دێرین و کارگێری مه‌کته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ده‌که‌ین .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر :  به‌رێز کاک عه‌بدوڵا سوپاسی به‌ڕێزت ده‌که‌ین بۆئه‌و ده‌رفه‌ت و کاته‌ى به‌ ئێمه‌ت به‌خشی و پێش هه‌ر پرسیارێک ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ له‌به‌ڕێزت بپرسم ئه‌و ڕۆژه‌ى که‌ ڕاگه‌ێندرا که‌ ڕاپه‌رین له‌ شاری رانیه‌ ده‌کرێت به‌ڕێزت له‌کوێ بوویت وچۆن هه‌واڵه‌که‌ت پێگه‌یشت وچۆن ده‌ستان به‌چالاکی کرد له‌و ڕۆژه‌دا؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڵێ زۆر سوپاس بۆ سه‌ته‌لایتی جه‌ماوه‌ر کوردستان بۆ ئه‌م دیداره‌ هه‌ڵبه‌ته‌ پێش ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى پرسیاره‌که‌ی جه‌ناب بده‌مه‌وه‌ له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا ده‌مه‌وێت پیرۆزبای  ئاراسته‌ى  جه‌ماوه‌ری به‌شه‌رفی کوردستان وپێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و که‌سوکارى سه‌ربه‌زی شه‌هیدان و ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ بکه‌م که‌له‌زیندانیه‌کانی ڕژێمی ره‌فتار فاشی به‌عسی روخاو ژیانی خۆیان به‌سه‌ر بردو دوابه‌دوای  ئه‌و راپه‌رینه‌ ئازاد کران و ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی که‌ که‌مئه‌ندام بوون له‌به‌رگری له‌خاک و خه‌ڵکی کوردستان وه‌ پیرۆزبای له‌سه‌رجه‌م  گه‌لی کوردستان ده‌که‌م. هه‌ڵبه‌ته‌ پرسیاره‌که‌ى جه‌نابت سه‌بارت به‌ ئه‌و ڕۆژه‌ى که‌راپه‌رین ده‌ستی پێکرد ئه‌م راپه‌رینه‌ پێش وه‌خت ئاماده‌سازى بۆ کرابوو  وه‌به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژرابوو له‌لایه‌ن به‌ره‌ى کوردستانی و سه‌رجه‌م حزب و پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان خۆیان ساز وئاماده‌ کردبوو له‌چوارچێوه‌ى هه‌م به‌ره‌ی کوردستانی هه‌م وه‌کو هه‌ر ڕێکخراوێکی سیاسی  له‌ڕێگه‌ی رێکخستنه‌ تایبه‌ته‌کانى خۆیه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندنى ئه‌وکات و  هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ته‌نزیم و دۆست و لایه‌نگرانه‌ى که‌ هه‌مان بوو له‌گه‌ڵ شانه‌ چه‌کداره‌کان  له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌کدارانه‌ى که‌ به‌ناچاری له‌گه‌ڵ ڕژێمی ره‌فتار فاشی به‌عس چه‌کیان له‌شان کردبوو چونکه‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆی چیرۆکێکی دوورو درێژی هه‌یه‌ به‌تێکڕای هێزه‌ سیاسیه‌کان خۆمان ئاماده‌کردبوو  بۆ ئه‌و ڕاپه‌ِرشینه‌ ,له‌راستیدا ڕاپه‌ڕینه‌که‌ به‌پێى کاتى دیاریکراوى خۆى پێنجى مانگ بوو به‌ڵام به‌هۆی به‌رفراوانی هێزه‌ چه‌کداره‌کان و به‌هۆی نه‌بوونی سیسته‌مى په‌یوه‌ندی که‌وه‌ک ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌مرۆ نه‌بوو به‌هۆی دووریمان له‌یه‌ک تری  به‌تایبه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ى تێدابوین سه‌رماو به‌سته‌ڵه‌کێکی یه‌ک چار زۆر بوو ،ئێمه‌ نزیکه‌ى سێ رۆژیک  یان دوو رۆژ  هێزه‌کانمان به‌هۆی به‌فرو  باوو باران ماینه‌وه‌  چه‌ند جارێک ویستمان بپه‌ڕێینه‌وه‌ له‌سه‌ر سنووره‌کانی (عێراق- ئێران) ئێمه‌ له‌ سنووری مه‌ریوانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بووین وه‌له‌ ناوچه‌یه‌ک بووین ئه‌وکات گوندێک بوو کاتى خۆی ناوی دزڵی بوو وپێم وابێت ئیستا ناحیه‌یه‌ وه‌ ئه‌وناوچه‌یه‌ی که‌ ئێمه‌ى تێدا بووین  ناوی کانی خه‌یاران بوو ناوچه‌یه‌کی به‌رفراوانه‌ ،هه‌روه‌ها به‌ڕووی ئه‌م دیویشدا پشتی هاوینه‌ هه‌واری ئه‌حمه‌د ئاواى شاخی سورێن و  به‌رزاییه‌کانى بانی بنۆک تا  ئه‌و زنجیره‌یه‌ى که‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر پێنجوێن ئێمه‌ له‌ وناوچه‌یه‌ بووین به‌تایبه‌تی هێزه‌کانى حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان له‌و ناوچه‌یه‌ بوون وه‌ هێزه‌کانى حزبی شیوعی و یه‌کێتی نیشتیمانی له‌دوای ئه‌نفاله‌کان له‌وێ‌ بوون  چونکه‌ یه‌کێتی نیشتیمانى زیاتر له‌ سنووری گه‌رمیان بوون وه‌ له‌دوای ئه‌نفاله‌کانه‌وه‌ ئه‌وانیش په‌ڕینه‌وه‌ بۆ سنوره‌کانى (عێراق- ئێران)  تازه‌ خۆیان ڕێکخستبۆوه‌ وه‌کو پێویست باره‌گایان له‌وێ نه‌بوو به‌ڵام چه‌ند باره‌گایه‌کی تیپی پانزه‌ وشانزه‌ى  هه‌ورامانیان هه‌بوو نزیک بوون له‌ ئێمه‌وه‌  هێزه‌کانى تریش ئاماده‌کرابوون  , کۆبونه‌وه‌ى به‌ره‌ی کوردستانی کرابوو، ئێمه‌  باره‌گایه‌کمان هه‌بوو ناوی باره‌گای که‌رتی لق بوو که‌رتی پارێزگاری لقی سلێمانی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌ ناوچه‌ى ده‌ڤه‌رى گوندی دزڵی له‌ ناو کانی خه‌یاران له‌به‌ری وه‌یسه‌و پشتی ئه‌سکۆڵ و گونده‌کانى ئێران چوار پێنج گوندی ئێران  به‌ڵى ئێمه‌ له‌کاتى ڕاپه‌ڕیندا له‌و ناوچانه‌ بوین .

 
سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : له‌ ده‌ستپێکی راپه‌ریندا ئه‌و ئاماده‌کاریانه‌ چی بوون که‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان کردبوویان بۆ راپه‌رین بۆ نموونه‌ کاتێک ئه‌و پلانه‌ دانرابوو که‌ ڕژێمی به‌عس رابماڵرێت خاڵی یه‌که‌م ئه‌وه‌ بوو که‌ خه‌ڵک بڕژێته‌ سه‌رشه‌قامه‌کان خاڵی دواتر ئه‌وه‌ بو که‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان هاوکاری خه‌ڵک بکه‌ن بتوانن له‌ ڕووی هێزى چه‌کداریه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی به‌عس ببنه‌وه‌ ئێوه‌ چۆن هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ هێزه‌ مه‌یدانیه‌کان یاخووت خه‌ڵک کردبوو بۆ ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڵی هه‌ڵبه‌ته‌ خۆتان کاردانه‌وه‌کانى ڕژێمی ره‌فتار فاشی به‌عستان ده‌زانی ئێمه‌ به‌قۆناغێکی زۆر سه‌خت و دژوادا تێپه‌ڕی بووین له‌دوای وێران کردنی هه‌زاران گوند که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌” زیاتر له‌ چوار هه‌زار گوند ی “کوردستان  وه‌ له‌دوای کیمابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ وبالیسان وبادینان و ناوچه‌کانى تری کوردستان وه‌ک گۆبته‌په‌ وعه‌سکه‌ر له‌دوای ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌که‌ى خه‌ڵکى کوردستان له‌ گه‌رمیان وه‌ قه‌ره‌داغ و ناوچه‌کانى تری کوردستان ئه‌مه‌ وای کردبوو ڕاپه‌ڕین له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تی ئه‌و کاته‌ى ڕژێمی به‌عس ئاسان نه‌بێت،چونکه‌ چه‌ند جارێک راپه‌ڕین ببوو له‌ساڵی هه‌شتاکان به‌دواوه‌ حکومه‌ت به‌هێز بوو به‌پشتیوانی هێز راپه‌ڕینه‌کانى دامرکانه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ شانسێکمان هه‌بوو له‌و سه‌رده‌مانه‌دا  هه‌ڵمه‌تی هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان بوو بۆ سه‌ر کوێت  وه‌کو روونه‌لای خۆتان  هێزى ڕژێمی ره‌فتار فاشی عیراق ئابڵوقه‌یه‌کى ته‌واوى له‌ سه‌ر بوو  هێزه‌کانى مه‌عنه‌ویه‌تیان نه‌مابوو  هێزه‌کانیان له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شابوه‌وه‌، له‌وکاته‌دا ئێمه‌ ئه‌مه‌مان به‌ ده‌رفه‌ت زانی وه‌کو هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌چوار چێوه‌ى بازنه‌ى به‌ره‌ی کوردستانی ئێمه‌ خۆمان ساز و ئاماده‌ کرد . هه‌روه‌ک باسم کرد له‌ڕێگه‌ى شانه‌ چه‌کداره‌کان رێکخسته‌کانمانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئێمه‌ مه‌فره‌زه‌ى پارتیزانیمان هه‌بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا چونکه‌ مه‌فره‌زه‌ى پارتیزانه‌کانى یه‌کێتی نیشتیمانی و حزبی سوسیالیست له‌و ناوچانه‌ى که‌ هه‌مان بوون وه‌ک گه‌رمیان و شاره‌زوور وشارباژێر مه‌فره‌زه‌مان هه‌بوو  پاشان له‌رێگه‌ى وشیار کردنه‌وه‌ى خه‌ڵک وه‌ گرنگترینیان ئه‌وه‌بوو که‌له‌ڕێگه‌ى هاندانی ئه‌و چه‌کدارنه‌ى که‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق بوون چونکه‌ ئێمه‌ وه‌ک به‌ره‌ى کوردستانی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا لێبوردنێکی گشتیمان ده‌ر کرد بۆ هێزه‌ چه‌کداره‌کان وه‌ دڵنیاکردنه‌وه‌یان که‌ پارێزراو ده‌بن ئه‌گه‌ر بێنه‌ پاڵ هێزى پێشمه‌رگه‌و هێزى جه‌ماوه‌ریى , چونکه‌ خه‌ڵکی کوردستان خۆیان سازو ئاماده‌ کرد  له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌کمان گرته‌وه‌ و مه‌عنه‌ویه‌تى ڕژێمی ره‌فتار فاشی به‌عس روخاو بوو ئێمه‌ که‌ له‌ سنووره‌کانه‌وه‌ هاتینه‌ناوه‌وه‌ سه‌ره‌تا به‌لێدانى مۆڵگه‌کانى رژێم ده‌ستمان پێکرد چونکه‌ ئێمه‌ بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ى خۆمان دابوو به‌مان و نه‌مان ده‌بوایه‌ ئێمه‌ بگه‌یشتینایه‌ به‌جه‌ماوه‌ر چونکه‌ دوریه‌کى  زۆر هه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ,حکومه‌تی عێراقی گونده‌کانى وێران کردبوو ناوچه‌یه‌کى قه‌ده‌غه‌کراو به‌درێژایى چه‌ندین کیلۆمه‌تر له‌خه‌ڵکى مه‌ده‌نى داماڵرابوو  رژێم خه‌ڵکی کۆکردبۆوه‌ له‌ ئۆردوگا زۆره‌ ملێکاندا نیشته‌جێى کردبون خه‌ڵک دابڕابوو له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌مه‌فرزه‌ی پارتی زانی نه‌بوایه‌ نه‌ ئه‌گه‌یشتنه‌ خه‌ڵک له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ بڕیاری یه‌کلایی که‌ره‌وه‌ى خۆمان دابوو که‌ ئێمه‌ هاتینه‌ ناوه‌وه‌  هێزه‌کانى ڕژێم دیار بوو له‌دۆخێکى جێگیردا نه‌بوون  هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو له‌ده‌سپێکى راپه‌ریندا ژماره‌یه‌کى زۆر له‌سه‌ربازانى رژێم که‌هه‌ندێکیان پله‌دار بون خۆیان راده‌ستى هێزه‌کانى پێشمه‌ر کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵمه‌تی ڕاگه‌یاندنه‌کانى شۆرشی گه‌لی کوردستان  له‌و قۆناغه‌دا واى کرد جه‌ماوه‌ریش پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزى پێشمه‌رگه‌ په‌لاماری دامو ده‌زگاکانی ڕێژمیاندا .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : به‌ڕێز کاک عه‌بدوڵا ئێوه‌  وه‌کو حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان ئه‌و هێزه‌ى که‌ هه‌تان بوو له‌ چ قۆڵێکه‌وه‌ سه‌ره‌تا هێرشتان کرد یاخوت ( به‌ چی چالاکیه‌ک به‌شداریتان له‌ راپه‌رین کرد ) ؟ 

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : ئێمه‌ به‌سێ محوه‌رى سه‌ره‌کی به‌شداریمان له‌و راپه‌ڕینه‌ کرد ،محوه‌رێکی پاڵپشتیشمان هه‌بوو  چونکه‌ ئێمه‌ چاوه‌رێى ئه‌وه‌مان نه‌ئه‌کرد له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا ڕژێم به‌وشێوه‌یه‌ لێک هه‌بوه‌شێت  بۆیه‌ پێشتر هه‌موو ئاماده‌ سازییه‌کمان کردبوو له‌گه‌ڵ رێکخستنه‌کان  به‌ڵام سێ هێزى سه‌ره‌کیمان هه‌بوو هێزێک به‌ئاراسته‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌ چونکه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى کۆن نه‌ما بوو  وه‌شارۆچکه‌ى خورماڵ و سیروان خاپور کرا بوون , ئاراسته‌یه‌کى دیکه‌شمان ڕوه‌و ده‌ربه‌ندیخان بوو  هێزێکیشمان به‌ ئاراسته‌ى شارباژێر و عه‌ربه‌ت و باریکه‌و چه‌ند ئۆردوگایه‌کی  تر هه‌بوون وه‌ک ئۆردوگای زوره‌ملێى نه‌سر هه‌روه‌ها هێزیکیشمان له‌ شارباژێره‌وه‌ ئاراسته‌که‌یان به‌ره‌و شارى سلێمانی بوو  .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : ئێوه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی کوردستانی وهێزه‌ سیاسیه‌کاندا هه‌ماهه‌نگیتان هه‌بوو بۆ ئه‌و هێرشه‌ یاخوت ئه‌مه‌ نه‌خشه‌یک بوو له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌ى حزبی سوسیالیست داڕێژرابوو؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : ئێمه‌ وه‌کو به‌ره‌ی کوردستانی له‌وقۆناغه‌دا ئه‌و کاته‌ چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سکرتێری حزبی سوسیالیستی دیموکراتی کوردستانی ئیستا کاک محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌و کاته‌ به‌رپرسی لقی سلێمانی حزبی سوسیالیست بوو وسه‌رپه‌رشتی ته‌واوی هه‌ڵمه‌تی ئه‌و هێرشه‌ى  ئه‌کرد که‌له‌لایه‌ن مه‌کته‌بی سیاسیه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى راپه‌رین له‌سنورى لقی سلێمانی و لقی که‌رکوک و ته‌واوى  ناوچه‌ی سلێمانی  ده‌ستنیشان کرابوو,به‌هۆى ئه‌وه‌ى من نزیک بوم له‌جه‌نابیانه‌وه‌ چه‌ند کۆبونه‌یه‌کی به‌ره‌ی کوردستانی کرا له‌ نێوان هێزه‌کانی ( یه‌کێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی و حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان وه‌ بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامی کوردستان وه‌کو ڕێکخراوێکی کاتی خۆی دامه‌زرابوو هه‌روه‌ها پارتی گه‌ل و پاسۆکیش هه‌بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا ) کۆبونه‌وه‌ کرا بوو ئاماده‌ سازی کرا بوو هێزه‌کان ئاماده‌ و ساز کرابوون وهه‌ر حیزبێکیش بۆخۆی به‌رنامه‌و ئیستراتیجی کار کردنی خۆی هه‌بوو  چۆن له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی ئه‌و راپه‌رینه‌دا بتوانن پشتیوانى یه‌کتر بکه‌ن  . 

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر: له‌م ڕۆژانه‌ى ڕابووردودا رۆژنامه‌ى کوردستانی نوێ ئاماژه‌ى به‌وه‌ کردووه‌ که‌ یه‌که‌م شه‌هید له‌ کاتی راپه‌رین ئه‌ندامێکی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بووه‌ ؟              

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : یه‌که‌م مه‌فرزه‌ی راپه‌رین له‌ده‌ڤه‌رى  ڕاپه‌رین له‌لایه‌ن هێزه‌کانى حزبی سوسیالیسته‌وه‌  بوو  به‌شداری راپه‌رینیان کرد له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌رین ئه‌و کاتانه‌ى که‌ چه‌ند هێزکمان هه‌بوو له‌وده‌ڤه‌ره‌  هێزه‌که‌ى مه‌کته‌به‌ى سیاسیمان به‌و ئاراسته‌یه‌ هاتن  سه‌رپه‌رشتی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕینان کرد ،ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ى شانازییه‌ بۆ حزبى سۆسیالست ،به‌ڵام هه‌ڵمه‌ته‌که‌ هه‌ڵمه‌تێکی به‌رفراونی جه‌ماوه‌ری وکۆده‌نگی گه‌لی کوردستانیش بوو .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : ئێوه‌ پێشبینی ئه‌وه‌تان ده‌کرد که‌ به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان له‌ماوه‌یه‌یکی که‌مدا بتواندرێت خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان ده‌مه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت رابماڵێت له‌کاتێکدا زانیاریه‌کان واگه‌یشتبووه‌ به‌ره‌ی کوردستانی که‌حکومه‌تی به‌عس به‌دامو ده‌زگایه‌کى به‌هێزه‌وه‌ له‌ناو هه‌رێمی کوردستاندان؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود :  وه‌کو باسم کرد له‌به‌ر به‌هێزی هێزه‌کانى ڕژێمی رافتار فاشی به‌عس دڕنده‌ییان وچاو ترساندنی گه‌لی کوردستان پێشبینیه‌کانى ئێمه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ نه‌بوو من به‌شبه‌حاڵی خۆم  وه‌کو پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌شداربووی راپه‌ڕینی ساڵی 1991 که‌هاتینه‌ خواره‌وه‌ که‌نزیکی مۆڵگه‌کانى دوژمن بووینه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌دۆخێکى زۆر خراپدا بوون  هاواریان ده‌کرد برسیمانه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت  شه‌ڕى ئێوه‌ بکه‌ین ئێمه‌ ته‌سلیم ئه‌بین تێگه‌یشتم که‌ئه‌وه‌ى ئێمه‌ چاوه‌روانمان ده‌کرت به‌شێوزاێکی تر بوو ، ئێمه‌ پێمان وابوو که‌ به‌رگرى بکه‌ن له‌سه‌ر سنووره‌کان چونکه‌ هێزێکی زۆری لیواو فه‌وجه‌کانى حکومه‌تی عێراقی لێبوو  له‌دوای ئه‌وانیش چه‌ند ره‌بیه‌کی چه‌کداره‌کانى سه‌ر به‌ڕژێمی حکومه‌تی عێراقی هه‌بوو ، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئه‌و کاردانه‌وه‌ کۆده‌نکی هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان به‌ لێدانی عێراق له‌کوێت و ده‌رپه‌راندنى هێزه‌کانى عێراق له‌کوێت و تێشکاندنی هێزه‌کانیان هه‌ربۆخۆى هۆکار بون به‌په‌رته‌وازه‌بونى هێزه‌کانى ڕژێمی عێراقی  به‌راده‌یه‌ک که‌ ده‌توانین بڵێین رووخابوون ،له‌هه‌مانکاتیشدا له‌به‌ریه‌کڕیزی و یه‌کده‌نگی  لایه‌نه‌ سیاسه‌کان و جه‌ماوه‌ری گه‌لی کوردستان به‌رگه‌ى ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی نه‌گرت.
 
سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : هه‌ر له‌سه‌روو به‌ندی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ى که‌ له‌هه‌رێمی کوردستاندا سه‌ریهه‌ڵدا  سه‌رهه‌ڵدانی شیعه‌کانیش له‌ باشووری عێراق روویدا دواتریش ئه‌وه‌ بوو هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان به‌گورزێک به‌ناوی چه‌کوشى ئاماده‌ توانیان گورزێکی به‌هێز له‌سوپای عێراقی بده‌ن ،ئه‌م هۆکارانه‌ وای کرد که‌ ئێوه‌ بیر له‌راپه‌رین بکه‌نه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ى که‌ حکومه‌تی عێراقی لاواز بووه‌ یاخووت خاڵی دیکه‌ هه‌بوو بۆئه‌وه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان  بیر له‌راپه‌رین بکاته‌وه‌ له‌دژی حکومه‌تی به‌عس ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : با وه‌ڵامى ناوه‌ڕۆکی پرسیاره‌که‌ى جه‌نابت بده‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هێزێکی وه‌کو هێزێکی شۆرشی گه‌لی کوردستان یا وه‌کو پێشمه‌رگه‌ یاوه‌کو پارته‌کان به‌رگرى له‌بوون و مانه‌وه‌ى گه‌لی کوردستان  نه‌کردبێت  به‌بۆچوونى من به‌و شێوازه‌ نه‌ئه‌بوو ئه‌گه‌ر به‌و شێوازه‌ش ببوایه‌ به‌ئاراسته‌یه‌کی تردا ده‌رۆی خه‌ڵک داواکارى ترى هه‌بوو به‌ده‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی نیشتیمانى و  نه‌ته‌وه‌یى  ,له‌به‌ر ئه‌وه‌  بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجانه‌ به‌دوای کاتێکى له‌باردا ده‌گه‌ڕێی بیقۆزیته‌وه‌ وخۆت ئه‌زانى بزوتنه‌وه‌ى ڕزگارى خوازی گه‌لی کوردستان چه‌ندین دانوساندن و هه‌ڵکشان و داشکانی به‌خۆیه‌وه‌ بینی ،به‌ڵام ئه‌وکاته‌ گونجاوو له‌بار بوو بۆ گه‌لی کوردستان چونکه‌  دڕنده‌یی ڕژێمی  به‌عس و رقی گه‌لی کوردستان  بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ى تاوه‌نه‌کانى ئه‌نفال و کیماباران و  ڕاگواستنی گوند و شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان  راپه‌رینى دروست کرد  جارێکى تریش ئه‌یڵێمه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌پاڵپشتى خه‌ڵکى سته‌م لێکراوى کورد راپه‌رینى ئه‌نجامدا.

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : دوای ئه‌وه‌ى به‌ڕێزت له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ بویت که‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا به‌شداریتان له‌و چالاکیه‌ کرد دژی ڕژێمی به‌عس کاتێک که‌ ئێوه‌ هاتنه‌ ناو شار دامو ده‌زگاکانى به‌عس له‌هه‌رێمی کوردستاندا نه‌مابوون چی تێبینیه‌کت بۆ ده‌رکه‌وت چ هه‌ستێکت هه‌بوو له‌و کاته‌دا ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : له‌راستیدا هێزه‌کانى ڕژێمی به‌عس به‌هه‌زاران سه‌ربازو یه‌که‌ى تایبه‌ت بون له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازیه‌ گه‌وره‌یه‌ى ژماره‌ى ئێمه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ڵام ته‌سلیم بوون  ،ئێمه‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م بووین له‌چاو ئه‌واندا به‌درێژایی سنووره‌کانى  مله‌که‌وه‌و پێنچوین تا سنووری خۆرمال َ و هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیدو ته‌وێڵه‌و بیاره‌  جه‌یشێکی زۆری حکومه‌تی عێراقی هه‌بوو که‌له‌گه‌ڵ ئێمه‌ تێکه‌ ڵبوون ، به‌نسبه‌ت منه‌وه‌ یه‌که‌م جار بوو تێکه‌ڵ ببین ئه‌وان چه‌که‌کانیان فرێدا بوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوون  ئێمه‌ش به‌ره‌و ناوچه‌کانى ئاوه‌دانى خه‌ڵکی کوردستان وه‌ ئۆردوگان زۆره‌ ملیه‌کان ده‌چووین به‌راستی تا ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ فرقه‌یه‌ک هه‌بوو له‌ سه‌رای سوبحان ئاغا جه‌ماوه‌ر په‌لاماری دا بوو ئێمه‌ و جه‌ماوه‌ر ته‌قریبه‌ن تێکه‌ڵ بووین ، به‌نسبه‌ت منه‌وه‌ هه‌ستێکی زۆر یه‌عنی کاریگه‌ر بوو چونکه‌ دوای کیمابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و دابڕانی جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌کتری وه‌ ته‌نها ئێمه‌ وه‌ک پێشمه‌رگه‌ى پارتیزانی له‌سنووره‌کانی گه‌رمیان و  شارباژێر و به‌رزنجه‌ و شاره‌زوورو به‌شه‌و ئێمه‌ ئه‌مانتوانی وه‌ به‌شێوازێکی زۆر نهێنی ئه‌گه‌ر ته‌نزیمی ڕێکخستنه‌کانى حزبی سوسیالیست له‌ باریکه‌و نه‌سر و  هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌ و  ده‌ربه‌ندیخان و زه‌ڕایه‌ن به‌سه‌ر بکردایه‌ته‌وه‌ زۆر ئاسته‌م بوو تێکه‌ڵ بوونمان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رو به‌شێوازه‌و نه‌مانى دامو ده‌زگاکانى ڕژێمی ره‌فتار فاشی به‌عس روخاو له‌و ده‌مانه‌دا دونیایه‌ک ئومێد بوو بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ى کوردستان .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : وه‌کو تێبینیه‌ک ئه‌و چه‌کانه‌ى ئێوه‌ به‌کارتان ئه‌هێنابۆ ڕوبه‌ربونه‌وه‌ى حکومه‌تی به‌عس له‌و کاته‌دا به‌راورد به‌و چه‌کانه‌ى که‌حکومه‌تی به‌عس به‌جێی هێشتبوون له‌ ئه‌نجامى ئه‌و شکسته‌ى که‌ له‌هه‌رێمی کوردستان به‌خۆوه‌ى بینى چیت بۆ ده‌رکه‌وت , ئێوه‌ به‌چه‌کێکی زۆر ساده‌وه‌ ئه‌وانیش به‌جۆره‌ها چه‌کى سه‌رده‌م, ئه‌مانه‌ چۆن لێکدانه‌وه‌ى بۆده‌که‌یت ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود :  ئه‌و چه‌کانه‌ى که‌پێشمه‌رگه‌ به‌کارى ده‌هێنا له‌گه‌ڵ چه‌که‌کانى حزبی به‌عس به‌راورد نه‌ده‌کرا ئه‌مه‌له‌لایه‌ک ,له‌لایه‌کى دیکه‌ش  دابه‌زینی هێزی پێشمه‌رگه‌ رونتر بڵێم ئێمه‌ به‌ شێوازی پارتی زانى داده‌به‌زین چونکه‌ ره‌چاوى سوپاى به‌عسمان ئه‌کرد له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌گه‌رێک پێشمه‌رگه‌ چه‌کى جۆرى  بیکه‌یسی و ئاربیجی  و قه‌ناس و  کلانشینکۆف و کۆڵه‌پشت و زۆرێکى تر له‌ پێداویستى که‌ بۆ مه‌فره‌زه‌ى پارتی زانی به‌کار ده‌هاتن پێ بوو , به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌کی زۆر که‌متدا کۆمه‌ڵێک چه‌ک و که‌ره‌سته‌ى سه‌ربازى گه‌وره‌  ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا هه‌موو ئه‌وانه‌ بۆ ئێمه‌ ده‌ستکه‌وتێکى باش بون هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌   شاره‌زایه‌کى ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر به‌شێکیان نه‌بوو تا ئه‌و دواییه‌ش له‌سه‌ر سنووره‌کانی (عێراق -ئێران  ) ئاسه‌وارى ئه‌وچه‌کانه‌ به‌ناوچه‌سنوریه‌کانه‌وه‌ دیار بوو که‌به‌جێمابوون به‌ڵام له‌بیریشمان نه‌چێت پێشمه‌رگه‌ جگه‌ له‌وچه‌که‌ى که‌ هه‌ڵیگرتبوو ئیراده‌ى خۆشى بۆخۆى چه‌کێکى به‌هێزبوو .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : زیاتر ئه‌و هێزه‌ى که‌حزبی به‌عس له‌هه‌رێمی کوردستان جێگیرى کردبوو  ئێوه‌ رووبه‌رویان  بونه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ زیاتر خه‌ڵکی باشوور و ناوه‌راستی عێراق بوون  هێنا بوویان ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڵێ هه‌مووی خه‌ڵکی خواروى عێراق بوون  بۆ نمونه‌ سه‌ربازگه‌یه‌ک  هه‌بوو له‌ ده‌شتایی شاره‌زوور چاره‌کێک یان بیست خوله‌ک  توانیان به‌رگرى له‌خۆیان بکه‌ن  دواتر ئه‌وانیش خۆیان دا به‌ده‌سته‌وه‌ ,ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگادار بووم  کوردی تێدا نه‌بوو هه‌مووی عه‌ره‌ب بوون.

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : کاتێک که‌حزبی به‌عس زانى  له‌هه‌رێمی کوردستان به‌و شێوه‌یه‌ رووبه‌رووى شکستێکی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ و سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانى له‌ هه‌رێمی کوردستان راماڵدرا وه‌ له‌خواری عێراقیش سه‌رهه‌ڵدانی شه‌عبانیه‌ت ناڕه‌زایی شیعه‌کانیش دروست بوو ئه‌مه‌له‌کاتێکدا له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی فشارێک هه‌یه‌ , کۆی ئه‌م فشارانه‌ له‌سه‌ر حکومه‌تی به‌عس هه‌بوو چی ده‌رئه‌نجامێکی باشتری لێکه‌وته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان , ئایا ئه‌گه‌ر فشاری نێو ده‌وڵتی وه‌ فشاری شعبانیه‌ت نه‌بوایه‌ حکومه‌تى به‌عس ئه‌یتوانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هێزی پێشمه‌رگه‌ بکاته‌وه‌ ؟

 
عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ بۆچونی من راپه‌رینی شیعه‌کان وه‌کو راپه‌ڕینی گه‌لی کوردستان سه‌رکه‌وتونه‌بوو وه‌لای جه‌نابتان روونه‌ وماوه‌یه‌کی که‌می خایان  دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و بازنه‌ یا ئه‌و حه‌لقه‌یه‌ حه‌لقه‌یه‌کی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی تێدا بوو چونکه‌ له‌و کاته‌دا ده‌یان توانى سه‌دام بروخێنن ، به‌ڵام تێڕوانینی جیاواز و بیرو بۆچوونی هاوپه‌یمانان ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ى که‌دایان له‌ کۆیت یه‌کیان گرتبوو به‌تایبه‌تی ئه‌مریکا پێی وابوو شیعه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌کرێته‌ ده‌ست وه‌ ڕه‌نگه‌ له‌و کاتانه‌دا وه‌کو پێویست له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مرکیا نه‌بێت وه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و هاوپه‌یمانه‌دا نه‌بێت ئه‌گینا له‌و کاته‌نه‌دا ئه‌یان توانی سه‌دام له‌ناو به‌رن ئه‌وه‌ بوو راپه‌ڕینی شیعه‌کان سه‌رکووت کرا کۆتایی پێهات ، هه‌تا رووخاندنی ڕژێمی ره‌فتار فاشی به‌عس  له‌ساڵى 2003 سه‌رکردایه‌تی شیعه‌ هه‌مووى له‌هه‌ولێر و سلێمانی و کوردستاندا بوون ئه‌و سه‌رکردانه‌ى که‌ ئێستا رابه‌رایه‌تی عێراق ده‌که‌ن لای جه‌نبتانیش روون و ئاشکرایه‌ به‌ بۆچونى من راپه‌رینی شیعه‌کان وراپه‌رینى ناوخۆى  عێراق کاریگه‌رێکى ئه‌وتۆى نه‌ئه‌بوو بۆ کورد ئه‌گه‌ر ئه‌و کاردانه‌وه‌ هاوپه‌یمانتیه‌یی که‌ به‌رامبه‌ر به‌ عیراق له‌ ده‌رپه‌ڕاند ووه‌ ده‌رنانی هێزه‌کان عێراق له‌ کوێت کرا، ئه‌وه‌ نه‌بووایه‌ ئه‌و هه‌له‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورد بوو وه‌ لێدانی هێزه‌کانی عێراق و ده‌رنانیان له‌ کوێت به‌ بۆچوونی من ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین وه‌ره‌قه‌ بوو که‌ کورد توانی سوودی لێوه‌ربگرێت وه‌کو باسیشم کرد له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌و شۆرش نه‌بوایه‌ ڕه‌نگه‌ گه‌لی کوردستان و ئه‌م ئازادیه‌ و ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌و ئه‌م داوای گه‌لی کوردستانه‌ له‌ فیدرالی و بۆ کۆنفیدرالی وه‌ تموحیشمان بۆ وه‌کو گه‌لانی ناوچه‌که‌ بۆ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی گه‌لی کورد ،به‌ بۆچونی من ئه‌مه‌ نه‌ ئه‌بوو به‌ئاراسته‌یه‌ک و شێوازێکی تردا ده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى جه‌نابت ده‌پرسی به‌ بۆچونی من ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی ئه‌مریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمان نه‌بوایه‌ راپه‌ڕینی شیعه‌کان وه‌ عه‌ره‌به‌کان وه‌کو پێویست هیج کاردانه‌ویه‌یکی پشتیوانیه‌کی نه‌ئه‌بوو بۆ ئێمه‌.

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : که‌واته‌ هاوکاری هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان هیچ کاریگه‌رى هه‌بوو له‌سه‌ر راپه‌رینی هه‌رێمی کوردستان ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ته‌ئکید گه‌وره‌ترین کارت بوو که‌ گه‌لی کوردستان سوودی لێ وه‌رگرت شۆرش چیه‌ شۆرش به‌کار هێنانی کاته‌ .. قۆسته‌وه‌ی ئه‌و هه‌لانه‌یه‌ که‌به‌کاری ده‌هێنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆت ئێمه‌ش له‌سه‌ره‌تای راپه‌رین به‌ره‌ی کوردستانی کاری باشی کرد وه‌توانی هێزه‌کان یه‌ک بخات و  به‌یه‌ک ده‌نگ و  به‌یه‌ک ده‌ست له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خۆمان توانیمان ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ی که‌ هاته‌ پێش بۆ گه‌لی کوردستان توانیمان له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان به‌کاری بێنین .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : به‌ڕێز کاک عه‌بدوڵا له‌م ڕۆژانه‌ى رابردوودا وه‌فیق سامه‌رائی گه‌وره‌ سه‌رکرده‌ی سه‌ربازی عێراق بابه‌تێکی بڵاکردبۆوه‌ له‌سه‌ر راپه‌رین له‌ هه‌رێمى کوردستان و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌عبانیه‌ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هات که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ساڵی 1991 هاته‌ ناو هه‌رێمی کوردستان داموده‌زگاکانی به‌عسیان وه‌ده‌رنا  بۆ چونێکی عه‌ربی و نێو ده‌وڵه‌تی دروست بوو  که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هێزێکی زۆر زۆر به‌هێزه‌ وه‌ لایه‌نه‌ نێو ده‌وڵه‌تیکه‌ که‌وا باسی کات ده‌ڵێت لایه‌نه‌ عه‌ربیه‌کان ترسێکیان لێ نیشتبوو که‌ ئه‌م هێزه‌ ئه‌وه‌نه‌ به‌هێز ده‌بێت  ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌شێکی زۆر له‌خاکی عێراق داگیر بکات له‌ دوای ئه‌وه‌ش  قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێت کاتێک که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌دوای راپه‌رین هاته‌ ناو هه‌رێمی کوردستان و دواتریش هه‌ڵکشا به‌ره‌و که‌رکوک بۆچی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌و کاته‌دا به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان که‌خاکی هه‌رێمی کوردستانی ڕزگار کرد نه‌یتوانی زیاتر له‌ که‌رکوکدا هێزی خۆی فراوانتر بکاته‌وه‌و وه‌ که‌رکویش به‌شێک بێت له‌و ڕزگارکردنه‌؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ بۆچوونى من ئه‌و قسه‌یه‌ قسیه‌کى راسته‌ به‌ڵام تێروانینى من له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ شێوازێکى تره‌ , ئه‌وان که‌ ئه‌ڵێن دیاره‌ وایان باس کردبێت له‌و کاته‌دا کۆده‌نگیه‌کی عه‌ره‌بی په‌یدا بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و راپه‌رینه‌ سه‌رکوت بکه‌ن وه‌ نه‌هێڵن ئه‌و راپه‌رینه‌ رووبدات به‌بۆچونى من ئه‌وان ده‌یانزانی مه‌به‌ستیان که‌رکوک بووه‌ مه‌به‌ستیان ئه‌و ناوچه‌ دابڕێناوانه‌ی ئێستا که‌ گرفتمان له‌سه‌ری هه‌یه‌ ،چونکه‌ ئێمه‌ راپه‌رینه‌که‌ به‌ قۆناغ بوو، قۆناغی یه‌که‌م بڵێن له‌ هه‌ڵمه‌تی  یه‌که‌م سلێمانی وهه‌ولێر بوو قۆناغی دووه‌مان چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی وهه‌ولێر بۆ که‌رکوک ،له‌که‌رکوک راو بۆچونی چیا واز هاته‌ پێشه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مریکیه‌کانیش وه‌ ناوه‌ندی بڕیار دانی ئه‌و کاته‌ی عێراق له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان نه‌بووچونکه‌ ئه‌گه‌ر بیانویستایه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌مایه‌وه‌ له‌که‌رکوک ئێمه‌ که‌ چووینه‌ ناو که‌رکوک هێزى پێشمه‌رگه‌ داخلی ناو شاری که‌رکوک بوو ،ماوه‌یه‌کی زۆر که‌م له‌ که‌رکوک ماینه‌وه‌ و له‌دوای ئه‌وه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ڕژێمی به‌عس هه‌بوو  له‌ به‌رامبه‌ر که‌رکوک , به‌ بۆچونی  ئه‌مریکاش  ئه‌گه‌ر راپه‌رین ئه‌نجام بدرێت له‌وکاته‌دا شیعه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست  بۆیه‌ سه‌دامیان نه‌روخاند ، منیش هه‌مان بۆچونیش بۆ که‌رکوک هه‌بوو نه‌یان ئه‌ویست  که‌رکوک بچێته‌ ژێر ده‌ست گه‌لی کوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى عه‌ربی لێیه‌ و وه‌ شاره‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌پترۆڵ نه‌یان ده‌ویست گه‌لی کوردستان ده‌سته‌ڵات له‌که‌رکوکدا بگرێته‌ ده‌ست ، هه‌ر وه‌ک بینیمان له‌ماوه‌یه‌کی زۆر که‌م په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ درا، به‌ڵام  گڵۆپێک هه‌ڵکرا بۆ عیراق له‌سه‌ر ئاستى ووڵاتانى زلهێز به‌ڵام کۆره‌وه‌که‌ی به‌سه‌ردا هات وڵاتێکی بێ مرۆڤی به‌جێهێشت بۆ سه‌دام  و به‌ملێۆنان خه‌ڵکى کوردستان ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیان ره‌تکردوه‌  به‌ کۆڕه‌و پیان راگه‌یاند که‌ئێمه‌ ئه‌گه‌ر خۆمان ده‌سته‌ڵات نه‌گرینه‌ ده‌ست  ده‌سته‌ڵاتداری  تۆمان قبوڵ نیه‌ .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : به‌رێز عه‌بدوڵاحاجى مه‌حمود  به‌و پێیه‌ی که‌ به‌ڕێزت پێشمه‌رگه‌ بویت و ئاگاداری به‌شێکی زۆری ئه‌و پلانانه‌ بوون که‌ به‌ره‌ى کوردستانی له‌شاخدا داینابوون بۆ ئه‌وه‌ى له‌ راپه‌ریندا جێبه‌جێیان بکات پرسیاری گرنگ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ی که‌دانرابوو بۆ راپه‌رینی کوردستان له‌ناو نه‌خشه‌ ڕێگاکه‌دا که‌رکوکیشی تێدا بوو یاخوت که‌رکوک له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێگه‌یه‌ بوو ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : که‌رکوک جیا نه‌کراوه‌ته‌وه‌ له‌ کوردستان به‌رنامه‌که‌ بۆ  رێکخستنه‌کان و  دۆست و لایانگران و هێزه‌ چه‌کداره‌ کوردیه‌کان بوو که‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عس بوون  وه‌کوو وتم به‌ره‌ى کوردستانی به‌بڕیارێک لێبوردنى بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌رکرد ,به‌ڵێ  لێبوردنێکی گشتی ده‌رکرد بۆ ئه‌وه‌ى که‌س تۆڵه‌ى شه‌خسی نه‌کاته‌وه‌  چونکه‌ زۆر که‌س هه‌بوو برای شه‌هید ببو پێشمه‌رگه‌ بوو وکه‌سوکاری ئه‌نفال کرا بوو  رقێکى زۆری هه‌بوو  به‌رامبه‌ر به‌و هێزه‌ چه‌کدارانه‌ی که‌ کورد بوون له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق بوون . هێزی پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌نفال و کیمابارانى به‌سه‌ردا هاتبوو هێزی له‌سنووره‌کانى (عێراق -ئێران ) خۆی گرتبۆوه‌ له‌هه‌ر لایه‌که‌وه‌ بمان ویستایه‌ ئه‌مانتوانى بێینه‌ ناو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ زیاتر روبه‌روى پاڕێزگای سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆک ئه‌بوینه‌وه‌ چونکه‌ سروشتى ئیشه‌که‌ وا بوو که‌رکوک که‌وتبووه‌ ئه‌و دیوی ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ که‌ ده‌هاتینه‌ ناوه‌وه‌  سه‌ره‌تا به‌سنوری پارێزگای سلێمانى و هه‌ولێرو دهۆک و وه‌ک قۆناغى یه‌که‌م ده‌ستمان پێده‌کردو دوهه‌میش که‌رکوکی گرته‌وه‌ .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر :  له‌کاتى ئه‌و راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌ی خه‌ڵکى کوردستان و  به‌شداری هێزه‌سیاسیه‌کان له‌راپه‌ریندا هه‌ندێک بۆچوون  له‌ناوه‌ندو ده‌زگا عه‌ربیه‌کان بڵاوده‌کرێته‌وه‌و ده‌وترێت به‌شێک له‌ راپه‌رینه‌که‌ هاوکاری هێزى نێو ده‌وڵه‌تی تێدا بوو , ئایا ئه‌و راپه‌رینه‌ى له‌هه‌رێمی کوردستان کرا به‌هاوکاری حزبه‌سیاسیه‌کان و خه‌ڵکی کوردستان  هێزێکی نێو ده‌وڵه‌تی هه‌بوو بۆ پاڵپشتی کردن؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود :  له‌ قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانی له‌وکاته‌ دیارکراوه‌ى  که‌راپه‌ڕین رویدا له‌ ساڵی 1991 ئه‌و هێزانه‌ى که‌ له‌وکاته‌دا هه‌بوون حزبی سوسیالیست بوو  پارتی و یه‌کێتی و شیوعی و بزوتنه‌وه‌ و پاسۆک و پارتی گه‌ل ئه‌مانه‌ هه‌بوون  ئێمه‌ هیچ پشتیوانێکی نێو ده‌وڵه‌تیمان نه‌بوو ، به‌ڵام پشتیوانى نێو ده‌وڵه‌تی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ بوو له‌به‌رامبه‌ لێدانى ڕژێمی به‌عسی رووخاو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئێمه‌ و ئه‌وان یه‌کی گرتوه‌وه‌ له‌دوای لێدانى حکومه‌تی عێراقی وه‌ده‌رنانى له‌کوێت له‌دوای ئه‌وه‌ گفتوگۆ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رکه‌ به‌شێوه‌ى کردار په‌یدا بوو وه‌کو پشتیوانى و مه‌یدانى ئه‌گه‌رنا ره‌نگه‌ مه‌سه‌له‌ی سیاسی و دبلوماسی هه‌بو بێت له‌ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا ،به‌ڵام وه‌کو حه‌قیقه‌ت و واقعی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ئه‌و هێزانه‌ بوو که‌باسم کرد هه‌موو حزبه‌کانیش زۆر به‌چڕوپڕی و  زۆر به‌کاریگه‌ری له‌سکرتێر و سه‌رکردایه‌تی وه‌ سه‌رۆکی حزبه‌کان تا خواره‌وه‌  هه‌مووی زۆر به‌جدی و  به‌حه‌ماسێتێکی توندو تۆڵ  به‌شداری ئه‌و راپه‌رینه‌ى کرد  جه‌ماوه‌ریش بووه‌ ته‌واو که‌ری هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و  راپه‌رینه‌که‌ ئه‌نجام درا هیج هێزێکی ده‌ره‌کی وه‌کو ئه‌وه‌ى تۆ ئاماژه‌ى بۆ ده‌که‌یت  ئێمه‌یان نه‌دا ،به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئێمه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئه‌وان یه‌کیان گرته‌وه‌ .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : کاک عه‌بدوڵا له‌کاتى راپه‌رینى کوردستان کاتێک که‌ هاتنه‌وه‌ ناو هه‌رێمى کوردستان هیچ په‌یوه‌ندیه‌کى راسته‌وخۆ هه‌بوو له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی دیکه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى حزبه‌ سیاسیه‌کان ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڵێ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاى له‌راپه‌رینه‌ که‌ بوو (وه‌ حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانى  عیراق  وه‌ک حزبی ده‌عوه‌ وئه‌نجومه‌نی ئیسلامی )   کاریگه‌ریان نه‌بوو.

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : ئۆپۆزسیۆنی عیراقی ئاگای له‌م راپه‌ڕینه‌ هه‌بوو وه‌کو سه‌رکرده‌کانیان؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڵێ خۆ ئاماده‌ سازی هه‌بوو وه‌ک چۆن به‌ره‌ی کوردستانی بۆخۆمان بازنه‌یه‌کمان هه‌بوو ئاماده‌ سازیمان کرد بوو حزبه‌ عێراقیه‌کانیش جگه‌ له‌وه‌ى که‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ى به‌ره‌ى کوردستانی هه‌بوو خۆشیان ئه‌وان گفتوگۆیان هه‌بوو وه‌ ئاگادار بوون ،چونکه‌ کۆمارى ئیسلامى ئێران ئاگاداری راپه‌رینه‌که‌ بوو له‌سنووره‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌په‌رینه‌وه‌ خۆت ئه‌زانی سنووری نێو ده‌وڵه‌تی حیساباتی خۆی هه‌یه‌ ئۆکه‌یه‌کی جمهوری ئیسلامی ئیرانیش هه‌ڵکرا بوو بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر  : ئه‌گه‌ر که‌مێک له‌ قۆناغه‌که‌ بچین به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ واته‌ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تای راپه‌رین ئێوه‌ وه‌کو هێزه‌ کوردستانیه‌کان قسه‌تان له‌ ناو خۆتانا کردبوو که‌ دوای ئه‌وه‌ى راپه‌رینى هه‌رێمی کوردستان سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا به‌رنامه‌ی کارتان چی ده‌بێت , قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ کرا بوو ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ره‌ى کوردستانی کۆبۆوه‌ ئێمه‌ ڕێکه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ هه‌ر شتێکی گشتی له‌چوار چێوه‌ى به‌ره‌ى کوردستانی قسه‌ی لێوه‌ بکرێت هه‌ر واشی لێهات ،پێش یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و کاته‌ به‌ره‌ى کوردستانی ئاماده‌سازی کرد به‌ره‌ى کوردستانی بو به‌ده‌زگایه‌کی قانونی بۆ به‌رێوه‌ بردنی کاروباری هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ى ئاماده‌سازی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن بکرێت داموده‌زگاکانی هه‌رێمی کوردستانی به‌ڕێگایه‌کی قانونى بروات ،ئه‌مه‌ له‌سه‌ره‌تای کۆبونه‌وه‌کانى به‌ره‌ى کوردستانی بازنه‌ى به‌ره‌ی کوردستانی له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ پارێزگاکان کرا به‌ئه‌وه‌ى که‌ کۆکه‌ره‌وه‌ى سه‌رچه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان بێت هه‌ر واشی لێهات ،له‌سلێمانى و هه‌ولێر ودهۆک باره‌گای تایبه‌تی دانرا وه‌ده‌وامی به‌ره‌ى کوردستانی کرا وه‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان له‌ چوار چێوه‌ى به‌ره‌ی کوردستانی کۆبونه‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رلمانى کوردستان کرا .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : رات له‌و قۆناغه‌ هه‌بوو قۆناغی دوای راپه‌رین تاوه‌کو ساڵی 93 کاتێک که‌ گه‌یشتنه‌ شه‌ڕی ناوخۆ هیچ تێبینیه‌کت هه‌بوو ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ بۆچونی من هه‌نگاوێکی زۆر گرنگ بوو وه‌ قۆناغێکی زۆر هه‌ستیار بوو چونکه‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک قۆناغی زۆر سه‌خت و دژوار به‌سه‌رماندا تێپه‌ری بوو ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ پێشمه‌رگه‌ بون زۆر باش لایان روونه‌ ئێمه‌ کاره‌ساتی ئه‌نفاله‌کانمان به‌سه‌ردا هاتبوو له‌گه‌رمیان تا بارزان و هه‌ولێرو پارێزگاى سلێمانى و ناوچه‌کان به‌گشتی، ئێمه‌ کاره‌ساتی کیمایارانی هه‌ڵبجه‌ و گۆبته‌په‌و عه‌سکه‌رو ناوچه‌کانى ترمان به‌سه‌ر هاتبوو وه‌ گونده‌کانى کوردستان هه‌مووى راگوێزرا بوون  شوێنێک نه‌ما بوو، واته‌ به‌ئاسانی نه‌مان ئه‌توانی بگه‌ین به‌جه‌ماوه‌ر وخه‌ڵکی کوردستان به‌ره‌ى کوردستانی مژده‌ هێنه‌رێکی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ ئێمه‌ وه‌ بۆ گه‌لی کوردستان وه‌ شه‌ری ناوخۆی نه‌هێشت چونکه‌ خۆتان ده‌زانن شه‌ڕى ناوخۆ له‌ دوای راپه‌رین نه‌بوو شه‌ری ناوخۆ له‌پێش راپه‌رینش هه‌بوو ئاسه‌واری شه‌ڕی ناوخۆ ى نه‌هێشت، به‌ره‌ى کوردستانی وه‌ توانی هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان یه‌ک بخات وه‌ له‌راپه‌رینیش به‌ره‌ى کوردستانی بو به‌و چه‌تره‌ که‌ هه‌مومانی له‌ ژێردا کۆ ببوینه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ تێروانینی من باشترین و گونجاو ترین و ده‌ستکه‌وترین سه‌رمایه‌ی گه‌لی کوردستان له‌و قۆناغه‌دا که‌ هه‌مومانی کۆکرده‌وه‌ رزگاری کردین له‌ کۆمه‌ڵێک گیرو گرفت به‌ره‌ى کوردستانی بوو .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : به‌پێی بۆ چونی به‌ڕێزت به‌ره‌وى کوردستانی توانی ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌ ته‌واوه‌تی به‌جێ بگه‌یه‌نێت ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود :  به‌ڵێ له‌رێگه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ توانیمان ببینه‌ خاوه‌ندى په‌رلمانى کوردستان  .. به‌ره‌ى کوردستانی توانى ئه‌و ئه‌رکه‌ى له‌سه‌ری بوو بیداته‌ ده‌ست ده‌زگایه‌کی قانونی که‌ په‌رلمانه‌ وه‌ پاشان حکومه‌ت دامه‌زرا له‌ دوای ئه‌وه‌ گرفت دروست بوو واته‌ له‌سه‌رده‌می به‌ره‌ى کوردستانی ته‌باو یه‌ک ڕیزبووین.

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : ئه‌گه‌ر بێینه‌وه‌ سه‌ر کێشه‌ى که‌رکوک ئه‌و هێزانه‌ى که‌ له‌ که‌رکوک ده‌کشانه‌وه‌ ئێوه‌ بیرتان له‌وه‌ نه‌کرده‌وه‌ نه‌خشه‌ ڕێگایه‌کی دیکه‌ دابنێن بۆیه‌ هه‌تا وه‌کو ئه‌و قۆناغه‌ به‌شێوه‌یه‌کی گه‌رماو گه‌رم تێده‌په‌رێ قسه‌تان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کردبوو بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی تری کوردستانیش هه‌بوو بتان توانیایه‌ له‌ژێر ده‌ستی ڕژێمی به‌عس رایبماڵن واته‌ پلانێکی دیکه‌ هه‌بوو بۆ ئه‌وناوچانه‌ى که‌ کوردى تێدا نیشته‌جێ بون ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڕاى من وه‌کو باسم کرد تێڕوانینی هێزه‌ هاوپه‌یمانیه‌کان و به‌ئه‌مریکاشه‌وه‌ هه‌تا ساڵی 2003 که‌سه‌دامیش روخا له‌سه‌ر که‌رکوک تایبه‌تمه‌ندیه‌کى خۆیانیان هه‌بوو تێڕوانیه‌کی تایبه‌تیان هه‌بوو  له‌سه‌ر که‌رکوک ئه‌وه‌ نه‌بوو، چونکه‌ ئه‌گه‌رچرایه‌کی سه‌وز هه‌ڵنه‌کرایه‌ بۆ به‌عس له‌سه‌ر ده‌می خۆیدا یا له‌دوای (2003 ) یش فشاریان کرد له‌سه‌ر گه‌لی کوردستان وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ چه‌ندین فه‌رمانده‌ و به‌رپرسی باڵای کورد ده‌ست به‌سه‌ر کرد ئه‌مریکیه‌کان له‌به‌ر ئه‌وه‌ بواریان نه‌ئه‌دا ده‌رفه‌تیان نه‌دا وه‌ به‌راستی له‌و کاته‌شدا تۆزێک مه‌عنه‌ویه‌تی هێزى پێشمه‌رگه‌و کورد روخابوو پێش کۆڕه‌وه‌که‌ وه‌ کۆره‌وه‌که‌ى به‌سه‌ردا هات هه‌ڵمه‌ته‌که‌ی حزبی به‌عس بۆ گرتنه‌وه‌ى شاری که‌رکوک په‌لاماردانی شاره‌کانى تری کوردستان وه‌ دیسانه‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان رووبه‌رویان بۆ وه‌ له‌پارێزگای هه‌ولێر وسلێمانی دهۆک جێگیربوو هێزى پێشمه‌رگه‌ پێموابێت ئه‌وه‌ش نه‌خشه‌ بۆ دارێژراوێکی ده‌ره‌کى تێدا بوو، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌یه‌کی ده‌ره‌کی تێدا نه‌بوایه‌ ئه‌کرا که‌رکوکیش بۆ کورد بوایه‌ یه‌عنی بگه‌رایه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی حوکمی خۆماڵی کوردی، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بازنه‌یه‌کی دیاری کراو نه‌بوایه‌ ئه‌کرا مه‌سه‌له‌ن پاڵپشتی حزبی به‌عس بکرایه‌ ئه‌م ناوچانه‌ى بگرتایه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ بۆ چونی من ڕێکه‌وتنێکى مه‌بده‌ئی له‌ لایه‌ن هێزه‌ هاوپه‌یمانیه‌کانه‌وه‌ وئه‌مریکا هه‌بوو بۆ کورد .

 سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : دوای ئه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ هاته‌وه‌ ناو هه‌رێمی کوردستان داموده‌زگاکانى حکومه‌تی به‌عسی له‌هه‌رێمی کوردستان راماڵدرا وه‌ دواتریش ئه‌وه‌ بوو هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی کوردستان کرا و په‌رلمان وحکومه‌تی دواتریش له‌گه‌ڵیی دروست بوو , قسه‌ له‌سه‌ر قۆناغێکی زۆر هه‌ستیار ده‌که‌م قۆناغه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان ئه‌وانه‌ی که‌ به‌هێز به‌چه‌کدار به‌شداریان له‌ راپه‌ریندا کردبوو دواتر توانیان له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و هێزه‌وه‌ ماف و ئیمتیازاته‌کانى خۆیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ یاخوت ئیستا بۆ نمونه‌ حزبی سوسیالیست به‌هێزێکی گه‌وره‌وه‌ به‌شداری له‌و راپه‌رینه‌دا کرد بوو وه‌ دواتر هێزى حزبی سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان چۆن قه‌باره‌ بۆ هێزه‌که‌ى دانرا له‌ پێکهێنانى حکومه‌ته‌دا وه‌ له‌به‌شداری سیاسیدا  توانرا وه‌کو خۆی مافى خۆى بدرێتێ به‌رامبه‌ر به‌و هێزه‌ى که‌ به‌شداری کردبوو ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌  به‌ره‌ى کوردستانى ڕێکه‌وتنێکمان هه‌بوو به‌پێی ره‌زامه‌ندی ئه‌و کاته‌ى سه‌رکردایه‌تى  سیاسی به‌ره‌ى کوردستانی  ئێمه‌ وه‌کو حزبی سوسیالیست هیچ گیر و گرفتێکمان نه‌بوو ،چونکه‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی حیزبه‌کان له‌ناو ئه‌و بازه‌نه‌یش سه‌رکردایه‌تی سیاسی حزبی سوسیالیستی کوردستان که‌ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌وده‌مانه‌ سکرتێری ئه‌و کاته‌ى سوسیالیست ڕێکه‌وتبون له‌سه‌ر ئه‌و حه‌قه‌ و ده‌رباره‌ى مافی حزبی سوسیالیست هیج گرفتێکمان نه‌بوو .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌ بوو سه‌رجه‌م هێزه‌ کوردستانیه‌کان بڕیار وابوو له‌چوار چێوه‌ى یه‌ک بازنه‌دا کۆبکرێنه‌وه‌ وه‌کو هێزى کوردستان؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ڵێ وای لێهات به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ شه‌ڕی ناوخۆی به‌دوادا هات تا پێش شه‌ڕی ناخۆ گرفت نه‌بوو لیواو هێزی هاوبه‌شمان هه‌بوو هه‌مووی ڕێکخرابوو ساز و ئاماده‌ کرا بوو ،به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆی به‌دوادا هات و ئه‌و پرۆژه‌و به‌رنامه‌ په‌کی که‌وت هه‌تا ئه‌م ڕێکه‌وتن و ئاسایی بوونه‌وه‌ی ئه‌م دوایه‌ .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : ئێستا چه‌ند ساڵ به‌سه‌ر یاده‌ مه‌زنه‌که‌ى راپه‌ریندا تێده‌په‌رێ راپه‌رینى کوردستان چى ده‌سکه‌وتێکى هه‌بوو بۆ ئێستای هه‌رێمى کوردستان؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ بۆ چونی من راپه‌رینی کوردستان وه‌ به‌کار هێنانی ئه‌و وه‌ره‌قه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌ی که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان بوو سه‌ره‌تای به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى گه‌لی کورد بوو نه‌ک هه‌ر گه‌لی کوردستانی عیراق بۆ ته‌واوی گه‌لی کور ,راپه‌رین بو به‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ دامه‌زراندنی به‌یاسا کردنی داموده‌زگاکانى گه‌لی کوردستان و په‌رلمان و پاشان حکومه‌ت و قه‌زا له‌ هه‌رێمی کوردستان  وه‌ دوا به‌دوای ئه‌وه‌ ئه‌و روداوانه‌ى که‌ئێستا ده‌یبینی وه‌ ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی له‌ کوردستانی باشوور و کوردستانی باکوورو خۆشبه‌ختی بۆ ته‌واوی گه‌لی کوردستان راپه‌رین ده‌رگایه‌ک بوو  ده‌روازه‌یه‌ک بوو بۆ  گه‌یشتن به‌ماف و ده‌سکه‌وته‌کانى گه‌لی کوردستان که‌ ساڵه‌هاى ساڵه‌ خه‌باتی بۆ ده‌که‌ین و له‌ پێناویدا تێده‌ کۆشین چه‌ندین شۆرش و  هه‌زاران رۆڵه‌ى ئه‌م گه‌لی کوردستانه‌ له‌به‌ره‌کانى جه‌نگ رووبه‌روى رژێمی ره‌فتار فاشی به‌عس بوونه‌وه‌ وه‌ رژێمه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانى عیراق و وڵاتانی تر بوونه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی ماف و ئیمتیازاتى خۆیان وه‌کو مرۆڤ وه‌کو گه‌لانی تری ناوچه‌که‌ بژین ئه‌و راپه‌رینه‌ کلیلی هیواو ئاوته‌کانه‌ گه‌لی کوردستان بوو .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : چی شتێک ده‌بوایه‌ له‌ دوای راپه‌رین نه‌کرایه‌ وه‌ کرا وه‌ جه‌نابتی  بێتاقه‌ت کرد یاخوت به‌شێکی زۆری سیاسیه‌کان و ئه‌وانه‌ی که‌ ئێستا له‌ واقعی سیاسی کوردستاندان چی شتێک پێت ناخۆش بوو که‌ کرا ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : به‌ بۆچونی من تا ئێستا ده‌بێت یه‌کگرتووبین ئه‌وه‌ى که‌ من زۆر بیرى لێ ئه‌که‌مه‌وه‌ چونکه‌ من خۆم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که‌پێشمه‌رگه‌ بووم ئه‌و هه‌موو کاره‌سات و گیرو گرفتانه‌ى به‌سه‌ر گه‌لی کوردستاندا هاتووه‌ زۆریم دیوه‌ وه‌کو باسم کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستاش پێویست به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێمه‌ وه‌کو گه‌لی کوردستان یه‌ک گرتوو یه‌ک هه‌ڵوێست بین ،چونکه‌ کاری زۆرمان ماوه‌ ناوچه‌کوردستانیه‌کانى  ده‌ره‌وه‌ هه‌رێمی کوردستانمان ماوه‌ ئه‌و سه‌ری تا ئێستا روون نیه‌ چۆن بتوانین بیهێنینه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ش به‌ بۆچونی من پێویستی به‌ یه‌کگرتوویی وه‌ یه‌ک هه‌ڵوێست ئه‌بێت گیرو گرفت خۆمان با له‌ناو خۆمان قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین به‌ڵام به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ پێویسته‌ یه‌کگرتوو یه‌ک هه‌ڵوێست بین .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر : پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌م زۆر که‌س له‌ رۆژنامه‌ نووسان له‌به‌ڕێزتانی ده‌که‌ن وه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی حزبی سوسیالیست ده‌که‌ن چۆن ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه‌ و دیکۆمێنتانارى و ڤیدێو ده‌نگ و ئه‌و چاو پێکه‌وتنانه‌ى که‌ ئێوه‌ له‌ڕێگه‌ى که‌ناڵی ئاسمانى جه‌ماوه‌ره‌وه‌ پشانی خه‌ڵکی ده‌ده‌ین چۆن توانیوتان له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ کۆبکه‌نه‌وه‌ وه‌ زۆر هێزیش هه‌بوو له‌ حزبی سوسیالیست باشتر بووه‌له‌ رووى ئیمکانیاته‌وه‌ له‌روی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ره‌و پێشتریش بووبێت ،به‌ڵام چۆن حزبی سۆسیالیست له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ توانی له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌  ئیش له‌سه‌ر راپه‌رین بکات ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : راشکاوانه‌ بابه‌تى به‌ڵگه‌کان ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیانه‌ى له‌شاخ  هه‌مووی ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ به‌ڕێز  کاک محه‌مه‌دى حاجی مه‌حمود له‌راستیدا وه‌کو حه‌قیقه‌تی رووداوه‌کان چونکه‌ ئه‌و خۆی ئه‌چو کامێراى په‌یدا ده‌کرد , من زۆر جار له‌گه‌ڵی بووم خۆی کامێراى ئه‌کڕی له‌شاره‌کانی ئێران له‌ده‌ره‌وه‌ وه‌ خۆی کامێراى فۆتۆی ئه‌هێنا خۆی براده‌رانی هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ى وێنه‌ بگرن زۆرگرته‌مان هه‌یه‌ چالاکى تێدایه‌  که‌ شه‌وانه‌ هێرشمان ده‌کرده‌ سه‌ر مۆڵه‌کانى دوژمن که‌وێنه‌گیراوه‌  ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ و دێکۆمێنتانه‌ ماوه‌نه‌ته‌وه‌ به‌شێک له‌وانه‌ ده‌قن   ده‌ست نوسه‌کان  هه‌مووی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ جه‌نابیان که‌ده‌یپاراستن ،خۆی پشتیوانى له‌وه‌ ده‌کرد ئه‌و خۆشی داهێنه‌رى ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بوو ، چونکه‌ ئه‌رشیفه‌کانى ئێمه‌ هه‌ر خۆشی کامێراکانى  ئه‌برد کۆبونه‌وه‌ى مه‌کته‌بى سیاسی هه‌بوایه‌ له‌ لای براده‌ران ئه‌و ته‌سویری ده‌کرد .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر :  خۆت ده‌تزانى ئه‌و ئه‌رشیفه‌ له‌کوێ دانراوه‌ یان  کاک محه‌مه‌د وه‌کو ئه‌رشیف له‌لای خۆی هێڵابویه‌وه‌ ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : زۆر جار که‌پاشه‌کشه‌مان ده‌کرد یان پێش ئه‌وه‌ى باس له‌نان خواردن و هه‌ندێک بایه‌تى رۆژانه‌ى تر بکات چاوى له‌سه‌ر ئه‌رشیفه‌کان بوو پێش وه‌خت ده‌یگواستنه‌وه‌ بۆ شوێنێکی تر .
 
سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر :   کاتێک  که‌ناڵی ئاسمانی جه‌ماوه‌ر  ده‌ستی به‌په‌خش کرد ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ى بڵاوکرده‌وه‌ زۆر شتێکی ده‌گمه‌ن بوو ئه‌مه‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستان گرنگ بوو  ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود : بێگومان ئه‌وه‌ به‌شێکن له‌مێژووى خه‌باتى حزبێک که‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ بۆ ڕزگارى گه‌له‌که‌ى تێکۆشاوه‌ .

سه‌ته‌لایتى جه‌ماوه‌ر :  له‌ کۆتایی ئه‌م دیمانه‌دا زۆر سوپاسی جه‌نابت ده‌که‌م, ئه‌گه‌ر هه‌ر په‌یامێکت هه‌بێت ؟

عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود :  په‌یامى من ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نا ده‌که‌م ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ستمان هێناوه‌  بیپارێزین وه‌ ئینشا الله  نیه‌ت و هه‌وڵى هه‌موولایه‌کمانى پێویسته‌  , با هه‌وڵه‌کانمان چر بکه‌ینه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کانى ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌بێت ئه‌وناوچانه‌ به‌ده‌ستور بگێرینه‌وه‌ بۆ سه‌ر کوردستان به‌هه‌ر شێوازێک به‌راپرسی بێت به‌ فشاری نێو ده‌وڵه‌تی بێت به‌ خواستی خه‌ڵکه‌که‌ خۆی بێت به‌ هه‌ر ریگه‌یه‌کى یاسایى به‌تایبه‌تی له‌م هه‌لو مه‌رچه‌ ناسک وهه‌ستیاره‌دا  که‌ خۆتان ده‌زانن  کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌غدادمان به‌رامبه‌ر هه‌یه‌ ئێستا بتوانین پێکه‌وه‌  پشتگیری له‌ هه‌نارده‌ کردنی نه‌وت و سه‌ربه‌خۆیى ئابورى هه‌رێم بکه‌ین  و چونکه‌ ئه‌مرۆ بێت یان  رۆژێکی تر  نابێت چاوه‌رێ بکه‌ین ئه‌بێت خۆمان پشتیوانی وپشتگیری له‌یه‌ک بکه‌ین .. گه‌لی کوردستان هه‌مومان بێکه‌وه‌ بتوانین ئینشالله له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ببینه‌ ماییه‌ی خۆشحاڵی و خۆش به‌ختی بۆ ته‌واوی گه‌لی کوردستان له‌ کوردستانی عێراق وه‌ بۆ ته‌واوی گه‌لی کوردستان له‌پارچه‌کانى تر .


 


زۆرترین خوێندراو