به‌یاننامه‌ى لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى له‌یادى کاره‌ساتى ئه‌نفالدا

4/13/2014 12:29:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

لیتى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى له‌یادى کاره‌ساتى ئه‌نفالدا به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :

ئه‌نفال ناسنامه‌ى گه‌لێکى زوڵملێکراوه‌

له‌ 14/4ى هه‌موو ساڵێک گه‌لى کوردستان کاره‌ساتى به‌د‌ناوى ئه‌نفال وه‌ک رۆژێکى ره‌ش‌و شووم یادده‌کاته‌وه‌، ئه‌نفال ئه‌و پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌ دڕندانه‌یه‌، که‌رژێمى عیراقى گۆڕبه‌گۆێ‌ له‌هه‌ڵمه‌تێکى درندانه‌و نامرۆڤانه‌دا 182 هه‌زار مرۆڤى کوردیان راپێچى بیابانه‌کان کرد‌و پاشان به‌وپه‌ڕى هۆڤیانه‌ کوشتبڕى کردن، به‌وه‌ش هاوشێوه‌ى هۆلۆکۆست‌و تاوانه‌کانى  جیهان  تاوانێکى دژ به‌مرۆڤایه‌تیان له‌جیهاندا تۆمارکرد، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئه‌و تاوانه‌ له‌چه‌ندین ناوه‌ندى جیهانى وه‌ک جینۆساید ناسراوه‌، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ن‌و بکه‌رانى ئه‌نفال باجى ئه‌و تاوانه‌یان نه‌داوه‌و به‌ سزاى خۆیان نه‌گه‌یشتوون‌و که‌سوکارو ده‌ربازبووانى ئه‌و تاوانه‌ قه‌ره‌بوونه‌کراونه‌ته‌وه‌و ژیانێکى ئاسووده‌و ئارامیان بۆده‌ستبه‌ر نه‌کراوه، تاکو ئه‌مڕۆش له‌ناو ئێش‌و ئازاره‌کانى ئه‌و کاره‌ساته‌ ره‌ش‌و ناخۆشه‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنن‌. له‌ کاتێکدا یادى ئه‌ورۆژه‌ نه‌گریسه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ عیراق‌و کوردستان به‌کۆمه‌ڵێک کێشه‌و گرفتى ئاڵۆز تێده‌په‌ڕێ له‌لایه‌ک گرفتى نێوان هه‌رێم‌و عیراق ئاڵۆزتر ده‌بێت، به‌رپرسانى عیراق رۆژانه‌ هه‌ره‌شه‌ى خوێن‌و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ گه‌لى کورد ده‌که‌نه‌وه‌. له‌لایه‌کى دیکه‌ رۆژ دواى رۆژ ئه‌وه‌ى پێى ده‌گوترا عیراقى نوێى دروستبوو له‌سه‌ر پێکه‌وه‌ژیان‌و دیموکراسى ده‌بێته‌ دڕۆیه‌کى سیاسى گه‌وره‌.

جه‌ماوه‌رى کوردستان‌و که‌سوکارى سه‌ربڵندى ئه‌نفالکراوه‌کان
ئێمه‌ له‌ لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کورستانى که‌ لیستی( حزبى شیوعى کوردستان، حزبى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان، حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان)ه‌ بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران‌و پارێزگاکان، ‌وێراى ئه‌وه‌ى نه‌فره‌ت‌و رووره‌شى له‌تاوانباران‌و بکه‌ران‌و هاوکارانى پرۆسه‌ى ئه‌نفال ده‌که‌ین‌و داوا ده‌که‌ین به‌جدى ئه‌و پرسه‌ له‌هه‌موو سه‌کۆ نێوه‌خۆییو ده‌ره‌کیه‌کان‌ به‌جینۆساید بناسرێت‌و هاوشێوه‌ى هۆلۆکۆست‌و تاوانه‌کانى دیکه‌ى جینۆساید مامه‌له‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت‌و قه‌ره‌بووى ته‌واوى ده‌ربازبووان‌و که‌سوکارى ئه‌نفاڵکراوان بکرێته‌وه‌و‌ ژیانیان ئاسووده‌ ئارام بێت.

خه‌ڵکى خۆراگرى کوردستان 
 له‌کاتێکدا لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان‌و عیراق له‌ ناو هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنن بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق‌و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان، داوا له‌خه‌ڵکى کوردستان ده‌که‌ین به‌شدارى کاریگه‌ر له‌‌هه‌ڵبژاردن بکه‌ن،‌ تاکو له‌رێگاى سندوقه‌کانى ده‌نگدانه‌وه‌ مافى زیاتر بۆ گه‌له‌که‌مان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. ئیمه‌ له‌لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى وه‌ک چۆن له‌ماوه‌ى رابڕدوو داکۆکیکه‌رى راسته‌قینه‌ى هه‌موو دۆزه‌کانى گه‌له‌که‌مان بووین به‌ تایبه‌تیش ئه‌و کیشانه‌ى بوونه‌ته‌ پرسى نیشتمانی له‌ناویشیاندا تاوانى ئه‌نفال، به‌ڵێن ده‌ده‌ین به‌هه‌موو تواناکانمان له‌پێشه‌وه‌ى به‌رگریکردن بین له‌ هه‌موو مافه‌کان به‌تایبه‌تیش پرسى ئه‌نفال‌.

سه‌روه‌رى بۆشه‌هیدانى ئه‌نفال‌ 
رێزو سڵاو بۆ ده‌ربازبووانى ئه‌نفال  
سه‌ربه‌رزى بۆ خانه‌واده‌و کاسوکارى ئه‌نفالکراوه‌کان 

لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانی
 


زۆرترین خوێندراو