ئاشتى هه‌ورامى: له‌ئێستادا حکومه‌ت ناتوانێت نرخى به‌نزین هه‌رزان بکات، ئه‌مه‌ قسه‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌یى و وه‌زیرى دارایى و په‌رله‌مانتارانیشه‌

9/2/2014 2:32:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان  له‌ دیدارێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند :"له‌کۆبوونه‌وه‌که‌ى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گازدا، هیچ که‌سێک لارى نه‌بوو له‌زیادکردنى نرخى به‌نزین، به‌ڵام که‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌موویان ڕه‌خنه‌یان ده‌گرت".
 
ئاشتى هه‌ورامى ڕایگه‌یاند، ئه‌و به‌گومانه‌ له‌و خۆپیشاندانانه‌ى له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى ئه‌نجامده‌درێن، چونکه‌ بۆچى له‌که‌رکوک و هه‌ولێرو دهۆک به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، له‌کاتێکدا له‌که‌رکوک نرخى لیترێک به‌نزین ١٢٥٠ دیناره‌.

وتیشی:"سوێند ده‌خۆم به‌خواى گه‌وره‌، ئه‌گه‌ر له‌ئێستادا ده‌رفه‌رتى هه‌رزانبوون هه‌بوایه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م به‌بێ به‌رامبه‌ر به‌نزین به‌هاوڵاتیان بدرێت نه‌ک فشار بخه‌ینه‌سه‌ر میله‌تى خۆمان".


ده‌شڵێت:"هیچ حزب و لایه‌نێکى سیاسى له‌کوردستان خۆى به‌ده‌رنه‌کات له‌زیادکردنى نرخى به‌نزین، هه‌موومان پێکه‌وه‌ بڕیارمانداوه‌و هیچ ناڕه‌زاییه‌کیشمان نه‌بینی".

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ئه‌و نیگه‌رانه‌ له‌و چه‌ندین شێوازى لێدوانانه‌ى بۆ که‌ناڵه‌کانى ڕاگه‌یاندن له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسه‌ باڵاکانى حکومه‌ته‌وه‌ ده‌درێن، هه‌ورامى ده‌ڵێت:"من نازانم درۆ بۆ که‌س بکه‌م و هه‌رچیش ڕاستیه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، به‌ڵێ له‌ئێستادا حکومه‌ت ناتوانێت نرخى به‌نزین هه‌رزان بکات، ئه‌مه‌ قسه‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌یى و وه‌زیرى دارایى و سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانیشه‌، به‌ڵام من به‌ڕاشکاوى ده‌یڵێم و ئه‌وان نایکه‌ن و بۆ خه‌ڵک به‌جۆرێکى تر ده‌دوێن، به‌ڕاستى من وه‌ک ئاشتى هه‌ورامى نامه‌وێت خه‌ڵک هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنم".



زۆرترین خوێندراو