وته‌بێژى حکوومه‌ت له‌باره‌ى قه‌یرانى نرخى‌ به‌نزینه‌وه‌ ده‌دوێت

9/1/2014 11:15:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 ده‌رباره‌ى نرخى به‌نزین و کاردانه‌وه‌کانى، سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕى حکوومه‌ت ڕایگه‌یاند: په‌رله‌مانى کوردستان و به‌ڕێزان ئه‌ندامانى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کانى په‌رله‌مان و هه‌موو لایه‌ک، باش ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن که‌:

1- حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ناچاره‌ ڕۆژانه‌ ملیۆنه‌ها دۆلار بۆ به‌ڕێوه‌بردن و دابینکردنى پێداویستیى به‌ره‌کانى جه‌نگ له‌دژى داعش خه‌رج بکات.

2- له‌ مانگى یه‌کى ئه‌مساڵه‌وه‌ حکوومه‌تى عیراق بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕیوه‌، که‌ ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌کیى قه‌یرانى دارایى له‌ هه‌رێمى کوردستان.


3- هه‌موو داهاتى فرۆشتنى نه‌وت به‌ ته‌نیا به‌شى دابینکردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش ناکات، که‌ مووچه‌که‌‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ هه‌شت سه‌د و په‌نجا ملیار دیناره‌.‌ 

4- حکوومه‌ت بارێکى زۆر قورسى به‌ڕێوه‌بردن و دابینکردنى ژیانى 1.4 ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌رى سووریا و ئاواره‌ى ناوخۆى عیراق و هه‌رێمى کوردستانى که‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ که‌ وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ پارێزگایه‌کى دیکه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان زیاد بووبێت.


5- ئه‌م بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ واى کردووه‌ له‌ هه‌ندێ شوێنى وه‌ک که‌رکووک نرخى لیترێک به‌نزین بگاته‌ سه‌رووى 1200 دینار.

6- له‌ دیاریکردنى نرخى به‌نزین بۆ ته‌کسى و پاس که‌ 500 دیناره‌، ڕه‌چاوى به‌رژوه‌ندیى که‌مده‌رامه‌تان و به‌کارهێنه‌رانى که‌رتى گواستنه‌وه‌ى گشتى کراوه. هه‌مان شتیش بۆ نه‌وتى سپى که‌ هه‌ر لیترێکى 160 دیناره‌.

هه‌روه‌ها ووتى: بارودۆخه‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ویست و ده‌سه‌ڵاتى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندایه‌، ئه‌گینا وه‌ک هه‌میشه‌ ئامانجى بووه‌، حکوومه‌ت ویستوویه‌تى و هه‌وڵى داوه‌ ‌و هه‌وڵ ده‌دات "وه‌ک چۆن پێشتر کردوویه‌تى" که‌ سووته‌مه‌نى و به‌ تایبه‌تى به‌نزین به‌ نرخێکى هه‌رزان بگاته‌ هاووڵاتیان، به‌ڵام له‌ ڕه‌وش و قه‌یرانێکى داراییى ئاوها دژواردا و له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ى سه‌ره‌وه‌، حکوومه‌ت ئێستا ناتوانێت به‌و نرخه‌ى جاران به‌نزین دابین بکات، چونکه‌ له‌ تواناى حکوومه‌تدا نیه‌ و بۆى ناکرێت ساڵانه‌ بڕى زیاتر له‌ پێنج ملیار دۆلار؛ پشتگیریى سووته‌مه‌نى بکات، که‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ زیاتر له‌ ملیارێک و سه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلار ته‌نیا بۆ پشتگیریى که‌رتى هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌نزین و گازۆیل و دیزڵ، ئه‌وه‌ش ڕاست و ڕه‌وا نیه‌ چاو له‌و هه‌موو خه‌رجییه‌ زه‌به‌لڵاحه‌ى سوومه‌نى بپۆشرێت و ته‌نیا ئه‌وه‌ى به‌نزین زه‌ق بکرێته‌وه‌.

وته‌بێژى حکوومه‌ت هه‌روه‌ها ڕوونى کرده‌وه‌؛ ئه‌گه‌ر حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌وڵ نه‌دات ئه‌و هه‌موو پشتگیرییه‌ بۆ سووته‌مه‌نى که‌م بکاته‌وه‌، ئه‌وا له‌ بارودۆخێکى وه‌ک ئه‌وه‌ى ئیستاى هه‌رێمى کوردستاندا، نه‌ ده‌توانێ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابین بکات، نه‌ کار و‌ ئه‌رکه‌کانى به‌ڕێوه‌ ببات. ئه‌م هه‌موو کێشانه‌ بوونه‌ته‌ هۆى دروستبوونى ئه‌م قه‌یرانه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان له‌ په‌رله‌مان و له‌ حکوومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌زانن.ته‌نانه‌ت هه‌ر چاودێرێکیش به‌ ئاسانى ده‌توانێ باش درک به‌م ڕاستییه‌ بکات. بۆیه‌ دانانى هه‌ر نرخێک بۆ به‌نزین، بڕیارى پێکه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌ به‌شداره‌کانى حکوومه‌ته‌ و هه‌ر قسه‌یه‌کى پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌ هه‌ر لایه‌نێکى دیکه‌وه‌ بکرێت، ته‌نیا موزایه‌ده‌ى سیاسییه‌ و هیچى تر.


دزه‌یى له‌ کۆتاییدا وتیشى: تا ئه‌م قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بێت، که‌مکردنه‌وه‌ى نرخى به‌نزین له‌ تواناى حکوومه‌تدا نیه‌ و ناتوانێ بیکات، چونکه‌ بۆ ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وله‌ویاتى دیکه‌ى دابینکردن و پاراستنى ئاسایش و ئارامى و سه‌ر و ماڵ و ژیانى هاووڵاتیان له‌ هه‌موو شتێکى دیکه‌ گرنگتره‌. که‌ى کێشه‌کان کاڵ بوونه‌وه‌ و قه‌یرانه‌که‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌رى چوو، ئه‌وسا حکوومه‌ت له‌ توانایدا ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌ى نرخى به‌نزین بدۆزێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو