کۆمه‌ڵگه‌ى سه‌راى سلێمانى کرایه‌وه‌

4/17/2014 6:08:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

رۆژى 16ى نیسانى 2014، به‌ ئاماده‌بوونى پارێزگارى سلێمانى و سه‌رۆکى شاره‌وانى سلێمانى و قائیمقامى سلێمانى و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رێوه‌به‌رو به‌رپرسانى حکومى له‌ سلێمانى و  هونه‌رمه‌ند و که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌کانى شارى سلێمانى و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێک، له‌ مه‌راسیمێکدا بیناى کۆمه‌ڵگه‌ى سه‌راى سلێمانى دواى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى کرایه‌وه‌.

له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا پارێزگارى سلێمانى  وتارێکى پێشکه‌ش کرد و ورده‌کارى پرۆژه‌که‌و داهاتووى پرۆژه‌که‌و گرنگیدانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى به‌ شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کان خسته‌روو.

ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ پرۆژه‌که‌ نزیکه‌ى 2 ملیارد و 200 ملیون دینارى تێچووه‌، که‌ به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌شى پارێزگاى سلێمانى و شوێنه‌وارى سلێمانییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کى زانستى کارى نۆژه‌نکردنه‌وه‌که‌ ئه‌نجام دراوه‌و له‌سه‌ر شێوازه‌ کۆنه‌که‌ى بیناکه‌ نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه‌ هه‌مان مه‌وادى بیناساى کۆنى تێدا به‌کارهاتووه‌ته‌وه‌.
به‌وبۆنه‌یه‌شه‌وه‌ به‌گه‌رمى پیرۆزباى له‌شارى سلێمانى ، پایته‌ختى رۆشنبیرى کوردستان کرد به‌ بۆنه‌ى ته‌واوبوونى پرۆژه‌یه‌کى کلتور و رۆشنبیرى گرنگ و پێویستى شاره‌که‌ که‌ ئه‌ویش نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى بیناى مێژووى سه‌راى سلێمانییه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ له‌ پارێزگاوه‌ بریادراوه‌ ئه‌وبینایه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت و ئیداره‌یه‌کى تایبه‌تى بۆ دابنرێت و  بیناکه‌ له‌مه‌ودوا بۆ چه‌ندین چالاکى به‌کاربێت، له‌وانه‌:
یه‌که‌م/ به‌شێک له‌ سه‌را ده‌درێت به‌ مۆزه‌خانه‌ى ئه‌نتۆگرافى سلێمانى بۆ نمایشکردنى پاشماوه‌ که‌له‌پورییه‌کانى کوردستان، که‌ خۆشبه‌ختانه‌ مۆزه‌خانه‌که‌ له‌و رووه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ڵام شوێنى شیاویان نه‌بوو.

دووه‌م/ به‌شێکى ترى سه‌را ته‌رخانده‌کرێت بۆ نمایشکردنى  به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌کانى سلێمانى نیشاندانى مێژووى سیاسى و نه‌ته‌وه‌ى سلێمانى .

سێه‌م/ له‌مه‌ودوا سه‌را وه‌ک ناوه‌ندێکى پرۆتۆکۆلى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و هه‌موو ئه‌و میوانه‌ بیانیانه‌ى دێنه‌ سلێمانى ده‌هێنرێنه‌ سه‌را لێره‌ پێشوازیان لێ ده‌کرێت و پرۆتۆکۆله‌ ره‌سمیه‌کان لێره‌ واژۆ ده‌کرێن.

چواره‌م/ هه‌روه‌ها به‌شێکى تر له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ ته‌رخانده‌کرێت بۆ کافتریاى کلتورى
پێنجه‌م/ به‌شێکى ترى بیناى سه‌را دیزاین و ده‌رخسته‌ى بۆ ئاماده‌کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ بازارێکى که‌له‌پورى ژماره‌یه‌ک فرۆشگاى بۆ بابه‌ته‌ کلتورییه‌کان تێدا بکرێته‌وه‌.

پارێزگار ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد که‌جگه‌له‌ پرۆژه‌ى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى سه‌راى سلێمانى، چه‌ندین پرۆژه‌ى ترى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى خانووه‌ که‌له‌پورییه‌کانى سلێمانى له‌ بوارى جێ به‌جێ کردندایه‌ له‌وانه‌:

یه‌که‌م/ پرۆژه‌ى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى ماڵى شێخ مه‌حمودى نه‌مر، که‌ به‌ نزیکه‌ى یه‌ک ملیارد و نیو له‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگاو هه‌مان ستافى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى سه‌را پێ هه‌ستاون و پرۆژه‌که‌س ئێستا له‌ قۆناغى ته‌واوبوون نزیک بووه‌ته‌وه‌و دواى ته‌واو بوونى ده‌کرێت به‌ مۆزه‌خانه‌یه‌ک تایبه‌ت به‌ ژیان و خه‌باتى شێخى نه‌مر.

دووه‌م/ پێنج بیناى مێژووى و که‌له‌پورى گرنگى سلێمانى له‌وانه‌ هۆتیل فه‌ره‌ح و ماڵی رەشید عوسمان چاوه‌ش و علی مام شێخه‌ ....به‌ به‌هاى نزیکه‌ى 3 ملیارد و 600 ملیون دینار له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌دان.

سیێه‌م/ نزیکه‌ى 17 بیناى که‌له‌پورى ترى سلێمانى له‌ هاووڵاتیان کڕدراونه‌ته‌وه‌و کراون به‌ ناوى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى سلێمانى  به‌به‌هاى زیاتر له‌ 10 ملیارد دینار که‌ دواهه‌منیان چایخانه‌ى شه‌عبه‌ به‌ به‌هاى 3 ملیارد دینار.





زۆرترین خوێندراو