سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى : گه‌وره‌ترین کێشه‌ له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتنى زانکۆ رێنمایی وه‌زاره‌تى داراییه‌

1/21/2016 10:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

فریاد ئیسماعیل 

پرۆفیسۆر د.سه‌ڵاحه‌دین سه‌عید عه‌لى سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى له‌دیدارێکى تایبه‌تى جه‌ماوه‌رنیوز ده‌ڵێت :" گه‌وره‌ترین کێشه‌ که‌ هه‌مانه‌ له‌به‌رده‌م پێشخستنى زانکۆ رێنمایی وه‌زاره‌تى داراییه‌"  ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو که‌زانکۆش وه‌ک هه‌ردامه‌زراوه‌یه‌کى تر قه‌یرانى دارایى کاریگه‌رى نێگه‌تیڤى له‌سه‌ر دروست کردووه‌ .

 

جه‌ماوه‌رنیوز :  ئه‌مساڵ زانکۆى سلێمانى رووبه‌رووى کێشه‌ى زۆر ئه‌بێته‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌، دیارترین کێشه‌کان کامانه‌ن که‌ رووبه‌ڕووتان ئه‌بێته‌وه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  بێگومان به‌ڕێوه‌بردنى ده‌زگایه‌کى زانستى گه‌وره‌ى وه‌ک زانکۆى سلێمانى که‌ له‌ چوار که‌مپى گه‌وره‌ پێکهاتووه‌ له‌گه‌ڵ که‌مپى تازه‌ که‌ له‌سه‌ر رووبه‌رى 800 دۆنم دروست کراوه‌ وه‌ که‌مپى کۆن که‌ له‌ناو شارایه‌ له‌گه‌ڵ که‌مپى کشتوکاڵ له‌به‌کره‌جۆیه‌ و هه‌روه‌ها که‌مپى سه‌یدسادق، ئه‌مانه‌ پێویستى به‌ بودجه‌یه‌کى گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى، هه‌ر ده‌زگایه‌کی زانستیش بیه‌وێت پێشکه‌وتنى زانستى ئه‌نجام بدات و بیه‌وێت خزمه‌ت بکات و زانست بگه‌یه‌نێت به‌و نه‌وه‌یه‌ى دێته‌ ئه‌و زانکۆیه‌، پێویستى به‌ بودجه‌یه‌کى گه‌وره‌ هه‌یه‌، چونکه‌ زانکۆکانى ئێمه‌ رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ که‌ خۆیان به‌رهه‌م هێن بن و خۆیان بژێنن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى خوێندکار مانگانه‌ ده‌رماڵه‌ى هه‌یه‌ و دواجار به‌شه‌ ناوخۆییه‌کان که‌ ئه‌وه‌ قورساییه‌کى زۆر زۆره‌ له‌سه‌رمانه‌ و نزیکه‌ى 8 هه‌زار خوێندکارى به‌شى ناوخۆیی هه‌یه‌ له‌ نزیکه‌ى 40 بینایا دابه‌ش کراون وه‌کو وایه‌ ئیداره‌ى 40 ئوتێل بکه‌یت که‌ ئه‌مه‌ خۆى له‌ خۆیدا قورسه‌ ، چونکه‌ دابینکردنى سوته‌مه‌نى و کاره‌باو ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ به‌ پاره‌ ئه‌ڕوات به‌ڕێوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و کۆلێژانه‌ له‌ تاقیگه‌ زانستیه‌کاندا رۆژانه‌ مه‌وادى ئیستهلاکیان هه‌یه‌ که‌ به‌کارى ئه‌هێنن وه‌کو موادى کیمیایی و بایه‌لۆجى و ئه‌وانه‌ یان کولیه‌ پزیکشییه‌کانى وه‌کو ددان سه‌رجه‌میان پێویستیان به‌ پاره‌ هه‌یه‌و مواده‌کانیان رۆژانه‌ له‌ بازاڕدا ئه‌کڕدرێن و ناتوانین خۆمان دروستى بکه‌ین و ناشتوانین پاره‌که‌ى له‌ خوێندکار وه‌ربگرین ، بۆیه‌ بێگومان تووشى قه‌یران ئه‌بین.
خۆشت ئه‌زانیت ئێستا ئێمه‌ له‌ شه‌ڕداین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نرخى نه‌وت له‌سه‌ر ئاستى جیهان دابه‌زیوه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ پلان و خه‌ریجییه‌کانى خۆتدا بکه‌یت و خۆت له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌یه‌ بگونجێنیت  به‌ شێوه‌یه‌ک له‌سه‌ر حسابى کوالێتى نه‌بێت.

  جه‌ماوه‌رنیوز :  ئه‌و گرفتانه‌ چى بوون که‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌کاربوونت رووبه‌رووى بوونه‌وه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :   له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌کاربوونى من ئه‌رکى زانکۆکه‌ قورستر بوو، چونکه‌ زانکۆکه‌ فراوانتر بوو کۆلێجه‌کانی زیادیان کرد و ژماره‌ى خوێندکاران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران زیادیان کرد، هه‌روه‌ها له‌پاش ساڵێک له‌ ده‌ستبه‌کاربوونم وه‌کو سه‌رۆکى زانکۆ که‌مپى نوێى زانکۆ کرایه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌م که‌مپه‌ جیاوازه‌ له‌ که‌مپه‌کانى ترو ته‌نانه‌ت جیاوازه‌ له‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانى ترى شاره‌که‌، چونکه‌ له‌ژێر هه‌موو بیناکانى که‌مپه‌که‌ گه‌رمى و ساردى هه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ پێویستى به‌ سیانه‌ هه‌یه‌ پێویستى به‌ شاره‌زا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ شارێکى زانکۆیی گه‌وره‌یه‌ ، له‌ که‌م له‌ وڵاتانى ناوچه‌که‌ و جیهاندا زانکۆى وا جوان و گه‌وره‌ هه‌یه‌ ، مه‌ساحه‌ى سه‌وزایی زۆره‌و و باخچه‌ و جاده‌و رێگاوبانى زۆره‌ و پێویستى به‌ پاکو خاوێنى رابگیرێن بۆ راگرتنى کوالێتى بیناکان و که‌مپه‌که‌، که‌ بوومه‌ سه‌رۆکى زانکۆ تاقیگه‌کانمان پێویست بوو هه‌موو بیناکان ته‌جهیز و ته‌ئسیس بکه‌رێته‌وه‌ به‌ پێى پێویستى خۆی. گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تمان کرد له‌ دابینکردنى بودجه‌یا بۆ تاقیگه‌کانمان و ته‌نها له‌ کۆلێجى زانست 88 تاقیگه‌ نوێمان ته‌جهیزو ته‌ئسیس کردووه‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیاى  ئه‌ڵمانییه‌وه‌ که‌ باشترین کۆمپانیان ته‌ئسیسات و ته‌جهیزى تاقیگاکانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌و شانازیانه‌ى که‌ بووینه‌ سه‌رۆکى زانکۆ هاتینه‌ که‌مپى نوێ و به‌ باشترین شێوازیش ته‌ئسیس و ته‌جهیزمان کردن.

جه‌ماوه‌رنیوز :  له‌وه‌ته‌ى بوویته‌ سه‌رۆکى زانکۆ چى گۆڕانکارییه‌کتان ئه‌نجام داوه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  له‌و ماوه‌ى ده‌ستبه‌کاربوونمان زۆرترین ژماره‌ى مامۆستایانمان زۆرترین چالاکی زانستیان ئه‌نجام داوه‌، هه‌روه‌ها به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌ى زانستیمان له‌ شێوازێکى ئاڵۆزه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ شێوازێکى نیمچه‌ شه‌فاف و ده‌سه‌ڵاته‌کانمان شۆڕکردۆته‌وه‌ بۆ کۆلێجه‌کان، یه‌که‌مین هه‌نگاومان ئه‌وه‌بوو که‌ داوامان له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا کرد که‌ پێویستى زانکۆکان سه‌ربه‌خۆ بن له‌رووى کارگێرى و دارایی و زانسیتییه‌وه‌، چونکه‌ زانکۆ سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت ناتوانێت هه‌نگاوى به‌ره‌وپێشچوون بنێت و ئێستا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ کارى له‌سه‌ر ئه‌کرێت و ئێمه‌ وه‌کو زانکۆى سلێمانى ده‌ستپێشخه‌ربووین له‌ پرۆژه‌که‌دا.
هه‌روه‌ها لیژنه‌ى به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌ى زانستى له‌سه‌ر ئاستى مه‌رکه‌زییه‌وه‌ هێنامانه‌ سه‌ر ئاستى کۆلێجه‌کان  ته‌نها بۆ پرۆفیسۆرى له‌سه‌ر لیژنه‌ى ئاستى مه‌رکه‌زى هێشتوومانه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بووه‌ پرۆسه‌یه‌کى شه‌فافترو خێراتر و ده‌رئه‌نجامى باشى لێکه‌وته‌وه‌.
یه‌کێکى تر له‌ شانازییه‌کانمان ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ى توێژینه‌وه‌ زانستیه‌کانمان له‌ گۆڤاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو زیادى کردووه‌ ساڵانه‌ توێژینه‌وه‌مان له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئه‌وانه‌ى که‌ پله‌ى زانستى به‌رزیان هه‌یه‌ به‌س له‌ کۆلێژى زانستدا  نزیکه‌ى 400 توێژنه‌وه‌مان له‌ گۆڤاره‌ نێده‌وڵه‌تییه‌کان بڵاو ده‌بێته‌وه‌، یه‌کێکى تر له‌ کاره‌کانى ترمان، گۆڤارى زانستى زانکۆى سلێمانى که‌ پێشتر گۆڤارێکى چه‌قبه‌ستوو بوو هیچ بڵاوکراوه‌ى نه‌بوو، ئێستا گۆڤاره‌که‌ به‌شى A   که‌ بڵاوکراوه‌ زانستییه‌کانى هه‌یه‌ به‌کارمان خسته‌وه‌و به‌ نێوده‌وڵه‌تیمان کرد، ئێستا گۆڤاره‌که‌ 4 بۆ 5 ئیمپاکت فاکتۆرى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، که‌ ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق بۆ یه‌که‌مجار ئیمپاکت فاکتۆرى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ربگرێت ، یه‌کێکى تر له‌ کاره‌کانمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ وێبسایتى زانکۆمان چاک کردو ئێستا له‌ ریزبه‌ندى سایته‌کانى کوردستانا یه‌که‌مه‌ که‌ پێشتر زۆر خراپ بوون هه‌نگاوێکى ترمان کردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى زانستییه‌ گه‌وره‌ترین سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى زانستییه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ئێستا سه‌رقاڵى دابینکردنى پێداویستییه‌کانین، پلانمان هه‌یه‌ له‌ ناوه‌راستى ساڵى ئاینده‌یا ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بکرێته‌وه‌و ببێته‌ پێشه‌نگترین سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى زانستى که‌ له‌ نێویا سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى نه‌خۆشى سه‌ره‌تان و سه‌نته‌رى ژینگه‌ و سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى نه‌وت و چه‌ندین سه‌نته‌رى نانۆى تیایه‌ نانۆ ته‌کنه‌لۆژى که‌ له‌ که‌م له‌ زانکۆکانى ترى کوردستانا هه‌یه‌، ئه‌بینه‌ یه‌که‌مین سه‌نته‌ر له‌سه‌ر ئاستى کوردستان و عێراقیش.

جه‌ماوه‌رنیوز :  ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ده‌ستى کردووه‌ به‌ کاره‌کانى؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  ئێستا کۆمپانیا خه‌ریکى ته‌جهیز کردنیه‌تى و بودجه‌مان بۆ ته‌رخانکردوه‌و بودجه‌یه‌کى باشمان له‌به‌ر ده‌ستایه‌و بودجه‌که‌ په‌یوه‌ندى به‌م قه‌یرانى داراییه‌وه‌ نییه‌و له‌سه‌ر حسابى زانکۆیه‌و پاره‌که‌ مه‌وجوده‌و خه‌ریکى ته‌جهیز و ته‌ئسیس کردنین.

جه‌ماوه‌رنیوز :  گۆڤاره‌که‌ له‌ چه‌ند به‌ش پێکهاتووه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  گۆڤاره‌ زانستیه‌که‌ له‌هه‌موو به‌شه‌کان پێکهاتووه‌و پێش ده‌رچوونى به‌شێوه‌ى ئه‌لکترۆنى بڵاوده‌کرێته‌وه‌، یه‌کێک له‌ شته‌ باشه‌کانى زانکۆى سلێمانى له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو مامۆستایه‌ک له‌ وێب سایته‌که‌ى زانکۆ په‌یجى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌.

جه‌ماوه‌رنیوز :  ئه‌و رێنماییانه‌ى ده‌رده‌چن له‌کوێ بڵاو ئه‌کرێنه‌وه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  له‌ ئێستادا وه‌زاره‌ت پرۆژه‌یه‌کى راگه‌یاندووه‌، که‌ ئه‌ویش به‌ ئه‌لکترۆنى کردنى کاره‌کانى وه‌زاره‌ت بوو، ئه‌و رۆژه‌ى وه‌زیرى کاره‌با ده‌ست به‌کاربوو، ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌کمان پێشکه‌ش کرد، که‌ بریتى بوو له‌وه‌ى هه‌موو هۆڵێکى خوێندن شاشه‌ى ئه‌لکترۆنى بۆ دابنرێت و راسته‌وخۆ هه‌موو خوێندکارێک له‌رێگه‌ى ئایپادێکه‌وه‌ ماحازه‌ره‌که‌ى نقل ئه‌بوو بۆ ناو ئایپاده‌که‌ى، بڕیاربوو له‌گه‌ڵ وه‌زیرى خوێندنى باڵا پرۆژه‌که‌ بگه‌یه‌نینه‌ ده‌ست ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه‌ داراییه‌ى دروست بوو کێشه‌ى دروست کرد له‌به‌ر ده‌ممان،  
ئه‌گینا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پرۆژه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو ئه‌بوو، وه‌ ئه‌بوویه‌ یه‌که‌مین زانکۆ له‌سه‌ر عێراق که‌ پرۆژه‌یه‌کى ئاواى هه‌بێت و هه‌م مامۆستاو هه‌م خوێندکار سوودیان لێوه‌رئه‌گرت،  ته‌نانه‌ت پاره‌ش له‌سه‌ر حکومه‌ت نه‌ ئه‌که‌وت، ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق پێشکه‌وتووترین نێتۆرک سیسته‌مان هه‌یه‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ نێتۆرک سیسته‌مه‌که‌شى بۆ سیانه‌ ئه‌کردیت و بۆى ئیداره‌ ئه‌کردیت و سمارت سکرینه‌کانى به‌ خۆڕایی دا ئه‌نا، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ خوێندکار چه‌ند سه‌نتێکى که‌مى ئه‌یا له‌به‌رامبه‌ر داونلۆدکردنى هه‌ر شتێک که‌ له‌ سایته‌که‌ ئه‌نجامى بایه‌، وه‌یان کافتریای زانکۆت ئه‌دایه‌ که‌ بێ به‌رامبه‌ر ئیداره‌ى بکات، به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌ له‌سه‌ر زانکۆ و نه‌ له‌سه‌ر حکومه‌ت پاره‌ نه‌ ئه‌که‌وت. گه‌وره‌ترین کێشه‌ که‌ هه‌مانه‌ له‌به‌رده‌م پێشخستنى زانکۆیا رێنمایی وه‌زاره‌تى داراییه‌. 

جه‌ماوه‌رنیوز :  زانکۆى سلێمانى له‌مساڵدا تواناى وه‌رگرتنى چه‌ند خوێندکارى هه‌یه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  به‌پێى ئه‌و پلانه‌ى پێشکه‌شى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵامان کردبوو نزیکه‌ى 3360 خوێندکار بوو، به‌ڵام له‌ ئێستادا 5392 خوێندکارمان بۆ هاتووه‌ جگه‌ له‌ خوێندکارى دابه‌زین که‌ هێشتا ره‌قه‌مه‌کمان به‌ ته‌واوى لا گه‌ڵاڵه‌ نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ 1100 خوێندکارى که‌رکوک و ناوچه‌کانى ترى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، نزیکه‌ى 200 خوێندکارى تریشم بۆ هاتووه‌، به‌و شێوه‌یه‌ش ژماره‌ى خوێندکارانى زانکۆى سلێمانى بۆ ئه‌مساڵ نزیک ئه‌بێته‌وه‌ له‌ 6 هه‌زار خوێندکار.

جه‌ماوه‌رنیوز :  بۆچى ئه‌و 1100 خوێندکاره‌ى که‌رکوک هاتونه‌ته‌ زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  یه‌کێک له‌ کێشه‌کانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراق، له‌ دواى 2003 و ئازادکردنى که‌رکوک، خوێندکارانى ئه‌و ناوچانه‌ به‌ زمانى کوردى خوێندوویانه‌ به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ کارێکى قورس ئه‌بێت که‌ بچنه‌ ناوچه‌ عه‌ره‌به‌کانى ترى عێراق وه‌ له‌ لایه‌کى تریشه‌وه‌ ئێستا که‌رکوک به‌ ئه‌مرى واقع له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى کوردستاندایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا واى کردووه‌ که‌ نووسینگه‌ له‌ که‌رکوک بکاته‌وه‌  و خوێندکارانى ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ربگیرێت، له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌بێت نمره‌ى ئه‌و خوێندکارانه‌ى که‌رکوکیش له‌ ئاستى ئه‌و نمرانه‌یا بێت که‌ خوێندکارانى سلێمانى پێوه‌رگیراوه‌، وه‌ ئێمه‌ دواتر به‌و ده‌ره‌جانه‌یا ئه‌چینه‌وه‌و دڵنیا ئه‌بینه‌وه‌ له‌ دروستى ده‌ره‌جه‌ و شه‌هاده‌ى ئه‌و خوێندکارانه‌، چونکه‌ ئه‌وانه‌ په‌روه‌رده‌یان جیاوازه‌و له‌ژێر کۆنتڕۆڵى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى و ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستانا نین، نه‌کا خوێندکارێک نمره‌که‌ى ئه‌وه‌نه‌ نه‌بێت و داواکارییه‌که‌ى پێشکه‌ش کردبێت. 

جه‌ماوه‌رنیوز :  کۆى ژماره‌ى خوێندکارانى زانکۆى سلێمانى چه‌نده‌ ؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  سه‌روو 23 هه‌زار خوێندکار له‌ زانکۆى سلێمانى هه‌یه‌، و نزیکه‌ى 8 هه‌زار خوێندکارى به‌شى ناوخۆییمان هه‌یه‌. 

جه‌ماوه‌رنیوز :  ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ خوێندکاران کێشه‌ى هاتوچۆیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى له‌مساڵدا رێگه‌ نادرێت خوێندکاران ئۆتۆمبێل بهێننه‌ ناو که‌مپى زانکۆوه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  ئه‌م پرسیاره‌م ئاراسته‌یه‌ بۆ هه‌موو که‌سێک  ؟  کێشه‌ى هاتووچۆى خوێندکارێک له‌ ده‌رگاى سه‌ره‌کى زانکۆوه‌ بۆ ناو کۆلێجه‌که‌ى له‌ 800 مه‌تر تێپه‌ڕ ناکات، بۆچى ئه‌مه‌ بۆته‌ کێشه‌ بۆ خوێندکار، بۆچى مناڵێکى 7 ساڵه‌ ئه‌توانێت زیاتر له‌ 800 مه‌تر ببڕێت تا ئه‌گاته‌ مه‌کته‌به‌که‌ى بۆچى خوێندکارێکى زانکۆ ناتوانێت له‌ ده‌رگاى زانکۆوه‌ به‌پێ بگاته‌ کۆلێجه‌که‌ى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ سێ پارکمان بۆ خوێندکاران دروست کردووه‌و 19 پاسیشمان بۆ خوێندکاران ئاماده‌ کردووه‌ که‌ به‌ده‌ورى زانکۆیا ئه‌سوڕێنه‌وه‌و خوێندکاران ئه‌گه‌یه‌نێته‌ به‌رده‌م کولیه‌کانى، ساڵانى پێشوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى پارکه‌کانمان ئاماده‌ نه‌بوو هه‌موو سه‌یاره‌یه‌ک ئه‌هاته‌ ناو زانکۆوه‌، رۆژ نه‌بوو کێشه‌مان له‌ناو ئه‌م که‌مپه‌یا بۆ دروست نه‌بێت و سیماى خوێندنى تیا نه‌مابوو، بۆیه‌ ئێستا زانکۆ زۆر هێمنه‌و قه‌ره‌باڵغى و فه‌وزا نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌بێت فێرى سیستم بین، من له‌ زانکۆى ئه‌رکه‌نساز بووم له‌ ئه‌مریکا، خوێندکارو مامۆستا و مۆزه‌ف ئه‌بێت پاره‌ بات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پارک سه‌یاره‌ رابگرێت.
وه‌ یه‌کێکى تر له‌ کێشه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ دیزاینى ئه‌م که‌یپه‌یا، دوو ده‌رگاى بۆ کراوه‌، که‌ ئه‌مه‌ کافى نییه‌ که‌ بتوانێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ لانى که‌م 15 هه‌زار که‌س خۆى بکات به‌ ناو زانکۆیا، بۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌رگاى سێیه‌میشمان کردۆته‌وه‌، وه‌ له‌م زانکۆیه‌یه‌ سیسته‌مى په‌بلیک ترانسپۆرته‌یشن نییه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ رێگه‌کانى خزمه‌تى هاوڵاتیان وه‌ک هێڵه‌کانى ترام و میترۆو پاس و رێگه‌کانى گه‌یاندن تاکو ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌.

جه‌ماوه‌رنیوز :  ریزبه‌ندى نیشتمانى زانکۆکانى هه‌رێم چۆن ئه‌بینىو له‌سه‌ر چ پێوه‌رێک بوو ؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  ریزبه‌ندى نیشتیمانى کوردستان  ئه‌مساڵ یه‌که‌م ته‌جروبه‌ بوو، به‌پێوه‌رێک کرا به‌ شێوه‌ى گروپین که‌ له‌ ئێستادا هیچ زانکۆیه‌ک نییه‌ له‌ کوردستاندا بگاته‌ گروپى A له‌رووى زانستى و لۆجستى و ئیدارییه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر زانکۆیه‌ک گه‌یشته‌ گروپى A ئه‌وه‌ ئه‌چێته‌ ریزبه‌ندى زانکۆ جیهانییه‌کانه‌وه‌، بۆ نموونه‌ یه‌کێک له‌و پێوه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چه‌ند خوێندکارى ئه‌وروپی یاخود ده‌ره‌کیت هه‌یه‌ یاخود چه‌ند مامۆستاى نێوده‌وڵه‌تیت هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى زانکۆى سلێمانی ژینگه‌ى خوێندنى باشترى تیا فه‌راهه‌م کراوه‌.

جه‌ماوه‌رنیوز :  پلانتان چیه‌ که‌ ساڵى ئاینده‌ بچنه‌ گروپى A ؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  پلانمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ توێژینه‌وه‌کانمان زیاد بکه‌ین و پرۆسه‌ى به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌ى زانستى مامۆستایان زیاد ئه‌که‌ین، وه‌ زانکۆى سلێمانى چه‌ندین نامه‌ى لێکتێگه‌شتنى له‌گه‌ڵ زانکۆکانى جیهانا ئیمزا کردووه‌و خوێندکارى دکتۆراى هاوبه‌شمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جانکۆ جیهانییه‌کانى تردا، ئه‌مساڵ 26 خوێندکارى به‌کالۆریۆسمان رۆیش بۆ زانکۆى کالسرۆى ئه‌ڵمانیا پاریش 18 خوێندکارمان رۆیشت و خولیان بینى، وه‌ چه‌ندین کارى ترمان کردووه‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌و په‌یوه‌ندییه‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆکارێک بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ ناو گروپى A .

جه‌ماوه‌رنیوز :  ئه‌و گرفتانه‌ى له‌ ماوه‌ى رابردوو له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌کان دروست بوون چاره‌سه‌ریان به‌ کوێ گه‌شت؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌کانى زانکۆى سلێمانى پێشکه‌شى خوێندکران ئه‌کرێت له‌ هیچ زانکۆیه‌کى عێراقدا ئه‌و خزمه‌ته‌ى خوێندکاران ناکرێت، کاره‌باى به‌رده‌وامیان هه‌یه‌، سیسته‌مى ته‌دفیعه‌ى مه‌رکه‌زى به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ که‌ هه‌موو مانگێک نزیکه‌ى 300 هه‌زار لیتر گازیان بۆ دابین ئه‌که‌ین و ته‌له‌فزیۆنى شاشه‌ى گه‌وره‌و چه‌ندین پێداویستى تر، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌یا نییه‌ موخه‌ساتى خوێندکارانه‌، به‌ڵام ئه‌و کاره‌ى خوێندکاران له‌ ماوه‌ى رابردوو ئه‌نجامیان داو زیانیان به‌ که‌لوپه‌له‌کانى پرسگه‌ى ده‌رکاى سه‌ره‌کى زانکۆ و سه‌رۆکایه‌تى زانکۆ گه‌یاند کارێکى ئێجگار نابه‌جێ بوو، ئایا بۆ ئه‌و کاره‌یان کردو کێ له‌ پشتیه‌وه‌ بوو نازانم، به‌ڵام ئێستا خۆشیان لێى په‌شیمانن و خه‌ڵکێکى زۆریش پێى ناره‌حه‌ت بوون، وه‌ له‌دواى لێکۆڵینه‌وه‌ش ژماره‌یه‌ک خوێندکار دانیان به‌ کاره‌ هه‌ڵه‌که‌یاندا ناوه‌، به‌ڵام سزاکه‌ى ئێمه‌ سزایه‌کى قورس نابێت و ئێمه‌ لێبورده‌ ئه‌بین و بیر له‌وه‌ ئه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ چاکیان بکه‌ین و ئاراسته‌یان بکه‌ین و ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌شتنه‌ى له‌ شێوازى بیرکردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ چاره‌سه‌رى بکه‌ین، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێکى زۆرله‌وانه‌ ده‌مامکیان به‌ستبوو بۆیه‌ نه‌مانتوانى وه‌ک پێویست بیان ناسینه‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌هۆى کامێراکانى چاودێریه‌وه‌ به‌شێک له‌وانه‌ ناسراونه‌ته‌وه‌، به‌ کامێرا لامانه‌ که‌ خوێندکار چۆن به‌ له‌قه‌ ده‌رگا ئه‌شکێنێت، چۆن ئه‌چێت خاز ئه‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خه‌سارى بکات و لامانه‌ که‌ چۆن بتڵى هه‌ریق ئه‌شکێنێت، وه‌ یه‌کێک له‌ کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ میوان زۆرتره‌ له‌ خوێندکاره‌کان، وه‌ بۆیه‌ داواى هاتنه‌ ژووره‌وه‌ى سه‌یاره‌ ئه‌که‌ن له‌ پێناو هێنانه‌ ناوه‌وه‌ى نێرگه‌له‌و مه‌شروباته‌، له‌ سه‌عات 6 بۆ 12 ى شه‌و ئاوى گه‌رم هه‌یه‌، به‌ڵام خوێندکاران گله‌یی له‌ نه‌بوونى ئاوى گه‌رم ئه‌که‌ن ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ کاتى خۆیدا خۆیان ناشۆن، جگه‌ له‌وه‌ به‌تانیمان له‌ مه‌جارییه‌کاندا ده‌رهێناوه‌ته‌و، شوشه‌ى ویستکى و بتڵى بیره‌ له‌ پشت به‌شه‌ ناوخۆییه‌کان وێنه‌یان گیراوه‌، ده‌مه‌وێت بزانن که‌ ئه‌و خوێندکارانه‌ى ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن یان که‌ڵفامن یاخود سه‌رکێشن، ئه‌و خزمه‌ته‌ى ئێمه‌ ئه‌یان که‌ین له‌ هیچ زانکۆیه‌کى جیهان ئه‌وه‌ نییه‌و ته‌نانه‌ت میوانانى بیانى پێکه‌نینیان دێت که‌ ئه‌ڵێین موخه‌سات ئه‌درێت به‌ خوێندکاران، چونکه‌ له‌ هه‌موو دنیا پاره‌ له‌ خوێندکار وه‌ر ئه‌گیرێت نه‌ک به‌و شێوه‌یه‌ى ئێمه‌ خزمه‌ت بکرێن.

جه‌ماوه‌رنیوز :  سزای ئه‌و که‌سانه‌ چی ئه‌بێت که‌ ئه‌زانن مه‌شروباتى کحولى ئه‌خۆنه‌وه‌ و که‌سه‌کان ده‌ستنیشان کراون؟

 سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  ئێمه‌ ڕێکاری یاسایمان هه‌یه‌ به‌ شێوه‌ى ڕێنما و یاسا و فه‌سڵکردنه‌ و ده‌رکردنه‌ له‌ قیسمی داخلی تا حه‌دی ئه‌وه‌ی بڕگه‌مان هه‌یه‌ که‌ شتێک کاریگه‌ری له‌سه‌ر سومعه‌ی زانکۆ هه‌بێت تا حه‌دی ساڵێک فصڵ بکرێت .
جه‌ماوه‌رنیوز :  زانکۆ دوو گرێبه‌ستى ئه‌نجامداوه‌ له‌گه‌ڵ کتێبخانه‌ى هاوبه‌ش‌و کافتریاى ، ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ چۆنه‌و داهاته‌که‌ى چه‌نده‌‌و چۆن خه‌رج ده‌کرێت؟
سه‌باره‌ت به‌ سه‌نته‌ری بازرگانی زانکۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ کراوه‌ته‌وه‌، کۆمه‌ڵێک شوێن هه‌یه‌ له‌ناو زانکۆدا کافتریا، دوکان بانق سه‌نته‌ری بازرگانیمان هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ ته‌نده‌ر و ئیعلانی بۆ ئه‌که‌ین جاری وا هه‌یه‌ که‌س نایه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆزێک شوێنه‌که‌ی چه‌په‌ که‌ نه‌که‌وتۆته‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کانه‌وه‌ ئه‌گینا ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ ئیعلانی بۆ بکه‌ین بۆ زانیاریتان یه‌کێک له‌ کێشه‌کانیشمان ئه‌وه‌یه‌ (یه‌ک) سه‌نت (یه‌ک دینار) له‌م به‌کرێدانانه‌ی ناو زانکۆ نایه‌ته‌ گیرفانی زانکۆوه‌ ڕێک ئه‌چێته‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌.

جه‌ماوه‌رنیوز :  داهاتى ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ چه‌نده‌ ؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  من نازانم  نازانم گرێبه‌سته‌که‌ داهاتی چه‌نده‌، ساڵانه‌ له‌ڕێی لیجانی تایبه‌ته‌وه‌ لیجانی ته‌خمینمان هه‌یه‌ وه‌ لیجانی ته‌نده‌رینمان هه‌یه‌، له‌ موزایه‌ده‌ی عاله‌می به‌پێی قانونی ئیجار ئه‌موال ده‌وله‌ ئه‌م شتانه‌ به‌کرێ ده‌درێت هه‌ر موئه‌سه‌سه‌یه‌ک شوێنی ئیستنساخ بێت یان ئیعلانی بۆ ئه‌کرێت ئه‌چێته‌ موزایه‌ده‌ و منافه‌سه‌ به‌پێی بڕگه‌ی یاسایی بڕگه‌ی یاسایی له‌نێو لیژنه‌کاندا هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌و کاره‌ ئیتر ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ ده‌رئه‌چێ و مقاوله‌که‌ ئه‌یدات 1 سه‌نتی نایه‌ته‌ زانکۆوه‌ هه‌مووی ئه‌ڕواته‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌ندێشه‌و ئه‌وانه‌ ئێمه‌ داواکاریه‌کمان بۆ هات که‌ ئه‌م شوێنانه‌ی که‌ سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیرکردنی خه‌ڵکن سه‌رچاوه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ ئێمه‌ چه‌ند شوێنێکمان هه‌یه‌ جێی دڵخۆشین له‌ شاری سلێمانیدا، قاوه‌خانه‌ی کلتوریمان هه‌یه‌ ئه‌ندێشه‌، غه‌زه‌لنوسمان هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ پێمان خۆشه‌ کاتی تریش هاتوون ڕێگه‌مان پێداون که‌ ئه‌مه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نیه‌ له‌ڕووی قانونیه‌وه‌ شوێنیان بده‌ینێ که‌ ئه‌مانه‌ پێشانگا بکه‌نه‌وه‌ یان شتێ بکه‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌که‌ له‌ پێناوی ئه‌وه‌دا بێت تشجیعی خوێندکاره‌کانمان بکه‌ین ، خوێنده‌وار زیاد بکه‌ین ، خوێنه‌ر زیاد بکه‌ین ئاشتبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کتێب و سه‌رچاوه‌دا زیاد بکه‌ین له‌ناو خوێندکاره‌کانماندا، ئێمه‌ وه‌کو زانکۆ موباده‌ری ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ ، ئه‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌ نه‌خرێته‌ موزایه‌ده‌وه‌ به‌پێی یاسا ، بۆیه‌ نوسراومان به‌رز کردۆته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وتومانه‌ ئه‌مه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ئێمه‌دا نیه‌ ، به‌ڵام هه‌ده‌فه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌توانن له‌ ڕێگه‌یه‌کی ئیستیسنا له‌ یاسای، له‌رێگه‌ى به‌کرێدان ئه‌توانن ئه‌وه‌ بکه‌ن، ئێمه‌ پێمان خۆشه‌و موافه‌قه‌تی وه‌زاره‌تی پێوه‌رگیرێت .

جه‌ماوه‌رنیوز :  به‌شێوه‌یه‌کى گشتى داهاتى زانکۆ چه‌نده‌‌و خه‌رجى چه‌نده‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  میزانیه‌ی حقیقی زانکۆ له‌به‌رئه‌وه‌ی 3 ساڵه‌ له‌ 2013ه‌وه‌ ، میزانیه‌ ته‌سدیق نه‌کراوه‌ شتێک نیه‌ ناوی میزانیه‌ بێت، زانکۆی سلێمانی وه‌ نه‌ک زانکۆی سلێمانی هه‌موو زانکۆکانی تری کوردستان و دامه‌زراوه‌کانى تری حکومه‌تیش وه‌کو هه‌موو ده‌زگاکانی تری حکومه‌ت ئێمه‌ مانگانه‌ میزانیه‌ له‌ حکومه‌ت وه‌رده‌گرین ئه‌و میزانیه‌یه‌ی که‌ مانگانه‌ وه‌ریده‌گرین ،
 ئێمه‌ 1 له‌ سه‌ر 12ی میزانیه‌ی ساڵی 2013 وه‌رئه‌گرین مانگانه‌ زه‌ڕبى (×) له‌ سه‌دا 35% بکه‌، یه‌عنی 35%ى  1 له‌سه‌ر 12ی میزانیه‌ی ساڵی 2013 وه‌رده‌گرین بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ میزانیه‌ی ساڵانه‌مان که‌ پێویستمان پێیه‌تی له‌ زانکۆ له‌ خه‌رجیه‌کاندا ( 1200000000 )ملیارێکو دووسه‌د ملوێن بێت بۆ مانگێک ، ئه‌م ( 1200000000 )ملیارو دووسه‌د ملوێنه‌(×) زه‌ڕبی %35ی بکه‌، %35ی میزانیه‌ وه‌رده‌گرین ئێمه‌ ، واته‌ به‌ ڕێژه‌ی %35 که‌م بووه‌،  به‌ ده‌قیقی به‌ ڕه‌قه‌م مانگی 420,000,000 چوارسه‌دو بیست ملوێن وه‌رده‌گرین ، من بۆ خه‌رجیه‌کانی زانکۆ ئه‌م خه‌رجیانه‌ بیهێنه‌ره‌ به‌ر چاوی خۆت 8000ی خوێندکاری به‌شی ناوخۆیمان هه‌یه‌ که‌ پاره‌ی کۆمپانیای پاککردنه‌وه‌ و کۆمپانیای سیانه‌ و غاز و گاز و نه‌وت و کاره‌با و هاتوچۆ و ئه‌م شتانه‌ی لێ ئه‌درێت 8000 خوێندکار ئه‌گه‌ر خه‌رجى گشتى خوێندکارێکیش مانگانه‌ 40000 دینار بێت له‌سه‌ر حکومه‌ت له‌سه‌ر زانکۆ له‌م 8000ـه‌ به‌ته‌نها ئه‌وه‌ 320,000,000  سێ سه‌دو بیست ملوێن ئه‌کات ، من به‌ هه‌موو زانکۆ 420000000 وه‌رئه‌گرم له‌به‌رئه‌وه‌ قه‌یرانه‌که‌ زۆر کاریگه‌ری له‌سه‌رم هه‌یه‌ به‌س هه‌ر مقاوه‌مه‌مان کردوه‌ و خۆمان گونجاندووه‌ ..

جه‌ماوه‌رنیوز :  له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ له‌ڕووی توێژی خوێندکار هه‌ست ناکه‌یت به‌راورد به‌ ساڵانی پێشووتر له‌ ئاستی نزمتر بێت ؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  من ده‌ڵێم زۆر له‌پێشتره‌ ئه‌وه‌ی که‌ باس ده‌کرێت که‌ ئاستی خوێندکار له‌دواوه‌ بێت هیچ سه‌رژمێریه‌ک له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ حه‌زه‌که‌م ته‌ئکید له‌و خاڵه‌ بکه‌مه‌وه‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنمان به‌بێ هیچ ئامار و دیراسه‌یه‌ک شت ئه‌ڵێن، ئامار و دراسه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نیه‌، به‌ڵام من تجروبه‌م له‌به‌رده‌ستدایه‌ تجروبه‌ چیه‌؟ 
خوێندکاری ئێمه‌یه‌ هه‌موو ده‌رچووه‌کانی ئێمه‌ن که‌ ئێستا ئه‌م ده‌مه‌زراوانه‌ ئه‌به‌ن به‌ڕێوه‌ له‌ ووڵاتدا ده‌رچوانی ئێمه‌ن ده‌رچوانی کۆلیجی پزیشکی ئێمه‌ن که‌ باشترین پزیشکه‌کانی وڵاتیان لێ ده‌رچووه‌ ده‌رچوانی پزیشکی ئێمه‌ن که‌ به‌ به‌سیتترین ئیمتیحان له‌ هه‌ره‌ سه‌نته‌ره‌ پزیشکی و خه‌سته‌خانه‌کانی به‌ریتانیا و سوید و وڵاتانی تردا به‌ که‌سوکاری خۆشمه‌وه‌ که‌سوکاری خۆم خریجی کۆلیجی پزیشکی زانکۆی سلێمانیه‌ ، یه‌ک تاقیکردنه‌وه‌ کردووه‌ له‌ یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌یدا له‌ به‌ریتانیا ده‌رچووه‌  ئێستا پزیشکه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌کانی به‌ریتانیا پزیشکه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌کانی سوید خوێندکارانمان 4000 خوێندکارمان ناردووه‌ بۆ تواناسازی که‌ ده‌رچووی ئه‌م زانکۆیانه‌ بوون چونه‌ته‌ زانکۆکانی دنیاوه‌ له‌ زانکۆی ئه‌رکه‌نساز ئه‌زانی چیان پێ ووتون وتیان ئێمه‌ خوێندکاری ئێوه‌مان ئه‌وێ بێت، چونکه‌ ته‌جروبه‌مان له‌گه‌ڵ خوێندکاری ئێوه‌ هه‌یه‌ سه‌رکه‌وتوترین و زیره‌کترین خوێندکارن به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تردا که‌ بۆمان دێت خوێندکاری ئێمه‌یه‌ له‌ کۆلیجی ڤێته‌رنه‌ری چووه‌ له‌ مالیزیا یه‌که‌مین خوێندکاری مالیزیا ده‌رچووه‌ خوێندکاری ئێمه‌یه‌ که‌ چۆته‌ به‌ریتانیا ئیبتیکاری عیلمی کردووه‌ خوێندکاری ئێمه‌ و ده‌رچووی ئێمه‌ بووه‌ چۆته‌ به‌ریتانیا توێژینه‌وه‌ی له‌ گۆڤاری نه‌یچه‌ر و ساینس دا بڵاو کردۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ باشترین ده‌لیله‌ ، به‌ڵام تۆ له‌ وڵاتێکدا بیت ژینگه‌یه‌ک نه‌خوڵقابێت که‌ تواناکانی خۆتی تیا تاقی بکه‌یته‌وه‌ ژینگه‌یه‌ک نه‌خوڵقابێت که‌ بتوانیت تواناکانت به‌هێزتر بکه‌یت و تجروبه‌ و خیبره‌ په‌یدا بکه‌یت له‌ناو موئه‌سه‌سه‌کانتا بێگومان ئه‌و وزانه‌ ئه‌مرێت ، ده‌رچوی ئێمه‌ دایمه‌ن گله‌یمان لێی هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ده‌رچوانه‌ن ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئێسته‌ که‌ ئه‌یبه‌ن به‌ڕێوه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌رچوانه‌ی ئێمه‌ن که‌ به‌ توانایه‌کی محدودیشه‌وه‌ به‌شی ڕاگه‌یاندنمان یه‌کێکه‌ له‌ توانا محدودوکان به‌ڵام ده‌رچوی ترمان هه‌یه‌ موئه‌سه‌ساتی تر ئه‌بات به‌ڕێوه‌ شوێنی باش ئه‌بات به‌ڕێوه‌ من ئه‌و ڕۆژه‌ کاک فاروقی مه‌لا مسته‌فا ته‌له‌فۆنی بۆ کردم ئه‌ڵێ ده‌رچووه‌کانی ئێوه‌ زۆر جێی شانازیمانن له‌ ده‌رچووی زۆربه‌ی زانکۆ پێشکه‌وتوه‌کانی تر باشترن

جه‌ماوه‌رنیوز :  بۆچی هه‌م خوێندکار و هه‌م مامۆستا گله‌ییان له‌ سیستمه‌که‌ هه‌یه‌، هۆکاره‌که‌ی چیه‌؟

سه‌رۆکى زانکۆى سلێمانى :  بێگومان سیستم موعه‌قیله‌ من پێت ئه‌ڵێم له‌ یه‌ک شتا کۆبۆته‌وه‌ زانکۆ سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت هه‌نگاوی باش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نانێت زانکۆش به‌ته‌نها به‌رپرسیار نیه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌رچووی به‌هێز په‌روه‌رده‌ بکات زانکۆ قۆناغێکه‌ قۆناغی 12 ساڵی ئاماده‌یی بۆ دێت له‌ ئیبتیداییه‌وه‌ بۆ ئاماده‌یی ئه‌م خوێندکاره‌ چۆن ئاماده‌ کراوه‌ ، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ ئه‌گاته‌ ده‌ستی من له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌له‌ل له‌ به‌رهه‌مه‌که‌ی ئه‌ویشدا هه‌یه‌ که‌ له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ سیستمه‌که‌ سیستمێکی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا، سیستمی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی نیه‌ له‌ هیچ ووڵاتێکی دنیادا %100ی خوێندکار بیه‌وێت له‌ زانکۆ بخوێنێت له‌ وڵاتێکی وه‌کو نه‌مسادا %13ی ئه‌خوێنێت باقیه‌که‌ی ئه‌چێت بۆ ته‌کنیشن و بۆ ئیشی ته‌کنیکی ، له‌ وڵاتێکی وه‌کو ئێراندا، ئه‌م زانکۆیانه‌ی که‌ له‌ پێشن و ته‌عامولم له‌گه‌ڵ کردون له‌ ڕیزبه‌ندیه‌ جیهانیه‌کانی پێشه‌وه‌ن شانازیه‌که‌یان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ڵێن ئێمه‌ تۆپی ته‌له‌به‌کان وه‌رده‌گرین له‌ ئێراندا %25ی ده‌رچووی ئاماده‌یی ئه‌بێت ئیمتیحانی کۆنکور بدات که‌ ئیمتیحانێکی شامله‌ دوای شه‌شه‌که‌ ئنجا له‌ زانکۆکاندا وه‌رده‌گیرێت ، به‌ڵام باقیاته‌که‌ی وه‌رناگیرێت لای ئێمه‌ من داوای 3 ئه‌که‌م 6م بۆ ئه‌نێرن ئه‌ته‌وێ کوالیتیشم له‌ لوتکه‌دا بێت .


زۆرترین خوێندراو