راسپارده‌کانى تایبه‌ت به‌هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ بوونه‌ بریار و یاساى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان په‌سه‌ند ده‌کرێت

7/23/2014 7:12:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر 10:30ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 23ى ته‌مموزى 2014 له‌په‌رله‌مانى کوردستان دانیشتنى ژماره‌ (18)ى ئاسایى خولى گرێدانى دووه‌م ساڵى یه‌که‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 

سه‌ره‌تا سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ سێ خاڵ پێکهاتبوو:
 خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خستنه‌روو ‌و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى ‌و راپۆرتى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساکه‌ به‌پێى ماده‌کانى (72،74،77) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى کوردستان-عیراق.
 خاڵى دووه‌میش بریتى بوو له‌ خستنه‌روو ‌و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى پێدانى بودجه‌ى حزبه‌کانى هه‌رێمى کوردستان-عیراق ‌و راپۆرتى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساکه‌ به‌پێى ماده‌کانى (72،74،77) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى کوردستان-عیراق،.
 خاڵى سێیه‌م ‌و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر راسپارده‌کانى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان له‌سه‌ر دۆخى ناوچه‌ کوردستانییه‌ جێناکۆکان.

به‌ پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار، سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌ لیژنه‌ى کاروبارى یاساى په‌رله‌مان کرد بێنه‌ شوێنى تایبه‌ت بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ ‌و خستنه‌رووى ماده‌ ‌و بڕگه‌کانى پڕۆژه‌ یاساى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی، که‌ دوێنێ له‌ ماده‌ى شه‌شه‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ وه‌ستابوون.

ماده‌ى شه‌شه‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى کاروبارى یاسایی-دا هاتبوو که‌ کرایه‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆکردن ‌و تایبه‌ت بوو به‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌ رووى دروستکردن ‌و نوێکردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران ‌و په‌سندکردنى تۆمارى لیسته‌کانى هه‌ڵبژاردن ‌و هاوپه‌یمانیییه‌کان ‌و کاندیدکراوه‌کان به‌مه‌به‌ستى به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان ‌و متمانه‌دان به‌ چاودێرانى هه‌ڵبژاردن ‌و بریکاره‌کانى لیسته‌کان ‌و رۆژنامه‌نووسان ‌و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى ‌و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى سکاڵا ‌و تانه‌کانى هه‌ڵبژاردن ‌و په‌سندکردنى رێکاره‌کانى ژماردن ‌و جیاکردنه‌وه‌ ‌و راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کانى کۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌کان ‌و راپرسى ‌و دانانى سیسته‌م ‌و رێنمایى بۆ پارێزگاریکردن له‌ بێگه‌ردیى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ‌و دامه‌زراندنى کارمه‌ندانى نوسینگه‌کانى هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگاکان ‌و یه‌که‌ کارگێڕییه‌کان ‌و وێنه‌کێشانى سیاسه‌تى دارایى کۆمسیۆنه‌که‌، دواى گفتوگۆکردنى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى ده‌وڵه‌مه‌ندکردنى زیاترى ‌و ئه‌نجامدانى پرۆسه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى پاک ‌و بێگه‌رد ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازه‌کانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و یه‌کلایى کردنه‌وه‌یان به‌ ده‌نگدان، کۆى ماده‌که‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى حه‌وته‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ش که‌ تایبه‌ت بوو لێپرسینه‌وه‌ ‌و کۆتاییهاتنى ئه‌ندامیێتى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیۆنه‌که‌ له‌دووخاڵ پێکهاتبوو، دواى گفتوگۆکردن و وه‌رگرتنى پێشنیازى په‌رله‌مانتاران سێ بڕگه‌ بۆ خاڵى یه‌که‌مى مادده‌که‌ زیادکراو برگه‌ى یه‌که‌مى که‌ تایبه‌تبووه‌ به‌کۆتایى هاتنى ئه‌ندامییه‌تى له‌کاتى خۆ کاندیدکردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئاماده‌ نه‌بوون له‌ 3 دانیشتنى یه‌ک به‌دواى یه‌ک له‌گه‌ڵ‌ ماوه‌ى کۆتایى هاتنى کارى ئه‌نجومه‌نه‌که‌، به‌و گۆرانکارییانه‌وه‌ مادده‌که‌ به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

پاشان سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى دانیشتنه‌که‌ى هه‌ڵپه‌ساردوو سه‌عات 3:05 ده‌قیقه‌ى دواى نیوه‌رۆى هه‌مان رۆژ به‌شى دووه‌مى دانیشتنه‌که‌ى ده‌ستپێکرده‌وه‌، که‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی.

دواتر لیژنه‌ى یاسایى مادده‌ى هه‌شته‌مى پرۆژه‌که‌ى خوێنده‌وه‌، که‌ له‌چوار برگه‌ پێکهاتبوو تایبه‌تبوو به‌مافه‌کانى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌که‌، دواى زیادکردنى ده‌سته‌واژه‌ى "بۆ یه‌کجارى دیکه‌" بۆ برگه‌ى یه‌که‌م و گۆرینى  ده‌سته‌واژه‌ى "ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران" بۆ "ئه‌ندامانى په‌رله‌مان" له‌برگه‌ى دووه‌م و زیادکردنى سێ برگه‌ى دیکه‌ى جیاو تایبه‌ت به‌مافه‌کانى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ له‌کاتى مردن و ئازار پێگه‌یشتنى له‌کاتى کارداو هه‌ژمارکردنى خزمه‌تى ناو ئه‌نجومه‌نه‌که‌ى بۆ پله‌ به‌رزکردنه‌وه‌، به‌و گۆرانکارییانه‌وه‌ مادده‌که‌ به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

مادده‌ى نۆیه‌مى پرۆژه‌که‌ش تایبه‌تبوو به‌ به‌رێککارییه‌کانى سکاڵاکانى هه‌ڵبژاردن و له‌شه‌ش برگه‌ پێکهاتبوو دواى زیادکردنى ده‌سته‌واژه‌ى "له‌به‌رچاوگرتنى رۆژه‌کانى پشوو" بۆ برگه‌ى پێنجه‌م و گۆرینى  ماوه‌ى "10 رۆژ" بۆ "7 رۆژ" له‌برگه‌ى شه‌شه‌مى مادده‌که‌ به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى ده‌یه‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ش تایبه‌ت بوو به‌چۆنیه‌تى به‌شدارى پێکردنى هاووڵاتیانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان، دواى لابردنى ده‌سته‌واژه‌ى "هه‌رێم" به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى یانزه‌هه‌میش تایبه‌ت بوو به‌ هانابردنى کۆمسیۆن به‌ شاره‌زایانى نێوخۆیى ‌و نێوده‌وڵه‌تى له‌ بوارى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى له‌ قۆناغه‌کانى ئاماده‌کاریى ‌و ئه‌نجامدانى،وه‌کو خۆى به‌ یه‌ک ده‌نگى دژ په‌سندکرا.
سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى دوانزه‌هه‌میش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ماهه‌نگیکردنى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى ‌و نوێنه‌رانى قه‌واره‌ سیاسییه‌کان بۆ ئاسانکاریى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى چاودێریکرن ‌و بێگه‌ردیى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی،دواى زیادکردنى هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ى چاودێرانى نێوده‌وڵه‌تى و راگه‌یاندنکاران، به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى سێزده‌هه‌میش تایبه‌ت بوو به‌ پێویستیى ئاماده‌کردنى راپۆرتى خولى سه‌باره‌ت به‌ ئه‌رکه‌کانى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران ‌و پێشکه‌شکردنى به‌ په‌رله‌مان، دواى گۆرینى ده‌سته‌واژه‌ى "دوری" بۆ "فه‌سلی" و زیادکردنى برگه‌یه‌یکى دیکه‌ تایبه‌ت به‌ناردنى راپۆرتى کۆتایى ده‌رباره‌ى هه‌ڵژاردنه‌کان، په‌سندکردنى ئه‌و مادده‌یه‌ش به‌کۆى ده‌نگ بوو.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى چوارده‌هه‌میش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌ په‌یوه‌ندیى به‌ مامه‌ڵه‌کردنى فه‌رمى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت ‌و فه‌رمانگه‌کان،وه‌کو خۆى به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

مادده‌ى پانزده‌یه‌میش تایبه‌تبوو به‌رێککارییه‌ داراییه‌کان و له‌دوو برگه‌ پێکهاتبوو وه‌کو خۆى به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

مادده‌ى شانزه‌یه‌مى پرۆژه‌که‌ش تایبه‌تبوو به‌ چۆنیه‌تى دانانى په‌یره‌وى ناوخۆى ئه‌نجومه‌نه‌که‌و ده‌رکردنى بریاره‌کان و له‌چوار برگه‌ پێکهاتبوو، له‌سه‌ر پێشنیازى په‌رله‌مانتاران پێشه‌کییه‌ک بۆ مادده‌که‌ زیادکرا، که‌تێیدا هاتووه‌ ئه‌نجومه‌ن به‌زۆرینه‌ى ره‌ها ئه‌م کارانه‌ ده‌کات، به‌م گۆرانکارییه‌وه‌ مادده‌که‌ به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

پاشان مادده‌یه‌کى دیکه‌ى نوێى تایبه‌ت به‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌پێشکه‌شکردنى پرۆژه‌ یاساکانى تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنه‌کان پێشنیازکراو  به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

مادده‌یه‌کى دیکه‌ى تایبه‌ت به‌جێکردنه‌وه‌ پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان پێشنیازکراو ئه‌و مادده‌یه‌ش به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى مادده‌ نوێکان، مادده‌یه‌کى دیکه‌ له‌چوارچێوه‌ى حوکمه‌ کۆتاییه‌کان، پێشنیازکرا پێکهێنانى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌ 90 رۆژ زیاتر نه‌خایه‌نێت، ئه‌و مادده‌یه‌ش به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

مادده‌کانى حه‌ڤده‌یه‌م تا نۆزده‌یه‌مى ئه‌سڵى پرۆژه‌که‌ تایبه‌تبوون به‌حوکمه‌ کۆتاییه‌کان و له‌گه‌ڵ‌ هۆکاره‌کانى ده‌رچوونى سه‌رجه‌مییان به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکران و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان پیرۆزبایى له‌خه‌ڵکى کوردستان و په‌رله‌مانتاران کردو سوپاسى ماندووبوونى لیژنه‌ى یاسایى کرد.
 
پاشان له‌سه‌ر داواى په‌رله‌مانتاران سه‌رۆکى په‌رله‌مان  پێشخستنى خاڵى سێیه‌مى به‌رنامه‌ى کار که‌ بریتى بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر بڕیاره‌کانى لێژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ کوردستانیه‌ جێناکۆکه‌کان، خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک خالى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کار گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ بکرێت  و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران ئه‌م داوایه‌ په‌سه‌ندکرا. سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌لیژنه‌کانى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ کرد بێنه‌ شوێنى دیارکراو و هه‌ردوو پرۆژه‌ بریارى تایبه‌ت به‌پێشمه‌رگه‌و هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ بخوێننه‌وه‌ . سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن سه‌رۆکى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌  پرۆژه‌ بریارى تایبه‌ت به‌هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ خوێنرایه‌وه‌و دواى وه‌رگرتنى سه‌رنجى په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌منتارانیشه‌وه‌ په‌سه‌ندکرا، دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆکى لیژنه‌ى ناوخۆ پرۆژه‌ بریارى تایبه‌ت به‌ هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ خوێندرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و له‌لایه‌ن په‌رله‌منتارانیشه‌وه‌ په‌سه‌ندکرا.

 به‌مجۆره‌ کۆتایى به‌دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مرۆ هات و هێناو بڕیاره‌ سبه‌ى کاتژمێر  10 سه‌رله‌به‌یانى دانشتنى په‌رله‌مان به‌رێوه‌ بچێت.


زۆرترین خوێندراو