سۆران حه‌سه‌ن : پرسى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌کلیلى چاره‌سه‌رى پارێزگاى سلێمانى ،به‌ڵام خۆى به‌بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌

9/4/2015 10:18:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌دیدارێکى تایبه‌تدا بۆ جه‌ماوه‌رنیوز ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ پرسى پێکهێنانى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌داخه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌دۆسیه‌ى تر کراو لیژنه‌ى دانوستکارى یه‌کێتى و گۆڕان کردیانه‌ یه‌ک پاکێج و هه‌ڵه‌بجه‌ کرایه‌ کلیلى قوفڵى کێشه‌ى پارێزگاى سلێمانى و تا ئێستاش خۆى به‌ هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه‌ .

ده‌قى دیداره‌که‌ :

جه‌ماوه‌ر نیوز : هه‌نگاوه‌کانى پێکهێنانى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ چ قۆناغێکدایه‌ ؟

سۆران حه‌سه‌ن  : ئاشکرایه‌ له‌ 13-3-2014 بڕیارى به‌ پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ واژۆ کراوه‌و له‌ 16-3-2014 له‌لایه‌ن سه‌رۆکى هه‌رێمه‌وه‌ په‌سه‌ند کراوه‌ . به‌هۆى هاتنه‌ پێشى هه‌ڵبژاردنى 30 ى چوار پرۆسه‌که‌ دواکه‌وتنى به‌خۆوه‌ بینى و پاشان له‌لایه‌ن هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى ده‌ڤه‌ره‌که‌وه‌‌ 14 کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر پێکهێنانى ئیداره‌ى پارێزگاکه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ده‌مانخواست دۆسیه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ تێکه‌ڵ به‌ هیچ دۆسیه‌یه‌کى دى نه‌کرێت تێکه‌ڵ کراو لیژنه‌ى دانوستکارى یه‌کێتى و گۆڕان کردیانه‌ یه‌ک پاکێج و هه‌ڵه‌بجه‌ بویه‌ کلیلى قوفڵى کێشه‌ى پارێزگاى سلێمانى و تا ئێستاش خۆى به‌ هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه‌، له‌م هه‌فته‌یه‌شدا هه‌ردوو لایه‌نى یه‌کێتى و گۆڕان وه‌ک براوه‌ى یه‌که‌م و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى 30/4 له‌گه‌ڵ یه‌ک کۆبونه‌ته‌وه‌ و پرۆژه‌یه‌کیان ئاماده‌کردوه‌و وه‌ک خۆیان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کان باسى لێوه‌ ده‌که‌ن سه‌ردانى هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌که‌ن بۆ گفتوگۆ له‌سه‌رى و پێکهێنانى زوو به‌زووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکه‌و پاشان دانانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌کان. 

جه‌ماوه‌رنیوز: به‌ چ پێوه‌رێک کورسییه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ دابه‌شکراون؟

سۆران حه‌سه‌ن  : به‌و پێیه‌ى که‌ ئێمه‌ش ته‌نها له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ بیستومانه‌ پاکێجه‌که‌یان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌نگه‌کانى هه‌ڵبژاردنى 30-4 داناوه‌ که‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى هه‌موو ئه‌و به‌ڵێن و واژۆیانه‌یه‌ که‌ پێشتر له‌ 14 کۆبونه‌وه‌ى ڕابردوودا ووتراوه‌ و به‌ دۆکۆمێنت لامانه‌، ئێمه‌ له‌کۆبونه‌وه‌ى یه‌که‌م و دووه‌مان کۆنوسێکمان واژۆ کردووه‌ که‌ ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ته‌وافوق دروست بکرێت و هه‌موو لایه‌نه‌کان تیایدا به‌شداربن و ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان پێوه‌رى یه‌که‌م نه‌بێت به‌ڵکو وه‌ک قۆناغێکى ئینتقالى به‌ هاوبه‌شى گشت لایه‌نه‌کان پرۆسه‌که‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو. به‌ڵام ئێمه‌ش چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین تا شانده‌که‌ى یه‌کێتى و گۆڕان سه‌ردانمان ده‌که‌ن تا بزانین به‌ فه‌رمى پرۆژه‌ یان چیه‌ و پیشننیاریا چیه‌ ؟

 جه‌ماوه‌ر نیوز: حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان تا چه‌ند تموحى له‌وه‌ هه‌یه‌ زۆرترین خزمه‌ت به‌ ناوچه‌که‌ بکات ؟

 سۆران حسن: گه‌ر تۆزێک بگه‌ ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوو ‌حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان هه‌میشه‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى خۆى داناوه‌و له‌ کاتى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و پێشمه‌رگه‌کانى سۆسیالست به‌ هاناى خه‌ڵکى لێقه‌وماو بریندارو ئاواره‌ى شاره‌که‌وه‌ بوون و ئه‌وه‌ى پێیان کرا هاوکارو پشتیوانى خه‌ڵکى ده‌ڤه‌ره‌که‌ بوون و له‌ پاش ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ش حزبى سۆسیالست ده‌ستى له‌ ئاوه‌دانى و بنیادنانه‌وه‌ى شاره‌که‌دا هه‌بووه‌ به‌ دروست کردنى چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ک ‌و کڕینى پێداویستى بۆ ژماره‌یه‌ک له‌ فه‌رمانگه‌ حکومییه‌کان که‌ ئه‌و کات هه‌ڵه‌بجه‌ ژێرخان و سه‌رخانى ئابورى له‌ ژێر سفره‌وه‌ بوو ، وه‌ پاشانیش حزبى سۆسیالست له‌کاتى شه‌ڕى ناوخۆدا هه‌میشه‌ وه‌ک لایه‌نێکى ئاشتیخواز هه‌وڵى به‌رده‌وامى خۆى خستبویه‌ گه‌ڕ له‌ پێناوى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاشتى بۆ ناوچه‌که‌و ئاسوده‌یى بۆ خه‌ڵکى خێر نه‌دیوى هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان، وه‌ یه‌که‌م سه‌رکرده‌و یه‌که‌م که‌سایه‌تى که‌ واژۆى 5000 که‌سى کۆکرده‌وه‌ بۆ کردنه‌وه‌ى زانکۆى هه‌ڵه‌بجه‌ کاک محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود بوو ، وه‌ هه‌ر له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ڕێزیان داوایان کرد که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێویسته‌ بکرێته‌ پارێزگاو شارێکى نمونه‌یی، دیاره‌ هه‌رله‌و کاته‌وه‌ کارمان له‌سه‌ر بوون به‌پارێزگا کردوه‌و هه‌وڵه‌کانى ئێمه‌و گشت لایه‌نه‌کان 13-3-2014  هاته‌ به‌رهه‌م.له‌گشت کۆبونه‌وه‌کانیشدا تموحى گه‌وره‌ى خۆمان خستۆته‌ ڕوو که‌ به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ده‌مانه‌وێت خزمه‌تى گه‌وره‌ به‌م پارێزگایه‌ بکه‌ین و به‌ مافى خۆمانى ده‌زانین له‌ئاست هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌مان خزمه‌تى مه‌زن به‌م شاره‌ بکه‌ین له‌ڕێ ى ئه‌نجومه‌ن و یه‌که‌ئیدارییه‌کانى تره‌وه‌. 

جه‌ماوه‌رنیوز : تا چه‌ند له‌و دابه‌شکاریه‌ى که‌ کراوه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتى و گۆڕانه‌وه‌ ڕازین ,وه‌ک له‌ راگه‌یاندنه‌کا باس ده‌ کریت ؟

سۆران حه‌سه‌ن  : ئه‌وه‌ى باس ده‌کرێت ئێمه‌ نیگه‌رانین لێى و ڕه‌زامه‌ند نین به‌و شێوه‌یه‌ هه‌موو پۆسته‌کانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ قۆرخ بکرێت بۆ پێنج حزبه‌که‌و ڕێ بۆ که‌س نه‌هێڵنه‌وه‌ که‌ بیه‌وێت خزمه‌ت به‌و شاره‌ بکات که‌ چه‌ند هێنده‌ى هه‌ندێک حزب و لایه‌ن کارى بۆ کردوه‌و پشتگیرو پشتیوانى بوه‌ له‌ ڕابردوو ئێستاشدا.ئێمه‌ پێمان وایه‌ پێویسته‌ شاندى دانوستکار ڕێز له‌ واژۆکانى خۆیان بگرن که‌ به‌ڵێن دراوه‌ ته‌وافوق بنه‌ماى کارى هاوبه‌شى لایه‌نه‌کان بێت. و ئه‌وه‌شیان له‌به‌ر چاو بێت که‌ هه‌ڵبژاردنى تایبه‌ت بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌کراوه‌ به‌ڵکو هه‌ڵبژاردن بۆ پارێزگاى سلێمانى بوه‌و  به‌ حاڵى حازر دوو نوێنه‌ره‌که‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌وام ده‌که‌ن به‌ وشیوه‌یه‌ش بێت ئیمه‌ مافى خومانه‌و نوێنه‌رێکما له‌ ئه‌نجومه‌نى پاریزگاى سلێماى ده‌رچووه‌ و پۆست به‌ رکه‌وته‌ى خومانه‌ هه‌رچه‌نده‌ تائیستا شانده‌که‌ سه‌ردانى نه‌کردوین . جا بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ پێکهێنانى هه‌یکه‌لى ئیدارى پارێزگاکه‌ به‌ هاوبه‌شى گشت لایه‌ک به‌ڕێوه‌ ببرێت تا هاڵبژاردنى داتوو که‌ بڕیاره‌ له‌ 2017 دا ئه‌نجام بدرێت.

جه‌ماوه‌رنیوز : هیواتان چه‌نده‌ که‌ گفتوگۆکان به‌ چاره‌سه‌رى کۆتایى بگه‌ن ؟

  سۆران حه‌سه‌ن  :  هه‌ر کارێک مرۆڤ خواستى له‌سه‌ر هه‌بێت و بیه‌وێت به‌ئه‌نجامى بگه‌یه‌نێت مستحیل نیه‌و بێگومان ده‌گاته‌ مه‌نزڵ، ده‌خوازم مه‌سه‌له‌ى پێکهێنانى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مجاره‌ش نه‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ کێشه‌ سیاسیه‌کاى ئه‌مرۆى هه‌ریم له‌نیوان‌ لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و، ئه‌و ته‌وافوقه‌ى که‌ به‌ڵێنمان داوه‌ جێ به‌جێ ى بکه‌ین و ئیداره‌یه‌کى تۆکمه‌ دروست بکرێت تا خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ سوودمه‌ندى یه‌که‌م بن و ئاهێک به‌ به‌ر خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌وراماندا بێته‌وه‌.ده‌خوازم گشت لایه‌نه‌کان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا کوردانه‌‌ بیر بکه‌نه‌وه‌ و بیرى ته‌سکى حزبیانه‌ وه‌لا بنرێت و ئامانجى گه‌وره‌ خزمه‌تکردنى خه‌ڵکى به‌شه‌ره‌فى هه‌ڵه‌بجه‌ بێت.


زۆرترین خوێندراو