به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى، به‌بۆنه‌ى یادى ٣٨ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانه‌وه‌

8/6/2014 3:40:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌بۆنه‌ى یادى دامه‌زراندنى حزبى سۆیالیسته‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى .

به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى، به‌بۆنه‌ى یادى ٣٨ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ 


جــــه‌مـــاوه‌رى تـێـکــۆشــه‌رى کوردســـتان
کــه‌سـوکـارى ســـه‌ربـــه‌رزى شـــه‌هــیــدان
هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

ئه‌مڕۆ ٣٨ ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، ئه‌و حزبه‌ى ڕۆژى  ٨-٨-١٩٧٦ وه‌ک وه‌رچه‌رخانێکى گرنگ له‌ مێژووى بزاڤى رزگایخوازى کوردستان و پێویستییه‌کى بابه‌تى و له‌ کاتێکدا دامه‌زرا که‌ دوژمنان به‌رنامه‌ى ڕیشه‌کێشکردنى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى کوردو قڕکردنى ڕۆڵه‌کانى ئه‌م گه‌له‌یان جێبه‌جێ ده‌کرد له‌سایه‌ى دیکتاتۆریه‌تێکى بێ وێنه‌ له‌مێژووى مرۆڤایه‌تى و بێده‌نگیى کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌ نائومێدى باڵى به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا کێشابوو، جگه‌ له‌ چیاکانى کوردستان و ئیمان به‌ دۆزى ڕه‌واى ئه‌م گه‌له‌ هیچ پشتیوانییه‌کى ترى نه‌بوو، حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان وه‌ک سه‌نگه‌رى به‌رگرى له‌ خاک و خه‌ڵک و ناو و ناسنامه‌ى نیشتمان ده‌روازه‌ى دیفاعى ره‌واى واڵا کردو مێژوویه‌کى نوێى کوردایه‌تى ‌و گیانفیدایى به‌ رابه‌رایه‌تى بیرمه‌ندو رووناکبیر شه‌هیدى سه‌رکرده‌ (سه‌یدا ساڵح یوسفى نه‌مر) تۆمارکردو بووه‌ په‌یامێکى به‌هێزى مقاوه‌مه‌ت و مانه‌وه‌ و ئومێدێکى نوێى به‌ کورد به‌خشى که‌ ئه‌مڕۆ شانازى به‌ ٣٨ ساڵى ئه‌و مێژووه‌وه‌ ده‌که‌ین و ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ش هه‌روا ئاوه‌دانه‌.

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ناونیشانێکى گه‌وره‌ى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى کوردستان و مێژووى هاوچه‌رخى نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌، فیکر و تێڕوانین و ڕێبازى خه‌باتى بۆ ئازادى و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى گه‌لى کورد و بنیادنانى دیموکراسیه‌ت و  به‌دیهێنانى سه‌روه‌رى بۆ ووڵات و ئاشتى و عه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و خۆشگوزه‌رانى بۆ خه‌ڵکى کوردستان هه‌ر له‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا به‌شێکى زیندووى ئه‌و مێژووه‌و  ناوى دره‌وشاوه‌ى خه‌باتى سه‌ختى شاخ و ناونیشانى هه‌زاران شه‌هیدو تێکۆشه‌رى ئه‌م گه‌له‌یه‌، ڕه‌مزى سه‌رمایه‌یه‌کى گه‌وره‌ى مه‌عنه‌وى و ئینتیماو خۆنه‌ویستییه‌  که‌ هه‌میشه‌ هه‌ڤاڵانى پێى سه‌ربه‌رزن و شانازى پێوه‌ ده‌که‌ن.

هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان. . 

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ هه‌ناوى مێژووه‌وه‌ هاته‌ مه‌یدانى خه‌بات و تێکۆشه‌رانى  بۆ به‌رگرى له‌ بوون و مانه‌وه‌ى گه‌ل و به‌دیهێنانى ئامانج و مافه‌ ڕه‌واکانیى، ڕێگاى هات و نه‌هاتى سه‌ختى پێشمه‌رگایه‌تى و زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌و چیاو ئه‌شکه‌وت و ده‌ربه‌ده‌رییان گرته‌به‌رو له‌و ڕێیه‌دا به‌وپه‌ڕى سه‌خاوه‌تمه‌ندییه‌وه‌ گیانى هه‌زاران ڕۆڵه‌ى به‌ ئه‌مه‌کى خۆى کرده‌ قوربانى و تا به‌دیهێنانى ئازادى به‌شێکى گه‌وره‌ى کوردستان له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى ئه‌و کاروانه‌دابوو، ئێستاو داهاتووش هه‌ر پێشه‌نگى ئه‌و گیانى به‌رگرى و تێکۆشانه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانى مافى چاره‌نووس و گه‌ڕانه‌وه‌ى دوا بسته‌ خاکى زه‌وت کراوى کوردستان و چه‌سپاندنى ئه‌و سنووره‌ مێژووییه‌ و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌و خاکه‌و خه‌ڵکه‌ى که‌ ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ به‌شى هه‌ره‌ زۆرى له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و تێکۆشه‌رانى ووڵاته‌که‌مان ده‌پارێزرێن و حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانیش به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ له‌و سه‌نگه‌رى شه‌ره‌ف و شانازییه‌دایه‌ که‌ هێشتا خوێنى هه‌ڤاڵه‌ شه‌هیده‌کانى ئێمه‌ى تێدا ووشک نه‌بووه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستى کوردستانیش له‌دواى ئادارى ساڵى ١٩٩١ وه‌ سۆسیالیست ده‌ستى ئاشتى و گیانى پێکه‌وه‌ ژیانى هاوتاو ده‌نگى به‌دیهێنانى عه‌داله‌ت و داواکارییه‌کانى جه‌ماوه‌ر و قایم کردنى پایه‌کانى سیاسى و ئابوورى و که‌لتورى و کۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌ر پێ وه‌ستانى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ خوێن و خه‌بات ئازاد کراوه‌یه‌ و له‌و پێناوه‌شدا پێشه‌نگیى خه‌باتێکى درێژه‌‌.

جــــه‌مـــاوه‌رى تـێـکــۆشــه‌رى کوردســـتان
ئه‌مساڵ له‌کاتێکدا یادى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ خه‌باتى سیاسى و خۆنه‌ویستیى تێکۆشه‌رانى بۆ پاراستنى خاک و خه‌ڵکى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى که‌رکوک و موسڵ  و دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دین، له‌ده‌ره‌وه‌ى قه‌ڵه‌مره‌وى تیرۆر له‌لایه‌ک و سوپاى تێکشکاوى عێراق له‌لایه‌کى تر وه‌ک دیفاکتۆى دورگه‌ى ئارامى ناو ئاگرى شه‌رى تیرۆرو تایفییه‌ت بۆ جیهان و ناوچه‌که‌ سه‌لماندو ئێستا خۆى به‌شى هه‌ره‌ زۆرى خاکى خۆى به‌ڕێوه‌ ده‌بات و ڕۆژانه‌ به‌خوێنى ڕۆڵه‌کانى ده‌یانپارێزێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ئابڵوقه‌ تونده‌ى ئابوورى و شه‌رى قووت بڕینه‌ى که‌ ماوه‌ى نزیکه‌ى ساڵێکه‌ له‌لایه‌ن حومه‌تى فیدراڵیى به‌غداوه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌رێکى گه‌وره‌ترمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م، بۆ چه‌سپاندنى ئه‌و واقیعه‌ به‌جۆرێک که‌ له‌ ئامانجى گه‌وره‌ى دیاریکردنى مافى چاره‌نووس نزیکمان بکاته‌وه‌و چیتر سڵ له‌ ووتنى ڕاستییه‌ک نه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ سه‌دان هه‌زار قوربانیمان له‌ پێناودا به‌خشیوه‌و ئامانجى گه‌وره‌ى خه‌باتى سه‌دان ساڵه‌مانه‌، که‌ هاوکات جیهان و ناوچه‌که‌ به‌گۆڕانێکى گه‌وره‌ى ڕیشه‌ییدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، خه‌باتى گه‌لان بۆ ڕزگاربوون له‌ ڕژێمه‌ دیکتاتۆره‌کان له‌وپه‌ڕى هه‌ڵچوونیدا کۆتایى به‌ ژماره‌یه‌ک له‌و ڕژیمانه‌ هێناو گۆِانکارى تریش به‌ڕێوه‌ن، که‌ ته‌واوى ئه‌و پێشهاتانه‌ خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یى ئێمه‌ش ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ده‌روازه‌یه‌کى نوێ به‌ره‌و هه‌نگاوى گه‌وره‌تر، وه‌ک چۆن گه‌لى ئێمه‌ بووه‌ یه‌که‌م ده‌نگى هه‌ڵچووى دژ به‌ دیکتاتۆریه‌ت و چه‌وساندنه‌وه‌ و  ئازادى له‌چنگى یه‌کێک له‌ دڕندانه‌ترین ڕژێم له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ده‌رهێنا له‌ ئادارى ساڵى ١٩٩١ و ته‌واوى ماناکانى سه‌روه‌رى ڕژێمه‌کانى حوکم و به‌رپرسیارێتیى ئه‌خلاقى و مرۆیى کۆمه‌ڵگاى نێوده‌ڵه‌تى به‌رامبه‌ر به‌ پاراستنى مافى گه‌لان خسته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى.

ئه‌مڕۆش دواى کۆتاییهاتنى ئه‌و سیسته‌مه‌ شمولى و خۆسه‌پێنانه‌ که‌ پتر له‌ نیو سه‌ده‌ له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه‌ى گه‌له‌کانیاندا، گه‌لانى تریشیان به‌ناوى جیاجیاوه‌ له‌ ساده‌ترین مافه‌کانیان بێبه‌ش کردبوو، سه‌ره‌تاى قۆناغێکى نوێى خه‌باته‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ى گه‌وره‌، به‌ ته‌واوى نه‌خشه‌ى سیاسى ناوچه‌که‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئامانجه‌ ستراتیژییه‌کانى گه‌له‌که‌مان، که‌ بێگومان هه‌ر هه‌نگاوێک به‌و ئاراسته‌یه‌دا له‌ماڵى خۆمان و یه‌کێتى ڕیزه‌کان و به‌هێزکردنى زیاترى پایه‌کانى ئابوورى پێگه‌ى ستراتیژى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و جه‌ماوه‌رى کوردستانیش هێزى گه‌وره‌و پشتیوانى هه‌ر به‌ره‌و پێش چوونێکه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک و ڕێزگرتن له‌ خواست و داواکارییه‌کانى جه‌ماوه‌رو ڕه‌خساندى هه‌لى یه‌کسان بۆ باشتر کردنى ڕه‌وشى ژیان له‌ کوردستان و چه‌سپاندنى عه‌داله‌ت و پارێزگارى له‌ ئازادییه‌کان، پێگه‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌هێز و کاریگه‌ر تر ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا که‌ ته‌واوى نه‌ته‌وه‌که‌مان چاویان له‌و سه‌روه‌رى و پێگه‌ نیشتمانییه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بنیادمان ناوه‌و کارى بۆ ده‌که‌ین.

ئێمه‌ له‌ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان،له‌م یاده‌دا له‌گه‌ڵ پشتیوانیمان له‌ ڕه‌وایى خه‌باتى نیشتمانى کورد، جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنى تایبه‌تمه‌ندى هه‌ر به‌شێک و سه‌ربه‌خۆییان ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسیان و له‌هه‌موو شتیش گرنگتر لامان یه‌کێتى ڕیزه‌کان و پێکه‌وه‌ کارکردنه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌ى ساڵه‌هایه‌ گه‌لى کورد لێیان بێبه‌شه‌و ئه‌مڕۆ هه‌لى به‌دیهێنانیان له‌ئامانج نزیک بووه‌ته‌وه‌ له‌سایه‌ى ئه‌و گۆڕانکارییه‌ ڕیشه‌ییانه‌ى ناوچه‌که‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، دوور له‌ هه‌ر دابه‌شبوونێک که‌ یه‌کێتى ئامانج و ڕیزه‌کانى خه‌بات بخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى لێک ترازان.

جــــه‌مـــاوه‌رى کوردســـتان..
ئه‌مساڵ یادى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌کاتێکدایه‌ که‌ به‌ ئامانجى به‌دیهێنانى چاره‌سه‌رى ئاشتییانه‌ى دۆزه‌که‌ى له‌ باکوور، کورد بۆ پیشاندانى نیه‌تپاکى هه‌نگاوى کرده‌یى ناوه‌و چاوه‌روانى ئاسۆى ئاشتى راسته‌قینه‌یه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ ئایینده‌ى روونى نزیکى خۆى ده‌روانێت.

هه‌روه‌ک له‌ ڕوژئاوا، سه‌ره‌ڕاى ماوه‌ى زیاتر له‌ سێ ساڵ شه‌ڕى خوێناوى له‌ سوریا به‌ڵام هێز و لایه‌نه‌ سیاسى و شۆڕشگێره‌کان و رۆڵه‌کانى کورد توانییان پارێزگارى له‌ ناوچه‌کانى خۆیان بکه‌ن و به‌ر به‌و شه‌پۆلى خوێن ڕشتنه‌ بگرن که‌ به‌داخه‌وه‌ رووى له‌ گه‌لانى سوریا کردووه‌ و هه‌ندێک هێز و ره‌وتى بیر و به‌رنامه‌ ته‌مومژاوى، له‌ هه‌وڵى راکێشانى ئه‌و ئاگرى شه‌ره‌دان بۆ ناوچه‌ کوردستانییه‌کان و حه‌ڵاڵکردنى سه‌ر و ماڵ و شه‌ره‌فى خوشک و برایانمان له‌ ڕۆژئاواو ئه‌نجامدانى قێزه‌ونترین تاوانى دژى به‌ها پیرۆزه‌کانى ئایین و مرۆڤایه‌تى.

له‌ هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شه‌ خێرایه‌ى ئاوه‌دانکارى و گه‌شه‌ سه‌ندنى ژێرخان و ره‌وتى بنیادنانى ئابوورى و فه‌رهه‌نگى و بزاوتى به‌ره‌وپێش چوونى کۆمه‌ڵایه‌تى، له‌سه‌ر ئاستى سیاسى و چه‌سپاندنى بنه‌ماکانى حوکمى دامه‌زراوه‌یى و ده‌وڵه‌تى قانون و رۆڵ بینینى له‌ رووداوه‌کانى ناوچه‌و ده‌رکه‌وتنى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هێزێکى کاریگه‌ر له‌ رووداوو گۆرانکاریه‌ هه‌رێمییه‌کاندا، به‌ڵام خه‌ڵکى کوردستان چاوى له‌ به‌دیهێنانى ئامانجه‌ گه‌وره‌کانییه‌تى، ئامانجى به‌دیهێنانى خه‌ونى سه‌دان ساڵه‌ى سه‌رکرده‌و تێکۆشه‌ران و شه‌هیدان و رۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان بۆ سسه‌ربه‌خۆیى و شه‌کاندنه‌وه‌ى ئاڵاى کوردستان له‌سه‌ر بست به‌بستى خاکى پیرۆزى نیشتمان.

ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ سایه‌ى یه‌کێتى و یه‌کڕیزى و ده‌ست گرتن به‌ ره‌مزه‌کانى پیرۆزى نه‌ته‌وه‌یى و ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیان و سیسته‌مێکى دیموکراسى دێته‌دى که‌ هه‌مووان له‌سایه‌یدا هه‌ست به‌ بوون و به‌شدارى و هه‌لى یه‌کسان بکه‌ن بۆ ژیان و بنیادنان.

هه‌روه‌ک له‌م یاده‌دا له‌گه‌ڵ پیرۆزبایى سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌و خۆڕاگریى له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان تێکۆشه‌رانى دوێنێ و ئه‌مڕۆ، داواکارین ژیان و گوزه‌رانى ئه‌و توێژه‌ که‌ به‌ مه‌رگى خۆى ژیان به‌ نه‌وه‌کانى ئێستاو داهاتوو ده‌به‌خشێت باشتر بکرێت و گوزه‌رانى شایسته‌ به‌ گیانبازیى خۆیان بۆ فه‌راهه‌م بکرێت، داوکارین ئه‌م هێزه‌ باشتر ڕێکبخرێت و پێ‌ چه‌ک و ئاماده‌ بکرێت بۆ پاراستنى کوردستانى ئارامى ناو کوانووى شه‌ڕى تیرۆرو تایه‌فییه‌ت.

هه‌ره‌وه‌ک له‌گه‌ڵ هاوخه‌میمان بۆ شه‌هید بوون و ئاواره‌بوونى هه‌زاران رۆڵه‌و خێزانى بێ دیفاعى نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ کوردانى ئێزدیى شه‌نگال و ناوچه‌کانى موسڵ، داواى هاوکارى به‌ په‌له‌ له‌ ڕێکخراوه‌کانى جیهانیى و کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ین که‌ به‌ به‌ر چاوى دنیاوه‌ حوکمى ئه‌نفال و بریارى شمشێر به‌سه‌ر ژیان و ئایین و باوه‌ڕیاندا ده‌سه‌پێنرێ و هه‌موو مافه‌کانى مرۆڤ و به‌ها باڵاکانى مرۆڤایه‌تى به‌رۆژى رووناک به‌هۆى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى حکومه‌تى عێراق و بێده‌نگى و خۆ له‌ هه‌قیقه‌ت بواردنى هێزه‌کانى نێوده‌وڵه‌تى رووبه‌رووى هه‌ره‌شه‌ى کاره‌ساتێکى مرۆیى شه‌رم هێنه‌ر ده‌بنه‌وه‌.


هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان..

له‌کاتێکدا یادى ٣٨ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى حزبه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌تان ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ به‌شێکى سه‌رکرده‌و هه‌ڤاڵانتان له‌ به‌ره‌کانى به‌رگرى له‌ خاک و که‌رامه‌تى نیشتمان و نه‌ته‌وه‌که‌ماندان و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ردوو هه‌ره‌شه‌ى تیرۆر به‌ گیانى خۆیان و دیکتاتۆریه‌ت به‌ قووت و گوزه‌رانى خۆیان و ماڵ و خێزانیان شه‌رى مان و نه‌مان ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌رکى ئێوه‌شه‌ وه‌ک هه‌میشه‌ پشتیوان و هاوکار بن و به‌ر له‌ هه‌ر که‌سى تر ئاماده‌بن بۆ ئه‌رکى قورستر که‌ ئامانجى گه‌وره‌تر ده‌هێنێته‌ دی ، بۆ پاراستنى ووڵات و هاوڵاتیانى کوردستان به‌ جیاوازیى نه‌ته‌وه‌و ئایین و مه‌زهه‌بیان و به‌دیهێنانى پێشکه‌وتن و بووژانه‌وه‌ى ووڵات و فه‌راهه‌مکردنى گوزه‌رانى شیاو بۆ جه‌ماوه‌رى کوردستان و چه‌سپاندنى خواسته‌ ره‌واکانى نه‌ته‌وه‌ییمان و گه‌رانه‌وه‌ى دوا بسته‌ خاکى زه‌وتکراومان، ئه‌وه‌ش ئه‌رکى ئێوه‌یه‌ به‌ هه‌موو توانا کار بۆ سه‌رخستنى بکه‌ن و گیانى شه‌هیدان ئاسووده‌و ئاسۆى ئایینده‌ى گه‌له‌که‌مان ڕووناکتر بکه‌ین.

جــــه‌مـــاوه‌رى تـێـکــۆشــه‌رى کوردســـتان
هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

  ٣٨  ساڵه‌ ئه‌م کاروانى خه‌باته‌ به‌هه‌مان تین و تاوى ڕۆژانى یه‌که‌مى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌و به‌رگرى، به‌هه‌مان ئینتیماو خۆنه‌ویستى درێژه‌ به‌ تێکۆشان ده‌دات و هه‌ر شێوازێکى کار  ده‌کاته‌ هه‌مان سه‌نگه‌رى پێشمه‌رگایه‌تى که‌ له‌ ئامانجمان نزیکتر بکاته‌وه‌ و گه‌شبینین به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وتى به‌ره‌وپێش چوونى مێژوو ئیراده‌ى به‌هێزى گه‌لى کوردستان. 

سه‌رکه‌وێت په‌یامى  دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى و مافى چاره‌نووس. 
پیرۆزبێت 8ى ئاب ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان .
سڵاو و نه‌مرى بۆ شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى کوردستان

سه‌روه‌رى و خۆڕاگریى بۆ تێکۆشرانى به‌ره‌کانى به‌رگریى له‌ که‌رکوک و موسڵ و گه‌رمه‌سێر.            

مه‌کته‌بى سیاسى
حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
7-8-2014
 

زۆرترین خوێندراو