سلێمانى ،گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌په‌له‌کردن له‌ دروستکردنى که‌مپى ئاواره‌کان ده‌کرێت

9/2/2014 8:04:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى ئاواره‌کان، دیندار زێبارى و پارێزگارى سلێمانى له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کان کۆبوونه‌وه‌

ئه‌مرۆ 2ى ئه‌یلولى 2014 له‌ بیناى پارێزگاى سلێمانى به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگارى سلێمانى و  دیندار زێباری یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى رێکخراوه‌ ناوخۆییه‌کان و رێکخراوه‌کانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌  نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌شارى سلێمانى کۆبوونه‌وه‌.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ کرا له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى رێکخراوه‌کان بۆ کۆمه‌کى ئاواره‌کان و میکانیزمى کارکردنى رێکخراوه‌کان و په‌له‌کردن له‌ ته‌واوکردنى دروستکردنى که‌مپى ئاواره‌کان و چۆنێتى دابه‌شکردنى ئه‌و هاوکاریانه‌ى له‌ لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ ئاواره‌کان.

له‌سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا پارێزگارى سلێمانى ژماره‌ى ئاواره‌کانى سنورى پارێزگاى سلێمانى خسته‌روو ،رایگه‌یاند: له‌دواى ساڵى 2003 و  تا ئێستا 268,364 که‌س وه‌ک ئاواره‌ روویان له‌ پارێزگاى سلێمانى کردووه‌.

وتیشى: به‌هۆى هێرشه‌کانى داعشه‌وه‌و له‌ سه‌ره‌تاى مانگى  حوزه‌یرانى ئه‌مساڵه‌وه‌ (171528) که‌س روویان له‌ سلێمانی کردووه‌ که‌ ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م شه‌پۆلی ئاواره‌بوونه‌ی دوای به‌م جۆره‌یه‌:

رووداوی داگیرکردنی  شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌:      (66573) هه‌زار که‌سی له‌ ئیزدییه‌کان ئاواره‌ی سلێمانی کردوه‌.

کوردانی شه‌به‌ک، که‌ له‌ناوچه‌کانی نزیک شاری موسڵ ده‌ژین 23792  که‌سیان که‌ ده‌کاته‌    4315  خێزان رووه‌و سلێمانی ئاواره‌ بوون.

مه‌سیحیه‌کانیش :     1550 که‌س   که‌ ده‌کاته‌  / 401   خێزان هاتوونه‌ته‌ سلێمانی.


پارێزگارى سلێمانى  ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد له‌ کاتى ئاواره‌بوونى کوردانى رۆژئاوادا حکومه‌تى هه‌رێمى تواناى دارایى باشى هه‌بوو بۆیه‌ بودجه‌یه‌کى پێویستى بۆ ئاواره‌کان ته‌رخانکردوو به‌و هۆیه‌شه‌وه‌  به‌هاوکارى رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى توانیان پێداویستییه‌کانیان بۆ دابین بکه‌ن، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێم ناتوانێت بودجه‌ بۆ ئاواره‌کان ته‌رخان بکات بۆیه‌ حکومه‌ت زیاتر چاوى له‌ده‌ستى رێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ هاوکارى ئاواره‌کان.

پارێزگار داواى کرد له‌ رێکخراوه‌کان په‌له‌ بکه‌ن له‌ کردنه‌وه‌ى که‌مپه‌کان و وتى: وه‌رزى سه‌رما نزیک بووته‌وه‌ و ئاواره‌کان پێویستیان به‌ جێگه‌ى باشتر هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بێت که‌مپه‌کان به‌ زووترین کات  ته‌واو بکرێن، به‌ڵام به‌ میکانیزمى ئێستاى رێکخراوه‌کان ناتوانرێت به‌ر له‌وه‌رزى سه‌رما ئه‌و که‌مپانه‌ ئاماده‌ بکرێت و داواى کرد میکانیزمه‌که‌یان بگۆڕن و له‌ هه‌ستیارى هه‌لومه‌رجه‌که‌ تێبه‌گه‌ن.

پارێزگار ئاشکراشى کرد تائێستا ئه‌و هاوکاریانه‌ى له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ بۆ ئاواره‌کان ته‌رخانکراوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ پارێزگاى سلێمانى.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دیندار زێباری یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئاماژه‌ى بۆ قه‌رباره‌ى قه‌یرانى ئاواره‌کان کردوو رایگه‌یاند قه‌یرانه‌ سه‌خته‌و  نزیکه‌ى 1ملیون و 400 هه‌زار  ئاواره‌  رووى له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ بۆیه‌ ته‌نیا به‌ کردنه‌وه‌ى که‌مپ و هاوکارى ئاواره‌کان قه‌یرانه‌که‌ چاره‌سه‌ر نابێت و پێویستى به‌ چاره‌سه‌رى سیاسى و سه‌ربازى تر ده‌بێت.

دیندار زێبارى ، له‌باره‌ى چۆنێتى دابه‌شکردنى ئه‌و کۆمه‌کانه‌ى له‌ لایه‌ن وڵاتانى جیهانه‌وه‌ بۆ ئاواره‌کان ره‌وانه‌کراوه‌، رایگه‌یاند کۆمه‌که‌کان له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یان له‌لایه‌ن وڵاته‌کان خۆیانه‌وه‌  راسته‌خۆ نێردراون بۆ  ناوچه‌ کاره‌سات باره‌کان  وتیشى ده‌بێت رێکخراوه‌کان له‌گه‌ڵ پارێزگاکاندا هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن بۆ دابه‌شکردنى ئه‌و کۆمه‌کانه‌ به‌سه‌ر ئاواره‌کاندا

دیندار زێباری  ته‌ئکیدى کرده‌وه‌ که‌ هاوکارییه‌کان وه‌ک پێویست نین و له‌ئاستى قه‌باره‌ى ئاواره‌کاندا نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى عیراقیش دیندار زێبارى وتى، عیراق وه‌ک پێویست هاوکارى ئاواره‌کانى نه‌کردووه‌  و تا ئێستاش داواى له‌ کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى نه‌کردووه‌ بۆ هاوکارى ئاواره‌کان.
دیندار زێباری  ئاشکراشى کرد ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کۆببێته‌وه‌ له‌سه‌ر پرسى ره‌شه‌کوژى و کۆمه‌ڵکوژى  ئێزدییه‌کان له‌لایه‌ن چه‌کداره‌ تیرۆریسته‌کانى داعشه‌وه‌.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا  نوێنه‌رى UNHCR له‌ سلێمانى رایگه‌یاند ده‌ستیان کردووه‌ به‌ دروستکردنى سێ که‌مپى نوێ له‌ سلێمانى و دیزاینه‌کانیان ته‌واو بووه‌و  زه‌وییه‌کانیش بڕین و ته‌ختکردنى بۆ کراوه‌و له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتووه‌وه‌ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ دروست کردنى که‌مپه‌کان که‌ ده‌که‌ونه‌ چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار و دوکان.


زۆرترین خوێندراو