4
7 نێچیرڤان بارزانى : عێراق ئاماده‌نیه‌ ئه‌وه‌ى بۆحه‌شدى شه‌عبی کردویه‌تى بۆ به‌ پێشمه‌رگه‌ش بکات
29/1/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز





سه‌رۆک وه‌زیرانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ به‌شى کوردى ڕادیۆى ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا تیشک ده‌خاسه‌ر بارودۆخى کوردستان و کێشه‌و گرفته‌ناوخۆیى و هه‌رێمه‌کان ، ئه‌مه‌ده‌قى دیداره‌که‌یه‌ :

VOA: به‌ڕێز کاک نێچیرڤان بارزانى با له‌و پرسیاره‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌م، چاوه‌ڕوانیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و کورد به‌گشتى چییه‌ له‌ ئیداره‌ى نوێى ئه‌مه‌ریکا؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان کورد به‌شێوه‌یه‌کى گشتى چاوه‌ڕێى زۆرى له‌ ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و پره‌نسیپانه‌ى که‌ ئه‌مه‌ریکا خه‌باتیان بۆ ده‌کات و هه‌وڵى بۆ ده‌دات، له‌ کوردستاندا هه‌یه‌. ئه‌مڕۆ کورد له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌ى جه‌نگى دژى تیرۆره‌ و ئه‌مه‌ پێوه‌رێکى زۆر زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌مه‌ریکا و ئیداره‌ى ترامپ که‌ ئێمه‌ له‌پێشه‌وه‌ین. به‌هاکانى پێکه‌وه‌ژیان، کوردستانى ئێمه‌ شوێنێکه‌ ئه‌مڕۆ هه‌موو پێکهاته‌کان به‌ خۆشى و ئازادى و بێ کێشه‌ تیایدا ده‌ژین وه‌ک مه‌سیحی، موسڵمان، ئێزدی، عه‌ره‌ب و تورکمان ئه‌مانه‌ هه‌مووى پێوه‌رى زۆر زۆر گرنگن.‌ ئه‌مڕۆ گه‌ر سه‌یرى دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بکه‌ی، ده‌بینى که‌ کوردستان وه‌کو به‌شێک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌نها شوێنێکه‌  بۆته‌ هیواو ئومێدى ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌‌ ناتوانن له‌ شوێنه‌کانى دیکه‌ بژین و ڕوو له‌ کوردستان ده‌که‌ن. کورد به‌ هیواوه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئیداره‌ى نوێى ترامپ و هیواداره‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ى که‌ پێشتر له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى ئۆباما هه‌یبووه‌، له‌ ئیداره‌ى ترامپدا زیاتر و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات.

VOA: سه‌باره‌ت به‌ دوا پێشهاته‌کانى شه‌ڕى داعش و پێشبینى به‌ڕێزتان بۆ دواى داعش چییه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: دواى زیاتر له‌ دووساڵ شه‌ێ‌ و به‌رگریکردن و ئه‌وه‌ى ئیمه‌ کردمان له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌ خوێنى هه‌زار و شه‌شسه‌د پێشمه‌رگه‌ى شه‌هید و زیاتر له‌ نۆ هه‌زار بریندار، ده‌توانم بڵێم ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ پێشتر داعش داگیرى کردبوون، ئه‌وانه‌مان هه‌مووى دووباره‌ وه‌رگرتۆته‌وه‌. بێگومان ئه‌مه‌ بێى پشتوانى نێوده‌وڵه‌تى و له‌سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه‌ پشتیوانى ئه‌مه‌ریکا نه‌ده‌کرا و ئه‌م کاره‌ ئاسان نه‌بوو زۆر زه‌حمه‌ت بوو. ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ دوێنێ ئۆپه‌راسیۆنى ڕۆژهه‌ڵاتى مووسڵ به‌کۆتا هات و ئه‌و سنووره‌ هه‌مووى ئازاد کرا و ئێستا هێزه‌کانى عێراقى له‌سه‌ر ڕووبارى دیجله‌ن، ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ به‌گشتى له‌ ڕووى سه‌ربازیه‌وه‌ ڕاسته‌ به‌ هێواشى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ نامانه‌وێ زیاتر خه‌ڵکى مه‌ده‌نى بکوژرێت و نامانه‌وێت قوربانییه‌کانى خه‌ڵکى مه‌ده‌نى زیاتربێت، بۆیه‌ پلانه‌که‌ زۆر به‌ هێواشى به‌ڕێوه‌ده‌چێت. پلانه‌که‌ زیاتر به‌ سه‌رپه‌رشتى ئه‌مه‌ریکایه‌ و هێزه‌کانى عیراقیش به‌شدارن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ گرنگه‌ بگوترێ و پرسیار بکرێ‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌و کێشه‌یه‌ى ئێستا له‌ عیراقدا هه‌یه‌ کێشه‌یه‌کى سه‌ربازییه‌؟ ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌کى سیاسى یه‌ نه‌ک سه‌ربازی. به‌ بڕواى من به‌ ئۆپه‌راسیۆنێکى سه‌ربازى داعش ته‌واو نابێت، مومکینه‌ شاره‌کان له‌ده‌ست بدات، مووسڵ له‌ده‌ست بدات، ڕه‌قه‌ و شوێنه‌کانى دیکه‌ له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام وه‌کو فکر و ڕێکخستنى داعش ده‌مێنێته‌وه‌. داعش له‌م وڵاته‌دا دروستکراوه‌ له‌ ئه‌نجامى سیاسه‌تێکى هه‌ڵه‌ که‌ له‌ عیراقدا په‌یڕه‌وکراوه‌، تا ئه‌و هۆکارانه‌ى بوونه‌ته‌ هۆى دروستبوونى داعش چاره‌سه‌ر نه‌کرێن له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌، من باوه‌ڕناکه‌م پرسى داعش له‌ عیراقدا کۆتایى پێ بێت و تا ئێستاش ئێمه‌ بچووکترین هه‌نگاو له‌ به‌غداوه‌ نابینین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵى ئه‌وه‌ بدات ئه‌و کێشانه‌ى بوونه‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى داعش له‌ عیراقدا، چاره‌سه‌ر بکرێن. به‌ڵێ ئێمه‌ دواى داعش مه‌ترسیمان هه‌یه‌ که‌ ڕاسته‌ وه‌ک ئاماژه‌م پێکرد داعش شاره‌کان له‌ده‌ست بده‌ن، به‌ڵام وه‌ک رێکخراوێکى تیرۆرست له‌ عیراقدا ده‌مێننه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌نده‌ى شوێنه‌کانى دیکه‌ى عێراق کاریگه‌ریمان له‌سه‌ر نییه‌ له‌به‌ر یه‌ک هۆکار که‌ زۆر گرنگه‌، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ که‌ فکرى داعش له‌ کوردستاندا به‌و شێوه‌یه‌ پاڵپشتى نییه‌، ناڵێم هیچ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و پاڵپشتییه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ فکرى داعش و توندڕه‌وى له‌ کوردستاندا جێگه‌ى نییه‌ و خه‌ڵکى کوردستان ئه‌وه‌ نییه‌ پشتگیریى له‌ توندڕه‌وى بکات، بۆیه‌ من نابینم ئه‌وانه‌ مه‌ترسى بن بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، مه‌ترسییه‌که‌یان ئه‌وه‌یه‌ که‌ جیرانى ئێمه‌ن و ئه‌و مه‌ترسییه‌ هه‌ر بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌، که‌واته‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، عیراقێکى سه‌قامگیر و بێ کێشه‌ زۆر باشتره‌ له‌وه‌ى که‌ کێشه‌ى هه‌بێت و ناسه‌قامگیر بێت چونکه‌ بێگومان گاریگه‌رى بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستانیش ده‌بێت.

VOA: شه‌ڕى داعش و قه‌یرانى دارایى و کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا که‌ دواجار بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى حکوومه‌تى به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ى ساڵانه‌ى هه‌رێمى کوردستان ببڕێت، ئه‌مه‌ چه‌ند کاریگه‌رى و قورسایى خستۆته‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014 ڕووبه‌ڕووى سێ شۆکى زۆر گه‌وره‌ بووینه‌وه‌، یه‌که‌میان له‌ مانگى دووه‌وه‌ بڕه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بڕدرا بێ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى که‌ ئێمه‌ نه‌وتمان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ کردووه‌ که‌ له‌ ڕاستییه‌که‌یدا ئێمه‌ له‌ مانگى پێنجه‌وه‌ نه‌وتمان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ کرد، ئه‌مه‌ شۆکى یه‌که‌م بوو. دووهه‌مینیان هاتنى زیاتر له‌ ملیۆنێک و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى کوردستان. هه‌روه‌ها شه‌ڕى داعش که‌ هه‌زار و سه‌د کیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ ڕێکخراوێکى تیرۆرستى هه‌یه‌، شه‌ێ‌ کردن و به‌رگریکردن پاره‌ى پێویست بوو و ئیمکانیاتى پێویست بوو. له‌سه‌رووى ئه‌مانه‌ هه‌مووى دابه‌زینى نرخى نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ قه‌ت چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا و‌ هاته‌ بیست دۆلار، ئه‌مانه‌ هه‌مووى بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ به‌ڕاستى هه‌رێمى هه‌رێمى کوردستان دوو سێ ساڵى زۆر سه‌ختى تێپه‌ڕاندووه‌ و تا ساڵى دووهه‌زار و شازده‌ش کاریگه‌ریى یه‌کجار زۆرى هه‌بووه‌. من وه‌کو نمونه‌یه‌ک ده‌یهێنمه‌وه‌، هاتنى ئه‌م ئاوارانه‌ به‌پێى ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ى که‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ بانکى نێوده‌وڵه‌تی، ته‌کلیفى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ملیارێک و چوارسه‌د ملیۆن دۆلاره‌، به‌داخه‌وه‌ وه‌ک پێویست هه‌رێمى کوردستان هیچ هاوکارییه‌کى نه‌ له‌ به‌غدا و نه‌ له‌ هیچ شوێنێکى دیکه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ ته‌کلیفێکى زۆره‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم بڵێم که‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ قه‌یرانه‌که‌ ڕاگرین، پێشکه‌وتنمان نه‌بووه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌،‌ به‌ڵام توانیومانه‌ تا ڕاده‌یه‌ک ڕایبگرین بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ تێگه‌یشتنى دروستى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌و پشتیوانى و هاوکارى و تێگه‌یشتنى مووچه‌خۆران و کارمه‌ندانى هه‌رێمى کوردستان و خه‌ڵکى کوردستان نه‌بوایه‌، مومکین نه‌بوو ئه‌وه‌ به‌ده‌ست بێت. ئێمه‌ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌که‌ین له‌ ساڵى 2017ه‌وه‌ دۆخه‌که‌ ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و باشتر بڕوات.

VOA: سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ئێوه‌ پێشتر سه‌ردانى به‌غداتان کرد له‌گه‌ڵ وه‌فدێکدا، ئایا‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێککه‌وتن؟ ئایا ڕێککه‌وتن له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، مه‌به‌ستم ڕێککه‌وتنێکى نوێ ده‌کرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: زۆر به‌ ڕاشکاوى بڵێم، تا ئه‌م له‌حزه‌یه‌ش داواکارى هه‌رێمى کوردستان چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانییه‌تى له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌وله‌ویه‌تى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌. ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بووین بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ى که‌ له‌ به‌غدا هه‌یه‌ جا چ له‌ پرسى نه‌وته‌ یان کێشه‌ سیاسییه‌کانه‌، ئه‌وه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌رێمى کوردستاندایه‌. تا ئێستا ئێمه‌ کارى باشمان به‌یه‌که‌وه‌ کردووه‌، به‌رگرییکردن دژى داعش نمونه‌یه‌کى زۆر باشى ئه‌و هاوکاریه‌ یه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌مانه‌، پێشبینى بکه‌ن دواى 25 ساڵ ئێمه‌ بۆ یه‌که‌م جار ڕێگه‌مان دا سوپاى عیراق بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مه‌ کارێکى ئاسان نه‌بوو و بڕیارێکى زۆر قورس بوو، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌مان دا چونکه‌ دوژمنێکى هاوبه‌شمان هه‌بوو و ده‌بوایه‌ پێکه‌وه‌ شه‌ڕى ئه‌و دوژمنه‌ بکه‌ین و زۆریش سه‌رکه‌وتوو بووین، ئۆپه‌راسیۆنى مووسڵ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم سه‌دا سه‌د، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم سه‌دا په‌نجاى ئه‌و زانیارییه‌ هه‌واڵگیرییه‌ بوو که‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ دامانه‌ سوپاى عیراق، ئه‌و هاوکارییه‌ى که‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و سوپاى عیراقدا هه‌بوو له‌ڕووى دانى زانیارى که‌ ڕۆژانه‌ پێمان ده‌دان، یه‌کجار زۆر هاوکاریى ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ى کردووه‌ که‌ ئه‌مڕۆ سوپاى عیراق له‌ مووسڵ ده‌یکات. که‌واته‌ من ده‌مه‌وێ بڵێم ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و کێشانه‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێن؟ ده‌بێت زه‌مینه‌یه‌ک ئاماده‌ بکرێت بۆئه‌وه‌ى هه‌ردوولا براوه‌ى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ بین، نه‌ک لایه‌نێک وا بیر بکاته‌وه‌ چونکه‌ مه‌رکه‌زه‌ و حکوومه‌ته‌ و ده‌بێ ئه‌و برا گه‌وره‌بێت و لایه‌نى دیکه‌ براى بچووک بێت، ئیمه‌ وا مامه‌ڵه‌ ناکه‌ین، ده‌بێت ئێمه‌ ڕێککه‌وتنێک بکه‌ین که‌ هه‌م به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى کوردستانى تێدابێت و هه‌م به‌رژه‌وه‌ندیى به‌غداشى تێدابێت. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ قه‌یرانێکى زۆر سه‌ختى دارایى داین، به‌غدا هیچ هه‌نگاوێکى نییه‌ بۆئه‌وه‌ى بێت یارمه‌تى هه‌رێمى کوردستان بدات، من له‌ قسه‌کانى خۆم له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش گوتوومه‌ ئه‌و نه‌وته‌ى که‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌یفرۆشین ئه‌گه‌ر ئێمه‌ قه‌ناعه‌تمان وابێت یه‌ک دۆلاریش زیاتر له‌وه‌ى که‌ ده‌ستمان ده‌که‌وێت به‌غدا بیداته‌ هه‌رێمى کوردستان، ئێمه‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر به‌ باشتر ده‌زانین له‌ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێکى دیکه‌.

VOA: به‌ڕێزت ئاماژه‌ت به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌رێمى کوردستان چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانییه‌تى له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئایا هیچ هه‌نگاوێکتان ناوه‌؟ ئایا حکوومه‌تى عێراقى وه‌ڵامى بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى ئێوه‌ چییه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ ده‌ستوورێکمان هه‌یه‌، با ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆمان بکه‌ین 12 ساڵه‌ ئێمه‌ ده‌ستوورێکى عیراقیمان هه‌یه‌ و هه‌نگاوه‌کانى به‌غدا بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و ده‌ستووره‌ چى بووه‌؟ هیچیان نه‌کردووه‌. هه‌رێمى کوردستان ته‌جروبه‌یه‌کى زۆر ناخۆشى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌، ته‌جروبه‌ى ناخۆشى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌غدا تا ئێستاش خۆى به‌ مه‌رکه‌ز ده‌زانێت و هێشتا له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتووه‌ که‌ سیسته‌مى عیراق گۆڕاوه‌ و سیسته‌مى عیراق مه‌رکه‌زى نییه‌، زۆر جار خه‌ڵک ده‌ڵێن حکوومه‌تى مه‌رکه‌زی، هیچ حکوومه‌تى مه‌رکه‌زى نییه‌، به‌ڵکو حکوومه‌تى فیدراله‌، سیسته‌مى عیراق دواى په‌سه‌ندکردنى ده‌ستوورى عیراق، سیسته‌مێکى فیدرالى یه‌، شێوه‌ى بیکردنه‌وه‌ى به‌غدا شێوه‌یه‌کى هه‌تا بڵێى مه‌رکه‌زى یه‌، ئه‌و یاسایانه‌ى که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ چ له‌ ‌ڕووى ئیداره‌دانى نه‌وت، چ له‌ ڕووى دابه‌شکردنى داهاتى نه‌وت، هیچیان له‌ به‌غدا جێبه‌جێ ناکرێن، به‌غدا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ده‌کات؟ وه‌کو هه‌ر پارێزگایه‌کى دیکه‌ى عیراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا ده‌کات، چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگایه‌کى عیراق ده‌کات، ده‌یه‌وێت ئاوه‌هاش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکات و ئه‌مه‌یان له‌ هه‌رێمى کوردستان قبووڵ ناکرێت. ئێمه‌ له‌ ساڵى 2003 و پێش 2003 ڕاسته‌ بارودۆخى ئابوورى ئێمه‌ باش نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆمان گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ به‌غدا و به‌زۆر نه‌بووه‌، به‌ ئێمه‌یان گوتووه‌ عیراقێکى نوێیه‌، عیراقێکى دیموکراته‌، عیراقێکى فیدراله‌ و له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپانه‌ ئێمه‌ بڕیارمان دا که‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌غدا. ئه‌وه‌ى که‌ به‌ڕێزان به‌تایبه‌تى هه‌ردوو به‌ڕێز سه‌رۆک مام جه‌لال و سه‌رۆک بارزانى کردیان له‌وه‌ى که‌ عیراق به‌ یه‌کگرتوویى بمێنێته‌وه‌ و بارودۆخى عیراق باش بێت، هه‌ر ئه‌وه‌ندیان پێده‌کرا و ئه‌وه‌ى له‌توانایاندابوو کردیان بۆ ئه‌و پرسه‌، به‌ڵام هه‌نگاوه‌کانى عیراق نایێنه‌ پێش بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان. باسى میزانییه‌ یه‌کێک له‌ شته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌کانه‌، ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕاندنى بودجه‌ به‌ زۆرینه‌ و که‌مینه‌ بێت، ئێمه‌ هه‌ر که‌مینه‌ین، هه‌موو کورسییه‌کانى کورد له‌ به‌غدا 65 کورسى یه‌ و ئه‌وانى دیکه‌ یه‌کجار زۆرترن، به‌ڵام بڕیارى دوستکردنه‌وه‌ى عیراق دواى ساڵى 2003 له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وافق بوو نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى کێ زۆره‌ و کێ که‌مه‌.

VOA: ئێستا گه‌ر ئێوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ساڵى 2003 ئایا هه‌مان بڕیار ئه‌ده‌ن که‌ به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێدا، بڕیارێکى خۆویستانه‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا بمێننه‌وه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: نه‌ ئێمه‌ په‌شیمان نین، چونکه‌ تۆ حوکم له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌ده‌یت، ئه‌و ڕۆژه‌ى که‌ سه‌دام له‌سه‌ر حوکم لادرا بۆ کورد ڕۆژێکى میژوویى بوو و ئێمه‌ په‌شیمان نین له‌وه‌. به‌ ته‌ئکید ئه‌گه‌ر به‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ئه‌و کاته‌ هه‌مان بڕیار ده‌ده‌ین، ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌وه‌ى ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ى که‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بوون به‌تایبه‌تى شیعه‌کان که‌ پێکه‌وه‌ خه‌باتمان کردووه‌ و پێکه‌وه‌ بووین، به‌داخه‌وه‌ دواى 2003 که‌ ئێمه‌ پێشتر پێکه‌وه‌ خه‌باتمان ده‌کرد بۆ ڕۆژێکى خۆشتر بۆ عیراق، ئه‌وان پشتیان له‌و به‌ڵینانه‌ کرد که‌ به‌ کوردیان دابوو، ئه‌وان به‌ڵێنه‌کانى خۆیان به‌جێ نه‌گه‌یاند به‌ نیسبه‌ت کورد، ئه‌مڕۆ دواى 12 ساڵ کورد ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆى ده‌کات، ئایا له‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق، کورد له‌ کوێیه‌؟ دواى 12 ساڵ پرسیار له‌وه‌ ده‌کات، ئایا هیچ گارانتییه‌ک بۆ ئاینده‌ى ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌یه‌؟ پرسیار له‌وه‌ ده‌کات ئایا به‌غدا چى کرد بۆ جێبه‌جێ کردنى مادده‌ى 140؟ فکرى به‌غدا و مه‌ناتڵێتى ئه‌وان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ له‌ هێزه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بکه‌ن، فکریان وابووه‌ که‌ى به‌هێز بوون ئه‌و کاته‌ بێن قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى بکه‌ن، که‌واته‌ ئه‌و فکره‌ مه‌رکه‌زییه‌ له‌ عێراق هه‌ر وه‌ک خۆ ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و فکره‌ مه‌رکه‌زییه‌تهی که‌ عیراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات، به‌ بڕواى من هۆکارى گه‌وره‌ترین کاره‌ساته‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌.

VOA: باست له‌وه‌ کرد که‌ نه‌ناردنى به‌شه‌ بودجه‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تى عیراقییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان کێشه‌ى سه‌ره‌کى نێوان هه‌ولیر و به‌غدایه‌، ئایا بوونى ئاواره‌کان وه‌ک هه‌ندێک جار له‌لایه‌ن به‌رپرسانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ حکوومه‌تى عێراقى یارمه‌تیى ئاواره‌کانى خۆى نادات که‌ له‌ئێستادا له‌ هه‌رێمى کوردستاندا له‌ که‌مپدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها یارمه‌تینه‌دانى پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ ڕووى نه‌دانى چه‌که‌وه‌، چه‌ندێک کێشه‌و و گرفتن له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا؟

نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا وه‌کو پێویست به‌غدا یارمه‌تى ئاواره‌کانى نه‌داوه‌، من ڕاشکاوانه‌ بڵێم هه‌تا ئێستا ئه‌و هاوکارییه‌ى که‌ ده‌بوایه‌ عیراق بۆ ئاواره‌کان بیکات، تا ئێستا نه‌یکردووه‌، مامه‌ڵه‌ى عیراق له‌گه‌ڵ ئاواره‌کان وه‌کو هه‌ر وڵاتێکى کۆمه‌ک به‌خشه‌، به‌و شێوه‌یه‌ یه‌، واته‌ تاکو ئێستا وه‌کو پێویست به‌رپرسیارێتى خۆى هه‌ڵناگرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاگاى له‌م ئاوارانه‌ بێت.

VOA: ئه‌ى سه‌باره‌ت به‌ هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: سه‌باره‌ت به‌ هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه‌، عیراق تاوه‌کو ئێستا وه‌ک پێویست هاوکاریى پێشمه‌رگه‌ى نه‌کردووه‌، نه‌ک وه‌کو پێویست نه‌یکردووه‌، به‌ڵکو هه‌ر نه‌یکردووه‌ و ئێمه‌ شتێک نابینین که‌ بڵێین یارمه‌تى پێشمه‌رگه‌ى داوه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ یه‌ک سه‌نگه‌رین و پێکه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌که‌ین و دوژمنى هاوبه‌شمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و هاوکاریانه‌ى که‌‌ عیراق بۆ حه‌شدى شه‌عبى ده‌یکات با من وه‌ک نموونه‌یه‌ک بیهێنمه‌وه‌، حه‌شدى شه‌عبى کرد به‌ یاسا، ئێمه‌ ڕێزمان هه‌یه‌ بۆ حه‌شدى شه‌عبى که‌ له‌ به‌رگریکردن له‌ عێراق له‌ دژى داعش ڕۆڵى خۆیان بینی، حه‌شدى شه‌عبییان کرد به‌ یاسا و هه‌موو پێداویستییه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى دابین ده‌که‌ن، به‌ڵام ئاماده‌ نین قبووڵى بکه‌ن ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ى مه‌نزومه‌ى به‌رگریى عیراقدا جێگه‌ى هه‌یه‌، حازرنین ئه‌وه‌ بکه‌ن، بۆ حه‌شدى شه‌عبى که‌ هى خۆیانه‌ و ئه‌وان پشتیوانى لێ ده‌که‌ن، هه‌موو کارئاسانییه‌ک ده‌که‌ن، باشه‌ با ئه‌م پرسیاره‌ بکه‌ین، ئێمه‌ چۆن خۆمان به‌ هاووڵاتیى ئه‌م وڵاته‌ بزانین؟ ئێمه‌ به‌ چ هاندانێک کار بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنى ئه‌م ولاته‌ بکه‌ین؟ هێزه‌کانى ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ و کورد ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆى ده‌کات. بۆ، بۆ حه‌شدى شه‌عبى ئه‌م شتانه‌ هه‌مووى ده‌کرێت و بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ هیچ ناکرێت؟

VOA: له‌ کاتى ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى ئازادکرنه‌وه‌ى مووسڵ، به‌شێک له‌ خه‌ڵکى یان ئه‌وه‌ى که‌ پێى ده‌گوترێت شه‌قام، باسیان له‌وه‌ ده‌کرد یا ڕه‌خنه‌یان له‌وه‌ ده‌گرت که‌ هه‌رێمى کوردستان بۆچى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌خاته‌ شه‌ڕێکه‌وه‌ که‌ ئه‌وان ده‌ڵێن خاکى کوردان نییه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ ناکه‌ین، ئێمه‌ به‌رگرى ده‌که‌ین، داعش شه‌ڕى ئێمه‌ى کردووه‌، ئێمه‌ شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ هیچ که‌سێک نه‌کردووه‌ و ئه‌وان یه‌خه‌ى ئێمه‌یان گرتووه‌، که‌ یه‌خه‌ى ئێمه‌یان گرتووه‌ ئێمه‌ ناچاربووین، ئێمه‌  ئه‌م به‌رگرییه‌ بۆ خۆمان ده‌که‌ین و شه‌ێ‌ ناکه‌ین، ئێمه‌ ئه‌م به‌رگرییه‌ بۆ کوردستان ده‌یکه‌ین، بۆ هاووڵاتیانى کوردستان ده‌یکه‌ین و ئه‌و شوێنانه‌شى که‌ ئێستا ئێمه‌ ئازادمان کردوون، هه‌مووى کاریگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ و کاریگه‌رییه‌که‌شى گه‌لێک زۆره‌، ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ خۆشبه‌ختانه‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا ئازاد کراون، من ده‌توانم بڵێم ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ ڕزگارمان کردوون له‌ ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ کاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌.

VOA: پێشبینى به‌ڕێزتان بۆ ئه‌مساڵ چییه‌؟ پێتان وایه‌ قه‌یرانه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن له‌ هه‌رێمى کوردستاندا؟ هیچ موژده‌یه‌کى خۆشتان پێیه‌ بۆ هاووڵاتیان؟

نێچیرڤان بارزانی: هه‌موو هه‌وڵێکى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م پرسه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، من ناتوانم ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ئێستا ده‌توانین شتێکى گه‌وره‌ بکه‌ین، به‌ڵام هه‌وڵ و کۆششى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخى داراییمان باش بوو، یه‌که‌م شت بارودۆخى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین. گه‌ر پرسیاره‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌ بڕواى من ئایا پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌که‌ین بارودۆخمان باشتر ببێت؟ به‌ڵێ ئێمه‌ پێشبینیى ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ بارودۆخى ئێمه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ باشتر ببێت.

VOA: به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى عیراق سوپاست ده‌که‌ین بۆ پێدانى ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ و ئه‌م دیداره‌.

نێچیرڤان بارزانی: سوپاس و به‌خێربێن سه‌رچاو.


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


به‌ تاوانی ژن بوون
توێژەری سیاسی یان عەبــە شەکەنە !؟
نێچرڤان بارزانى : گه‌لى کوردستان ئاشتیخوازه‌و کراوه‌ و به‌خشنده‌یه‌
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group