به‌رێز محمه‌دى حاجى مه‌حمود پێشوازیکرد له‌ فازیل گه‌نج عه‌لی و شاندێکی رێکخراوی ئه‌ندازیاری خێراخوازی بێسنوری ئه‌ڵمانی

4/24/2014 7:26:00 PM
جەماوەر نیوز

جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ باره‌گای تایبه‌تی خۆی له‌ گوندی گوڵه‌خانه‌ى ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی کوردستانی پێشوازیکرد له‌  فازیل گه‌نج عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی راوێژکاری حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و شاندێکی رێکخراوی  ئه‌ندازیاری خێراخوازی بێسنوری ئه‌ڵمانی که‌ پێکهاتبوون له‌ ئه‌ندازیار تیل مان سترۆ و ئه‌ندازیار ئیخمان .

له‌و دیداره‌دا به‌رێز محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود رایگه‌یاند" ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌ شه‌ڕی ناوخۆی له‌ وڵاتی سوریا به‌رده‌وامی هه‌یه‌، رۆژانه‌ش چه‌ندین هاوڵاتی بێگوناه‌ ده‌بنه‌ قوربانی، ئه‌مه‌ش کاره‌ساتێکی نه‌خوازراوه‌، چونکه‌ شه‌ری ناوخۆ له‌ هه‌ر وڵاتێک به‌رپا بێت ئاسه‌واره‌ خراپه‌کانی به‌جێده‌مێنێت و ژێرخانی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ش وێران ده‌کات،  ده‌بێ بیر له‌ پلانێکی دیکه‌ بکرێته‌وه‌، چونکه‌ ره‌وشی سیاسی سووریا به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ناڕوات، ئه‌وه‌ دوو کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی سازبکرێت له‌ ژنێف له‌سه‌ر سووریا هیچکامیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام و شکستی هێنا، بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر دانانی پلانی دیکه‌یه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌و ره‌وشه‌ نه‌خوازراوه‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ى دیداره‌که‌ سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی کوردستانی ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 30 ی 4 کرد و رایگه‌یاند" هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکانی کوردستان، یه‌کێکه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى که‌ گرنگییه‌کی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک به‌شداری تێدا بکه‌ین، وتیشی حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌ هاوپه‌یمانی به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌کات و چه‌ندین که‌سی به‌ ئه‌زموون و خاوه‌ن بروانامه‌ى کردۆته‌ کاندید، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن زیاتر خزمه‌ت به‌ جه‌ماوه‌ر و و شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان بکه‌ن له‌سه‌رجه‌م رووه‌کانه‌وه‌.

له‌ کۆتاییشدا به‌رێز محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی کوردستانی رایگه‌یاند" پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ر وڵاتێکی جیهان به‌ مانای دیموکراتی ته‌واو دێت وهاوڵاتیان نوێنه‌ری خۆیان ده‌ستنیشان ده‌که‌ن، له‌ کوردستان و عێراقدا ماوه‌یه‌کی که‌م له‌به‌رده‌ست ماوه‌ بۆ ده‌ستپێکردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و ئومێده‌وارین پرۆسه‌که‌ به‌ بێ کێشه‌ و گیروگرفت به‌رێوه‌ بچێت


زۆرترین خوێندراو