4
7 نێچیرڤان بارزانى بۆ ده‌نگى ئه‌مریکا: ئه‌و سنوورانه‌ى کوردستان ده‌پارێزین که‌ به‌ خوێنى پێشمه‌رگه‌ ڕزگار کراون
26/7/2016


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز






له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ به‌شى فارسیى ده‌نگى ئه‌مریکا، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێکى گرنگ، له‌وانه‌ پڕۆسه‌ى ئازادکردنى موسڵ، داهاتووى سیاسى له‌ ناوچه‌که‌ و قه‌یرانى دارایى له‌ هه‌رێمى کوردستان. ئه‌مه‌ش ده‌قى چاوپێکه‌وتنى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌شى فارسیى ده‌نگى ئه‌مریکا:
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: قه‌راره‌ ئۆپه‌راسیۆنى گرتنه‌وه‌ موسڵ ده‌ست پێبکات. کورد چ ڕۆڵێکى له‌وێ ده‌بێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌ریمى کوردستان زۆر زۆر گرنگه‌، گرنگییه‌که‌ى له‌وه‌یه‌ که‌ موسڵ شارێکى نزیکه‌ هه‌م بۆ هه‌ولێر و هه‌م بۆ دهۆکیش. تا ڕادده‌یه‌کى زۆر کاریگه‌ریشى له‌سه‌ر که‌رکوک هه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ک هه‌رێمى کوردستان زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ى که‌ بڕیاره‌ له‌ موسڵ بکرێت و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌ورێکى سه‌ره‌کى ده‌بێت له‌و عه‌مه‌لیاته‌دا. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌تین و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یه‌مانانیش به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا. ئێمه‌ ئێستا له‌ قۆناغى داڕشتنى نه‌خشه‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ین. دواى ئه‌وه‌ى که‌ نه‌خشه‌که‌ داڕێژرا و مه‌علوم بوو هه‌ر لایه‌نێک ده‌ورى چییه‌، ئه‌وکات ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ ده‌ست پێده‌کرێت. به‌ ته‌ئکید به‌نیسبه‌ت ئێمه‌، ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ چ له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌، چ له‌ ڕووى ئابوورییه‌وه‌ و چ له‌ ڕووى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ سه‌یرى ده‌که‌ین.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: زۆر نیگه‌رانى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌ست پێبکات، ئاواره‌یه‌کى زۆر دێن، خه‌ڵکى سڤیل که‌ له‌گه‌ڵ داعش نین، له‌وانه‌یه‌ بێن به‌ره‌و هه‌رێمى کوردستان. چ ئاماده‌کارییه‌ک بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌ ئینسانییه‌ کراوه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمى کوردستان به‌ قه‌یرانێکى دارایى سه‌ختتدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ناوه‌ندێکمان هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان، که‌ به‌ هاوکارى له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌، به‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ئاواره‌ هات چى بکرێت، ئێمه‌ هه‌ندێ شوێنمان ده‌ستنیشان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌مپیان بۆ بکه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ به‌غدا خه‌ریکى قسه‌کردنین و له‌گه‌ڵ یوئێنیش. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاوارانه‌ هاتن، ئێمه‌ پێشبینى هاتنى زیاتر له‌ نیو ملیۆن ئاواره‌ ده‌که‌ین، نیو ملیۆن زیاتر له‌وه‌ى ئێستا هه‌مانه‌ به‌ پێى ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ى کردوومانه‌ له‌گه‌ڵ یوئێن و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان، پێشبینى نیو ملیۆن ده‌که‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌ک هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌کاریى خۆمان کردووه‌، چاوه‌ڕێى هاوکاریى زیاترین له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش که‌ یارمه‌تیمان بدات، نه‌ک موسڵ، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستى پێکردووه‌، له‌ مه‌خمور و شووێنه‌کانى تر و شه‌رگات، خه‌ڵک ده‌ستى پێکردووه‌ به‌ره‌و هه‌رێمى کوردستان دێن، واته‌ ئێمه‌ به‌ فعلى ده‌بینین هه‌ر له‌ ئێستاوه‌، هاتنى ئاواره‌ ده‌ستى پێکردووه‌ بۆ هه‌ریمى کوردستان.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: پێتان وایه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ چه‌نده‌ ده‌خایه‌نێت تا موسڵ ئازاد ببێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ى پێشتر بکه‌یت که‌ له‌ فه‌للوجه‌ کرا، دواى ئه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ى گه‌یاره‌، به‌ڕاستى پێشبینى ئێمه‌ وابوو که‌ داعش زیاتر مقاومه‌ت ده‌کات. ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت که‌ ئێمه‌ بینیمان له‌و دوو شوێنه‌ (شه‌رگات و فه‌للوجه‌)، ئه‌گه‌ر له‌ موسڵیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت، من پێشبینى ناکه‌م زۆر بخایه‌نێت. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ى ده‌ست پێده‌کرێت، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌یبینین تائێستا ئه‌و ئاماده‌کارییه‌ له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نابینین که‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ له‌و یه‌ک دوو مانگه‌ ده‌ست پێبکات.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: گرفت چییه‌، بۆ ئاماده‌کارییه‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ نابینن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئاماده‌کارییه‌که‌ له‌به‌ر دوو هۆیه‌، یه‌که‌م، موسڵ جیاوازى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شوێنه‌کانى دیکه‌، پێکهاته‌ى موسڵ جیاوازه‌ و وه‌ک شوێنه‌کانى دیکه‌ نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێ زۆر به‌ وردی، هه‌م له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌، هه‌م له‌ دواى ئازادکردنى شاره‌که‌، چۆن ئیداره‌ ده‌کرێت، به‌ ڕاى من ئه‌و به‌شه‌ى زۆر زه‌حمه‌تتره‌ له‌ به‌شى ئازادکردنه‌که‌ی. ئاماده‌کاریى سوپاى عێراقیش بۆ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌، تائێستا وه‌ک پێویست نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ چه‌ند مانگێک بخایه‌نێت تا ئاماده‌ ده‌بن بۆ ئۆپه‌راسیۆنێکى له‌و جۆره‌.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: یه‌کێک له‌ ئاماده‌کارییه‌کان پێده‌چێت ڕێککه‌وتنى سه‌ربازى بێت له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مریکا. ناوه‌رۆکى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ چییه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ دوو به‌شه‌، به‌شێکى ئه‌و یارمه‌تییه‌ داراییه‌یه‌ که‌ ئه‌مریکا ده‌یدات به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، به‌شێکى دیکه‌شى پرۆتۆکۆلێکى سه‌ربازییه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌وان بۆ ئه‌و هاوکارى و یارمه‌تییانه‌ که‌ ده‌درێت به‌ هه‌ریمى کوردستان، چۆن که‌ڵکى لێوه‌ربگیرێت، نابێت بکه‌وێته‌ ده‌ستى خه‌ڵکى دیکه‌، واته‌، هه‌ندێ پێوه‌ر هه‌یه‌ به‌ پێى ئه‌و پێوه‌رانه‌ که‌ ئه‌مریکا خۆى پێى گرنگه‌، له‌وێدا جێگیر کراوه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ ئیمزا کراوه‌. زیاتریش باسى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ردوولا ده‌کات بۆ ئازادکردنى موسڵ و شوێنه‌کانى تر.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: ده‌وترێت قاسم سولێمانى فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسى ئێران داواى له‌ نوورى مالکى و حزبى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق کردووه‌ پێش ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ بگرێت، به‌تایبه‌ت ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ پێگه‌یه‌کى دیکه‌ى سه‌ربازیى ئه‌مریکا لێره‌ بکرێته‌وه‌، ئێوه‌ چه‌نده‌ هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بووه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ ئاگادارى ئه‌و زانیارییانه‌ نین، ئێمه‌ ئاگادار نین که‌ شتێکى وا ڕوویدابێت، بڕواش ناکه‌م ڕاست بێت.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: به‌غدا چی، ئایا له‌و ڕێککه‌وتنه‌ ئاگاداره‌؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ به‌غدا باس کراوه‌، له‌و بڕوایه‌دام پێشتریش ئه‌مریکییه‌کان به‌غدایان ئاگادار کردبێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌، شتێک نییه‌ نوێ بێت، ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ له‌ ئه‌نجامى چه‌ندین دانیشتنى نێوان ئێمه‌ و ئه‌مریکییه‌کان کراوه‌، هه‌ندێ مادده‌ هه‌بووه‌ ئێمه‌ گۆڕیمانه‌، هه‌ندێ مادده‌ هه‌بووه‌ ئه‌وان گۆڕیویانه‌، واته‌ له‌ یه‌ک کۆبوونه‌وه‌دا ته‌واو نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ کارێکى چه‌ندین مانگه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ پێکه‌وه‌ کردوومانه‌ تا گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و لێکتێگه‌یشتن و پرۆتۆکۆله‌ى له‌ له‌ هه‌ریمى کوردستان ئیمزا کرا.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: وه‌ک خۆتان باستان کرد، داعش وه‌ک پێشوو به‌رگرى ناکات، به‌و پێیه‌ موسڵ ده‌گیرێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ داعش له‌ عێراق زۆرى نه‌مابێت که‌ ده‌ربکرێت، به‌رنامه‌تان بۆ دواى داعش چییه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وه‌ گرنگترین پرسیاره‌ که‌ دواى داعش چى ده‌کرێت، به‌ هاتنى داعش به‌دبه‌ختى زۆر بۆ کورد به‌تایبه‌تى بۆ هه‌رێمى کوردستان هات، ئێمه‌ هیوادارین به‌ چوونى داعشیش هه‌روا نه‌بێت، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ سه‌یرى قۆناغى دواى داعش ده‌که‌ین، له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌م، ده‌بێ برایانى ئێمه‌ له‌ به‌غدا بزانن که‌ داعش له‌ ناو عێراقدا دروست بووه‌ و له‌ شوێنیکى تره‌وه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌، ئه‌ساسى فکرى داعش لێره‌وه‌ دروست بووه‌، داعشیش تێکه‌ڵێکه‌ له‌ نێوان توندڕه‌وى ئیسلامى و ئه‌و شۆڤێنیستانه‌ى له‌ عێراقدا هه‌ن. تێکه‌ڵى ئه‌م دوو فکره‌یه‌ داعشى دروست کردووه‌. تێکدانى داعش له‌ عێراق له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ دواى موسڵ، خه‌لافه‌تیان نه‌مێنێت، زه‌وییان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مێنێت و ناوى حکومه‌تى ئیسلامییان له‌سه‌ر نه‌مێنێت. به‌ بڕواى ئێمه‌، داعش وه‌ک ڕێکخراوێکى ئیرهابى ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام شێوه‌ى کاره‌کانى ده‌گۆڕدرێت، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ جه‌بهه‌یه‌کداین له‌ به‌رامبه‌ریان، زیاتر ئه‌وکات ڕوو له‌ شانه‌ى نهێنى و شه‌ڕێکى پارتیزانى له‌ عێراقدا ده‌که‌ن. کێشه‌ى داعش به‌ شێوه‌ى سه‌ربازى له‌ عێراقدا چاره‌سه‌ر ناکرێت. کێشه‌ى داعش زۆر پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌، به‌ وردى دیراسه‌ بکرێت و چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: ئه‌گه‌ر واى دابنێین که‌ به‌ شێوه‌ى سیاسى کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کرێت داعش نه‌مێنێت، پرسى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان چى لێدێته‌وه‌ که‌ زۆر جار سه‌رۆکى هه‌رێم باسى ده‌کات، یان جه‌نابت و په‌رپرسانى دیکه‌ى هه‌رێم؟

نێچیرڤان بارزانی: پێم وایه‌ پرسى سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى کوردستان مافێکى میلله‌تى ئێمه‌یه‌، مافێکى خۆیه‌تى که‌ داواى سه‌ربه‌خۆیى بکات. ئێمه‌ پێمان وایه‌ که‌ ئه‌وه‌ وه‌ک ئامانجێک بۆ گه‌لى کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ى که‌ به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌ دواى داعش زۆرزۆر گرنگه‌، سنووره‌کانى کوردستانه‌، ئه‌وه‌ گرنگرتین شته‌ بۆ ئێمه‌. ده‌بێ ته‌سبیتى ئه‌و سنوورانه‌ بکه‌ین که‌ به‌ خوێنى پێشمه‌رگه‌ ڕزگار و ئازاد کراون. ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگترین بابه‌ته‌ که‌ ده‌بێ دواى داعش ئه‌و پرسه‌ یه‌کلا بکه‌ینه‌وه‌.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌تان یه‌کلا کرده‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ ده‌چن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی؟

نێچیرڤان بارزانی: بۆ هه‌ر شتێک که‌ بڕۆین له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێ بزانین که‌ حه‌وشه‌ى ماڵه‌که‌مان هه‌تا کوێیه‌، چ بمێنینه‌وه‌ له‌ عێراق، چ سه‌ربه‌خۆیى وه‌ربگرین، چ فیدڕاڵى بێت، چ کۆنفدڕاڵى بێت، ئه‌وله‌وییه‌تى یه‌که‌مى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ ده‌بێت ته‌سبیتى ئه‌و سنوورانه‌ بکات که‌ به‌ خوێنى پێشمه‌رگه‌ و ڕۆڵه‌کانى ئه‌م میلله‌ته‌ ڕزگار کراوه‌.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: ئه‌گه‌ر ته‌سبیتى ئه‌و سنوورانه‌ش بکرێت، پرسى ئێران و تورکیا دێته‌ پێشێ. له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا سنوورێکى زۆرتان هه‌یه‌ له‌ دوولاوه‌. ئه‌وان ڕازى نابن به‌ مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆیی، چۆن چاره‌سه‌رى ده‌که‌ن؟ کێشه‌ى ناوخۆییش هه‌یه‌، له‌ ناوخۆدا ڕه‌نگه‌ یه‌کێتى و گۆڕان له‌گه‌ڵتان نه‌که‌ون. له‌ کاتێکى ئاوادا که‌ له‌ ناوخۆدا یه‌کێتى و گۆڕانتان له‌گه‌ڵ نه‌بێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ دوو جیرانى گه‌وره‌ له‌گه‌ڵتان نه‌بن، چۆن ده‌توانن چاره‌سه‌رى بکه‌ن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ بارودۆخه‌که‌ باش تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یرى هه‌ر وڵاتێک بکه‌یت که‌ سه‌ربه‌خۆیى خۆیان وه‌رگرتووه‌، کێشه‌کانیان زۆر زیاتر بووه‌ له‌ ئێمه‌، له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌، له‌ ڕووى ئابوورییه‌وه‌، هه‌موو وڵاتیش بوون و پێیان وتراوه‌ جارێ کاتى نییه‌ و له‌ ناو خۆتان ڕێک نین، ئه‌مانه‌ پرسێک نین که‌ بڵێین ڕێگر بێت و به‌ربه‌ست بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ ئێمه‌ داواى سه‌ربه‌خۆیى بکه‌ین یان داواى کۆنفدڕاڵى بکه‌ین. وڵات هه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆشه‌ و دواى ئه‌وه‌ کێشه‌ى بۆ دروست بووه‌، وڵات هه‌بووه‌، کێشه‌شیان هه‌بووه‌، سه‌ربه‌خۆ بوون و کێشه‌ى خۆشیان چاره‌سه‌ر کردووه‌. ئێمه‌ که‌ باسى سه‌ربه‌خۆیى یان هه‌رجۆره‌ سیسته‌مێک ده‌که‌ین بۆ کورد له‌ عێراقدا، مه‌به‌ستى  سه‌ره‌کیى ئێمه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ئاژاوه‌یه‌ک له‌ ناوچه‌که‌ دروست بکه‌ین. له‌ حوکمڕانى له‌م وڵاته‌دا چه‌ندین ساڵ بۆ هه‌موو لایه‌کمان سه‌لماندووه‌ که‌ فاکته‌رى ئارامیین له‌ ناوچه‌که‌دا. ئێمه‌ فاکته‌رێکین نه‌ بۆ تێکدان، به‌ڵکوو بۆ ئارامى له‌ ناوچه‌که‌دا. هه‌ریمى کوردستان که‌ باسى سه‌ربه‌خۆییش ده‌کات، هه‌ریمى کوردستان وه‌ک چاره‌سه‌رێک باس ده‌کات، نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ى که‌ بیه‌وێت کێشه‌یه‌کى ترى گه‌وره‌ دروست بکات. ئێمه‌ له‌ ٢٠٠٣وه‌ که‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌و ئومێده‌ى که‌ به‌غدا عێراقێکى نوێیه‌، ده‌ستوورێکى نوێیه‌، سیسته‌مێکى نوێیه‌، فکرێکى نوێیه‌ که‌ له‌ هه‌مووى گرنگتره‌. به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌ر له‌ ١٢ ساڵ، ئێمه‌ ده‌بێ له‌ واقعى عێراق تێبگه‌ین. دوو جۆره‌ عێراقمان هه‌یه‌، عێراقێک پێش مووسڵ، عێراقێکیش دواى ئه‌وه‌ى که‌ له‌ موسڵ ڕوویدا. ئێمه‌ جارێکى تر ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵى ٢٠٠٣ و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بێت. ئه‌و بنه‌مایه‌ فه‌شه‌لى هێناوه‌ و نامانه‌وێ ئه‌و فه‌شه‌له‌ جارێکى تر دووباره‌ بکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رچییه‌ک ده‌که‌ین و بۆ هه‌ر لایه‌ک ده‌ڕۆین، چ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى بێت، چ به‌ره‌و کۆنفدڕاڵى بێت، پێمان وایه‌ به‌غدا وه‌ک هاوبه‌شى ستراتیژیى ئێمه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ده‌بێ یه‌که‌مجار له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌ى له‌سه‌ر بکه‌ین، نه‌ک له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌کى تر. نه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌وه‌نده‌ گرنگ ده‌بێت له‌و بابه‌ته‌، نه‌ تارانیش. ئه‌وه‌ى که‌ گرنگه‌ به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌ که‌ ده‌بێ قسه‌ى له‌گه‌ڵ بکه‌ین به‌ حیوار و گفتوگۆ به‌غدایه‌ به‌ پله‌ى یه‌که‌م و ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێک.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: تائێستا بۆچى نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا، ته‌نانه‌ت بۆ مانه‌وه‌ له‌ ناو عێراقدا کێشه‌تان هه‌یه‌. ئه‌و کێشانه‌ بۆ چاره‌سه‌ر نابن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئاخر فکره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا هه‌تا ئێستا ئه‌و فکره‌یه‌ى که‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێکه‌ له‌ به‌غدا کۆنترۆل بکات ئه‌وه‌ نه‌گۆڕدراوه‌. مه‌سه‌له‌ى مه‌رکه‌زیه‌ت له‌ به‌غدا هه‌تا ئێستاش وه‌کو فکر له‌ناو ئه‌و عێراقه‌دا ماوه‌، و ده‌ریش ناچێت له‌ مێشکیان ئه‌وه‌ زۆر زۆر به‌داخه‌وه‌. ئێمه‌ پێش ٢٠٠٣ له‌ ٩١ه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ بووین، ڕاسته‌ ئێمه‌ ئه‌ندامى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان نه‌بووین، به‌ڵام هه‌موو شتێکمان هه‌بوو. ئێمه‌ له‌ ٢٠٠٣ به‌و هیوایه‌ى که‌ عێراق عێراقێکى نوێیه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئه‌م دوازده‌ ساڵه‌ بکه‌ین ده‌ستکه‌وتى کورد چى بووه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌، هه‌تا ئێستا ده‌ستوور وه‌ک خۆى جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ و زۆر پێشێلکاریش کراوه‌ بۆ ده‌ستوور. له‌ کاتێکدا وه‌زعى سه‌ربازییان یه‌ک تۆز باش بووه‌، هه‌وڵیان داوه‌ ده‌بابات و شت بنێرن بۆ هه‌رێمى کوردستان و بۆ خانه‌قین ئه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشوو مالکى ڕێک ئه‌وه‌ى کرد. بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕى بێ ئه‌وه‌ى تۆ ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێ هیچ شتێک بکه‌ی. پرسیاره‌که‌یه‌ ئه‌مه‌یه‌، کورد ده‌توانێ به‌م جۆره‌ بۆ ١٠ ساڵى تریش له‌ عێراقدا به‌رده‌وام بێ؟ من به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم ناتوانێ و بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ڕاسته‌ ئێمه‌ ناکۆکیى ناوخۆمان هه‌یه‌ له‌گه‌ل لایه‌نه‌کان. پێموایه‌ لایه‌نه‌کانیش وه‌ک ئێمه‌ بیر ده‌که‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێ که‌متر نیه‌ له‌و بیرکردنه‌وه‌ى که‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ هه‌م بۆ مافى چاره‌ى خۆنووسین هه‌م بۆ مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆیى له‌ هه‌رێمى کوردستان
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: یه‌کێک له‌و پرسانه‌ى که‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا ڕوویدا مه‌سه‌له‌ى کوده‌تابوو. شکستى کۆده‌تاى سه‌ربازى له‌ تورکیا. هه‌ڵوێستى ئێوه‌ چیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ زۆر خۆشحاڵ بووین به‌وه‌ى که‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و وه‌زعه‌ى که‌ له‌ تورکیا ڕوویدا، به‌ڕاستى ئیراده‌ى گه‌لى تورکیا سه‌رکه‌وت و ئه‌گه‌ر سه‌یرى کوده‌تایه‌کانیش بکه‌ى هیچ کوده‌تاکه‌یه‌ک له‌ تورکیا له‌ مه‌سڵه‌حه‌تى کوردا نه‌بووه‌ هه‌تا ئه‌مه‌یان له‌ مه‌سله‌حه‌تى کورددا بووبێت. سه‌یرى یه‌ک یه‌ک کوده‌تایه‌کان بکه‌ هه‌موویان کێشه‌ى گه‌وره‌ى بۆ کورد دروست کردووه‌ دواى کوده‌تا. هه‌ڵوێستى هه‌رێمى کوردستان خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ى که‌ ئه‌و حکوومه‌ته‌ى که‌ شه‌رعیه‌تى له‌ گه‌لى تورکیاوه‌ وه‌رگرتوه‌ و به‌ ده‌نگ و به‌ سندووقى ده‌نگدان هاتووه‌ته‌ سه‌ر حوکم، میلله‌ت توانى به‌رگرى بکات له‌و حکوومه‌ته‌ و ئه‌و کوده‌تایه‌ سه‌رنه‌که‌وت و ئێمه‌ خۆشحاڵ بووین.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: مه‌سه‌له‌یه‌کى دیکه‌ که‌ کێشه‌ى به‌ جۆرێک بۆ هه‌رێم ساز کردوه‌ زۆر له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌تایبه‌ت ئێران باس ده‌کرێ، چالاکى پێشمه‌رگه‌کانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێرانه‌ له‌ ناوخۆى کوردستانى ئێراندا، زۆر به‌رپرسى ئێرانى به‌تایبه‌ت سوپاى پاسداران دواترینیان موحسین ڕه‌زایى باسى ئه‌وه‌ى کردووه‌ که‌ به‌ دنه‌دانى عه‌ره‌بستانى سعوودى لێره‌ شوێنیکیان بۆ کردوونه‌ته‌وه‌، ڕاهێنان ده‌درێن پێشمه‌رگه‌کانیان و هه‌رێمیش چاوپۆشى ده‌کات. چه‌نده‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دروسته‌؟ چه‌نده‌ هه‌رێم هاوکارى ئه‌وانه‌ ده‌کات بۆئه‌وه‌ى که‌ چالاکییان له‌ ناوخۆدا هه‌بێت یا عه‌ره‌بستان شوێنیکى واى هه‌یه‌ لێره‌؟

نێچیرڤان بارزانی: یه‌که‌میان به‌ڕاستى هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسى نییه‌. عه‌ره‌بستانى سعوودى کونسوڵى هه‌یه‌ وه‌ک هه‌موو وڵاتانى تر لێره‌، و له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پرۆتۆکۆله‌ى که‌ له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌تى و وه‌ک وڵاتێک کارى خۆیان له‌ هه‌ریمى کوردستان ده‌که‌ن. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ى که‌ ده‌گوترێ بنکه‌یان هه‌یه‌ لێره‌ و ڕاهێنان به‌ حیزبى دیمۆکرات و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى ده‌که‌ن، ئه‌وه‌یان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕاست نیه‌. به‌ نسبه‌ت ئێمه‌، په‌یوه‌ندى دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ ئێران زۆر زۆر گرنگ و موهیممه‌، هه‌روه‌ک وتم له‌ چه‌ندین ساڵ سه‌لماندمان که‌ ئێمه‌ عاملى ئیستقرارین له‌ ناوچه‌که‌ چ بۆ ئێران چ بۆ تورکیا چ بۆ هه‌تا پێشتر بۆ سووریا و ئێستاش، ئه‌مه‌ چوارچێوه‌ى سیاسه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ ده‌بێ هه‌وڵ بدات له‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ کێشه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ دروست نه‌کرێت. موباله‌غه‌یه‌کى یه‌کجار زۆر هه‌یه‌ له‌و عه‌مه‌لییانه‌ى که‌ حیزبى دیمۆکرات و لایه‌نه‌کانى تر کردوویانه‌ له‌ناو ئێراندا. ئێمه‌ یه‌ک پرسیار ده‌که‌ین، له‌ ساڵى ڕابردوودا پژاک چه‌ند عه‌مه‌لیاتى کردوه‌ له‌ناو ئێران و چه‌ند که‌سیشى کوشتووه‌ له‌ ناوخۆى ئێران، یه‌ک جار ده‌نگى یه‌ک به‌رپرسێکى ئێرانى ده‌رنه‌هات.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: چ هۆیه‌کى هه‌یه‌ که‌ بۆ ئه‌وان ده‌نگ ناکه‌ن و بۆ دیموکرات ده‌نگ ده‌که‌ن؟

نێچیرڤان بارزانی: بۆ ئێمه‌ ئه‌مه‌ جێێ پرسیاره‌. حیزبى دیموکرات عه‌مه‌لیاتێکیان کردووه‌. عه‌مه‌لیه‌که‌ش موباله‌غه‌یه‌کى گه‌وره‌یه‌. به‌ سوپاسه‌وه‌، هه‌تا ئێستا ئه‌وان چ حزبى دیموکرات، کۆمه‌ڵه‌ و لایه‌نه‌کانى دیکه‌ هه‌مووجار زۆر ڕه‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى کوردستانیان کردووه‌ و هه‌میشه‌ ڕه‌چاوى ئه‌وه‌یان کردووه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان نه‌بێته‌ شوێنێکى نائه‌من، له‌ چه‌ندین ساڵدا په‌یڕه‌وى ئه‌م سیاسه‌ته‌یان کردووه‌. ئێمه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌و قسانه‌، زۆر نیگه‌رانین له‌ ده‌ربڕینى ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌، لیژنه‌یه‌کى ئه‌منیمان هه‌یه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ده‌کرێت له‌و لیژنه‌ ئه‌منییه‌ ئه‌و شتانه‌ باس بکرێت و چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌م هه‌موو ته‌هدیده‌ به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕه‌فزى ده‌که‌ینه‌وه‌، ئاماده‌شین له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران قسه‌ بکه‌ین، کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ین، دابنیشین و به‌ ته‌ئکید سیاسه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ له‌ خاکى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هجوم یان کێشه‌ بۆ ئێران دروست ببێت. ئێران دراوسێیه‌کى گرنگى ئێمه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندییه‌کانمان زۆر باش و دۆستانه‌ بێت.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ باش بێت، بۆچى عه‌ینى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى به‌ نیسبه‌ت په‌که‌که‌ هه‌تانبووه‌، نه‌تانگرتووه‌، جه‌نابت زۆرجار ناوبژیوانیت کردووه‌ له‌ نێوان په‌که‌که‌ و حکومه‌تى تورکیا، ئایا هه‌نگاوێکتان ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نێوان کوردى ئۆپۆزسیۆنى ئێران و ده‌وڵه‌تى ئێرانى ناوبژیوانى بکه‌ن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ هه‌ندێ هه‌نگاومان ناوه‌ له‌ ڕابردوودا، به‌ڵام هه‌نگاوه‌کان له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ نه‌بوون، جیاوازییه‌که‌ى ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ که‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ ده‌ستمان پێکرد، پێمان وابوو له‌گه‌ڵ تورکیا که‌ چووین دانیشتن له‌ سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ خواره‌وه‌، پێمان وابوو به‌ ڕاستى ده‌یانه‌وێ کێشه‌که‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ئێمه‌ تا ئه‌م کاته‌ ئه‌و ئیستعداده‌ له‌ ئێران نابینین، واته‌ نابینین که‌ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ هه‌یه‌ که‌ بیانه‌وێت به‌ گفتوگۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ هه‌بێت و ئه‌و ئاماده‌ییه‌ هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ زۆر زۆر پێمان خۆش ده‌بێت به‌وه‌ى که‌ به‌ حیوار و گفتوگۆ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن.
 
ده‌نگى ئه‌مریکا: قه‌یرانى ئابوورى له‌ هه‌رێمى کوردستان، زۆر له‌ شه‌قامى کوردیدا ده‌بیسترێت که‌ بارودۆخ وه‌ک جاران نه‌ماوه‌ و تێکچووه‌، حکومتى هه‌رێمیش ده‌ڵێت که‌ خه‌ریکه‌ کارى له‌سه‌ر ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى بکات. به‌دیاریکراوى چیتان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رباز ببن؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین کێشه‌کان هه‌یه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆى ئه‌م قه‌یرانه‌، کێشه‌ى یه‌که‌میان، له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠١٤ که‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا به‌بێ ئه‌وه‌ى قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن بڕییان. کێشه‌ى دووه‌مى ئێمه‌، شه‌ڕى داعش بوو، ١١٠٠ کیلۆمه‌تر ئه‌مڕۆ سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌، تائێستا نزیکه‌ى ١٥٠٠ شه‌هیدمان هه‌یه‌، نزیکه‌ى ٨٠٠٠ برینداریشمان هه‌یه‌. کێشه‌ى سێیه‌م، هاتنى زیاتر له‌ ملیۆنێک و ٨٠٠ هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌رى سووریا و ناوخۆى عێراق. ئه‌م شۆکانه‌ یه‌ک له‌ دواى یه‌ک و له‌ سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه‌ دابه‌زینى نرخى نه‌وت که‌ ئه‌مه‌ نه‌ک ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندى به‌ وڵاتانى دیکه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى هۆکارى ئه‌ساسى بوون که‌ هه‌رێمى کوردستان بکه‌وێته‌ قه‌یرانێکى هه‌تا بڵێى قورس. هه‌نگاوه‌کانى هه‌رێمى کوردستان تائێستا بۆ چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌، بۆ ئیحتیواکردنى ئه‌و پرسه‌ بووه‌، به‌ سوپاسه‌وه‌، میلله‌تى ئێمه‌، مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان زۆر زۆر خۆڕاگر بوون و ده‌رکیان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ کردووه‌ و له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ى خۆیان ماونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌. من ده‌توانم له‌و قۆناغه‌ى ئێستا بڵێم تائێستا چاره‌سه‌رى ته‌واومان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، به‌ڵام زۆر به‌ جیددى خه‌ریکین. به‌شێکى به‌ پاشه‌که‌وتکردنى مووچه‌ بووه‌، به‌شێکى زۆریان به‌ که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بووه‌، توانیومانه‌ تائێستا ئیداره‌ى بارودۆخه‌که‌ بکه‌ین، به‌ڵام بۆ ئه‌م ئیداره‌یه‌ پێویستمان به‌ یارمه‌تى هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌، پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ڕووى مالییه‌وه‌ یارمه‌تى هه‌رێمى کوردستان بدرێت، به‌تایبه‌تى له‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌ى که‌ ئێستا تێى که‌وتووه‌. هه‌ندێ هۆکاریش هه‌ن که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بێ ئیعتراف به‌وه‌ بکه‌ین که‌ مووچه‌خۆرى یه‌کجار زۆرمان هه‌بووه‌، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامى سیاسه‌تى ئێستا نه‌بووه‌، که‌ڵه‌که‌بووى چه‌ندین ساڵ بوو هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى سه‌ددامه‌وه‌ که‌ ٥٠٠٠ گوندیان وێران کرد و خه‌ڵکه‌که‌یان هێنایه‌ ناو شاره‌کان و کردیان به‌ کارمه‌ندى حکومه‌ت و تا ئه‌م دواییه‌ش ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام بووه‌. ئێوه‌ ئاگادارن ئێمه‌ له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵ بانکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕیفۆرمى ته‌واو له‌ هه‌یکه‌لییه‌تى حکومه‌ت هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌و چاکسازییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ مه‌سه‌له‌ى نه‌وتدا ئێستا کار ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌زگایانه‌ى که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ وردبینیى پرۆسه‌ى نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ ته‌واوه‌تى و به‌ دیققه‌ت کاره‌کانیان بکه‌ن. له‌سه‌ر خه‌تیشین له‌گه‌ڵ به‌غدا و بانکى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ (ئای.ئێم.ئێف) بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تیى هه‌رێمى کوردستان بدرێت. به‌ڕاستى تائێستا ئه‌وان زیاتر له‌ ڕێگه‌ى به‌غداوه‌ ده‌که‌ن و به‌داخه‌وه‌ تائێستا ئه‌و شایسته‌یه‌ى که‌ ده‌بێ به‌ هه‌رێمى کوردستان بدرێت، له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ تائێستا نه‌دراوه‌.


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


بۆچى گرنگه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت
خه‌ڵکى کوردستان باجى کێشه‌کانى چوارساڵى په‌رله‌مانى رابردوو ده‌دات
ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌جوگرافیاى قه‌یرانى به‌هاکاندا کارێکى ناوازه‌یه‌
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group