فوئاد حوسێن : پرسى درێژکردنه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌حزبه‌ کوردستانییه‌کانه‌وه‌

4/2/2015 2:37:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

فواد حسین سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان له‌میانى دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى (شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت) که‌ رێکه‌وتی 31 مارسى 2015 له‌هه‌ولێر ئه‌نجامى دا تیایدا باسى چه‌ندین لایه‌نى پرسه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ئێراق و ناوچه‌که‌و جیهانى کردو تیشکى خسته‌ سه‌ر چه‌ند بابه‌تێکى جیاواز.


په‌یوه‌ندى نێوان حکومه‌تى هه‌ریم و حکومه‌تى ئیتیحادی

فواد حسین له‌و باره‌وه‌ روونیکرده‌وه‌ " دواى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى هه‌رێمى کوردستان دووچارى هات به‌هۆى بڕینى به‌شه‌ بوودجه‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تى ئیتیحادى عێراق که‌ زیاتر له‌ ساڵێکه‌ تووشى هاتووه‌، ئێستا ره‌وشه‌که‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و حکوومه‌تى عێراق بڕیاریداوه‌، به‌شێکى بودجه‌که‌که‌ بنێرێت، هه‌روه‌ها گووتى به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا باشتره‌، چونکه‌ ئێستا به‌رده‌وام گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ردوولا هه‌یه‌ و، به‌غدا و هه‌ولێر له‌رووى ئه‌منى و سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیان هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ شه‌ڕى داعش. راشیگه‌یاند "په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ردوولا ته‌نیا پرسه‌کانى دارایى و نه‌وت نییه‌، به‌ڵکو په‌یوه‌ندییه‌کان فراوانن، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌رده‌وام بێت.

هه‌روه‌ها گووتی: هه‌رێمى کوردستان جگه‌ له‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ى له‌سه‌ر ده‌ستى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ به‌رامبه‌ر چه‌کدارانى داعش به‌ده‌ستى هێناوه‌، هه‌وڵده‌دات کێشه‌ ئابووریه‌کانیشى چاره‌سه‌ر بکات. 

هه‌روه‌ها زیاتر له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رونیکرده‌وه‌ که‌ " هه‌ردوولا خوێندنه‌وه‌ى جیاواز بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان ده‌که‌ن، ئه‌و هه‌نگاوانه‌شى که‌ به‌مدواییه‌ نراون ماناى کرانه‌وه‌ى ده‌رگاکانه‌ و ده‌رگاش بۆ گفتوگۆ کراوه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌، بۆئه‌وه‌ى بتوانین یاساى بوودجه‌ جێبه‌جێبکه‌ین، هیوادارین هه‌نگاوى دیکه‌شى له‌دواوه‌ بێت، چونکه‌ رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌شێکه‌ له‌ یاساکه‌ و به‌جێبه‌جێکردنی، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن. هاوکات رونیشیکرده‌وه‌ " هه‌ندێک خاڵى کۆن له‌نێوان هه‌ردوولا ماون، له‌باره‌ى پرسى پێشـمه‌رگه‌، که‌ له‌دووا رێککه‌وتندا هه‌بووه‌ و به‌شێکه‌ له‌ یاساکه‌، کێشه‌ى دارایى پێشمه‌رگه‌ چاره‌سه‌رى بۆ دانراوه‌، ئه‌وه‌ش گرنگه‌ و ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت. هه‌روه‌ها خاڵى دیکه‌ى تایبه‌ت به‌ده‌ستوور و مادده‌ى ١٤٠ و ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ ئه‌ومادده‌یه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ .

شه‌ڕى داعش

له‌باره‌ى شه‌ڕى داعش و کاریگه‌رییه‌کانى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، فواد حسین بۆ رۆژنامه‌که‌ى رونکرده‌وه‌ " ئیراده‌ و خۆراگریى هه‌رێم له‌جاران به‌هێزتر بووه‌، چونکه‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌ بوو بۆ سه‌ر مانه‌وه‌یان و تیرۆرستانى داعش ده‌یانویست کورد و کوردستان بسڕنه‌وه‌. به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى گه‌لى کورد و سه‌رکردایه‌تیى کورد هه‌ستى به‌وه‌ کرد، گه‌نجان به‌ کۆمه‌ڵ و به‌لێشاو روویان کرده‌ به‌ره‌کانى جه‌نگ و، ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانیش ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نى ٧٠ ساڵیان تێپه‌ڕاندووه‌ چوونه‌ شه‌ڕى داعش چونکه‌ ئه‌و ئیراده‌ به‌هێزه‌ لاى خه‌ڵکى کوردستان ماوه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى وه‌ستاندن و شکاندنى تیرۆرستانى داعش. به‌ڵام له‌ راستیدا شه‌ێ‌ و ئاڵۆزى قه‌یرانى لێده‌که‌وێته‌وه‌، گه‌لى کوردیش ئاماده‌یه‌ خۆراگر بێت له‌به‌رامبه‌ر کێشه‌کان تا ئه‌وکاته‌ى مه‌ترسى تیرۆرستان دوورده‌خرێته‌وه‌. ئه‌و ئه‌نجامه‌ باشانه‌ به‌ده‌ستهاتن ئێستاش له‌رووى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ کار بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان ده‌که‌ین، ئه‌م هه‌وڵانه‌شمان له‌کاتێکدان که‌ زیاتر له‌ ملیۆنێک و ٨٠٠ هه‌زار که‌سى ئاواره‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌ن.

په‌یوه‌ند به‌م پرسه‌ فوئاد حسین رونیکرده‌وه‌ " داعش کاتێک مووسڵ و ناوچه‌ سونییه‌کانى عێراق و ناوچه‌یه‌کى فراوانى له‌سووریا گرت، له‌ رێکخراوێکى تیرۆرستییه‌وه‌ بووه‌ ده‌وڵه‌تێکى تیرۆرستی، ئێستا ستراتیژیه‌ته‌که‌ لاوازکردنى داعش و له‌ناوبردنیه‌تی. له‌وه‌شدا، هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى کوردستان وه‌ک له‌ کۆبانێ و له‌ هه‌رێمى کوردستان توانیویانه‌ داعش تێک بشکێنن. ئێستا داعش لاواز بووه‌ و ته‌نیا بووه‌ته‌وه‌ رێکخراوێکى تیرۆرستى وه‌ک پێشتر هه‌روه‌ها داعش جگه‌ له‌وه‌ش له‌نێو ریزه‌کانى ناکۆکى و کێشه‌ى گه‌وره‌ى هه‌یه‌، چونکه‌ به‌شێکى زۆرى ئه‌و چه‌کداره‌ بیانییانه‌ى که‌ چووبوونه‌ ناو ریزه‌کانى داعش کوژران و ئه‌وانى دیکه‌ش تێکشکان. هه‌روه‌ها داعش له‌ رووى ئابوورییه‌وه‌ تووشى کێشه‌ى گه‌وره‌ هاتووه‌، چونکه‌ داعش، دواى فراوانبوونی، پێویستى به‌ داراییه‌کى زۆر بوو، هه‌شیبوو، به‌ڵام ئێستا ناکۆکى هه‌یه‌ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى دارایى بۆ چه‌کداران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش داعش تووشى که‌مى خزمه‌ت و ده‌رمان و نه‌خۆشخانه‌ هاتووه‌، به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى که‌ به‌م دواییه‌ ده‌ستى ئێمه‌ که‌وتووه‌، نه‌خۆشخانه‌کانى مووسڵ تواناى وه‌رگرتنى برینداریان نییه‌ و چه‌کداران ده‌به‌نه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌و بریندارانه‌ش دواى شه‌ڕى ئه‌مدواییه‌ى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌کانى کوردستان و شه‌ڕى له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌کان له‌ تکریت، زۆر زیاتر بوون. بوونى ناکۆکى نێوان چه‌کدارانیش کێشه‌یه‌کى دیکه‌ى نێو رێکخراوه‌که‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌نێوان چه‌کداره‌ ته‌له‌عفه‌رییه‌کان و هه‌ندێک چه‌کدارى دیکه‌ى عه‌ره‌ب.

رۆڵى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان

سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان، سوپاسى هاوپه‌یمانانیش ده‌کات له‌ رۆڵیان له‌ شه‌ڕى داعش و ده‌ڵێت هاوپه‌یمانان رۆڵێکى دیاریان هه‌بووه‌و هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه‌ به‌ هێرشى ئاسمانى و بۆردوومان کردنى بنکه‌ و هێزه‌کانى داعش، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانان چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ کوردستان دابین کرد، به‌تایبه‌ت چه‌کى میلان که‌ رۆڵێکى گرنگى له‌ سه‌نگه‌ره‌کانى پێشمه‌رگه‌ گێڕا له‌ شکاندنى داعش.

هاوکارییه‌ سه‌ربازییه‌کان بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامن

له‌م باره‌یه‌وه‌ فواد حسین بۆ رۆژنامه‌که‌ى رونکرده‌وه‌ تا ئێستا ژماره‌یه‌ک وڵات چه‌ک بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرن، به‌ڵام ئه‌و چه‌کانه‌ له‌ ئاست داواکاریى ئێمه‌دا نییه‌ و، ئێمه‌ش هه‌وڵمانداوه‌ جیهان له‌و ره‌وشه‌ تێبگه‌یه‌نین. ئه‌وانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن که‌ داعش ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌ نیه‌ بۆ کوردستان، به‌ڵکو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و خه‌ڵکیان پارێزراو بێت، ده‌بێت چه‌کى پێشکه‌وتوو به‌ پێشمه‌رگه‌ بده‌ن. هه‌روه‌ها گووتى به‌غدا ته‌نیا بڕێکى که‌مى هاوکاریى سه‌ربازیى بۆ هه‌رێمى کوردستان ناردووه‌، چونکه‌ به‌غدا خۆیشى له‌رووى سه‌ربازییه‌وه‌ که‌موکوڕیى هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌رووى بوونى چه‌کى قورس و راهێنان و ته‌قه‌مه‌نی. به‌ڵام په‌یوه‌ندى و هاوکاریى نێوان وه‌زاره‌تى پێـشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق به‌رده‌وامه‌ و، هیواداریشن به‌غدا چه‌کى قورسى بۆ بێت تا پێشمه‌رگه‌ به‌شێکى وه‌رگرێت.

له‌باره‌ى داواى به‌غدا بۆ هه‌ندێک که‌س له‌ هه‌رێمى کوردستان، سه‌رۆکى دیوان رایگه‌یاند" له‌و رووه‌وه‌ هاوکارى یه‌کدى ده‌بین، ئێمه‌ په‌ناى تاوانکاران ناده‌ین، به‌ڵام ده‌رگاى کوردستان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کراوه‌یه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کى گشتى سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ى هاوکارین و، کۆبوونه‌وه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامه‌.

"حه‌شدى شه‌عبی" 

له‌باره‌ى دیارده‌ى چه‌کداره‌کانى "حه‌شدى شه‌عبی" سه‌رۆکى دیوان رایگه‌یاند " له‌ڕووى تێڕوانینه‌وه‌، مرۆڤ ئازاده‌ له‌وه‌ى چۆن باسى مه‌ترسییه‌کانى داهاتوو ده‌کات، به‌ڵام باسکردنى پرسێکى له‌وجۆره‌، ئێستا جۆرێک له‌ گه‌وره‌کردنى پێوه‌ دیاره‌، "حه‌شدى شه‌عبی" له‌ سنوورى کوردستان نییه‌، ته‌نیا له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ک له‌سنوورى که‌رکووک و جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌ نه‌بێت، له‌وێشدا له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ماهه‌نگى هه‌یه‌، هه‌ر ئاڵۆزییه‌ک له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و "میلیشیا شیعه‌کان" له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌وه‌ستێت."

ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم

له‌باره‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له‌دواى شه‌ڕى داعش، سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت " زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ ئێستا له‌ژێر کۆنتڕۆڵى پێشمه‌رگه‌دایه‌، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ش نه‌بووایه‌، ئه‌و ناوچانه‌ ئێستا له‌ده‌ستى داعش ده‌بوون، چونکه‌ سوپاى عێراق له‌و ناوچانه‌ رووخا و پێشمـه‌رگه‌ش توانى ناوچه‌که‌ به‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانه‌وه‌ بپارێزێت. زیاتر له‌وه‌ش، پێشمه‌رگه‌ هه‌موو پێکهاته‌کانى ئه‌و ناوچانه‌ى پاراستووه‌، به‌ کورد و تورکمان و عه‌ره‌ب و موسڵمان و مه‌سیحى و شیعه‌ و سوننه‌وه‌، له‌باره‌ى قۆناغى دواى داعشیش، ئه‌وناوچانه‌ مادده‌ى ١٤٠ ده‌یانگرێته‌وه‌، که‌ باسى راپرسى ده‌کات له‌و ناوچانه‌، له‌سه‌ر حکوومه‌تى عێراق پێویسته‌ ئه‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێ بکات و راپرسى بکرێت. چونکه‌ خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه‌ خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسى خۆیان ده‌ده‌ن، دواخستنى راپرسیش کێشه‌ى دیکه‌ى لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ ."

له‌باره‌ى درێژکردنه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، فوئاد حوسێن ده‌ڵێت " ئه‌و پرسه‌ تا ئێستا به‌ فه‌رمى تاوتوێ نه‌کراوه‌، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانیش باسى ئه‌و بابه‌ته‌ى نه‌کردووه‌، زه‌حمه‌تیشه‌ ئێستا باسى ئه‌و پرسه‌ بکه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ى واده‌که‌، ده‌بێت به‌ یاسایى پرسه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێک، پرسه‌که‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ حزبه‌ کوردستانییه‌کان."

په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێمى کوردستان و وڵاتانى عه‌ره‌بی

له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێمى کوردستان و وڵاتانى عه‌ره‌بی، سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم گوتى " سه‌رکردایه‌تیى کورد له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بى په‌یوه‌ندییه‌کى به‌هێزى دروست کردووه‌، چ له‌رووى دیبلۆماسى یان هه‌ر بوارێکى دیکه‌ بێت، له‌گه‌ڵ وڵاتانى که‌نداو و هه‌روه‌ها ئوردن و میسر و لوبنان په‌یوه‌ندیى باش له‌نێوانماندایه‌.

هه‌روه‌ک رونیکرده‌وه‌ که‌ " ئێران رایگه‌یاندووه‌ له‌ عێراق هه‌ن و شه‌ڕى داعش ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌ندیمان باشه‌، له‌گه‌ڵ تورکیاش به‌هه‌مان شێوه‌، سیاسه‌تى هه‌رێمى کوردستان بنیاتنانى په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژوه‌ندیى هاوبه‌ش و ده‌ستوه‌رنه‌دانه‌ له‌ کاروبارى ناوخۆ، راسته‌ کوردستان ده‌وڵه‌ت نییه‌، به‌ڵام ئێستا ره‌هه‌ندێک هه‌یه‌ بۆ دۆزى کورد له‌ ئێران و تورکیا، بۆیه‌ من باسى ده‌ستوه‌رنه‌دان ده‌که‌م له‌ کاروبارى ناوخۆ"


زۆرترین خوێندراو