راگه‌یاندراوى کۆبونه‌وه‌ى هه‌رسێ‌ حزبى سۆسیالیست و شیوعى و زه‌حمه‌تکێشان

8/19/2014 6:23:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مرۆ له‌شارى که‌رکوک هه‌رسێ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و حزبى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان و حزبى شیوعى کوردستان کۆبونه‌وه‌و تیادا راگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاو کرده‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى : 

به‌ ئاماده‌بونی سکرتیری حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان وئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی حزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان وسکرتیری حزبی شیوعی کوردستان هه‌ر سێ حزب له‌ باره‌گای حزبی شیوعیی کوردستان، له‌ شاری که‌رکووک کۆبونه‌وه‌

کۆبونه‌وه‌که‌دا شیکردنه‌وه‌ی نوێترین روداوه‌کانی ره‌وشی سیاسی له‌ کوردستان وسه‌رانسه‌ری عێراق به‌ ره‌چاوکردنی په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست کرا، وده‌ستنیشانکردنی ئه‌رکه‌ نیشتمانییه‌ به‌په‌له‌کانی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌رکی داکۆکیکردن له‌ کوردستان، بابه‌تی سه‌ره‌کی کۆبونه‌وه‌که‌ بوو. هه‌ر سێ لایه‌ن هاورابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مرۆ کوردستانی باشوور، رووبه‌رووی شاڵاوی تیرۆریستانه‌و جینوسایدی نوێ ده‌بێته‌وه‌ که‌ هه‌زاران کوردی ئێزیدی بوون به‌ قوربانی وبه‌سه‌دان له‌م پێکهاته‌ ره‌سه‌نه‌ی کورد دووچاری کۆمه‌ڵکوژی وده‌سبه‌سه‌راگرتنی ژن ومنداڵه‌کانیان وسه‌وداپێکردنیان وه‌ک که‌نیزه‌ به‌شێوازی ره‌فتاری سه‌ده‌ تاریکه‌کانی مێژووی مرڤایه‌تی بونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ک به‌شێک له‌ شاڵاوی پاکتاوی نه‌ژادی وکارکردن بۆ تۆقاندنی خه‌لک وگۆرانکاری دیموگرافی که‌ پێکهاته‌ی دیکه‌ی کوردستانی گرته‌وه‌ وه‌ک کرستییانه‌کانی کوردستان له‌ ناوچه‌کانی ده‌شتی موسڵ. کۆبونه‌وه‌که‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردوه‌ که‌ کوردستان رووبه‌رووی شه‌ری دیفاعکردن له‌ بوون ده‌بێته‌وه‌، وئه‌مه‌ش راستی لێکدانه‌وه‌کانی پێشتری هه‌ر سێ لایه‌ن ده‌خاته‌ روو که‌ به‌به‌رده‌وامی ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ ده‌کرد که‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر کوردستان هه‌یه‌، و هه‌ر له‌م بواره‌دا ئاماژه‌ی به‌ گرنگی خۆراگری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ به‌ره‌کانی داکۆکیکردن وبه‌شداری سه‌رکردایه‌تی وپێشمه‌رگه‌ وکادیر وئه‌ندامان وپێشمه‌رگه‌ی دێرینی هه‌ر سێ لایه‌ن شان به‌شانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، وپێشمه‌رگه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان کرد که‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی یه‌ک بوونی چاره‌نووس و پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رجه‌م کوردستانیانه‌. هاوکات له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌ختکرایه‌وه‌، که‌ پێویسته‌ به‌ جیدی ئه‌و که‌لێنانه‌ ده‌ستنیشان بکرێن که‌ له‌به‌ره‌کانی شه‌ر روویانداوه‌ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رۆلی خۆی له‌ رێکخستن وکاراکردنی وزه‌ی مرۆیی کوردستان ببینی به‌ جۆرێک پشتگیریکردن وهاوکارییه‌کانی به‌ره‌ی شه‌ر له‌ کاری خۆرسکی وده‌ستێوه‌ردان وململانی حزبی به‌دوور ببێت، وسه‌رله‌نوێ چاوگێرانه‌وه‌ به‌ پێکهاته‌ و تواناکانی ئه‌م هێزه‌ بکرێت به‌ مه‌به‌ستی کاراکردنی. له‌ هه‌مان کاتدا پێویسته‌ به‌به‌رده‌وامی کار بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی کوردستان بکرێت، و به‌شێوه‌یه‌کی پرۆفیشیناڵ راگه‌یاندن رۆڵی خۆی بۆ خزمه‌تکردنی مه‌سه‌له‌ی نیشتمانی ببینێت. کۆبونه‌وه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ئیجابی پشتگیری سیاسی وسه‌ربازی راسته‌وخۆی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کوردستان له‌ شه‌ری دژ به‌ تیرۆر هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، داواده‌کات کۆمه‌ڵگای نێوده‌ڵه‌تی به‌ خێرای هاوکاری ئاواره‌کانی نێو کوردستان بکه‌ن که‌ ژماره‌یان ئێجگار زۆره‌ وله‌ توانای هه‌رێمدا نییه‌، به‌تایبه‌تی که‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤ وه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ بڕدراوه‌. هاوکات سێ لایه‌نی به‌شداربوو به‌سه‌ر به‌رزییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ری گه‌لی کوردستان که‌ به‌وپه‌ری خه‌مخۆرییه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی کۆمه‌ککردنیان بۆ تێکرای پێکهاته‌و وئاواره‌کان سازکردوه‌ وبه‌ هۆشمه‌ندییه‌کی کوردستانی ومرۆیی به‌رز و گیانی ته‌بایی وبه‌یه‌که‌و ژیان وقبوڵکردنی به‌رامبه‌ر ودژایه‌تیکردنی ده‌مارگیری، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ناسکه‌دا کردوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ گۆرانکارییه‌کانی بواری پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراقدا کۆبونه‌وه‌که‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار وسه‌رۆکی په‌رله‌مان وده‌ستنیشانکردنی کاندید بۆ دامه‌زراندنی حکومه‌تی عێراق به‌ خالێکی گونجاوی هه‌لومه‌رجی ئه‌مرۆی عێراق داده‌نێت، که‌ دامه‌زراندنی حکومه‌تی نوێی عێراق دوور له‌ سیاسه‌تی په‌راوێزخستن وتاکره‌وانه‌ وبه‌ جۆرێک داواکارییه‌کانی کوردستان ره‌چاو بکات، هه‌نگاوێکی گرنگ ده‌بێت بۆ دژایه‌تی کردنی تیرۆر له‌ لایه‌ک ودرووستکردنی هه‌لومه‌جێکی له‌بار له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسسه‌کانی عێراق که‌ به‌ جۆرێکی واقیعی برواننه‌ سه‌رله‌ نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی نوێ که‌ ژیانی سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی عێراق به‌ شێوازێکی ئازادو ئاره‌زوومه‌ندانه‌ مسۆگه‌ر بکات، ومافی بریاردانی چاره‌نووسی گه‌لی کوردستان له‌ هه‌لومه‌جێکی دیموکراسیانه‌ وئازاد دابین بکات.

کۆبونه‌وه‌ی هه‌ر سێ لایه‌ن ئاماژه‌ی به‌ گرنگی یه‌کریزی هێزه‌ کوردستانییه‌کان کرد له‌ دانوستانه‌کانی دامه‌زراندنی حکومه‌تی به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی ویه‌کریزی هه‌روه‌ک چۆن هه‌موومان له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری سه‌ربازیداین ، به‌هه‌مان شێوه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌نگه‌ری خه‌باتی سیاسی ودیبلوماسی وله‌ وه‌رگرتنی بریاری سیاسیدا پێکه‌وه‌ یه‌کده‌نگ بین دوور له‌ به‌رچاوته‌نگی و یه‌کتر بێبایه‌خکردن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ چاره‌نووسی خاک و گه‌لی کوردستانه‌وه‌یه‌، وزامنی سه‌رکه‌وتنه‌. له‌ کۆتاییدا کۆبونه‌وه‌که‌دا هه‌رسێ لایه‌ن جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ ئاسۆی داواکارییه‌کانی گه‌لی کوردستان له‌ دانوستاندا په‌یوه‌ندی به‌ به‌ش وپۆسته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو به‌ به‌رنامه‌ ونه‌خشه‌ رێگای کاری سیاسییه‌وه‌ که‌ داواکارییه‌ مێژوویه‌کانی گه‌لی کوردستان وچه‌مکی شه‌راکه‌تی راسته‌قینه‌ دابین ده‌کات. 

حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان
 حزبی زه‌حمه‌تکیشانی کوردستان
 حزبی شیوعی کوردستان 
19ئابی ٢٠١٤


زۆرترین خوێندراو