سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم پشتگیرى له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ تورکیا دووپات ده‌کاته‌وه‌

7/23/2014 5:31:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو له‌یلا زانا په‌رله‌مانته‌رى سه‌ربه‌خۆى ئامه‌د و به‌ڕێز سڕڕى سوره‌ییا ئۆنده‌ر په‌رله‌مانته‌رى هه‌ده‌په‌ى ئیستانبول‌ کرد.

له‌ دیدارێکدا دوایین پێشهاته‌کانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ تورکیا و ئه‌و هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ى ئه‌م دواییه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى پرسى کورد له‌ تورکیا نرا؛ خرایه‌ به‌ر باس و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئه‌م هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ى به‌ ته‌کانێکى گه‌وره‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌رکردنى پرسى کورد له‌ تورکیا به‌ شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ى سیاسى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌موو پشتگیرییه‌کى خۆى و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى و دانانى ئه‌و چوارچێوه‌ یاسایییه‌ بۆ پرۆسه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ خاتوو له‌یلا زانا و به‌ڕێز سڕڕى سوره‌ییا ئۆنده‌ر که‌ دوایین جار سه‌ردانى دوورگه‌ى ئیمرالییان کردبوو، وێڕاى سڵاو و ڕێز، هه‌روه‌ها پێزانینى به‌ڕێز ئۆجالانیان گه‌یانده‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵ و کۆششه‌ى که‌ بۆ ده‌سپێکردن و به‌رده‌وامى و سه‌رکه‌وتنى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ تورکیا داویه‌تى و داوایان کرد وه‌ک هه‌میشه‌ له‌ پشتگیریکردنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رکردنى ئاشتیانه‌ى پرسى کورد له‌ تورکیا به‌رده‌وام بێت.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا ڕه‌وش و پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ به‌ گشتى و دواڕۆژى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى و هه‌ڵبژاردنه‌کانى ناوه‌ڕاستى مانگى داهاتووى سه‌رۆکایه‌تیى کۆمار له‌ تورکیا، تاوتوێ کران.


زۆرترین خوێندراو