راگه‌یه‌نراوی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

3/31/2014 6:40:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر 11 سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی دووشه‌مه‌ 31-3-2014 ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان به‌ سه‌ر په‌رشتی به‌رێز محمدی حاجی محمود، له‌ باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی له‌ شاری سلێمانی کۆبووه‌وه‌. 

سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ چه‌ند ساتێک وه‌ستان بۆ گیانی شه‌هیدانی کوردستان ده‌ستی پێ کرد، دواتر به‌رنامه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ لایه‌ن به‌رێز محمدی حاجی محمود خرایه‌ ڕوو، له‌ ده‌ستپێکی کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماژه‌ی به‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی عێراق و کوردستان و دواین گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه‌که‌ کرد و له‌ باره‌ی ره‌وشی هه‌رێمی کوردستان و قه‌یرانی له‌گه‌ل به‌غداد به‌ڕێزیان ته‌ئکیدی له‌ یه‌ک ریزی گه‌لی کوردستان کرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ره‌ ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ی حکومه‌تی به‌غدا دژ به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌ستی پێ کردووه‌ به‌ بڕینی مووچه‌و قوتی هاوڵاتیان و به‌رگرتن له‌ سوودمه‌ندبوونى گه‌لى کوردستان له‌ سامان و به‌رهه‌مى کوردستان و دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ هه‌مووان پێکه‌وه‌ رووبه‌رووی ئه‌و سیاسه‌ته‌ نه‌خوازراوه‌ی به‌غدا بینه‌وه‌و ته‌ئکیدی له‌ یه‌کڕیزی نێو ماڵی کورد کرده‌وه‌ که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ توانی خۆراگری و پشوو درێژی خۆی بسه‌لمێنێت به‌رامبه‌ر به‌و سیاسه‌تانه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌ک هه‌ڵوێستی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا کرده‌وه‌، دواکه‌وتنی دامه‌زراندنی حکوموتی هه‌رێم له‌دوای 6مانگ ونه‌بونی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان هێزه‌ سیاسیه‌کانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌رپرسیارن له‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری ده‌نگ ده‌ری کوردستاندا، له‌ به‌شێکی تری وته‌کانیدا تیشکی خسته‌ سه‌ر پرسی کورد له‌ ناوچه‌که‌و په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنه‌کانی ره‌وشی کورد له‌ رۆژئاواو جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی یه‌کریزی و پێکه‌وه‌ کار کردنی سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌کان کرده‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانى مافه‌کانى گه‌له‌که‌مان له‌ رۆژئاواو له‌ چوارچێوه‌ى ستراتیژێکى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى پێکه‌وه‌یی کارکردنی هه‌مووهێزه‌سیاسیه‌کان خزمه‌تێکی زیاتر ئه‌کات به‌دۆسی کورد له‌رۆژئاوا حزبی سۆسیالیست بشیوانی له‌مافی ره‌وای نه‌ته‌وه‌که‌ی ئه‌کات له‌یه‌ک هه‌ڵوێستی کورد بۆسه‌رکه‌وتنی و سه‌باره‌ت به‌پرسی کورد له‌ باکوور به‌ڕێز محمدی حاجی محمود به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌و قۆناغه‌ کرد که‌ خه‌باتى ڕزگارى و دیموکراسی له‌و به‌شه‌ى کوردستان پێی گه‌یشتووه‌و پشتیوانی بۆ چاره‌سه‌ری دۆزی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ شێوازێکی ئاشتیانه‌ له‌ باکوور دووپات کرده‌وه‌.وهه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانیه‌کانی تورکیاوسه‌رکه‌وتنی به‌ر چاوی کورد له‌وهه‌ڵبژارنه‌دا وحزبی دادوگشه‌ ئومێدی هه‌نگاوی باشتروزه‌مینه‌ خۆشبکات بۆ ئاشتی دیموکراتی له‌ تورکیادا.

 له‌ به‌شێکی تری کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دا، به‌ گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان کراو ته‌ئکید له‌ سه‌ر به‌شداری کارای حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌ردوو پرۆسه‌که‌دا کرایه‌وه‌و به‌دوو هه‌ڵبژاردنی گرنگ وه‌سف کرا له‌ سه‌ر ئاستی عێراق که‌ سه‌نگ و قه‌واره‌ی کورد بۆ چوار ساڵی داهاتوو له‌ به‌غدا دیاری ده‌کات و له‌ سه‌ر ئاستی پارێزگاکانیش هه‌لێکی تر ده‌بێت بۆ زیاتر خزمه‌تکردنی جه‌ماوه‌ری کوردستان و پارێزگاو شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌و خزمه‌تگوزاری بۆ جه‌ماوه‌ری کوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردندا له‌ چوارچێوه‌ی لیستی ( هاوپه‌یمانی نیشتیمانی کوردستانی ) له‌ گه‌ڵ هه‌ردوو حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، بۆپارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان و که‌رکوک، به‌شداری پرۆسه‌که‌ ده‌کات. هه‌روه‌ک جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیدانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌ناوه‌و  ده‌ره‌وه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌ن و هێزه‌ سیاسیه‌کان کرایه‌وه‌و جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزکردنی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ کرایه‌وه‌.

 له‌ ته‌وه‌رێکی تری کۆبوونه‌وه‌که‌دا، ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی گفتوگۆی له‌سه‌ر کارو چالاکی مه‌کته‌ب و ناوه‌ندو ده‌زگاکانی حزب کرد و له‌ باره‌ی پرسی پاپه‌ند نه‌بوونی چه‌ند ئه‌ندامێکی حزب به‌ په‌یڕه‌و و بڕیاره‌کانی حزبه‌وه‌، به‌ کۆی ده‌نگ بریاری ئیجرائاتی حزبیدا به‌پێی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌سه‌ندکراوی کۆنگره‌ی شه‌شه‌م و جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ند بوون به‌ په‌یڕه‌و بڕیارو راسپارده‌کانی حزب کرایه‌وه‌.

له‌ دوواین ته‌وه‌ری کۆبوونه‌وه‌که‌دا، ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان هیوای خواست هه‌ڵبژاردن و هه‌لمَه‌ته‌کانی راگه‌یاندن به‌ شێوازێکی هێمنانه‌ و دیموکراسی و مه‌ده‌نیانه‌ به‌رێوه‌ بچن و رووی گه‌شی گه‌له‌که‌مان به‌ دنیا پیشان بدات بۆ ئه‌وه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ند بوون به‌ سه‌رجه‌م یاساو ڕێساو بڕیاره‌کانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان کرده‌وه‌ و داوای له‌ سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵان و دۆست و جه‌ماوه‌ری حزب کرد که‌ به‌ جۆش و خرۆشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان و هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و له‌ و ماوه‌یه‌شدا هۆکاری هێمنی و ئارامی شار و ناوچه‌کانی کوردستان بن , وه‌ داواکارن له‌ کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان بێ لایه‌نانه‌ به‌ئه‌رک و کاره‌کانیان هه‌ڵسن بۆئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بریار له‌ سه‌ر ئاماده‌کاری پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌ دراو ئه‌رکی هه‌ڤاڵانی سه‌رکردایه‌تی له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا دیاری کرا و ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی هیوای خواست هه‌ردوو پرۆسه‌که‌ به‌سه‌رکه‌وتوویی بگاته‌ ئه‌نجام و ئاینده‌یه‌کی روون و گه‌شتر بۆ گه‌له‌که‌مان مسۆگه‌ر بکات.


 ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 
 31-3-2014


زۆرترین خوێندراو