به‌ئاماده‌بونى به‌رێز محمه‌دى حاجى مه‌حمود مه‌راسیمى چله‌ى شه‌هیدان "ئه‌حمه‌د حمه‌ یوسف " و "به‌ختیار ئه‌حمه‌د حمه‌ سه‌عید" به‌رێوه‌چوو

8/21/2014 9:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر 5 ى سه‌رله‌ئێواره‌ى  ئه‌مڕۆ  21 ى ئابى 2014 به‌ئاماده‌بونى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى و ده‌زگاى پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرس وئه‌ندامانى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و نوێنه‌رى حزبى و حکومى ناوچه‌که‌و ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له‌ که‌سو کارو بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌و جه‌ماوه‌رێکى به‌رفراوان وخانه‌واده‌ى هه‌ردوو شه‌هید له‌هۆڵى میر له‌شارى هه‌ڵه‌به‌جه‌ مه‌راسیمى چله‌ى شه‌هیدان"ئه‌حمه‌د حمه‌ یوسف " و "به‌ختیار ئه‌حمه‌د حمه‌ سه‌عید"   به‌رێوه‌چوو  .

سه‌ره‌تاى مه‌راسیمه‌که‌ به‌ساتێک وه‌ستان به‌بێ‌ ده‌نگى بۆ گیانى پاکى هه‌ردوو شه‌هید و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردستان ده‌ستى پێکرد و دواتر چه‌ند ئایه‌تێک له‌قورئانى پیرۆز خوێندرایه‌وه‌ .

پاشان  ووتارى به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان پێشمه‌شکراو ئاماژه‌یدا به‌مه‌راسیمى چله‌ى ئه‌و دوو شه‌هیده‌ قاره‌مان و دڵسۆزه‌ى که‌له‌پێناو به‌رگرى و پاراستنى خاکى پیرۆزى کوردستان گیانى خۆیان کرده‌ قوربانى .

پاشان به‌رێز محمه‌دى حاجى مه‌حمود وتارێکى پێشکه‌ش کردوو تیایدا تیشکى خسته‌ رۆڵى هه‌ردووشه‌هید و دڵسۆزى و له‌خۆبوردیان بۆ پاراستنى خه‌ڵک وخاکى هه‌رێمى کوردستان هه‌روه‌ک چۆن به‌ڵنیان دابوو له‌و پێناوه‌دا گیانى خۆیان ببه‌خشن.

ووتیشى : شه‌هید بوونى فه‌رمانده‌ ئه‌حمه‌د حمه‌ یوسفى و به‌ختیار ئه‌حمه‌د حمه‌ سه‌عید و هه‌رپێشمه‌رگه‌یه‌کى ئه‌م کوردستانه‌ خه‌ساره‌تێکى گه‌وه‌ریه‌ بۆ گه‌لى کورد ،ئه‌مه‌یه‌که‌م ودواین شه‌هید نابن له‌پێناوى پاراستنى خاک و گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌واوى خاکى کوردستان گیانیان ببه‌خشن ، 

به‌رێز محمه‌دى حاجى مه‌حمود ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌حزبى شه‌هیدان ناسراوه‌ و له‌مێژووى خه‌باتى خۆیدا چه‌ندین سه‌رکرده‌ى قاره‌مان وشۆڕشگێرى له‌و رێگایه‌دا کردۆته‌ قوربانى ،له‌ئێستاشدا به‌هه‌مان گڕوتینه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى دوژمانى گه‌له‌که‌مان رێگرتن له‌هه‌ر ده‌ستدرێژیه‌ک که‌بۆسه‌ر هه‌رێمى کوردستان بکرێت له‌پێناو پاراستنى ئارامى و ژیانى هاوڵاتیان و هه‌رێمى کوردستان .

وتیشى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خه‌م وئازاره‌کانى میلله‌ته‌که‌ى ژیاوه‌ و له‌پێناو که‌مکردنه‌وه‌ى ئازاره‌کان و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانی  گه‌لى کورد خه‌باتى کردوه‌ وقوربانیداوه‌ ، شه‌هیدانى ده‌ستى تیرۆرو پارێزگارى له‌خاکى کوردستان  به‌شێکن له‌وقوربانیانه‌ى گه‌لى کورد له‌پێناو ئازادى و مافه‌کانى ده‌یبه‌خشێت  بۆیه‌ سه‌رى ڕێزو نه‌وازش بۆ قوربانیانى ده‌ستى تیرۆر  نه‌وى ده‌که‌ین و  رێزو خۆشه‌ویستى بۆ که‌سوکارى شه‌هیدان و برینداران ده‌نێرین ،هیوادارین ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا به‌قازانجى گه‌له‌که‌مان کۆتاى بێت و ببێته‌ ده‌ستکه‌وتێکى مێژوویى بۆ هه‌رێمى کوردستان .

 هه‌رله‌مه‌راسیمه‌که‌دا وتارى به‌رێوه‌به‌رى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن سه‌عدون ساڵى نامدار به‌رێوه‌به‌رى شه‌هیدانه‌وه‌ پێشکه‌ش کرا و ئاماژه‌یدا به‌و قوربانیانه‌ى میلله‌تى کورد به‌درێژایى مێژوو داویه‌تى له‌پێناو به‌ده‌ستهێنان خاک و مافه‌کانى نه‌ته‌وه‌که‌مان .

دواتر ژیاننامه‌ى هه‌ریه‌که‌ له‌شه‌هیدان "ئه‌حمه‌د حمه‌ یوسف " و "به‌ختیار ئه‌حمه‌د حمه‌ سه‌عید" به‌شێوه‌ى ڤیدیۆ سکرین نمایشکرا ،مه‌راسیمه‌که‌ به‌ وتارى بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان کۆتایى هات .

شایانى باسه‌ شه‌وى 21له‌سه‌ر 22 ى ته‌مموزى 2014 له‌روبه‌روبونه‌وه‌یکدا له‌که‌ڵ چه‌کدارانى داعش له‌ گه‌ڕه‌کى ته‌جنیدى شارۆچکه‌ى جه‌له‌ولا هه‌ریه‌ک له‌ فه‌رمانده‌ى دێرینى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان نه‌قیب (ئه‌حمه‌د حمه‌ یوسف ) ى ئه‌ندامى ده‌زگاى کارو بارى پیشمه‌رگه‌ى  حزبى سۆسالیست دیموکراتى کوردستان فه‌رمانده‌ى سریه‌ى 4ى لیواى 5 شاره‌زوور هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و (به‌ختیار ئه‌حمه‌د حمه‌  سه‌عید ) ئامرفه‌سیڵ و پیشمه‌رگه‌ى ناوه‌ندى فه‌رمانده‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى به‌ده‌ستى چه‌کداره‌کانى داعش شه‌هیدکران و هاوکات رائید ( زاهید محمد عبدالکریم) ئه‌ندامى ده‌زگاى کارو بارى پیشمه‌رگه‌ى  و ئه‌فسه‌ر له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به‌سه‌ختى بریندار کرا .


زۆرترین خوێندراو