به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : له‌هه‌رێمى کوردستان هیچ قه‌یرانێک نیه‌ جگه‌ له‌قه‌یرانى عه‌قڵ بۆ دارشتنى به‌رنامه‌و پلان

6/30/2015 8:11:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌دیدارێکى تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رنیوز ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات هۆکارى ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ى رووبه‌روى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێته‌وه‌ قه‌یرانى عه‌قڵه‌ بۆ دارشتنى پلان و سترایژى درێژخایه‌ن بۆ به‌رێوه‌بردنى هه‌رێمى کوردستان .

جه‌ماوه‌رنیوز : هۆکارى ئه‌م قه‌یرانانه‌ى هه‌رێمى کوردستان بۆ چى ده‌گه‌رێته‌وه‌ ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : راسته‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئابورى ره‌نگه‌ یه‌کێک بێت له‌قه‌یرانه‌ بنه‌ره‌تیه‌کانى کوردستان ، هه‌روه‌ها  سه‌پاندنى  شه‌ڕ یه‌کێکه‌ له‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوانه‌ى رۆژانه‌ خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ى کوردستان شه‌هید ده‌بن و خوێنیان له‌به‌ر ده‌ڕوات ،ئه‌وشه‌ڕه‌ش پێویستى به‌خه‌رجى دارایى ده‌بێت ، له‌لایه‌کى تره‌وه‌ قه‌یرانى خزمه‌تگوزاریی و قه‌یرانى نه‌بونى به‌ربومى ناخۆیى کوردستان و دواکه‌وتنى مووچه‌و قه‌یرانى به‌نزین و کاره‌باو ده‌توانم بڵێم راگه‌یاندنه‌کانیشه‌ ،به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا قه‌یرانى عه‌قڵ بێت ،بۆیه‌ قه‌یرانى عه‌قڵ وایکردووه‌ که‌ هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ دروست بێت ، له‌گه‌ڵ رێزمدا بۆ هه‌موولایه‌ک ره‌نگه‌ قه‌یرانى عه‌قڵ یه‌کێک بێت له‌و قه‌یرانانه‌ى که‌کوردستان روبه‌روى ئه‌م دۆخه‌ ببێته‌وه‌ .

جه‌ماوه‌رنیوز :  مه‌به‌ستت له‌قه‌یرانى عه‌قڵ چییه‌ ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : ئه‌گه‌ر وڵاتێک به‌رنامه‌ى هه‌بێت و بتوانێ به‌رنامه‌ دورو نزیک  بۆ ئاینده‌ دابڕێژێ ،بڕواناکه‌م به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ روبدات ،ئه‌گه‌ر حسابێک بکه‌یت له‌ساڵى 1991 یاخود له‌ساڵى 2003 وه‌ تائێستا  چه‌ند پاره‌ هاتۆته‌ کوردستان یاخود داهاتى کوردستان چه‌ند بووه‌ ،بۆنه‌مانتوانیووه‌ وه‌ک پێویست سودى لێوه‌ربگرین ،بۆ ژێرخانێکى ئابورى پته‌و دانه‌ندراوه‌ ،بۆنه‌مانتوانیوه‌ کار بۆ خه‌ڵک وهاوڵاتیان دابین بکه‌ین ،بۆ نه‌مانتوانیووه‌ کارگه‌و کارخانه‌کانى کوردستان بخه‌ینه‌وه‌ گه‌ڕ یاخود کارگه‌ى نوێ دروستبکرێت تاوه‌کو خه‌ڵک کارى هه‌بێت ،ده‌ست بۆ هه‌رچیه‌ک ده‌به‌یت قه‌یرانه‌ .هه‌وه‌ها قه‌یرانى په‌روه‌رده‌یه‌ له‌کوردستان قه‌یرانى ته‌ندروستیه‌ له‌کوردستان ، ئه‌بینین که‌سێک نه‌خۆش ئه‌که‌وێت بۆ چاره‌سه‌ر ده‌چێته‌وه‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئه‌مه‌ش پێویستى به‌خه‌رجى و تێچونى زۆر هه‌یه‌ ،که‌واته‌ قه‌یرانى ته‌ندروستیشمان هه‌یه‌ ،له‌لایه‌کى تره‌وه‌ قه‌یرانى خۆراک و به‌روبومى ناوخۆى هه‌یه‌ ،ئه‌گه‌ر بچیته‌ بازاره‌کان ته‌نها دوکانداره‌که‌ کورده‌ باقیاتى که‌ره‌سته‌و پێداویستى و خۆراکه‌کان هى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمن ، 6 ملیۆن هاوڵاتى له‌کوردستان پێویستى به‌پۆشاک و جل وبه‌رگ هه‌یه‌ به‌ڵام یه‌ک مه‌تر قوماش له‌کوردستان به‌رهه‌م نایه‌ت ، به‌ملیۆنان ئۆتۆمبێل له‌کوردستاندا هه‌یه‌ به‌ڵام یه‌ک پارچه‌و پێداویستى ئۆتۆمبێل له‌کوردستان دروست ناکرێت .بۆیه‌ وڵاتێک به‌م شێوه‌یه‌ ناتوانێ به‌ڕێوه‌ ببرێت .
سه‌باره‌ت به‌ به‌روبومى کشتوکاڵیش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ ، له‌ئێستادا گه‌نم له‌جوتیاران وه‌رده‌گیرێت به‌قه‌رز ئه‌وه‌ نزیکه‌ى ساڵێکه‌ پاره‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌جوتیاران ،چه‌ندین کارگه‌مان هه‌یه‌ له‌کوردستان به‌ڵام وه‌ستاون و هیچ به‌رهه‌مێکیان نیه‌ له‌کاتێکدا مووچه‌ى کرێکارو کارمه‌ندانى ده‌درێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌و کارگه‌و کارخانانه‌ بکه‌ونه‌ کار ره‌نگه‌ به‌هه‌زاران خه‌ڵک سودمه‌ندبێت لێى .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئایا له‌کوردستاندا ته‌نها قه‌یرانى دارایى و نه‌بونى پلان هه‌یه‌ ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : له‌کوردستاندا قه‌یرانى سیاسیش هه‌یه‌ ، تموحه‌کان زۆر بووه‌ وه‌ک تموحى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و ئابورى، ته‌نها له‌کاتى هه‌ڵبژاردندا بیر له‌خه‌ڵک ده‌که‌نه‌وه‌و باسى خه‌ڵک ده‌که‌ن ،به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌یه‌ تاده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنێ .22 ساڵه‌خه‌ڵکى کوردستان فریوده‌درێت ،له‌کاتێکدا خه‌ڵکه‌که‌ خۆشیان دوباره‌ و چه‌ند باره‌ى ده‌که‌نه‌وه‌ که‌جارێکى تر وه‌کو خۆى لێدێته‌وه‌ ،بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ که‌ڵه‌که‌ بوون که‌واى کردووه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ بڕوات ، بۆنمونه‌ یه‌کێک له‌و کێشانه‌ ئه‌وه‌یه‌ تائێستا کوردستان ده‌ستورى نیه‌ ، بۆیه‌ نه‌بونى ده‌ستور ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌یاساکان ریکنه‌خرێن و ببێته‌ هۆى تێکه‌ڵ بوونى ده‌سه‌ڵاته‌کان و به‌مه‌زاج ئیش ده‌کرێت ، هه‌روه‌ها مافى تاک وکۆمه‌ڵ له‌وڵاتدا ناپارێزرێت .

ئه‌گه‌ر 24 ساڵ نه‌توانى ژێرخانێکى ئابورى پته‌و بونیاد بنێى و نه‌توانى ئیداره‌یه‌کى باش به‌رێوه‌به‌رى ، نه‌توانى چاره‌سه‌رى کێشه‌ى کاره‌باو به‌نزین وکێشه‌کانى دیکه‌ بکه‌یت ، که‌پێم وایه‌ ده‌تواندرێ هه‌مووى بکرێت ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیکه‌ن ئه‌وا ناتوانن ئه‌و سودمه‌ندبونه‌ که‌سى و تایبه‌تی و حزبیه‌ به‌ده‌ست بهێنن ،له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ناى که‌ن ،بۆیه‌ من پێموایه‌ به‌سه‌ر زۆرشته‌وه‌ له‌سه‌ر حسابى خه‌ڵکى کوردستان بازرگانى ده‌کرێت .

جه‌ماوه‌رنیوز : قه‌یرانه‌کان له‌ئێستادا چۆن ئه‌بینى و چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م دۆخه‌ چییه‌ ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : ئێستاش هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ ئیداره‌ى کوردستان چۆن به‌رێوه‌ ده‌چێت ، بۆیه‌ پێوه‌رێک نیه‌ له‌غیابى ده‌ستوردا بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستورت هه‌بێت ئه‌زانى کێ ئه‌بێته‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان له‌روى عه‌قڵه‌وه‌ له‌روى ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌روى بۆچونه‌وه‌ له‌رووى جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ له‌روى رابردوییه‌وه‌ ،کێ ئه‌بێت به‌ وه‌زیر و کێ ئه‌بێت به‌سه‌رۆکى ئه‌م وڵاته‌ ، بۆیه‌ بۆ هه‌موو ئامه‌نه‌ پێویستیمان به‌پێوه‌رێک هه‌یه‌ که‌ئه‌ویش خۆى له‌ده‌ستوردا ده‌بینێته‌وه‌ .

وڵاتێکمان هه‌یه‌ پڕه‌ له‌نه‌وت وکانزاکان ،به‌ڵام به‌رمیلێ نه‌وت به‌ 200 هه‌زاردیناره‌ له‌کاتێکدا نه‌وتى هه‌رێم و عێراق به‌رمیلى به‌25 تا 40 دۆلار به‌جیهان ئه‌فرۆشرێت  ، له‌هه‌وڵدان بۆ ناردنى غازى هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ که‌چى خه‌ڵکى تائێستاش بتڵه‌ غاز به‌سه‌ر شانیانه‌وه‌یه‌و نه‌تواندراوه‌ سیسته‌مى مه‌رکه‌زى غازى ماڵان دابنێن .

جه‌ماوه‌رنیوز : کێشه‌ى پرسى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم چۆن ده‌بینى ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : پرسى درێژکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ئه‌گه‌ر ده‌ستور هه‌بێت ئه‌وا دیاری ده‌کات  کێ ده‌بێته‌ سه‌رۆکى هه‌رێم و ماوه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم  دیارى ده‌کرێت بۆیه‌پێویستى به‌هیچ شتێک نابێت . تاماوه‌یه‌ک پێش ئێستاش رێکه‌وتن هه‌بوو له‌نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێنى نیشتمانى کوردستان ، پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ پارتى و سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ یه‌کێتى ، تائێستاش هه‌ربه‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وامن ، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى گۆڕانکارى له‌نه‌خشه‌ى نێو په‌رله‌مان دروستبووه‌ گۆرانکارى به‌سه‌رداهاتووه‌ ، ئێستا ئه‌و دۆخه‌ى که‌هه‌یه‌ دواى هه‌ڵبژاردن ئۆپۆزسیۆنه‌کان چونه‌ ناوحکومه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستکه‌وتنى پۆست نه‌ک به‌ڵینه‌کانى به‌خه‌ڵکیان دابوو تاوه‌کو قه‌ره‌بوى ئه‌و چه‌ندساڵه‌ى پێشوو بکه‌نه‌وه‌ ، له‌سه‌ره‌تاى ده‌رکه‌وتنى ئه‌و دیارده‌یه‌شدا وتیان ئه‌بێت ته‌نها پێنج حزبى سه‌ره‌کى له‌ حکومه‌تدابن .له‌کاتێکدا له‌کوردستاندا هیچ حزبێک سه‌ره‌کى نیه‌ هه‌رله‌ زاخۆ تاخانه‌قین ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین به‌روونى به‌دیار ده‌که‌وێت ، له‌دهۆک پارتى زۆرینه‌یه‌ ، له‌ هه‌ولێر هاوبه‌شه‌ ، له‌سلێمانى گۆڕان زۆرینه‌یه‌ ،له‌که‌روکوک یه‌کێتى زۆرینه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ هه‌ندێ قه‌زاو ناحیه‌کاندا حزبه‌کانى تریش زۆرینه‌ن له‌هه‌ندێ ناوچه‌دا ، واته‌ هیچ حزبێکى کوردستانى زۆرینه‌ى ره‌هاى نیه‌ تاوه‌کو به‌ته‌نها حکومه‌ت پێکبهێنێ .وه‌هیچ حزبێکى کوردستانى رێکخستن وقاعده‌که‌ى له‌زاخۆ تا خانه‌قین نییه‌ .بۆیه‌ هیچ حزبێک له‌کوردستان نه‌گه‌وره‌یه‌و نه‌ حزبى سه‌رانسه‌ریه‌ ، ره‌نگه‌له‌ هه‌ڵبژاردن یه‌کێک پێش بکه‌وێت و یه‌کێکى تر دوابکه‌وێت به‌ڵام ئه‌وه‌ سروشتى هه‌ڵبژاردنه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌سێ خوله‌ له‌تورکیا خۆى بریارده‌رى هه‌موو شته‌کان بووه‌ ،به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌دا نه‌یتوانى به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رده‌وام بێت ، سروشتى هه‌ڵبژاردن وایه‌ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ ده‌بنرێت له‌وڵاتاندا ، بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌ربه‌گه‌یشتیان بۆ په‌رله‌مان چاویان له‌سه‌ر حزبه‌کانى تر کرد به‌تایبه‌تى ئێمه‌ که‌به‌قه‌ده‌ر زیندوه‌کانى ئه‌وان شه‌هیدمان به‌خشیووه‌ له‌پێناو کوردستاندا ،ده‌سپێکیش به‌ بوودجه‌ى حزبه‌کان ده‌ستیان پێکرد که‌نابێت ئه‌و حزبانه‌ى کورسى په‌رله‌مانیان که‌مه‌ بوودجه‌یان بدرێتێ ،به‌س پێنج حزبه‌که‌ هه‌قى بوودجه‌ى هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌دا ،ئێمه‌ وه‌کحزبى سۆسیالیست له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوین هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ى ده‌روه‌ى په‌رله‌مانیش بودجه‌یان پێبدرێت وه‌ک حزبێکى کوردستانى ،دواتر له‌ لیژنه‌ى دانوساندکارى هه‌رێم بۆ به‌غدا وتیان نابێت نوێنه‌رى حزبى ترى تیابێت جگه‌ له‌و پێنج حزبه‌ ،لیژنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێم دروستکرا ، که‌ناوى  ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌ربه‌خۆیه‌ ،به‌ڵام هیچ سه‌ربه‌خۆیى تیانیه‌ ته‌نها پێکهاته‌ى ئه‌و پێنج حزبه‌یه‌ ،هه‌ر ناکرێ راگه‌یاندنه‌کانیش به‌سه‌ربه‌خۆ ناوی ببه‌ن ،به‌ڵکو بڵێن ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و پێنج حزبه‌ له‌کوردستان .

هه‌تا له‌ ئاماده‌کردنى ره‌شنوسى ده‌ستوردا به‌هه‌مان شێوه‌ بوو ،له‌کاتێکدا ئاماده‌کردنى ره‌شنوسى ده‌ستور ده‌بێت له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک که‌سى پسپۆرو شاره‌زا له‌کوردستان و ده‌روه‌ى هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت  ، ته‌نانه‌ت به‌ سود وه‌رگرتن له‌ده‌ستورى وڵاتانى تر بۆ ئاماده‌کردنى ره‌شنوسى ده‌ستور ، دواتر ده‌خرێته‌ به‌رده‌مى په‌رله‌مان و پاشان په‌رله‌مان پێشکه‌شى سه‌رۆکى هه‌رێمى ده‌کات و سه‌رۆکى هه‌رێمیش ده‌یخاته‌ به‌رده‌م خه‌ڵکى کوردستان ، ئه‌بێت هه‌موو تاکێکى کوردستان بیخوێنێته‌وه‌و بزانێ ده‌ستوره‌که‌ چۆنه‌ پاشان ده‌نگى بۆ بدات .به‌ڵام له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌ستور له‌لایه‌ن پێنج حزبه‌که‌وه‌ ده‌نوسرێته‌وه‌ ، بۆ ته‌نها ئه‌و پێنج حزبه‌ له‌کاتێکدا 40% ى هاوڵاتیان به‌شداریان نه‌کردووه‌ له‌پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ،ئه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌نگیانه‌ نه‌داوه‌ بێ به‌ش ده‌بن له‌ ده‌ستورى هه‌رێمه‌که‌یان .بۆیه‌ ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ ناتوانێ ئیداره‌ى وڵات ببات به‌رێوه‌ .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئێوه‌ وه‌ک حزبى سۆسیالیست  له‌به‌رامبه‌ر به‌شدار نه‌بونتان له‌لیژنه‌کان و ده‌سته‌کان و لیژنه‌ى ئاماده‌کارى ده‌ستور هه‌ڵوێستان چى بوو ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : ئێمه‌ وه‌ک حزبى سۆسیالیست به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ رازى بووین ،به‌ڵام ساڵێک تێنه‌په‌ریوه‌ که‌چى ئه‌و پێنج حزبه‌ خۆیان رازى نه‌بوون و  ناکۆکى که‌وتۆته‌ نێوانیان ،له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و پۆست، ئه‌وه‌ى له‌توانایاندا هه‌بوو دژى ئه‌و حزبانه‌ى وه‌ک ئێمه‌ کردویانه‌ .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئایا سه‌باره‌ت به‌پرۆژه‌ى حزبه‌کان بۆ په‌رله‌مان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و درێژ کردنه‌وه‌ى  ئێوه‌ چۆن لێى ئه‌ڕوانن ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : به‌راستى خۆى بۆخۆى کارێکى هه‌ڵه‌یه‌ حزب پرۆژه‌ى هه‌بێت بۆ په‌رله‌مان ، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان خۆى په‌رله‌مان بێت و فراکسیۆنه‌کانى نێو په‌رله‌مان ده‌بێت پرۆژه‌یان هه‌بێت نه‌ک حزبه‌کان ، ئه‌گه‌ر حزبه‌کانیش هه‌یان بێت ئه‌بێت له‌رێگه‌ى فراکسیۆنه‌کانى خۆیانه‌وه‌ بێت له‌نێو په‌رله‌مان نه‌ک وه‌ک حزب ،بۆیه‌ له‌کوردستاندا ئه‌مه‌ نامۆنیه‌ چونکه‌ تائێستا شوێنه‌وارى دوو ئیداره‌یى هه‌یه‌ ،دوو هێزى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ ،دوو ئاسایش هه‌یه‌ ،دوو دارایى هه‌یه‌ ، هه‌موو شته‌کان خۆى له‌دوو ئیداره‌ییدا ده‌بینێته‌وه‌ .

بۆیه‌ هه‌رحزبێک یان لایه‌نێک له‌په‌رله‌مان  زۆرینه‌ بێنێ به‌بێ لایه‌نه‌کانى دیکه‌ ناتوانێ هیچ پێک بهێنێت ،ئه‌م حزبانه‌ خۆیان داواى سازانیان ده‌کرد به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ناسازێن ، سازانه‌که‌ ته‌نها ئه‌بێت ئه‌و پێنج حزبه‌ بێت ،بۆیه‌ وایانکردووه‌ که‌ئێمه‌ خه‌ڵکى ئه‌م وڵاته‌ نه‌بین ، به‌ڵام ئێستا ده‌بینین خۆیان ئاماده‌ى سازان نین ، بۆیه‌ له‌ناویاندا جۆرێک له‌کلتورو ره‌وشتێک دروست بووه‌ که‌ده‌بێت یان له‌گه‌ڵ ئه‌ودابیت یان له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌که‌ى ، واتا یان ره‌ش بیت یان سپى هیچ ره‌نگێکى تر نه‌بیت ،له‌کاتێکدا ناهێڵن ئێمه‌ له‌حکومه‌تدا به‌شداربین ، ناهێڵن له‌ ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان و ده‌ستور به‌شداربین ، ناهێڵیت له‌هیچ شتێکدا به‌شداربین ، بۆیه‌ ئه‌مه‌ دووره‌ له‌واقعه‌وه‌ و شتێکى سه‌یره‌ ، له‌کۆبونه‌وه‌ى 23 ى حوزه‌یرانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ پرسى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ، فراکسیۆنى سۆسیالیست و ئاراسته‌ى سێیه‌م ، له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێک نه‌بوون ، نه‌چونه‌ته‌ په‌رله‌مان تابایکۆتى دانشتنى په‌رله‌مان بکه‌ن و بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ ، له‌هه‌مانکاتدا ئاماده‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان نه‌بوون ،واته‌ ته‌نها ئه‌و دو فراکسیۆنه‌ نه‌بونه‌ته‌ باشکۆى هیچ لایه‌نێک و ئاراسته‌یه‌ک به‌ڵکو خاوه‌ن راو هه‌ڵوێستى خۆیانن ،بۆیه‌ ئێستا ململانێکه‌ له‌نێوان گۆڕان و پارتیه‌ ، تائه‌و ساته‌ش هه‌رگیز له‌گه‌ڵ حزبى شیوعى نه‌بوون نه‌یان هێشتووه‌ له‌هیچ شتێکدا به‌شداربن ته‌نانه‌ت نوێنه‌ریان له‌لیژنه‌ى هه‌رێم بۆ به‌غدا هه‌بوو رێگه‌یان نه‌دا به‌شدار بێت ، بۆیه‌ کاتێک په‌رله‌مانتاره‌که‌ى حزبى شیوعى به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌ى کرد بوو به‌قاره‌مان و پیاوى باش له‌کاتێکدا نوێنه‌ره‌که‌ى حزبى شیوعى نه‌بوایه‌ کۆبونه‌وه‌که‌ فه‌شه‌لى ئه‌هێنا ،بۆیه‌ زۆر جار ئه‌ڵێت ته‌نها کورسیه‌ک چیه‌ ،به‌ڵام ده‌رکه‌وت ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌ندامه‌که‌ى حزبى شیوعى نه‌بوایه‌ ئه‌وا دانیشتنه‌که‌ یاسایى نه‌ده‌بوو ، به‌ته‌نها کورسیه‌ک هاوکێشه‌که‌ گۆڕا ، به‌ڵام دواتر هیچ حسابێک بۆ حزبى شیوعى نه‌کراو داواى کۆبونه‌وه‌ى پێنج حزبه‌که‌یان کرد .
حزبى سۆسیالیست و ئاراسته‌ى سێیه‌م له‌هیچ لایه‌نێک نه‌بوون نه‌چونه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌ هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌وان بێ لایه‌نى خۆیان پاراستووه‌ ،نه‌چونه‌ته‌ ژێر باڵى ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌وه‌ . .
ئێمه‌ ئه‌ڵین حزبى سۆسیالیست له‌گه‌ڵ هیچ کامیان نه‌بووه‌ به‌ڵکو خاوه‌ن راو هه‌ڵوێست و بۆچونى خۆیه‌تى ، ته‌نانه‌ت حکومه‌تى خۆجێى سلێمانى نوێنه‌ره‌که‌ى سۆسیالیست یه‌کلایى کرده‌وه‌ ، بۆیه‌ من پێموایه‌ به‌و عه‌قڵیه‌ت و بیرکردنه‌وه‌یه‌ ئیداره‌ى به‌رێوه‌بردنى هه‌رێمى کوردستان ناکرێت .

ئێمه‌ له‌کاتێکدا توشى چه‌ندین قه‌یران بوون و کێشه‌ى روبه‌روبونه‌وه‌ى داعش هه‌یه‌ کێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو کێشانه‌دا شه‌ڕى پۆست ده‌که‌ن .

جه‌ماوه‌رنیوز : سه‌باره‌ت به‌ ناره‌زایى له‌هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌لایه‌ن حزبه‌کانه‌وه‌ بۆچى ده‌گێریته‌وه‌ ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : به‌راى من هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ى که‌ نارازین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆکى هه‌رێم ئه‌وا باشترین رێگه‌ چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاندیدیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌بێت ، بۆیه‌ پێویسته‌  له‌هه‌ر شتێک نارازى بیت ئه‌وا به‌دیلت هه‌بێت ،بۆئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌ سلیمت بێت یاخو تۆش کاندیدت هه‌بێت ، بۆیه‌ ئه‌و حزبانه‌ ئه‌گه‌ر راست بکه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌رانى خۆیان ده‌بێت کاندیدیان هه‌بێت بۆ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان .
له‌وانه‌یه‌ زۆرى ئه‌م کێشانه‌ش به‌ وه‌کاله‌ت بکرێت ، هه‌رچۆن ده‌بینین له‌وڵاتانى عێراق و سوریاو یه‌مه‌ن وته‌رابلوس ولیبیا وچه‌ند وڵاتێکى تر شه‌ڕى وه‌کاله‌ت هه‌یه‌ ،ئه‌مه‌ش جۆره‌ێکه‌ له‌و شه‌ڕانه‌ى به‌وه‌کاله‌ت ئه‌کرێ .

جه‌ماوه‌رنیوز : ناکۆکیه‌ ناوخۆکان تاچه‌ند کاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌سه‌ر رێکه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا ؟

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : کوردو به‌غدا ناگه‌نه‌ نه‌تیجه‌و رێکناکه‌ون چونکه‌ ئێستا عێراق له‌روى زه‌وى و ئیداره‌و پێکهاته‌وه‌  له‌روى ئابورى و په‌یوه‌ندیه‌وه‌ بووه‌ به‌ سێ به‌ش ، کوردستان له‌ئێستادا خاوه‌نى ئابورى خۆیه‌تى ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆش نه‌بێت نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ ،هه‌روه‌ها هێزى پیشمه‌رگه‌ى هه‌یه‌ په‌یوه‌ندى و ئیداره‌ى خۆیى هه‌یه‌ ،له‌لایه‌کى تره‌وه‌ داعش 40% ى خاکى عێراق پێکده‌هێنێت به‌واتایه‌کى تر پێکهاته‌ى سوننه‌ ، که‌نه‌وت ئه‌فرۆشێ ، نه‌وتى موسڵ و بێجى ئه‌فرۆشێ ته‌نانه‌ت نه‌وتى سوریا ئه‌فرۆشێته‌وه‌ به‌ سوریا خۆى ،واته‌ ئابورى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ ،هێزى چه‌کدارى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌  که‌سوپاى عێراق بووه‌ به‌هۆکارى پڕچه‌ک کردنى داعش ، په‌یوه‌ندى خۆى هه‌یه‌ هه‌روه‌ها پیشتیوانى ده‌وڵه‌تانیشى هه‌یه‌ ،حکومه‌تى عێراقیش وه‌ک شیعه‌ هه‌موو ئه‌وشتانه‌ى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌ ،واته‌ عێراق له‌واقعدا سێ به‌شه‌ ، له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق  زیاتر له‌ دوو ملیۆن و نیو هاوڵاتى له‌کوردستان ده‌نگى داوه‌ ، یه‌ک کورسى نه‌شیعه‌ى تیایه‌ نه‌ سوننه‌ ، له‌ناوچه‌ى شیعه‌ شه‌ش بۆ حه‌وت ملیۆن که‌س ده‌نگى داوه‌ نه‌ سوننه‌ نه‌ کورد ده‌نگى نه‌هێناوه‌ له‌وناوچانه‌ ،له‌ناوچه‌ سوننیه‌کانیش به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌کورد و نه‌شیعه‌ ده‌نگى به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ ،واته‌ له‌ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌عێراقدا سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران جیابونه‌ته‌وه‌و هه‌ریه‌که‌یان بۆ ئه‌و پێکهاتانه‌یه‌ ،له‌روى هێزى چه‌کداره‌وه‌ ، کورد پێشمه‌رگه‌ى هه‌یه‌ شیعه‌ حشدى شه‌عبى هه‌یه‌ ئه‌وا په‌رله‌مانى عێراقیش خه‌ریکى دروستکردنى حه‌ره‌سى وه‌ته‌نیه‌ بۆ سوننه‌ ، بۆیه‌ له‌نێوان ئه‌م سێ پێکهاته‌وه‌ له‌روى عه‌مه‌لیه‌وه‌ هیچ شتێکى هاوبه‌ش نه‌ماوه‌ ،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ پێکهاته‌ى عێراق ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت پێکه‌وه‌بن ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌شکردنى عێراق رێکه‌ون ،بۆنمونه‌ له‌داهاتى هه‌مووعێراق کورد ده‌بێت 30% وه‌ربگرێت له‌وداهاته‌ شیعه‌و سوننه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ،که‌ده‌کاته‌ 90% باقى داهاته‌که‌ بۆ پێکهاته‌کانى ترى عێراق وه‌ک تورکمان و مه‌سیحى و ئه‌وانى دیکه‌، له‌ئێستادا که‌سى رازی نیه‌ به‌و رێژه‌یه‌ ،بۆیه‌ هه‌ریه‌ک له‌پێکهاته‌کان  ده‌یه‌وێت 10% بۆخۆى بێت ، هه‌رکامیان زیاتر به‌رن له‌به‌شى به‌رامبه‌ره‌که‌ى ده‌خوات ، تائێستا رێکنه‌که‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌سه‌دا چه‌ندى داهاته‌که‌ بۆ پێکهاته‌کانه‌ ، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ داهاتى کوردستان100% بۆخۆمان بێت و 17% نه‌وتى به‌سره‌ش بۆ ئێمه‌ بێت ، عێراق ده‌یه‌وێت 100% داهاتى جنوب و ناوه‌راست بۆخۆى بێت و 83% ى داهاتى کوردستانیش بۆ ئه‌و بێت ، سوننه‌ش ده‌یه‌وێت هه‌مووى هى خۆى بێت ،له‌به‌رئه‌وه‌ باوه‌ڕناکه‌م ئه‌مانه‌ به‌ئاسانى بگه‌نه‌ ئه‌نجام ، چونکه‌ یه‌کتریان قبوڵ نیه‌و ناتوانن داهات و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش بکه‌ن .

کورد و به‌غدا له‌سه‌ر چى رێکده‌که‌ون ،له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ رێکبکه‌ون له‌سه‌ر سنور تێکده‌چنه‌وه‌ ،له‌سه‌ر سنور رێکبکه‌ون له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کان تێکده‌چنه‌وه‌ ، له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کان رێکبکه‌ون له‌سه‌ر ئابورى تێکده‌چنه‌وه‌ ،له‌سه‌ر ئابورى رێکده‌که‌ون دواتر له‌سه‌ر که‌روکوک ئاڵۆزى دروست ده‌بێته‌وه‌ ،ته‌نها یه‌ک شتێک نیه‌ تاوه‌کو له‌سه‌رى رێکبکه‌ون.

وه‌ک ئاشکرایه‌ 80 ساڵ سوننه‌ له‌سه‌ر حکوم بووه‌ له‌عێراق ئه‌نفال و کیمیاى به‌رامبه‌ر به‌کورد لێکه‌وته‌وه‌ ، 12 ساڵه‌ شیعه‌ له‌سه‌ر حکومه‌ ئه‌ویش هاتو قوتى خه‌ڵکى کوردستانى گرته‌وه‌و مووچه‌ى بڕى ،بۆیه‌ له‌ئێستادا ناتوانرێت به‌م ئه‌قڵیه‌ته‌ له‌ عێراقدا کاربکه‌یت بۆیه‌ ده‌بێت به‌دواى سیغه‌یه‌کى تردا بگه‌رێین تاوه‌کو بتوانین پێکه‌وه‌ کاربکه‌ین ،به‌ڕاى من ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ هه‌موومان له‌عێراقدا بین ئه‌بێت سیسته‌مى کۆنفیدراڵى دابندرێت بۆ عێراق ،واته‌ رێکه‌وتنێکى ئاره‌زوو مه‌ندانه‌ ، هه‌رکاتێک بته‌وێت ئه‌توانى جیابیته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نا دۆخى عێراق له‌ئێستا باشتر نابێت و پێکهاته‌کان ناگه‌نه‌ رێکه‌وتنى کۆتایى وچاره‌سه‌رکردنى کیشه‌کان .


زۆرترین خوێندراو