4
7 به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : کورد ئێستا له‌لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتدایه‌و گونجاوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم
27/7/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز






به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌چاوپێکه‌وتنێکى تایبه‌تى جه‌ماوه‌رنیوز ئاماژه‌ به‌ بارودۆخى سیاسى و گۆرانکاریه‌کانى ناوچه‌که‌ده‌کات و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌ که‌ئێستا باشترین دۆخه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم چونکه‌ کورد به‌درێژایى مێژوو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستاى نه‌بووه‌ .
   
جه‌ماوه‌رنیوز: ئایا ئێستا دۆخه‌که‌له‌باره‌ بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : من پێموایه‌ کورد ئێستا له‌لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتدایه‌ به‌درێژایى مێژوو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى نه‌بووه‌ ، باسى حکومه‌تى ماد ده‌کرێ له‌کاتێکدا حکومه‌تى ماد هه‌ر هى کورد نه‌بووه‌ به‌ڵکو چه‌ندین نه‌ته‌وه‌و قه‌بیله‌ى وه‌ک فارس و ئه‌فغان و به‌لوج و کوردیشى تێدابووه‌ ،حکومه‌تى شێخ مه‌حمودى نه‌مر نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌ڵه‌بجه‌و کۆیه‌ ،قازى محه‌مه‌د نه‌گه‌یشتۆته‌ نه‌غه‌ده‌و سه‌قز، یه‌که‌مجاره‌ بۆماوه‌ى 26 ساڵ حکومڕانى کورد هه‌بێت له‌ خانه‌قینه‌وه‌ بۆ زاخۆ ،بۆیه‌ من پێموایه‌ ئێستا له‌روى سیاسى و دیبلۆماسى و په‌یوه‌ندیه‌کان و هه‌بونى خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر خاک و بازرگانى و ئابورى که‌رۆژانه‌ نزیکه‌ى 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ئه‌فرشرێ که‌ئه‌مه‌ش ئابوریه‌کى باشه‌ ، واته‌ هه‌موشتێکمان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ى نیه‌ ده‌وڵه‌ته‌ ، چه‌ندین وڵات هیچیان نیه‌ به‌ڵام ده‌وڵه‌تیان هه‌یه‌ ،ئێمه‌ هه‌موشتێکمان هه‌یه‌ ته‌نها ده‌وڵه‌تمان نیه‌ ، ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته‌ که‌داواى مافه‌ ره‌واکانى خۆمان بکه‌ین ،جامافه‌ره‌واکان له‌کوێ یه‌ک ئه‌گرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌یته‌ ئه‌نجام ئه‌وه‌ گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌کرێ له‌گه‌ڵ عێراقدا به‌پله‌ى یه‌که‌م دواتریش له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌وروبه‌رو ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکادا .

چونکه‌ له‌مێژووى  میلله‌تاندا دوو شه‌ڕى گه‌وره‌ى جیهانى هه‌بووه‌ له‌جه‌نگى جیهانى یه‌که‌مدا 17 ملیۆن خه‌ڵک کوژراوه‌ به‌ڵام زیاتر له‌ 70 وڵات سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ستهێناوه‌ ،له‌جه‌نگى جیهانى دووه‌مدا 55 ملیۆن خه‌ڵک کوژرا نزیکه‌ى 80 بۆ 90 وڵات سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست هێناوه‌ ، بۆهه‌رئه‌بێ به‌شه‌ڕو کوشتن میلله‌تان سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست بهێنن ،سۆڤیه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ نزیکه‌ى 22 وڵات سه‌ربه‌خۆى به‌ده‌ستهێنا ، ئێمه‌ش کاتێ عێراق هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ چوینه‌وه‌ به‌غداو جارێکى تر دروستمان کرده‌وه‌ ،به‌ڵام خه‌ڵکى سۆڤیه‌ت نه‌چون سۆڤیه‌ت دروست بکه‌نه‌وه‌ چه‌ندین وڵاتیان بۆخۆیان دروست کرد .

سێ وڵاتیش به‌بێ شه‌ڕ یاخود به‌نیوه‌ شه‌ڕ سه‌ربه‌خۆیان به‌ده‌ستهێنا له‌م دواییه‌ ته‌یمورى رۆژهه‌ڵات له‌ 250 ملیۆن موسڵمانى ئه‌نده‌نوسیا جیاین کرده‌وه‌ و حکومه‌تێکى بچکۆله‌ى مه‌سیحیان بۆ دروست کردن  له‌رێگاى ریفراندۆم و 11 مانگیان بۆدانان دواتر سه‌ربه‌خۆییان راگه‌یاند ،باشورى سۆدانیش حکومه‌تێکى مه‌سیحیان بۆ دروستکردن جیابونه‌وه‌ له‌سۆدانێکى گه‌وره‌ى موسڵمان ،ئه‌مه‌ش له‌رێگاى ریفراندۆم که‌ماوه‌ى 6 ساڵیان دیاریکرد له‌دواى ریفراندۆمه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها وڵاتى میتى میگرۆ که‌له‌ بۆسنه‌یه‌کان جیایان کردنه‌وه‌ که‌وڵاتیان راگه‌یاند ،بۆئێمه‌ش وه‌ک ئه‌م وڵاتانه‌ به‌بێ شه‌ڕ نه‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام بۆ هه‌رده‌مێ به‌خوێن و به‌شه‌ڕ داواى مافى خۆمان بکه‌ین .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئایا دواى ریفراندۆم کورد ده‌بێته‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تى خۆى ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : ئێمه‌ دواى ئه‌م ریفراندۆمه‌ش ئه‌چین له‌گه‌ڵ به‌غدا دائه‌نیشین له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ ده‌که‌ین ،به‌ڵام ریفراندۆم وه‌ره‌قه‌یه‌کى به‌هێزده‌بێت  به‌ده‌سته‌وه‌ که‌راى خه‌ڵکى کوردستانه‌ ،من ئه‌ڵێم ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆکورد که‌ هه‌گیز به‌مشێوه‌یه‌ نه‌بووه‌ وه‌ هیج زه‌مانێک نیه‌ تاساڵێکى تر به‌و هێزه‌وه‌ بمێنینه‌وه‌ ، بۆیه‌ دواى شه‌ڕى داعش و گۆرانکاریه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى تر وه‌ڵاممان ئه‌ده‌نه‌وه‌ ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م فرسه‌ته‌ گرنگه‌ بۆمان و راپرسى خۆمان بکه‌ین که‌ زه‌ره‌رى بۆ هیچ که‌سێک نیه‌ ،ئه‌گه‌ر مه‌ترسى بین بۆ سه‌ر وڵاتان ئێمه‌ 26 ساڵه‌ نه‌بوینه‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر هیچ که‌س و لایه‌نێک و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر له‌روى بازرگانى و فه‌رهه‌نگى و ئابوریه‌وه‌ ،زیاتر له‌ 800 کۆمپانیاى تورکى له‌کوردستانه‌ چه‌ندین هه‌زار کارمه‌ندى ئه‌وان له‌کوردستانه‌ زیارت له‌ 400 کۆمپانیاى ئێرانى له‌کوردستانه‌ واته‌ روى وه‌به‌رهێنانو بازرگانى وئابوریه‌وه‌ سودیان له‌کوردستان وه‌رگرتووه‌ ،ئێمه‌ش سودمان وه‌رگرتووه‌ لێن به‌ڵام وه‌ک ئه‌وان نا ، بۆیه‌ باشترین فرسه‌ته‌ بۆراپرسى ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌م عێراقى نه‌وه‌د ساڵه‌دا چیمان ده‌ستکه‌وتووه‌ به‌رده‌وام بین و له‌گه‌ڵیا بڕۆین یان پیرۆزى خه‌ڵکى کوردستان بێت باده‌نگى بده‌نێ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق ده‌بین ،ئه‌گه‌ر خه‌ڵکى کوردستانیش داواى کرد جیابێته‌وه‌ ،ئه‌وکاته‌ ئێمه‌ جیانابینه‌وه‌ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌ ئه‌که‌ین .

جه‌ماوه‌رنیوز : له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌رێزتان ئه‌ندامى وه‌فدى باڵاى هه‌رێم بوون بۆ سه‌ردانانى وڵاتان ئایا هه‌وڵوێستیان چۆنه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆمى گه‌لى کورد ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : هیچ وڵاتێکى دونیا سه‌ربه‌خۆیى ناخاته‌ سه‌ر سینى زێڕین و بڵێ فه‌رموو پێشکه‌شتان ئه‌که‌م ،هیچ وڵاتێک به‌رژه‌وه‌ندى خۆى تێکنادات له‌گه‌ڵ وڵاتێکى تر ، له‌م ناوچه‌یه‌ عێراق نزیکه‌ى 27 ملیۆن عره‌بى تیایه‌ و ره‌نگه‌ 6 ملیۆن کوردى تیابێت ، له‌م ناوچه‌یه‌ 300 ملیۆن عه‌ره‌ب هه‌یه‌ ئه‌وان نایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان تێکبده‌ن ، به‌ڵام تۆ بڕیارى خۆت بده‌ ئه‌وان پشتیوانیت لێ ئه‌که‌ن ، هه‌رکات بڕیاریدا چاره‌نوسى خۆت دیارى بکه‌یت ، له‌کاتێکدا هیچ وڵاتێک به‌شێوه‌ى فه‌رمى دژى کورد و ریفراندۆم قسه‌ى نه‌کردووه‌ ، ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ئێمه‌ یه‌کگرتویى عێراقمان پێ باشه‌ به‌ڵام رێز بۆ راى خه‌ڵکى کوردستان داده‌نێین ،زۆربه‌ى وڵاتان له‌مه‌ زیاتریان نه‌وتووه‌ ، ره‌نگه‌ ته‌نها وڵاتێک که‌به‌راشکاوى باسى کردبێ کۆمارى ئیسلامى ئێران بێت ،ئه‌ویش قابیلى گفتوگۆو وتوێژکردنه‌ له‌گه‌ڵیدا که‌دۆستمانن ئێمه‌ش دۆستى ئه‌وانین یارمه‌تیان داوین هاوکار وپشتیوانیان کردوین ماوه‌ى 37 ساڵه‌ ، ئێمه‌ش شانبه‌شانى هێزه‌کانیان له‌دژى حکومه‌تکه‌ى سه‌دام حسێن شه‌رمانکردووه‌ ،واته‌ هاوکار بوین و سنورێکى دورو درێژمان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌تاونین گفتوگۆ بکه‌ین و بگه‌ینه‌ ئه‌نجام که‌ئێمه‌ نه‌ک مه‌ترسین به‌ڵکو ئێمه‌ دۆستى کۆمارى ئیسلامى ئێرانین ،بۆوڵاتى تورکیاش به‌هه‌مان شێوه‌ که‌لورى بازرگانى و ئابوریه‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ ،له‌گه‌ڵ سوریاش به‌هه‌مانشێوه‌ ،هه‌روه‌ها دراوسێیه‌کى باشى عێراقیش ئه‌بین ئه‌مانه‌ش به‌ گفتوگۆو وتوێژ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام ،بائێمه‌ جارێ بڕیاره‌که‌ى خۆمان بده‌ین ئه‌وکات ئه‌چین له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش گفتوگۆ ده‌که‌ین ، 
 
جه‌ماوزه‌رنیوز : ئایا تاچه‌ند کورد سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت له‌ریفراندۆمدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى نه‌یارى هه‌یه‌ ؟
 
به‌رێَز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : من پێموایه‌ لایه‌نى ریفراندۆم به‌هێزه‌ ،پێموانیه‌ کوردێک یه‌ک که‌م ویژدانى هه‌بێت بچێته‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان و بڵێ‌ من له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌بم ،مه‌گه‌ر گومان بکه‌ى که‌له‌بنه‌ره‌تدا کورد نه‌بووه‌ ،هیچ کوردێک نیه‌ بچێت دژى میلله‌ته‌که‌ى خۆى ده‌نگ بدات ، من ه‌پیموایه‌ خه‌ڵکى کوردستان هه‌مووى له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییه‌ ، وه‌ شارى سلێمانى زۆرینه‌ى ده‌نگ ئه‌دات وه‌ک باسم کرد سلێمانى 1930 ئاماده‌ نه‌بووه‌ ده‌نگبدات به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ عێراقبێت چۆن دواى ئه‌و هه‌مووساڵه‌ جارێکى تر بچێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بێت ، بۆیه‌ رۆژ به‌رۆژ خه‌ڵکى کوردستان و هێزه‌ سیاسیه‌کان له‌یه‌کترى نزیک ده‌بنه‌وه‌ و به‌ره‌ى راپرسى به‌هێز ده‌بێت ، له‌کاتێکدا به‌رێژه‌ى 50 کۆ یه‌ک بێت سه‌رکه‌وتووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر 98 و 99 به‌ده‌ستبهێنین وه‌رقه‌یه‌کى به‌هێز تره‌ ،دڵنیام سه‌دله‌سه‌د ده‌نگى سه‌ربه‌خۆى و گه‌لى کورد سه‌رده‌که‌وێ له‌و ریفراندۆمه‌ .بۆیه‌ ریفراندۆم پرسێکى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیه‌ بۆئه‌وه‌ى خۆت چاره‌نوسى خۆت دیارى بکه‌یت 

جه‌ماوه‌رنیوز : ئایا له‌دواى ریفراندۆم قه‌یرانه‌ داراییه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : له‌راستیدا هه‌ریه‌ک له‌قه‌یرانه‌کان کۆمه‌ڵێ‌ هۆکارو تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ ،ئه‌گه‌ر له‌قه‌یرانى دارییه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین چه‌ند هۆکارێکى هه‌یه‌ ،یه‌که‌میان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئیداره‌یه‌کى باش نه‌بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ له‌ماوه‌ى 26 ساڵى رابردودا وه‌کو پێویست ئیداره‌ى وڵات به‌رێوه‌به‌رێت یان ئیداره‌ى سێ پارێزگا به‌رێوه‌به‌رێت ،کابینه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانى به‌بێ جیاوازى نه‌یانتوانى له‌و هه‌موو داهات و پاره‌ى ئه‌هاته‌ کوردستان له‌دواى ساڵى 2003 به‌تایبه‌تى تا2013 پاشه‌که‌وت بکه‌ن ، که‌من پێموایه‌ ئه‌یانتوانى پاشه‌که‌وت  10 ساڵى خه‌ڵکى کوردستان بکه‌ن به‌ڵام نه‌یاتوانى وه‌ ئیداره‌یه‌کى خراپ و پڕگه‌نده‌ڵى بوو ئه‌مه‌ش بووه‌ خاڵى یه‌که‌م که‌هه‌موو که‌س ئه‌یزانى توشى ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌بینه‌وه‌ ،چونکه‌ ئه‌و داهات و ئمکانیاته‌ تاسه‌ر به‌رده‌وام نابێت .
خاڵى دووه‌م بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان بوو که‌له‌به‌غداوه‌ ئه‌هات ئه‌مه‌ش دووه‌م هۆکاربوو که‌قه‌یرانى دارایى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان قورس ترکرد .
خاڵى سێ یه‌م شه‌ڕى داعش بوو ، که‌داعش رویکرده‌ کوردستان به‌ره‌یه‌کى شه‌ڕ دروست بوو که‌له‌خانه‌قینه‌وه‌ تاده‌گاته‌ شه‌نگال ،که‌باس له‌وه‌ ده‌کرێ 1050 کیلۆمه‌تر بێت ،به‌ڵام من پێموایه‌ له‌وه‌ زیاتره‌ چونکه‌ له‌هه‌ندێ شوێن به‌رزى و نزمى و چونه‌ناوه‌و هاتنه‌ دواوه‌ى له‌به‌ره‌کاندا هه‌یه‌ به‌درێژایى ئه‌م به‌ره‌یه‌ش نزیکه‌ى 100 هه‌زار که‌س له‌و ناوچه‌یه‌ به‌شدارن که‌ئه‌مانه‌ش پێویستیان به‌خواردن و خواردنه‌وه‌و پێداویستى سه‌ربازى و شوین و جێگه‌ى روبه‌روبنه‌وه‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و ئامێرى گه‌وره‌ بۆ دروستکردنى غه‌نده‌ق و رێگاوبان و سه‌نگه‌ر،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌له‌شه‌ڕدان بریندار و شه‌هید ده‌بێت که‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێویستیان به‌ خه‌رجى و دارایى هه‌یه‌ که‌ئه‌مه‌ش هۆکارێکى تربوو بۆزیاتر قورس بونى قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى کوردستان .

هۆکارێکى تریش ئه‌وه‌بوو که‌هه‌رێمى کوردستان ته‌نها پشتى به‌داهاتى نه‌وت به‌ستبوو که‌ نرخه‌که‌ى 110 دۆلاره‌وه‌ دابه‌زینى به‌خۆوه‌ بینى بۆ 50 دۆلارو 30 درلاو 27 دۆلار ،ئه‌مانه‌ هه‌مووى هۆکارگه‌لێک بوون که‌بونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى کوردستان قورس تربێت و قوڵتر بێته‌وه‌ .

له‌وانه‌یه‌ هۆکارێکى تریش ئه‌وه‌ بێت که‌ئه‌و هه‌موو ئاواره‌یه‌ روى له‌هه‌رێمى کوردستان کرد که‌ نزیکه‌ى 2 ملیۆن ئاواره‌ بوون که‌ رێژه‌ه‌یه‌کى که‌مى ئاواره‌کانى سوریا بن به‌ڵام ئه‌وانى تر هى شاره‌کانى ترى عێراق بوون که‌ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆیدا کێشه‌یه‌کى گه‌وره‌بوو به‌تایبه‌تى که‌له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌ خێرخوازیه‌کان و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان وه‌ک ئاواره‌ هه‌ژمار نه‌ده‌کران ،من خۆم له‌کۆبونه‌وه‌کان  له‌ به‌یروت و ئوردن به‌شداریم کرد که‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانى دونیاو ریکخراوه‌ خێرخوازیه‌کان ئاواره‌کانى شاره‌کانى ترى عێراقیان بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌ئاواره‌ هه‌ژمار نه‌ده‌کرد به‌ڵکو ئاواره‌کانى عێراق و سوریا له‌ئوردن ولوبنان و تورکیاو وڵاتانى تر به‌ئاواره‌ هه‌ژمار ده‌کرد هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کى ترى بۆ هه‌رێمى کوردستان دروستکردبوو که‌خه‌رجى هه‌موو ئه‌وئاوارانه‌ له‌ئه‌ستۆى حکومه‌تى هه‌رێم بوو ،ئه‌مانه‌ هه‌مووى هۆکارى دروستبونى و قوڵبونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌کان بوون .

جه‌ماوه‌ نیوز ئایا گه‌شبینن به‌ئه‌نجامدانى ریفراندۆم کۆتایى به‌قه‌یرانى دارایى بێت له‌هه‌رێمى کوردستان ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : من پێموایه‌ هۆکارى یه‌که‌مى دروستبونى قه‌یرانى دارایى باش به‌رێوه‌نه‌بردنى وڵات بوو ،پاره‌یه‌کى زۆر خه‌رج ده‌کرا و گه‌نده‌ڵى زۆر هه‌بوو وه‌کو پێویست چاره‌سه‌رى کێشه‌کان نه‌ده‌کرا ،به‌رنامه‌یه‌ک نه‌بوو بۆ رێکخستنى وڵات .

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاسان نیه‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌ هه‌روا به‌ئاسانى کۆتایى بێت ، ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌ئێستادا هه‌موو دونیاى گرتۆته‌وه‌ ،بۆیه‌ من پێموانیه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ى حساب بۆ بودجه‌ و بانکى ناوه‌ندى کوردستان بکرێت ،که‌تۆ چه‌ند ملیار پاره‌و چه‌ند تۆن ئاڵتونى پاشه‌که‌وتت هه‌یه‌ له‌بانکى ناوه‌ندى ،که‌ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ قه‌رز وه‌ربگرى و متمانه‌ت هه‌بێت له‌لایه‌ن بانکه‌کانى دونیادا ،ئه‌گه‌ر بانکه‌کانت هیچى تیانه‌بێت ئاسان نیه‌ بتوانى روبه‌روى قه‌یرانى دارایى بیته‌وه‌ ،واته‌ ئێمه‌ له‌ماوه‌ى 26 ساڵى رابردوو به‌تایبه‌تى له‌ ساڵى 2003 تا 2013 ،نه‌مانتوانى سه‌رمایه‌کى نیشتمانى یان پاشه‌که‌وتمان هه‌بێت له‌ناو بانکى مه‌رکه‌زى هه‌رێمى کوردستان  ، تابتوانى قه‌رز له‌وڵاتان وه‌ربگرین ،وه‌ک ئێستاى عێراق که‌پاره‌ى نه‌ماوه‌ به‌ڵام قه‌رز له‌وڵاتان وه‌رده‌گرێ ئه‌مه‌ش به‌هۆى بونى پاشه‌که‌وت له‌بانکى مه‌رکه‌زیه‌وه‌ ، بۆیه‌ ئه‌مانه‌مان پێ نه‌کرا و ئیداره‌ى وڵات رێکوپێک نه‌بوو ،بۆیه‌ ئاسان نیه‌ جارێکى تر به‌و شێوه‌ى پێشووى لێ بێته‌وه‌ وبه‌ئاسانى چاره‌سه‌ر قه‌یرانى دارایى له‌کوردستاندا بکرێ ،ئه‌بێت پێداچونه‌وه‌ به‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بکرێت به‌شێوه‌یه‌ک به‌توانرێ هه‌موو مانگى موچه‌ بدرێ و که‌مکردنه‌وه‌ بکات و دوو موچه‌و سێ مووچه‌ نه‌مێنێ ،ئه‌وترێ 1950 کارمه‌ند له‌په‌رله‌مانى عێراقدا هه‌یه‌ باشه‌ ژماره‌ى ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان چه‌نده‌ تائه‌وه‌نده‌ کارمه‌نده‌ى بوێ ، نزیکه‌ى 94 راوێژکار له‌ناو په‌له‌مانى کوردستان هه‌یه‌ زیاتر له‌ 700 کارمه‌ند له‌ناو په‌له‌مانى کوردستان هه‌یه‌ ئایا ئه‌وانه‌ پێویستن بۆ په‌رله‌مان ،ئه‌گه‌ر 111 ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ریه‌که‌یان راوێژکارێکى هه‌بێت بۆچى خۆیان بونه‌ته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ،  له‌کاتێکدا راوێژکاره‌کان په‌رله‌مانتاره‌کانى پێشوون له‌لایه‌ک مووچه‌ى راوێژکارو له‌لایه‌ک مووچه‌ى په‌رله‌مانتارى پێشوو ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ده‌گه‌یه‌نێ که‌به‌رنامه‌یه‌کى پێویست و تۆکمه‌ نیه‌ ، ه‌هه‌زاران که‌س به‌ێ هیچ بنه‌مایه‌ک دامه‌زراون و حزبه‌کانیش له‌به‌ر خاترى هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌هه‌زاران که‌سیان دامه‌زراندووه‌ ،بۆیه‌ چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى دارایى هه‌روا ئاسان نیه‌ پێویستى به‌عه‌قڵانیه‌ت و به‌رنامه‌یه‌کى گونجاو هه‌یه‌ که‌له‌سه‌ر بنه‌ماى داهاتى کوردستان خه‌رجیه‌کان و موچه‌کان رێکبخرینه‌وه‌ 

جه‌ماوه‌رنیوز : قه‌یرانه‌ سیاسیه‌کان نابنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ؟
 
به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانى سیاسى ره‌نگه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌بێت که‌ئه‌و حزبانه‌ چه‌ندى به‌رده‌که‌وێت و چه‌ندى به‌رناکه‌وێت ،ئه‌و هه‌موو کێشه‌ سیاسیه‌ى که‌هه‌یه‌ له‌کوردستان و به‌رده‌وامه‌ هیچى له‌سه‌ر خه‌ڵکى کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى نیه‌ ، چونکه‌ هیچ کام له‌وانه‌ نه‌هاتووه‌ پرۆژه‌یه‌ک بۆ خزمه‌تگوزارى گشتى یاخود به‌رژه‌وه‌ندى گشتى پێشکه‌ش بکات لایه‌نێک رێگرى بکات ،بۆنمونه‌ هیچ لایه‌نێک نه‌هاتووه‌ بڵێ هه‌موو شاره‌کانى کوردستان ده‌که‌م به‌ میترۆ یان کێشه‌ى نیشته‌جێ بوون چاره‌سه‌ر بکات یان هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌زاخۆوه‌ دروست بکات بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و خانه‌قین یاخود پاره‌ى نه‌وت بچێته‌ هه‌موو ماڵێک و لایه‌نێک رێگرى لێبکات ،بۆیه‌ کێشه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چه‌ندى به‌رده‌که‌وێ وه‌ چه‌ندى ده‌ست ده‌که‌وێ ، بینیمان هه‌ندێ له‌حزب که‌ ئۆپۆزسیۆن بوو کاتێ چووه‌ ناو حکومه‌ته‌وه‌ بێده‌نگ بوو ، بۆیه‌ قه‌یرانه‌ سیاسیه‌که‌ جیاوه‌زه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌ سیاسیه‌که‌ ،به‌ڵام قه‌یرانه‌ داراییه‌که‌ یارمه‌تى ئه‌وه‌ ده‌دات که‌قه‌یرانه‌ سیاسیه‌کان قوڵتر ببنه‌وه‌ بۆیه‌ که‌قه‌یرانه‌ دارییه‌که‌ هه‌بوو لایه‌نگرى قه‌یرانه‌ سیاسیه‌که‌ زیاتر ده‌بێت .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئایا چاره‌سه‌رى کێشه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان چۆن ده‌کرێ   ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : له‌راستیدا نزیکه‌ى 3 ساڵه‌ په‌رله‌مان نیه‌ و کاره‌کان ده‌ڕوات پێموایه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تیش نه‌بێت کاره‌کان هه‌ر ئه‌ڕوات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حزب کاره‌کان به‌رێوه‌ ده‌بات ، له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌رله‌مان تا مانکى 9 له‌پشودایه‌ له‌دواى ئه‌وه‌ش ماوه‌یه‌کى که‌مى له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ ،بۆیه‌ له‌ماوه‌ى 4 ساڵى رابردوو په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌ت بکات به‌خه‌ڵکى کوردستان باشترین چاره‌سه‌ر بۆکۆتایى کێشه‌کان که‌ماوه‌ى 3 ساڵه‌ نه‌گه‌یشتوینه‌ ئه‌نجام بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجام بدرێ که‌ئوه‌ش کرا هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى هه‌رێم ده‌کرێ  ،واته‌ نه‌سه‌رۆک و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ده‌مێنن وه‌نه‌حکومه‌ت و سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى هه‌رێم ده‌مێنێ واته‌ هه‌مووى نوێ ده‌بێته‌وه‌و له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست پێده‌که‌ینه‌وه‌ بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ کێشه‌کان بگه‌رێننه‌وه‌ بۆ لاى خه‌ڵکى کوردستان و له‌سه‌ر سندوقى ده‌نگدان یه‌کلایى بکه‌نه‌وه‌ و په‌رله‌مان و سه‌رۆکى نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێ و له‌سه‌ر بنه‌ماى نوێ ده‌ستبه‌کار ده‌کرێته‌وه‌ ، له‌کاتێکدا زۆرێک له‌لایه‌نه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ دوو ساڵى تر نوێ بکه‌نه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان وسه‌رۆکى هه‌رێم  به‌هه‌مان ئه‌وه‌ى که‌له‌ئێستادا هه‌یه‌ ،بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ده‌ست 4 ساڵى رابردوه‌وه‌ گیرمانخواردووه‌ ئێستا ئه‌یانه‌وێ درێژى بکه‌نه‌وه‌ ،بۆیه‌ ئه‌بێت خه‌ڵکى کوردستان رازى نه‌بێت به‌درێژکردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان و داوابکه‌ن له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێ ، بۆیه‌ من وه‌ک خۆم به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم هه‌ڵبژاردن بۆ یه‌ک رۆژ دوابخرێ بۆیه‌ باشتره‌ میلله‌ته‌که‌مان ئه‌وه‌ قوبڵ نه‌کات  .


به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : من پێموایه‌ راپرسى هى خه‌ڵکى کوردستانه‌ و پێویسته‌ خه‌ڵک ده‌نگ بۆڕاى خۆى بدات ئه‌گه‌ر کرا ،چونکه‌ هه‌ندێ له‌وڵاتان ئه‌ڵێن ئێستا وه‌ختى نیه‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ختى نیه‌ بارۆژێکمان بۆدیارى بکه‌ن ئه‌گه‌ر ساڵێکى تریش بێت به‌ڵام کاته‌که‌ى دیارى بکه‌ن من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام بادوابخرێ به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا بڵێ له‌و به‌رواره‌ى ساڵێکى تر  ریفراندۆم بکه‌ن،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دیارناکرێ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێ ،بۆیه‌ به‌هه‌موومان و خه‌ڵکى کوردستان بتوانین ریفراندۆم بکه‌ین وه‌ره‌قه‌یه‌کى به‌هێز بێت به‌رامبه‌ر به‌غداو به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌ک بۆیه‌ قه‌ناعه‌تم وایه‌ به‌رێژه‌ 85% که‌متر نابێت ، وه‌هیوادارم خه‌ڵکى کوردستان ریفراندۆم تێکه‌ڵ به‌ شته‌ حزبیه‌کان نه‌کات ،بۆیه‌ زۆرجار ئه‌یبیستم که‌ بۆ به‌یه‌ک رۆژ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و ریفراندۆم نه‌کرێ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم چونکه‌ راپرسى پرسێکى نه‌ته‌وه‌ى ونیشتمانیه‌ به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌کان تایبه‌ته‌ به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و بۆ تێکه‌ڵى کارى حزبى بکرێ له‌و رۆژه‌دا خه‌ڵک ده‌نگ ئه‌دات به‌ حزبه‌که‌ى خۆى و له‌وانه‌یه‌ ده‌نگ به‌ریفراندۆم هه‌رنه‌دات ،له‌به‌رئه‌وه‌ یه‌ک رۆژى به‌سه‌ نه‌زۆرى تێده‌چێ نه‌زۆرى پێده‌چێ ،بۆیه‌ هیوادارم خه‌ڵکى کوردستان بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان و خه‌ڵک ئازاده‌ ده‌نگ به‌سه‌ربه‌خۆى یان مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ده‌دات 

جه‌ماوه‌رنیوز : ئایا ریفراندۆم ده‌بێته‌ هۆى به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى گه‌لى کورد ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : ریفراندۆم له‌قه‌باره‌ى خۆى زیاتر گه‌وره‌کراوه‌  راپرسى هه‌ر پرۆسه‌یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌ که‌راى ئه‌و که‌سانه‌ وه‌رده‌گیرێ که‌په‌یوه‌ستن به‌و پرسه‌وه‌ بۆنمونه‌ هه‌ڵبژاردنى موختارێک له‌گه‌ره‌کێک پێویسته‌ راى خه‌ڵکى ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ وه‌ربگیرێت هه‌ربۆیه‌ له‌گوندێکه‌وه‌ ده‌ستپێبکه‌ تا ده‌گاته‌ شارو ناوچه‌و چه‌ند پارێزگایه‌ک و هه‌رێمێک ، راپرسى له‌سکۆتله‌ندا کرا به‌ڵام رازى نه‌بون له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا جیاببنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدا خه‌ڵکى سوکتله‌ندجا نه‌ئه‌نفال کراون نه‌زینده‌به‌چاڵ کراون نه‌وه‌ک هاوڵاتى پله‌ دوو یان پله‌ سێ سه‌یر ده‌کرێن بۆیه‌ خه‌ڵکه‌که‌ رازینه‌بون به‌جیابونه‌وه‌ ، یۆنان راپرسى کرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌یه‌کێتى ئه‌وروپا بکشێته‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایى به‌ڵام شه‌وێک پێش ئه‌نجامدانى پرۆسه‌که‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتى ئه‌وروپاوه‌ هاوکارى ئه‌و وڵاته‌ کراو 80 ملیار دۆلاریان خسته‌ بانکه‌کانیانه‌وکۆتایى به‌کێشه‌ى دارایى هات بۆیه‌ له‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا ده‌رنه‌چوون ،به‌ریتانیا ریفراندۆمى کرد له‌یه‌کێتى ئه‌وروپا ده‌رچوون ، حزبه‌کان چوار ساڵێک کۆنگره‌ ده‌به‌ستێ هاوشێوه‌ى ریفراندۆمه‌ که‌بریار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى سکرتێرى و سه‌رکردایه‌تى ده‌دات ،به‌ڵام ناوه‌که‌ى له‌فۆرمێکى تردا یه‌ .

بۆیه‌ ئه‌م ریفراندۆمه‌ قه‌باره‌یه‌کى گه‌وره‌یان پێدا ، ئێمه‌ میلله‌تێکین خاک و زمان و کلتورو دابونه‌ریت و مێژوو جوگرافیمان جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا ،که‌ئێمه‌ جیاواز بین مافى خۆمانه‌ که‌ داواى مافه‌کانمان بکه‌ین ،له‌قورئاندا نه‌هاتووه‌ که‌کورد هه‌تاماوه‌ ئه‌بێت ژێر ده‌سته‌ى عه‌ره‌ب بێت له‌م ووڵاته‌ ، عه‌ره‌ب بۆمافى هه‌یه‌ 22 ده‌وڵه‌تى هه‌بێت کورد مافى نیه‌ یه‌ک ده‌وڵه‌تى هه‌بێت بۆیه‌ مافى خۆته‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌ به‌ئازادى بژیت و ده‌وڵه‌تت هه‌بێت و خۆت چاره‌نوسى خۆت دیاری بکه‌یت ئه‌مه‌ش مافى خۆمانه‌ .

عێراقیش ئه‌و عێراقه‌ نیه‌ که‌پشتى پێ ببه‌سترێ  که‌له‌سه‌ره‌تادا خۆى شتێ نه‌بووه‌ به‌ناوى عێراقه‌وه‌ به‌ڵکو سێ ولایه‌ت هه‌بووه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى عوسمانى ،ولایه‌تى به‌صره‌ شیعه‌ به‌رێوه‌ى بردووه‌ ولایه‌تى به‌غدا سونه‌ به‌رێوه‌ى بردووه‌ ولایه‌تى موسڵ کورد به‌رێوه‌ى بردووه‌ که‌خۆى له‌بنه‌ره‌تدا ولایه‌تى شاره‌زوور بووه‌ و پایته‌خته‌که‌ى که‌رکوک بووه‌ ،به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناه‌وه‌که‌ نزیک بووه‌ له‌ دێره‌سوره‌ که‌ئه‌و نوسراوانه‌ى له‌ ئه‌سته‌موبوڵه‌وه‌ له‌دیوانى سوڵتانه‌وه‌ هاتووه‌ لێیان تێکه‌ڵ بووه‌ بۆیه‌ گۆراوه‌ به‌ولایه‌تى موسڵ  .ئه‌م ولایه‌ته‌ کورد به‌رێوه‌ى بردووه‌ تاشه‌رى یه‌که‌مى جیهانى تا په‌یمانى سایکس بیکۆ له‌نێوان فه‌رنساو به‌ریتانیاو روسیا  بۆ دابه‌شکردنى وڵاتان بوو دواتر روسیا کشایه‌وه‌ له‌په‌یمانه‌که‌ بۆیه‌ فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا له‌نێوان خۆیان ناوچه‌که‌یان دابه‌ش کرد ،هه‌رچه‌نده‌شه‌ڕ وه‌ستابوو به‌ڵام له‌به‌ر خاترى نه‌وتى که‌رکوک به‌ریتانیا ولایه‌تى موسڵ داگیر بکه‌ن ،دواتر عێراقیان دروست کرد له‌ساڵى 1921 عێراقیه‌کان رازى نه‌بوون و رینه‌که‌وتن له‌سه‌ر که‌سێک بۆ سه‌رۆک بۆیه‌ له‌ ئوردنه‌وه‌ مه‌لیکێکیان هێنا هه‌موو عێراق رازى بوون ،به‌ڵام کورد به‌تایبه‌تى خه‌ڵکى سلێمانى و کۆیه‌ رازى نه‌بوون که‌بچنه‌ پاڵ عێراق له‌سه‌ر ده‌ستى شێخ مه‌حمودى نه‌مر ،له‌ساڵى 1930 ه‌ رۆژى ره‌شى شه‌شى ئه‌لولى به‌رده‌رکى سه‌را ئه‌و رۆژه‌ بوو که‌خه‌ڵکى سلێمانى ئاماده‌نه‌بوون ده‌نگ بده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى عێراق و هه‌ربۆیه‌ کوشتارگایان دروستکرد وزۆریان کوشت واته‌ کورد ئه‌وکاته‌ش رازى نه‌بووه‌ بچێته‌ پاڵ عێراق و داواى سه‌ربه‌خۆییان ده‌کرد ،به‌ڵام به‌ناچارى به‌زۆر لکاندیان به‌عێراقه‌وه‌ .

دواتر مه‌رج دانرا بۆ ولایه‌تى موسڵ ئه‌گه‌ر کێشه‌ى کورد له‌عێراق چاره‌سه‌ر نه‌کرا ئه‌و کورد بۆى هه‌یه‌ داواى سه‌ربه‌خۆى بکات ،له‌حکومى 1921 تا 1957 حکومه‌تى مه‌لیکى یه‌ک له‌دواى یه‌یکه‌کانى عێراق نه‌ک چاره‌سه‌رى کێشه‌ى کوردیان نه‌کرد به‌ڵکو وه‌ک هاوڵاتى پله‌ دوو سێ سه‌یرى کوردیان ده‌کر دواتریش که‌بوو به‌کۆمارى هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق هه‌موویان دژى کوردبوون که‌چه‌ندین وێرانکارى و کوشتن و ئه‌نفال و زنده‌به‌چال و کیمایى به‌رامبه‌ر کورد کرا ، به‌ڵام کورد به‌رده‌وام له‌خه‌بات و تێکۆشان بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌موو چه‌کێکى له‌سه‌ر تاقیکرایه‌وه‌ ، تائه‌و کاته‌ى عێراق په‌لامارى وڵاتى کوێتى داو هه‌ربۆیه‌ ده‌رفه‌تیکى باش بوو بۆ ئه‌مه‌ریکا به‌ڵام کورد توانى سود له‌ ده‌رفه‌ته‌ وه‌ربگیرێت و راپه‌رین بکات ، دواتریش بریاردرا له‌ساڵى 2003 که‌ حکومه‌تى به‌عس له‌ناو برێت بۆیه‌ تورکیا رێگاى نه‌دا ئه‌مه‌ریکا له‌وڵاته‌که‌یه‌وه‌ بێت بۆ لێدانى عێراق به‌ڵام کورد رێگاى پێداو بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌ک دروست بێت به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستێکى زۆر لاواز بوو ،دواتریش عێراق ئازاد کرا به‌ڵام دووباره‌ عێراقیه‌کان به‌سه‌رکرده‌ى خۆیان رازى نه‌بوون تائه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا بریمه‌رى هێناو کردیه‌ سه‌رۆکى عێراق بۆماوه‌یه‌کى کاتى و پاشان ده‌ستورى عێراق نوسرایه‌وه‌ که‌کوردیش تیایدا به‌شداربوو ،له‌ماوه‌ى رابردودا سونه‌ له‌سه‌ر حکوم بوو به‌ڵام له‌دواى ئه‌و ماوه‌یه‌وه‌ شیعه‌ هاته‌ سه‌رحوکم وتمان عێراقێکى نوێیه‌ پێکه‌وه‌ ئه‌توانین بژین و کاربکه‌ین ،به‌ڵام ئه‌وان له‌دواى ماوه‌یه‌کى که‌م له‌به‌ڵینه‌کانیان په‌شیمان بوونه‌وه‌ و هه‌ره‌شه‌ى هجومى سه‌ربازى بۆسه‌ر خانه‌قین کرا و چه‌ندین هه‌ره‌شه‌ى تر به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانیان بڕى ، بۆیه‌ نه‌تواندرا باڵانسه‌که‌ رابگیرێ تابووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى داعش هاته‌ ناوچه‌که‌ ئه‌مانه‌ یه‌ک به‌دواى یه‌کدا هاتن ، واته‌ ئێمه‌ له‌حوکمى 80 ساڵى سونه‌وه‌  11 ساڵى شیعه‌ هه‌ربه‌شمان کوشتن و بڕین بووه‌، بۆیه‌ حکومه‌تى عێراقى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕى سوپا مابوو که‌هاوبه‌ش بێت به‌ڵام دواى هاتنى داعش ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ نه‌ما و چه‌کانیان که‌وته‌ به‌رده‌ستى داعش و په‌لامارى کوردستانیدا و شه‌ڕى خوێناوى دروست بوو ،به‌شێوه‌یه‌ک داعش ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند خه‌ریک بوو بگاته‌ به‌غدا ،کورد توانى به‌رگرى بکات له‌زه‌مینیه‌وه‌ توانرا به‌هاوکارى هاوپه‌یمانان داعش له‌ناوبرا ،به‌ڵام عێراق له‌وکاته‌دا هات بودجه‌ى کوردستانى بڕى  به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ توانى به‌رگرى به‌هێز بکات و روبه‌روى داعش بێته‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان و له‌کوبانى و 40% ى خاکىعێراق له‌ده‌ستیان وه‌رگرێته‌وه‌ ، ئه‌مانه‌ هه‌مووى قوناغى یه‌ک له‌دواى یه‌کدا بوون و تێپه‌رین ،له‌کاتیکدا 28 وڵات مه‌شق به‌پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن  و سه‌رکى وڵاتانى دونیا هاتنه‌ کوردستان و به‌ره‌کانیان به‌سه‌ر کرده‌وه‌ ،تائێستا سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق یاخود وه‌زیرى به‌رگرى یان وه‌زیریکى عێراق نه‌هاتنه‌ به‌ره‌کانى شه‌ڕ و پیرۆزبایى له‌پێشمه‌رگه‌ بکات له‌و هه‌موو سه‌رکه‌وتنانه‌ى به‌ده‌ستى هێناوه‌ یاخود یارمه‌تى پێشمه‌رگه‌ بدات و یارمه‌تى خه‌ڵکى کوردستان بدات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانیان به‌مه‌ترسى ئه‌زانى له‌سه‌ر خۆیان ،هه‌ندێ شوێن هه‌بوو حه‌زیان ئه‌کرد داعش بیگرێ به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ئازادى نه‌کات .

جه‌ماوه‌رنیوز : له‌ئێستادا په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا له‌چ ئاستێکدایه‌ ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : له‌ئستاداپه‌یوه‌ندیه‌کى ئه‌وتۆ له‌نێوان عێراق و هه‌رێمى کوردستاندا نه‌ماوه‌ ،عێراقیه‌کان هه‌وڵیانداوه‌ کورد دروبخه‌نه‌وه‌ له‌ خۆیان و کورد ده‌ربکه‌ن له‌عێراق ، کاتێ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕى واته‌ ئه‌م میلله‌ته‌ى ناوێ ،که‌هیچ بڕیارێکى ئیدارى له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم نه‌هات واته‌ ئه‌و میلله‌ته‌ت ده‌رکردووه‌ ،له‌کاتێکدا کورد به‌حه‌قى خۆى ده‌نگى هێناوه‌ و حه‌وت وه‌زیرى له‌به‌غدا هه‌بووه‌ و سه‌رۆک کۆمارى هه‌بووه‌ و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌بووه‌ سه‌رۆکى ئه‌رکانى سوپاى هه‌بووه‌ هه‌مووى ده‌رکراون ئێستا دوو وه‌زیر له‌به‌غدا ماون ، ئه‌وه‌ى که‌به‌هاوبه‌شى هه‌بووه‌ سوپابوو له‌ئێستادا سوپا هه‌ڵوه‌شاوه‌ ،حشدى شه‌عبى هى شیعه‌یه‌ ،پێشمه‌رگه‌ هى کورده‌ ،حه‌ره‌سى وه‌ته‌نى هى سونه‌یه‌ ،واته‌ هیچ په‌وه‌ندیه‌کى ئه‌وتۆمله‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا نه‌ماوه‌ له‌روى سیاسى و ئیدارى و سه‌ربازى ، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌کانیش نه‌ماوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌برى یه‌ک گومرگ چه‌ندین گومرگ دانراوه‌ له‌لایه‌ن حشدى شه‌عبیه‌وه‌ و حکومه‌تى عێراقشیه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ک وڵات بێت ئه‌بێت کاتێ له‌باشماخ و حاجى هۆمه‌ران و په‌روێزخانه‌وه‌ تاده‌گاته‌ به‌سره‌ یه‌ک جار گومرگ بکرێ ، که‌گومرگى ئه‌کاته‌وه‌ واته‌ وڵاتێکى تره‌ ،واته‌ ئه‌و هاتووه‌ کورد له‌خۆى جیاده‌کاته‌وه‌ بۆیه‌ هه‌موو شته‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕاوه‌ .

ئێمه‌ چه‌ندین وه‌فدمان نارده‌ به‌غدا و کۆبوینه‌وه‌و هه‌وڵماندا له‌گه‌ڵیاندا به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێکى ئه‌رێنی و باشیان نه‌بوو له‌ئه‌نجامى ئه‌مانه‌شدا توشى شه‌ڕێکى داعش بویت که‌واته‌ چى بکه‌یت باشه‌ ؟ ته‌نها چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆلاى میلله‌ته‌که‌ى خۆت و راى میلله‌تکه‌ى خۆت وه‌ربگریت ،به‌خه‌ڵکى کوردستان بڵێى به‌م شێوه‌ى به‌غدا مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌کات له‌گه‌ڵى بین یاخود خۆمان بڕیارى خۆمان بده‌ین و سه‌ربه‌خۆ بین ،ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵى بین ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌روا به‌رده‌وام ئه‌بێت و هه‌تاهه‌تایه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌بێت ،ئه‌گه‌ر بڕیارى جیابونه‌وه‌ بده‌ین ره‌نگه‌ ماوه‌یه‌کى که‌م قورس بێت و فشارمان له‌سه‌ر بێت به‌ڵام دواتر وڵاتان په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ئه‌به‌ستن له‌کاتێکدا نه‌وت و غازو سه‌رچاوه‌ى سروشتیت هه‌یه‌  بۆیه‌ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌کات ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدابین ئه‌وا وڵاتان له‌گه‌ڵ به‌غدا مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن به‌ڵام له‌بامه‌ڕنى نه‌وت ئه‌بات له‌پێنجوێن به‌ردى ئاسن ئه‌بات ،واته‌ خاوه‌نى سیاده‌و بڕیارى خۆت نیت ،هه‌روه‌ک ئه‌زانین ئێستا عێراق بیه‌وێ ناهێڵێ هیچ فرۆکه‌یه‌ک له‌کوردستان هه‌ڵبسێ بۆیه‌ هیچ رێگه‌ چاره‌یه‌کى بۆ نه‌هێشتویته‌وه‌و بۆیه‌ په‌نا ئه‌به‌یت بۆ ریفراندۆم و گه‌رانه‌وه‌ بۆراى خه‌ڵکى کوردستان .هه‌رحزبه‌و به‌ناوى میلله‌ته‌وه‌ قسه‌ ئه‌کات ،بۆیه‌ ریفراندۆم ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بێت خه‌ڵک خۆى بریار ئه‌دات نه‌ک حزب له‌برى ئه‌و بڕیار بدات ،بۆیه‌ مه‌رج نیه‌ له‌دواى ریفراندۆم ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌نى به‌ڵکو له‌گه‌ڵ به‌غدا داده‌نیشى و گفتوگۆ ده‌که‌یت ، ئێمه‌ پێمان وایه‌ 80 ساڵى سوننه‌ 11 ساڵى شیعه‌ کۆتایى هات ،بۆیه‌ نابێ بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ پێش شه‌ڕى داعش ، ئه‌بێت له‌سه‌ر سیغه‌یه‌کى نوێ جارێکى تر لگه‌ڵ عێراقدا قسه‌ بکه‌ینه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر عێراق بیه‌وێت چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکات با بێن له‌سه‌ر کۆنفیدراڵی رێبکه‌وین ، ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌مانه‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکه‌ین و کێشه‌ى میلله‌ته‌که‌مان یه‌کلایى بکه‌ینه‌وه‌ ،ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بێت به‌ مه‌لیکى و کۆمارى و سوننه‌و شیعه‌وه‌ تا 100 ساڵى تریش هه‌روا مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆت بریار به‌یت برسیت ئه‌بێت ناخۆشى ئه‌بێت ئه‌وه‌ خۆت بڕیارى خۆتت یاوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وڵاتێکى ده‌وڵه‌مه‌ندى و نه‌وت و غازو سه‌رچاوه‌ى سروشتیت هه‌یه‌ هه‌موو دونیا مه‌منونه‌ له‌گه‌ڵتا رێبکه‌وێت .

جماوه‌رنیوز : ئایا حشدى شه‌عبى له‌عێراق هێزێکى یاساییه‌ و نابێته‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر نه‌ته‌وه‌کانى ترى عێراق  ؟

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : له‌دواى شکست و نه‌مانى سوپاى عێراق  و داعش نزیکبوه‌وه‌ له‌ئه‌بو غرێب و مه‌ترسى که‌وته‌ سه‌ر به‌غدا به‌فه‌تواى مه‌رجه‌عیه‌ت له‌لایه‌ن به‌رێز ئایه‌توڵا سیستانى بڕیایدا خشدى شه‌عبى دابمه‌زرێ  واته‌ هه‌موو تاکێک واجبه‌ بچێت بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و شه‌ڕ کردن ، حشدى شه‌عبى بوه‌ته‌ هێزێکى گه‌وره‌ و ته‌نها یه‌ک هێز نیه‌ به‌ڵکو نزیکه‌ى 30 هێزى سه‌ربه‌لایه‌نه‌ جیاوازه‌کانه‌ به‌ڵام هه‌مویان له‌یه‌ک چوارچێوه‌دان له‌کاتێکدا پێشمه‌رگه‌ ده‌یان ساڵه‌ هه‌یه‌ ئاماده‌نه‌بون له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى پێبده‌ن به‌ڵام حه‌شدى شه‌عبى له‌گه‌ڵ ئه‌و تازه‌ییه‌ى له‌په‌رماندا کرابه‌یاسایى و بڕیارى له‌سه‌ر درا و ئێستا هێزێکى یاساییه‌ و بودجه‌ى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌ و چه‌ک و پێداویستى سه‌ربازى باشى له‌به‌رده‌ستدایه‌ و مافیان پارێزراوه‌  له‌روى شه‌هیدبون و برینداربونیان هه‌موشتێکیان به‌ یاسا رێکخراوه‌ ،بۆیه‌ ئێستا کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێ فراوانتر بکرێ به‌بڕواى من حشدى شه‌عبى ده‌بێته‌ بنه‌ماى سوپاى ئاینده‌ى عێراق ،واته‌ ده‌بێته‌ فلته‌رێک بۆ سوپاى عێراق تا حشدى شه‌عبى ره‌زامه‌ندى نه‌بێت له‌سه‌رى ناچێته‌ نێو سوپاوه‌ ،بۆیه‌ داوایان کردووه‌ هێزى ئاسمانى و ده‌ریایى دروست بکه‌ن ،ئه‌مه‌ خۆى له‌خۆیدا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ که‌ئه‌بێته‌ سوپاى عێراق .

بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وانیه‌ حشدى شه‌عبى بۆ ئه‌وه‌بێت شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کورد بکات ،چونکه‌ ئه‌وان بۆ شه‌ڕى داعش دروست بوون له‌بنه‌ره‌تدا ،وه‌کوردیش باوه‌رناکه‌م که‌بڕیارێکى هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ودا شه‌ربکات ، به‌ڵام ئاراسته‌ى حزبه‌کان چۆنه‌ ئه‌وه‌ شتێکى تره‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر شیعه‌ وابیربکاته‌وه‌ که‌کورد له‌عێراق نه‌مێنێ  ئه‌وان بمێنن ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ،چونکه‌ به‌ماوه‌یه‌کى که‌م  هه‌رچى سوننه‌ى جیهانه‌ له‌سه‌ریان کۆببنه‌وه‌ ره‌نگه‌ ده‌ریان بکه‌ن ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر شیعه‌ش له‌عێراقدا بشکێت ره‌نگه‌ کوردیش توشى کێشه‌ بێت له‌عێراقدا بۆیه‌ ئه‌ودوو هێزه‌ پێویستیان به‌هاوکارى هه‌یه‌ پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌پێکه‌وه‌ رێکه‌ون و بتوانن هه‌ندێ له‌کێشه‌کانى عێراق چاره‌سه‌ر بکه‌ن ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر دژى یه‌ک بن ناتوانن به‌ڵکو ئه‌م داعشه‌ش نبێت داعشیکى تر دروست ده‌بێت .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئایا به‌گرتنه‌وه‌ى موسڵ داعش کۆتایى دێت ؟
 
به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : داعش رێکخراوێکى تیرۆرستیه‌ رێکخراوێکه‌ هه‌موو به‌هاکانى مرۆڤایه‌تى به‌زاندووه‌ ، له‌مێژودا که‌مجار هاوشێوه‌ى ئه‌وان هه‌بوبێت ،نه‌مانى داعش سه‌رکه‌وتنى میلله‌تى کورد و وڵاته‌که‌مان و هه‌موو خه‌ڵکى دونیایه‌ ،به‌ڵام داعش کۆتایى نایه‌ت چونکه‌ ته‌یارێک یاخود گروپێک یان خه‌ڵکێکى قینه‌له‌دڵى شیسلامى توند ره‌ون له‌ناو عه‌ره‌بدا دژى کوردن دژى مرۆڤایه‌تی و هه‌مو شتێکن هه‌ندێجار دژى خۆشیانن ئه‌مانه‌ له‌کۆنه‌وه‌ دژى کوردن له‌سه‌رده‌مى شه‌سته‌کانداو عه‌بدوسه‌لام عارف ناویان حه‌ره‌سى قه‌ومى بوو هه‌موشتێکیان بۆخۆیان حه‌ڵاڵ کردبوو ،دوایى بوبه‌ حه‌ره‌س جمهورى دواتر بوون به‌ فیدایى سه‌دام دواى ئه‌ویش بون به‌قاعده‌ دواتر ناوه‌که‌ گۆرا بون به‌جه‌بهه‌ت نسره‌ دواتر بووه‌ به‌ بیلاد شام و جه‌یشى شام ،له‌لایه‌کى تره‌وه‌ جۆرێکىتر ناوى خۆیان نا سه‌حوه‌ هه‌ر سه‌ر به‌و ته‌یاره‌بوون وه‌هه‌موو داعش سونه‌یه‌ له‌جیهاندا به‌ڵام هه‌موو سونه‌ داعش نیه‌ ،به‌ڵام قه‌ناعه‌تى له‌گه‌ڵیایه‌تى ، وه‌ له‌نێوان هه‌ڵبژاردنى داعش و ئه‌لقاعده‌ جیاوزیان هه‌یه‌ هه‌ربۆیه‌ داعش ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ى هه‌ڵبژارد که‌هه‌رکه‌سێک نوێژبکات دژى نه‌بێت ،له‌سه‌ره‌تادا کاریگه‌ریان له‌سه‌ر خه‌ڵکى کوردستانیش هه‌بوو پێشمه‌رگه‌ هه‌بوو ئه‌یوت باوکم ووتیه‌تى ته‌قه‌یان لێ مه‌که‌ ئه‌وانه‌ موسڵمانن به‌ڵام دواى ده‌رکه‌وتنى کاره‌ قێزه‌ونه‌کان و دور له‌مرۆڤایه‌تیه‌کان  و بردنى ژن وکچى یه‌زیدى  که‌س دژیان نه‌بوو ،واته‌ ناوێکیان هه‌ڵبژارد که‌که‌س دژیان نه‌بێت که‌هه‌موو عه‌ره‌ب یارمه‌تیان بدات و خه‌ڵک هاوکاریان بکات بۆیه‌ سودیان له‌ناوه‌که‌ بینى ، بۆیه‌ سونه‌ ته‌واو نابێ کاتێ سونه‌ش ته‌واو نه‌بێ ئه‌و فکره‌ ره‌گه‌زپه‌رستیه‌ شۆڤێنیه‌ توندره‌وه‌ ئیسلامیه‌ هه‌ربه‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ناوه‌کان بگۆڕدرێ ،دورنیه‌ سبه‌ینێ هه‌ر که‌مه‌به‌سته‌ سیاسیه‌کان جێ به‌جێ کران هه‌رئه‌و داعشانه‌ى ئێستا له‌حه‌ویجه‌ و مه‌نسورو شوێنه‌کانى ترن عێراق به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌رکات و بڵێت ئه‌مانه‌ حه‌ره‌س وه‌ته‌نین هه‌مان که‌سه‌کان و چه‌که‌کان له‌گه‌ڵ سوپاى عێراقى رێکیان بخه‌نه‌وه‌،بۆیه‌ کورد ئه‌بێت هه‌میشه‌ ئاماده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ و کۆتایى نایه‌ت .


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌جوگرافیاى قه‌یرانى به‌هاکاندا کارێکى ناوازه‌یه‌
ئایا به‌به‌شدارى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان په‌رله‌مانى کوردستان کاراده‌کرێته‌وه‌
چه‌مکى ئاشتى لاى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group