سه‌رۆکى هه‌رێم : یان هه‌موومان پێکه‌وه‌ ده‌مرین یان پێکه‌وه‌ به‌ ئازادى و سه‌ربه‌رزى ده‌ژیین

7/23/2014 5:26:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23 ى ته‌مموزى 2014 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ پاتریاک لویس ڕۆفاییلى یه‌که‌م ساکۆ پاتریاکى کلدانى له‌ عێراق و جیهان و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ له‌ ژماره‌یه‌ک مه‌تران و پیاوى ئایینى مه‌سیحیى کوردستان و عێراق پێکهاتبوو.

له‌ کۆبوونه‌یه‌کدا پاتریاک لویس ڕۆفاییلى یه‌که‌م ساکۆ پاتریاکى کلدانى له‌ عێراق و جیهان سوپاسى سه‌رۆکى هه‌رێمى و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد بۆ پێشوازى و حه‌واندنه‌وه‌ى مه‌سیحییه‌کانى نه‌ینه‌وا و عێراق و هه‌روه‌ها هاوکاریکردن و پاراستنیان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستان. 

پاتریاکى کلدانى له‌ عێراق و جیهان نیگه‌رانیى خۆیشى نیشان دا به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌کانى موسڵ و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و جیاکارییه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئایین و به‌ناوى ئیسلام له‌دژى مه‌سیحییه‌کان ده‌کرێ و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ ئارادایه‌ په‌ره‌سه‌ندنى کولتوورى ئینکارى به‌رانبه‌ر و شێواندنى سیماى ئیسلامه‌ و ڕایشیگه‌یاند که‌ ده‌رکردن و تێکدانى که‌نیسه‌کان و توراسى مێژوویى و ئایینیى مه‌سیحییه‌کان له‌ نه‌ینه‌وا بوونى مه‌سیحییه‌کانى له‌م ناوچه‌یه‌ کردۆته‌ ئامانج. له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا پاتریاکى کلدانى له‌ عێراق و جیهان جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ توراسى مێژوویى مه‌سیحییه‌کان و مانه‌وه‌ى مه‌سیحییه‌کان بپارێزرێت و شێوه‌یه‌کى سه‌رده‌میانه‌ بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى گرفته‌کانى عێراق بدۆزرێته‌وه‌ و داوایشى کرد که‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوونى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ چاره‌کردنى گرفتى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى مه‌سیحی.

سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ ده‌رکردنى خوشک و براکانى مه‌سیحى له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا به‌ توندى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ئیدانه‌ کرد که‌ له‌دژى مه‌سیحییه‌کان له‌ لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌م ته‌وژمه‌ ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر مه‌سیحییه‌کان به‌ڵکو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو پێکهاته‌کانى عێراق و ناوچه‌که‌ و جیهان و دژى هه‌موو پڕه‌نسیپه‌ ئایینى و مرۆڤییه‌کان و دژى ژیانه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌ک ته‌نیا که‌نیسه‌کان به‌ڵکو مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ پیرۆزه‌کانى موسلمانانیش که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر په‌لامارى تیرۆریستانه‌وه‌. 

  بارزانى له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا شاندى میوانى دڵنیا کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌موو هه‌وڵێکى ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان و کوردستانیش وڵاتى هه‌مووانه‌ و ده‌رگه‌ى بۆ لێقه‌وماوان کرایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند که‌ زۆر باش له‌ کێشه‌ و گرفته‌کانى خوشک و برا مه‌سیحییه‌کان ده‌گات و پێویسته‌ هه‌موومان وڵاتى خۆمان بپارێزێن و  وتی: " یان هه‌موومان پێکه‌وه‌ ده‌مرین یان پێکه‌وه‌ به‌ ئازادى و سه‌ربه‌رزى ده‌ژیین".   داوایشى له‌ خوشک و برا مه‌سیحییه‌کان کرد که‌ خۆڕاگر بن و بیر له‌ کۆچکردن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات نه‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ دژایه‌تیکردنى تیرۆر و نه‌هێشتنى توندڕۆیى هه‌وڵێکى هه‌مه‌لایه‌نه‌ و ده‌ولیى پێویسته‌ و هه‌رێمى کوردستانیش به‌هه‌موو توانایه‌کیه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆریستان ده‌بێته‌وه‌ و به‌رگرى له‌ خاک و ژیانى هاووڵاتیان ده‌کات.


زۆرترین خوێندراو