ده‌وڵه‌تى یاسا داواله‌ سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌کات پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان و بیره‌ نه‌وته‌کان بکشێنێته‌وه‌

7/26/2014 3:52:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

ئه‌ندامێکى ئیتلافى ده‌وڵه‌تى یاسا داوا له‌سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌کات پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان و بیره‌ نه‌وته‌کان بکشێنێته‌وه‌ 

رۆژى هه‌ینى عه‌بدولهادى موحان سه‌عداوى ئه‌ندامى ئیتلافى ده‌وڵه‌تى یاسا داواى له‌سه‌رۆک کۆمارى نوێى عێراق ده‌کرد به‌فشارخستنه‌ سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ کشانه‌وه‌ى هێزى پیشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان  و بیره‌ نه‌وته‌کانى شارى که‌رکوک .

سه‌عداوى له‌لێدوانێکیدا بۆ "المسله‌" رایگه‌یاند که‌ سه‌رۆک کۆمار نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى عێراق ده‌کات، نه‌ک به‌ته‌نها پێکهاته‌یه‌ک ،هه‌ربۆیه‌ هه‌ڵیان بژاردووه‌ تا نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م گه‌لى عێراق بکات .

ووتیشى پێویسته‌ دکتۆر فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى نوێى عێراق له‌رێگاى به‌کارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌کانى فشاربخاته‌ سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ پاشه‌کشه‌پێکردنى هێزى پیشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان و بیره‌ نه‌وته‌کانى شارى که‌رکوک .

شایانى باسه‌ له‌دواى 10ى حوزه‌یرانه‌وه‌ شارى موسڵ له‌لایه‌ن چه‌کدارانى داعشه‌وه‌ کۆنترۆڵکراو ئاڵۆزیانه‌ى روبه‌روى چه‌ند ناوچه‌یه‌کى ترى عێراق بۆوه‌، سوپاى عێراق شوێنه‌کانى خۆیان جێهێشت و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنى خاکى کوردستان وناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان کۆنترۆڵى ئه‌و ناوچانه‌یانکردو به‌رامبه‌ر چه‌کدرانى داعش وه‌ستانه‌وه‌ .


زۆرترین خوێندراو