بارزانى : سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق به‌سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێک کۆتایى به‌یه‌کێتى عێراق هێنا

3/25/2016 7:53:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز



به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ڕۆژى هه‌ینى 18 ى مارسى  2016 له‌ دیمانه‌یه‌کى له‌گه‌ڵ ئه‌نبه‌رین زه‌مانى ڕۆژنامه‌نووس باسى چه‌ندین پرسى چاره‌نووسسازى کردووه‌ که‌ له‌ ئه‌لمۆنیتۆردا بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

 ده‌قى دیمانه‌که‌ى به‌شێوه‌ى خواره‌وه‌یه‌:

ئه‌لمۆنیتۆر: تۆ له‌ هه‌موو کات زیاتر باس له‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى ده‌که‌یت. هه‌ندێک که‌س به‌ گومانن، ده‌ڵێن هه‌وڵێکه‌ بۆ به‌لاڕێدابردنى خه‌ڵک له‌ کێشه‌ ئابوورى و سیاسییه‌کانتان. پێیان وا نییه‌ تۆ جیددى بیت. ئایا تۆ جیددیت؟ ئه‌گه‌ر جیددیت، ئایا به‌روارێکمان پێ ده‌ده‌یت بۆ ریفراندۆم و، ئه‌و ریفراندۆمه‌ له‌سه‌ر چى ده‌بێت؟

بارزانی: پێت وایه‌ من بابه‌تێکى وه‌ها هه‌ستیار که‌ په‌یوه‌ندى به‌ چاره‌نووسى ملیۆنان خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌، دواى ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ى چه‌شتوویانه‌، ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ى داویانه‌، به‌ کار ده‌هێنم بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى داهاتووى سیاسیى خۆم؟ ئاخر من له‌ دواى ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ تاڵانه‌ى ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ درێژ و قورسانه‌ى به‌سه‌رمان بردووه‌، گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕیاره‌؛ چونکه‌ هیچ رێگایه‌کى دیکه‌ نه‌ماوه‌. من لێت ده‌پرسم، چى رێگایه‌کى دیکه‌مان هه‌یه‌؟ با ته‌ماشاى په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌ین که‌ به‌سه‌ر دوو قۆناغدا دابه‌ش بووه‌. یه‌که‌میان له‌ ١٩٢٢ بۆ ٢٠٠٣ بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا، ٤٥٠٠ له‌ گونده‌کانمان خاپوور کران؛ ١٨٢ هه‌زار که‌س بێسه‌روشوێن کران؛ ١٢ هه‌زار کوردى فه‌یلى ونبوون؛ ٨ هه‌زار له‌ بارزانییه‌کان کوژران؛ ٥ هه‌زار که‌س کیمیاباران کران له‌ هه‌ڵه‌بجه‌. ئه‌وه‌ ژماره‌کانى قۆناغى یه‌که‌مه‌.

له‌ ٢٠٠٣، ئێمه‌ به‌شداریمان کرد له‌ رووخاندنى رژێمێک که‌ هه‌موو عێراقییه‌کانى ده‌چه‌وسانده‌وه‌، ئێمه‌ش به‌ ئومێد بووین پێکه‌وه‌ له‌ عێراقێکى نوێ بژیێن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورێکى نوێ و دیموکراتى به‌ مافى ته‌واو و یه‌کسان بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی. ئێمه‌ یارمه‌تیى نووسینى ئه‌و ده‌ستووره‌مان دا و ده‌نگیشمان پێى دا. نیازپاکیى خۆمان نیشان دا و به‌ نیه‌تى باشه‌وه‌ کارمان کرد.

به‌ ڕوونى له‌ ده‌ستووردا هاتبوو که‌ پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ماکانى کلیلى یه‌کێتیى عێراقه‌. به‌ڵام سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق به‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێک کۆتایى به‌مه‌ هێنا. حکوومه‌تى عێراق به‌شه‌بودجه‌ى کوردى بڕى و نه‌یتوانى ئیلتیزامه‌ته‌کانى به‌رانبه‌رمان له‌ چه‌ندین وێستگه‌ى هه‌ستیار جێبه‌جێ بکات. هه‌ربۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ دوو بژارده‌مان له‌ پێشه‌. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستبه‌ردارى هه‌موو مافه‌کانى خۆمان ببین – که‌وا واز له‌ فیدراڵیزم بهێنین و ببینه‌ پارێزگایه‌کى دیکه‌ى عێراق. ئه‌وه‌ى دیکه‌یان بریتییه‌ له‌ چوون بۆ لاى گه‌له‌کمان به‌ ریفراندۆمێکه‌وه‌ و لێیان بپرسین چییان ده‌وێت. ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستا به‌رده‌وام نابێت. ئه‌گه‌ر شته‌کان به‌مجۆره‌ى ئێستا به‌رده‌وام بن، ئه‌وا ده‌که‌وینه‌ نێو خوێنڕشن و له‌ناوبردنى رابردووه‌وه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: ئه‌و پرسیاره‌ى ئاراسته‌ى گه‌له‌که‌تانى ده‌که‌ن چییه‌؟

بارزانی: هێشتا کۆتاییمان پێ نه‌هێناوه‌. ئێمه‌ هێشتا گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌که‌ین.

ئه‌لمۆنیتۆر: هه‌ڵبژارده‌کان چین؟

بارزانی: ته‌نها یه‌ک پرسیار ده‌بێت.

ئه‌لمۆنیتۆر: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا خه‌ڵک سه‌ربه‌خۆییى کوردستانى ده‌وێت یان نا؟ ئایا ئه‌و ریفراندۆمه‌ پێشنیاز کراوه‌ له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کانیش ساز ده‌کرێت هه‌روه‌کو له‌ ده‌ستوورى عێراقدا هاتووه‌، به‌وه‌ى له‌ خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه‌ بپرسن ئاخۆ ده‌یانه‌وێت وه‌ک به‌شێک له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌ یان به‌شیک بن له‌ کوردستانێکى سه‌ربه‌خۆ؟

بارزانی: ئه‌وه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شێکه‌ له‌ پرۆسه‌که‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: واتا ئه‌م دوو پرسیاره‌ جیاوازه‌ له‌ یه‌ک راپرسیدا بخه‌نه‌ روو؟

بارزانی: هێشتا بڕیارمان نه‌داوه‌. ره‌نگه‌ پرسیاره‌کان پێکه‌وه‌ بن یان به‌ جیا بن. به‌ڵام ریفراندۆم هه‌ر ده‌کرێت.

ئه‌لمۆنیتۆر: به‌ڵام ئایا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مساڵ ده‌کرێت؟

بارزانی: من به‌وپه‌ڕى قه‌ناعه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێم، مه‌گه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌ن لێ ده‌ربچێت، به‌ڵێ ئێمه‌ ئه‌مساڵ سازى ده‌که‌ین.

ئه‌لمۆنیتۆر: هیچ به‌روارێکتان له‌ خه‌یاڵه‌؟

بارزانی: وابزانم پێش مانگى تشرینى یه‌که‌م ده‌بێت [به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ مانگى تشرینى دووه‌م].

ئه‌لمۆنیتۆر: له‌ هه‌موو جیهاندا بۆچوونه‌که‌ وه‌هایه‌ که‌ بۆ ئه‌وه‌ى کوردستان بتوانێت وه‌کو ده‌وڵه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا پێویستى به‌ پشتیوانیى یه‌کێک له‌ دوو هێزه‌ ناوچه‌ییه‌کان، تورکیا یان ئێران، ده‌بێت. له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوو، بینیومانه‌ سیاسه‌تى تورکیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئێوه‌دا گۆڕاوه‌. ئایا تورکیا پشتیوانیى ده‌وڵه‌تێکى سه‌ربه‌خۆى کوردى دروستبوو له‌ عێراقدا ده‌کات؟

بارزانی: له‌ سه‌ره‌تادا تورکیا له‌ دژى فیدراڵیزمى کوردستان بوو و ئێشتایش ته‌ماشاى په‌یوه‌ندییه‌کانى ئه‌مڕۆمان بکه‌. تا ئه‌وکاته‌ى ریفراندۆمه‌که‌ بۆ ته‌نها کوردستانى عێراقه‌، ئه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندى به‌ کوردى تورکیاوه‌ نابێت [هیچ کێشه‌ى تێدا نابێت]. هه‌ربۆیه‌ ئومێده‌وارین که‌ تورکیا تێبگات له‌وه‌ى کوردستان داواى ده‌کات. له‌ هه‌مان کاتدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌ ده‌که‌ین، هاوکاتى قسه‌کردن له‌گه‌ڵ تورکیا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێرانیش قسه‌ ده‌که‌ین. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌کى ئاشتییانه‌ و هاوسه‌نگانه‌ بیکه‌ین.

ئه‌لمۆنیتۆر: که‌وایه‌ پێت وایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیى رابگه‌یه‌نیت، حکوومه‌تى ئێستاى تورکیا قه‌بووڵى بکات؟

بارزانی: له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر حکوومه‌تى داد و گه‌شه‌پێدانى ئێستا کوردستانێکى سه‌ربه‌خۆ قه‌بووڵ نه‌کات و ددانى پێدا نه‌نێت، ئه‌وه‌ هیچ حکوومه‌تێکى دیکه‌ له‌ تورکیا بیکات.

ئه‌لمۆنیتۆر: ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان هه‌تا ٢٠١٩ سه‌رۆکى تورکیا ده‌بێت. ئایا تۆ ده‌ڵێیت ده‌بێت شتێک له‌ نێوان ئێستا و ئه‌وکاته‌ روو بدات؟

بارزانی: مه‌به‌ستت چییه‌ له‌ روودان؟

ئه‌لمۆنیتۆر: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ سه‌ربه‌خۆیى له‌م ماوه‌یه‌دا بکرێت، وایه‌؟

بارزانی: کاتێک ئه‌ردۆغان سه‌رۆکوه‌زیران بوو، ئه‌وه‌ ئه‌و بوو که‌ هات بۆ هه‌ولێر و له‌ هه‌ولێر گوتى که‌ سه‌رده‌مى نکوڵیکردن له‌ کورد ته‌واو بووه‌. ئه‌مه‌ پێشکه‌وتنێکى زۆر گرینگ بوو. من چه‌ندین جار چاوم به‌ ئه‌ردۆغان که‌وتووه‌ و بینیومه‌، ئه‌ردۆغان له‌ زۆربه‌یان زیاتر تێگه‌یشتێکى باشترى بۆ پرسى کورد هه‌یه‌. ئه‌وه‌ى من له‌ ئه‌ردۆغانم بیستووه‌ له‌ که‌سى دیکه‌م نه‌بیستووه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: به‌ڵام تورکیا کێشه‌یه‌کى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کورده‌کانى خۆى و به‌ خێرایى به‌ره‌و خراپتریش ده‌چێت. واى بۆ ده‌چم که‌ تا ئه‌وکاته‌ى تورکیا ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تورکیا پشتیوانى سه‌ربه‌خۆییى ئێوه‌ش بکات، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى تۆکمه‌ نابێت.

بارزانی: ئێمه‌ خۆزگه‌مان ده‌خواست پرۆسه‌ى ئاشتى رانه‌وه‌ستایه‌ و ئه‌وپه‌ڕى هه‌وڵمان دا بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى به‌رده‌وام بێت. نامه‌وێت بچمه‌ ورده‌کارییه‌کانه‌وه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ٧ـى حوزه‌یرانى ٢٠١٥ کاتێک پارتى دیموکراتى گه‌لان ٨٠ کورسى له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ست هێنا، ئێمه‌ به‌یاننامه‌یه‌کمان بڵاو کرده‌وه‌ به‌وه‌ى هه‌ڵه‌یه‌کى مێژوویى ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌شدارى نه‌که‌ن له‌ حکوومه‌تێکى هاوپه‌یمانى [له‌گه‌ڵ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان]. ئه‌وسا من وامده‌زانى که‌ ئه‌وه‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدانه‌ قه‌بووڵ ناکات هه‌ده‌په‌ بچێته‌ ناو حکوومه‌تى هاوپه‌یمانییه‌وه‌، به‌ڵام دواتر له‌ خه‌ڵکانى ناو هه‌ده‌په‌م بیست ئه‌وه‌ ئه‌وان بوون نه‌یانده‌ویست ببنه‌ به‌شێک له‌ هاوپه‌یمانییه‌که‌. پێم وایه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌کى گه‌وره‌ بوو.

ئه‌لمۆنیتۆر: ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان نه‌یانویستبێت پشتیوانیى ئه‌ردۆغان بکه‌ن تا ببێته‌ "سوڵتان"؟

بارزانی: سه‌رده‌مى سوڵتان کۆتایى هاتووه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێک بوونایه‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌که‌، ده‌یانتوانى به‌ هه‌ندێک له‌و پرسانه‌ى جێى نیگه‌رانیى ئه‌وان بوو بیانگوتبایه‌ نه‌خێر. پێم وایه‌ تا ئه‌و کاته‌ى ده‌رفه‌تێک هه‌بوو بۆ ئه‌وان له‌ په‌رله‌مان بن تاوه‌کو شه‌ێ‌ بۆ گۆڕانکارییه‌کان بکه‌ن، ده‌بوایه‌ ئه‌و هه‌له‌یان بقۆستبایه‌وه‌. ئێستا من زۆر نیگه‌رانم و ده‌ترسم. کاتێک ده‌بینین ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناو شاره‌کان ده‌کرێن، کرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ ناو شاره‌کان، له‌ژێر ناوى رێکخراوى تیرۆریستى ناڕوون ده‌کرێن، له‌ کۆتاییدا گه‌لى تورک کورده‌که‌ به‌ به‌رپرسیار ده‌زانن. ده‌ترسم ئه‌مه‌ په‌ره‌ بسێنێت بۆ شه‌ڕێکى نه‌ته‌وه‌یى نێوان کورد و تورک.

ئه‌لمۆنیتۆر: وا پێده‌چێت گوشارى زیاتر و زیاتر له‌ تورکیاوه‌ له‌سه‌رتان بێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاو دژ به‌ پارتى کرێکارانى کوردستان بنێن، ره‌نگه‌ له‌ شنگال. هه‌ست به‌ گوشاره‌ ده‌که‌ن؟

بارزانی: نه‌خێر ئێمه‌ ئه‌جێنداى خۆمان هه‌یه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: به‌ڵام من له‌ مه‌سروور بارزانیى کوڕتانه‌وه‌ بیستم که‌ ده‌بێت په‌که‌که‌ شنگال چۆڵ بکات.

بارزانی: بێگومان ده‌بێت په‌که‌که‌ شنگال چۆڵ بکات و، ده‌مانه‌وێت ئه‌وان شنگال به‌ ئاشتیانه‌ چۆڵ بکه‌ن نه‌ک به‌ زه‌برى هێز.

ئه‌لمۆنیتۆر: ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له‌ برى ئێوه‌ له‌م پرسه‌دا ته‌ده‌خول ده‌که‌ن؟

بارزانی: ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له‌ مه‌سه‌له‌ ناوخۆییه‌کاندا ده‌ستوه‌ردان ناکه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه‌ریکاییه‌کان ده‌زانن که‌ هیچ به‌هایه‌ک بۆ بوونى په‌که‌که‌ له‌ شنگال نییه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: هه‌ڵسه‌نگاندنتان چییه‌ بۆ راگه‌یاندنى فیدراڵیه‌تى باکوورى سوریا؟

بارزانی: پێم وایه‌ چه‌مکى فیدراڵى بۆ بارودۆخى سووریا گونجاوه‌. به‌ڵام ده‌بێت له‌ نێوان خودى سووریاییه‌کان ته‌وافوق له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بکرێ. کاتێک ئێمه‌ فیدراڵیه‌تى هه‌رێمى کوردستانمان راگه‌یاند له‌ تشرینى یه‌که‌مى ١٩٩٢، تاکلایه‌نه‌ نه‌مان کرد.

ئه‌لمۆنیتۆر: پارتى یه‌کێتیى دیموکرات (په‌یه‌ده‌) که‌ پێده‌چێت هێزى سه‌ره‌کیى پشت ئه‌م راگه‌یاندنه‌ بێت، ده‌ڵێت پابه‌نده‌ به‌ رێزگرتن له‌ گرووپه‌کانى دیکه‌ و دیموکراسی.

بارزانی: له‌ ڕێى کرده‌وه‌کانیان، په‌یه‌ده‌ پێناچێت زۆر جیددى بن له‌سه‌ر دیموکراسییه‌ت.

ئه‌لمۆنیتۆر: ئه‌ى راتان چییه‌ سه‌باره‌ت به‌ قووڵبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌کان و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌کان له‌ نێوان یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌لى هى کورده‌کانى سووریا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکاییه‌کان؟

بارزانی: هه‌ر پشتیوانییه‌ک بۆ په‌یه‌ده‌ واتا پشتیوانیکردنى په‌که‌که‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: پێتان وایه‌ په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌ یه‌ک شتن؟

بارزانی: به‌ڵێ یه‌ک شتن.

ئه‌لمۆنیتۆر: ئه‌مه‌ریکاییه‌کان پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ وابێت؟

بارزانی: ئه‌وان زۆر چاک ده‌زانن، به‌ڵام نایانه‌وێت بڵێن که‌ زۆر باش ده‌زانن. ئه‌وله‌ویه‌تى ئێمه‌ و ئه‌مه‌ریکاییه‌کان جه‌نگى دژ به‌ داعشه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ چاو له‌و شتانه‌ بپۆشن.

ئه‌لمۆنیتۆر: که‌وایه‌ با باس له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش بکه‌ین. پێت وایه‌ ده‌بێت مووسڵ پێش سه‌ربه‌خۆیى خه‌مى بخورێت؟

بارزانی: هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک نییه‌ له‌ نێوان مووسڵ و سه‌ربه‌خۆییى کوردستان.

ئه‌لمۆنیتۆر: هیچ؟، ده‌توانیت سه‌ربه‌خۆ بیت و داعشیش هێشتا له‌ مووسڵ بێت؟

بارزانی: بۆچى نا؟

ئه‌لمۆنیتۆر: ره‌نگه‌ دراوسێى مه‌ترسیدار بن.

بارزانی: کورد راهاتووه‌ له‌ نێو زه‌حمه‌تیدا بژیێت.

ئه‌لمۆنیتۆر: بۆچى پێت وایه‌ ئێستا باشترین کاته‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟

بارزانی: من هه‌میشه‌ باوه‌ڕم به‌مه‌ هه‌بووه‌. کاتێک که‌سێک لێمان ده‌پرسێت: "بۆچى ئێستا؟" منیش لێیان ده‌پرسم: "بۆچى ئێستا نا؟."

ئه‌لمۆنیتۆر: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌رى نه‌گرت؟

بارزانی: فه‌شه‌لى هێنا.

ئه‌لمۆنیتۆر: چۆن سنووره‌کانى ده‌وڵه‌ته‌که‌تان دیارى ده‌که‌ن و، چۆن قه‌ناعه‌ت به‌ حکوومه‌تى ناوه‌ندى ده‌که‌ن؟ چى له‌ که‌رکووک ده‌که‌ن؟

بارزانی: مادده‌ى ١٤٠ـى ده‌ستوور، که‌ هه‌رگیز له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌کرا، داواى ریفراندۆم له‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ده‌کات، له‌ که‌رکووک و له‌ شنگال. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکه‌که‌یان بڵێن ده‌مانه‌وێت ببینه‌ به‌شێک له‌ کورستان، ئه‌وا ده‌بێت ده‌نگه‌کانیان ببیسترێن و رێزیان لێ بگیردرێت. ئه‌گه‌ریش بڕیان دا نه‌بن به‌شێک له‌ کوردستان، ئه‌وا گوێ له‌ ده‌نگه‌کانیان ده‌گرین و رێزیان لێ ده‌گرین.

ئه‌لمۆنیتۆر: به‌ڵام پێت وایه‌ ئه‌مه‌ریکا رۆڵى هه‌یه‌ بیگێڕێت بۆ یارمه‌تیدان له‌ گواستنه‌وه‌یه‌کى هێمنانه‌؟

بارزانی: هیچ لایه‌ک ناتوانێت وه‌کو ئه‌مه‌ریکا رۆڵێکى وه‌ها گه‌وره‌ بگێڕێت و، ئێمه‌ سوپاسگوزار ده‌بین ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕن. گه‌ره‌نتییه‌ ئه‌منییه‌کانى ئه‌مه‌ریکا زۆر گرینگن بۆ سه‌لامه‌تیى کورد و سوپاسگوزاریان ده‌بین ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووى سه‌ربه‌خۆییى ئێمه‌ نه‌بنه‌وه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: بێگومان کێشه‌یه‌کى دیکه‌ نه‌بوونى یه‌کگرتووییه‌ له‌ نێو کورد خۆیدا.

بارزانی: ئێمه‌ به‌ جیددى له‌گه‌ڵ یه‌کێتیى نیشتیمانى کوردستان له‌ گفتوگۆداین و له‌گه‌ڵ پارته‌کانى دیکه‌ش هه‌روا. گۆڕان رۆڵێکى رووخێنه‌رى گێڕاوه‌ و خۆیان بێبایه‌خ کردووه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: ئێوه‌ که‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى ده‌چن، نه‌خشه‌ڕێگاتان هه‌یه‌؟

بارزانی: به‌ڵێ بێگومان. ئێمه‌ په‌رله‌مان کارا ده‌که‌ینه‌وه‌ و ده‌سته‌یه‌کى سه‌رۆکایه‌تیى نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرین. سه‌ربه‌خۆییى کوردستان له‌ په‌رله‌مان و پارته‌ سیاسییه‌کان گرینگتره‌. ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت به‌شێک بێت لێی، ئه‌وه‌ به‌خێربێت و ئه‌وه‌شى ده‌یه‌وێت له‌ دژى بێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت بڕۆن و رێگاى خۆیان بدۆزنه‌وه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: پێتان وایه‌ ده‌بێت ئێوه‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا وه‌کو سه‌رۆک بمێننه‌وه‌؟

بارزانی: ئامانجى من گه‌یشتنه‌ به‌و خاڵه‌، به‌وه‌ى کوردستانێکى سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێت. ئه‌وه‌ش به‌ڵێنێکه‌ له‌ منه‌وه‌. ئه‌ورۆژه‌ى کوردستانێکى سه‌ربه‌خۆمان به‌ده‌ست هێنا، من چیتر سه‌رۆکى ئه‌و کوردستانه‌ نامێنمه‌وه‌. هه‌روه‌ها من پیرۆزبایى له‌ گه‌لى کوردستان ده‌که‌م و با یه‌کێکى دیکه‌ جێگاى من بگرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌ڵێنێکه‌ له‌ منه‌وه‌ و من سه‌رۆکى کوردستان نابم.

ئه‌لمۆنیتۆر: به‌ ڕاستی؟

بارزانی: به‌ڵێ. ئامانجى من دامه‌زراندنى کوردستانێکى سه‌ربه‌خۆیه‌، نه‌ک له‌ پۆستى سه‌رۆکایه‌تیدا بمێنمه‌وه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: پلانه‌کانتان ئه‌وه‌بوو که‌ داهاتى نه‌وت و وزه‌ کۆمه‌کى داراییى وڵاته‌که‌تان ده‌کات. نرخى نه‌وت دابه‌زیوه‌. ئایدن سه‌لجن، کۆنسووڵى پێشووى تورکیا، پێشنیازى کرد که‌ تورکیا پشکى سه‌رمایه‌ به‌رهه‌مهێنانه‌کانى کوردستانى عێراق بکڕێت و کۆمه‌کى دروستکردنى بۆرییه‌کى غازى سروشتى بکات، که‌ هه‌موویان ده‌گاته‌ نزیکه‌ى ٨ ملیار دۆلار. ئه‌مه‌ شتێکى باشه‌؟ ئایا ئه‌مه‌تان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى تورکیادا باس کردووه‌؟

بارزانی: نامه‌وێت بچمه‌ ناو ورده‌کاریى شته‌کانه‌وه‌. باشتره‌ ئه‌م پرسیاره‌ ورده‌کارییه‌ له‌سه‌ر ئابوورى و نه‌وت ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بکه‌یت، چونکه‌ ئه‌وان له‌مه‌ به‌رپرسیارن.

ئه‌لمۆنیتۆر: به‌ڵام ره‌خنه‌یه‌کى گشتى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌کانى وزه‌ چۆن ده‌کرێن، گوایه‌ زۆر شه‌فاف نین؟

بارزانی: که‌موکوڕى هه‌یه‌، به‌ڵام من ورده‌کارییه‌کانم له‌لا نییه‌، باشتره‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بپرسیت.

ئه‌لمۆنیتۆر: له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا شاندێکى یه‌کێتیى نیشتیمانى کوردستان ده‌چێته‌ ئانکاره‌ بۆ باسکردنى غاز.

بارزانی: غاز موڵکى هه‌موو خه‌ڵکى کوردسانه‌. ده‌بێت حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مامه‌ڵه‌ به‌م پرسانه‌وه‌ بکات نه‌ک پارته‌ سیاسییه‌کان. له‌سه‌ر نه‌وت و غاز، ئه‌وه‌ کارى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ و نه‌ک کارى یه‌کێتیى نیشتیمانى کوردستان.

ئه‌لمۆنیتۆر: وا پێده‌چێت مه‌سه‌له‌ى گه‌نده‌ڵى له‌م کاته‌ پڕزه‌حمه‌تییه‌دا زیاتر باسى لێوه‌ بکرێت. پلانه‌کانتان چین بۆ دژایه‌تیکردنى گه‌نده‌ڵی؟ ئێوه‌ ئاماده‌ن نموونه‌یه‌ک دروست بکه‌ن به‌وه‌ى لایه‌نه‌ تۆمه‌تباره‌کان سزا بده‌ن ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌نه‌ت پله‌یه‌کى به‌رزیشیان هه‌بێت؟

بارزانی: دوێنێ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى زۆر گرینگم هه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسى ده‌زگا قه‌زاییه‌کان. ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌نه‌ن که‌ به‌رپرسن له‌ ئه‌نجامدانى چاکسازى دارایی.

ئه‌لمۆنیتۆر: که‌وابێت هه‌ندێک ده‌ستگیرکردن یان لێکۆڵینه‌وه‌ى قه‌زایى ده‌بینین؟

بارزانی: من شتێکم پێ گوتن: که‌س به‌ده‌ر نییه‌. ئه‌گه‌ر شتێکتان له‌سه‌ر من بینییه‌وه‌، بانگم بکه‌ن و دێم بۆ دادگا. ده‌بێت نێچیرڤان بارزانى و مه‌سروور بارزانى بێن بۆ دادگا ئه‌گه‌ر شتێکیان له‌سه‌ر هه‌بێت. سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌ خێزانى خۆمه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌م و ئینجا له‌ پارتى دیموکراتى کوردستان و، ئینجا بۆ پارته‌ سیاسییه‌کانى دیکه‌ش. من به‌و ده‌زگایانه‌م گوت که‌ ئه‌وان پشتیوانیى ته‌واوه‌تیى منیان هه‌یه‌ بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و که‌سانه‌ى پۆسته‌کانى خۆیان قۆستۆته‌وه‌. پێم گوتوون ئێوه‌ به‌رپرسیارن له‌ دژایه‌تیکردنى گه‌نده‌ڵی. بۆیه‌ من ده‌مه‌وێت ئێوه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ بکه‌ن؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ کارى خۆتان نه‌که‌ن، ئه‌وا من له‌ پشتى ئێوه‌ ده‌چم و خۆم رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ده‌بمه‌وه‌. به‌ڵام دواتر گله‌یى نه‌که‌ن که‌ من یاساشکێنى ده‌که‌م له‌ کوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆر گرینگه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ کوردستان که‌ رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ببینه‌وه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ بوه‌ستین که‌ پێگه‌ حکوومییه‌کانیان به‌کار هێناوه‌ بۆ گرێبه‌ستى نه‌وت، فرۆشتنى زه‌ویى کشتوکاڵى و شتى له‌وجۆره‌. هه‌رکه‌سێک به‌رپرسیار بێت له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆکوه‌زیران و هه‌ر وه‌زیرێک، به‌رپرسى هه‌ر پارتێک، هه‌ر به‌رپرسێکى ئه‌منی، ده‌بێت هه‌موویان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ى کردوویانه‌.

ئه‌لمۆنیتۆر: من له‌گه‌ڵ زۆر گه‌نج قسه‌م کردووه‌ و گله‌یى له‌باره‌ى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ده‌که‌ن.

بارزانی: به‌لاى ئێمه‌وه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى مه‌سه‌له‌ى مان و نه‌مانه‌. چۆن له‌به‌رانبه‌ر داعش به‌ هه‌موو هێز و توانایه‌که‌وه‌ که‌ هه‌مانبوو شه‌ڕمان کرد، به‌ هه‌مان ئیراده‌وه‌ رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ده‌بمه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو