سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیا گه‌یشته‌ هه‌رێم وله‌گه‌ڵ سه‌رۆکى هه‌رێم کۆبونه‌وه‌

8/21/2014 12:14:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

چوارشه‌ممه‌ 20ى ئابى 2014 ماتێیۆ ڕێنزى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیا و شاندێکى یاوه‌رى سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانى کرد و له‌ مه‌راسمێکى فه‌رمیدا له‌ لایه‌ن به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسه‌ سیاسى و حکوومییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر پێشوازى لێکرا و پاشان له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان کۆبۆیه‌وه‌.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا دوایین پێشهاته‌ ئه‌منى و سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و بارودۆخى مه‌یدانیى به‌ره‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و تیرۆریستان و بارودۆخى مرۆیى ئاواره‌کان خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆ و سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیا ئه‌وه‌ى به‌ سه‌رۆک بارزانى ڕاگه‌یاند که‌ پارله‌مانى ئیتالیا بڕیارى داوه‌ که‌ ئیتالیا پشتگیریى مرۆیى و سه‌ربازیى هه‌رێمى کوردستان بکات له‌دژى شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ کۆده‌نگى و ئیراده‌یه‌کى به‌هێز له‌نێو وڵاتانى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا هه‌یه‌ که‌ له‌ڕووى سه‌ربازى و مرۆیى هاریکارى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و حکوومه‌ت و گه‌لى کوردستان بن. 

لسه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیا به‌ ناوى خۆى وه‌ک وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا و سه‌رۆکى ده‌وریى یه‌کێتیى ئه‌ورووپا له‌ گه‌ڕى داهاتوو به‌ سه‌رۆکى هه‌رێم ڕاگه‌یاند که‌ ئێوه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا ته‌نیا نین و شه‌ڕى ئێوه‌ شه‌ڕى ئێمه‌یشه‌ و سه‌رکه‌وتنى کوردستان له‌ شه‌ڕى تیرۆریستان سه‌رکه‌وتنى ئێمه‌یه‌ و هه‌روه‌ها ئامانجى سه‌ردانه‌که‌یشى بۆ کوردستان خسته‌ڕوو که‌ بریتى بوو گه‌یاندنى په‌یامى پاڵپشتیى ئه‌ورووپا و وڵاته‌که‌ى بۆ گه‌لى کوردستان و فراوانتربوونى په‌یوه‌ندییه‌کانى ئیتالیا و کوردستان و هه‌روه‌ها ئاگاداربوون له‌وه‌ى چۆن بتوانن له‌ڕووى سه‌ربازى و مرۆییه‌وه‌ هاوکاریى کوردستان بکه‌ن. سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیا زۆر ڕاشکاوانه‌ هێماى به‌وه‌دا که‌ بڕیاریان داوه‌ چه‌ک و هاوکاریى مرۆیى بده‌نه‌ کوردستان و هانى کۆمپانیاکانى ئیتالیا ده‌دات له‌ کوردستان سه‌رمایه‌گوزارى بکه‌ن و ئاستى په‌یوه‌ندیى دیپلۆماسیشیان له‌ نوێنه‌رایه‌تى بۆ کردنه‌وه‌ى کونسڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر به‌رز بکه‌نه‌وه‌. سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیا هیوایشى خواست سه‌رۆک بارزانى له‌ ئایینده‌یه‌کى نزیک سه‌ردانى ئیتالیا بکات.

له‌به‌رانبه‌ردا سه‌رۆک بارزانى سوپاسى هه‌ڵوێستى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیاى کرد و وێڕاى شیکردنه‌وه‌ى چۆنییه‌تى په‌لامارى تیرۆریستان و ڕه‌وشى ئاواره‌کان و هێزى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند که‌ هاوپه‌یمانى و پشتگیریى ئه‌ورووپا و ئیتالیا واده‌کات گه‌له‌که‌مان هێز و ئومێدێکى زیاترى هه‌بێت له‌ به‌رنگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و هیوایشى خواست په‌یوه‌ندییه‌کانى ئیتالیا و کوردستان گه‌شه‌ى زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. سه‌باره‌ت به‌ هاتنى ئاواره‌کان بۆ کوردستان سه‌رۆک بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئه‌وه‌ى له‌ توانامان بیت بۆ یارمه‌تیدان و ئیداره‌کردنى ڕه‌وشیان ده‌یکه‌ین و ئه‌وه‌یشى باس کرد که‌ بۆ کوردستان جێگه‌ى شانازییه‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ییه‌کى فره‌ئایین و فره‌نه‌ته‌وه‌ى هه‌یه‌ و به‌ هه‌موو توانایه‌ک پارێزگارى له‌م فره‌ییه‌ ده‌که‌ین.


زۆرترین خوێندراو