پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى بۆ کۆگاکانى هه‌ڵگرتنى خواردن جێبه‌جێ ده‌کرێت

8/21/2014 2:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیاندا و رێگرى کردن له‌ خراپبوونى ئه‌و خواردن و مه‌وادانه‌ى که‌ له‌ کۆگاکاندا هه‌ڵده‌گیرێت پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى بۆ هه‌موو کۆگاکانى سنورى گه‌ڕه‌کى راپه‌ڕینى شارى سلێمانى جێبه‌جێ ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خواردنانه‌ى له‌و کۆگایانه‌دا بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گیرێت به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست بگاته‌ ده‌ستى هاوڵاتیان .

په‌یوه‌ست به‌م لایه‌نه‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 21ى ئابى 2014, له‌ دیوانى قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى له‌گه‌ڵ لێپسراوانى په‌یوه‌ندیداردا کۆبوویه‌وه‌ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌جێبه‌جێ کردنى پڕۆژه‌که‌کرد که‌ له‌مه‌ودوا هه‌موو ئه‌و مه‌واد و خواردنانه‌ى که‌ له‌کۆگاکاندا هه‌ڵده‌گیرێت له‌ رووى دڵنیایى و سه‌لامه‌تیه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست ده‌گه‌نه‌ ده‌ستى هاوڵاتیان .

قائیمقامى سلێمانى راشیگه‌یاند له‌ رابردوودا به‌هۆى نه‌بونى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانه‌وه‌ له‌ کۆگاکاندا هه‌ندێک جار خواردن و مه‌واده‌ هه‌ڵگیراوه‌کان خراپ ده‌بوون که‌ ئه‌مه‌ش مه‌ترسى بۆ سه‌ر ژیان و ته‌ندروستى هاوڵاتیان دروست ده‌کرد , به‌ڵام به‌جێبه‌جێ کردنى ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌ کۆتایى به‌هه‌موو ئه‌و گرفت و کێشانه‌ ده‌هێندرێت و خواردن له‌ کۆگاکاندا به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست هه‌ڵده‌گیرێت و به‌بێ هیچ مه‌ترسیه‌ک ده‌گاته‌ ده‌ستى هاوڵاتیان .

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ له‌ نزیکترین کاتدا هه‌موو پڕۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌رکى حکومه‌ت ده‌گاته‌ کۆگاکان و هه‌روه‌ها له‌هه‌وڵدان شوێنێکى گونجاو بۆ کۆگاکان دابین بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى باشتر کۆگاکان له‌ یه‌ک شوێندا کۆبکرێنه‌وه‌ و هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌کانیشان بۆ دابین بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى خواردن و پێداویستیه‌کان رووبه‌ڕووى خراپ بوون نه‌بێته‌وه‌ و ته‌ندروستى هاوڵاتیانیش پارێزراوبێت.


زۆرترین خوێندراو