حکومه‌تى هه‌رێم : ئاواره‌کانى عێراق پێویستیان به‌ کۆمه‌ک و هاوکاریى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌

7/23/2014 8:17:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌میانه‌ى دیدارێکدا له‌گه‌ڵ‌ کونسڵى گشتیى ئیمارات له‌ هه‌رێمى کوردستان دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ په‌نابه‌ران و ئاواره‌کانى ناوخۆى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان پێویستییان به‌ کۆمه‌ک و هاوکاریى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ .

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ڕاشد ئه‌لمه‌نسوورى کونسڵى گشتیى ئیمارات له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد.

له‌ دیدارێکدا بارودۆخى په‌نابه‌رانى کوردى سووریا و ئاواره‌کانى ناوخۆى شاره‌کانى عیراق له‌ که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستان تاوتوێ کرا و به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران سوپاس و پێزانینى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى پێشکه‌ش به‌ ئیمارات کرد که‌ به‌ پیر بانگه‌وازیى حکوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ هاتووه‌ و هاوکارى و یارمه‌تى پێشکه‌ش به‌ په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان کردووه‌، به‌ تایبه‌تیش ڕۆڵى مانگى سوورى ئیماراتى له‌ ئه‌نجامدانى چه‌ندین پڕۆژه‌ى خێرخوازى بۆ په‌نابه‌ران به‌رز نرخاند.

سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ په‌نابه‌ران و ئاواره‌کانى ناوخۆى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان پێویستییان به‌ کۆمه‌ک و هاوکاریى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و هیواى خواست که‌ هه‌موو لایه‌ک وه‌ک ئیمارات ئاوڕ له‌ په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان بده‌نه‌وه‌ و له‌م ئه‌رکه‌ قورسه‌دا؛ هاوکاریى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان‌ بکه‌ن تا بتوانێت پێداویستییه‌کانى په‌نابه‌ران دابین بکات.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئیمارات خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا داکۆکییان له‌سه‌ر پته‌وکردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کان به‌ تایبه‌تیش له‌ بواره‌کانى بازرگانى وه‌ وه‌به‌رهێناندا کرده‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو