سنه‌ 220 ته‌ن هاوکارى بۆ ئاواره‌کان ره‌وانه‌ى سلێمانى ده‌کات

9/2/2014 8:52:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مرۆ 2ى ئه‌یلولى 2014، کاروانێکى کۆمه‌ک و هاوکارى بۆ ئاواره‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستانه‌وه‌و له‌ شارى سنه‌وه‌ گه‌یشته‌ شارى سلێمانى 

کۆمه‌که‌که‌ بریتى بوو له‌ 220  ته‌ن که‌وپه‌ل و شتمه‌کى پێویست بۆ ئاواره‌کان و له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و  هاووڵاتیانى شارى سنه‌و و ده‌روبه‌رییه‌وه‌ کۆکرابووه‌وه‌ بۆ ئاواره‌کان به‌ تایبه‌ت ئاواره‌کانى شه‌نگال.

هه‌ر ئه‌مرۆ پارێزگارى سلێمانى پێشوازیکرد، له‌ وه‌فدێکى مانگى سورى کۆمارى ئیسلامى ئێران که‌ ئه‌و کۆمه‌کانه‌ى شارى سنه‌ى هێنابووه‌ سلێمانى.
پارێزگارى سلێمانى له‌ میانى دیداریدا له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌فده‌ سوپاسى خه‌ڵکى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانى کرد بۆ به‌هاناوه‌ هاتنى ئاواره‌کان و پشتیوانیان له‌ هه‌رێمى کوردستان و رایگه‌یاند کۆمارى ئیسلامى ئێران و هاووڵاتیانى ئێران هه‌موو کات له‌ کاتى ته‌نگانه‌دا به‌هاناى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هاتوون و ئه‌م جاره‌ش له‌م قه‌یرانه‌دا کۆمارى ئیسلامى ئێران یه‌که‌مین وڵات بوو کۆمه‌که‌کانى گه‌ندووه‌ته‌ ئاواره‌کان.

وه‌فده‌که‌ش له‌ میانى دیداره‌که‌یاندا په‌یامێکى عه‌بدول حه‌مید زاهدى  پارێزگارى کوردستانیان گه‌یانده‌ پارێزگارى سلێمانى.

پارێزگارى کوردستان له‌ په‌یامه‌که‌یدا بۆ پارێزگارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت: تاوانه‌کانى گروپى تیرۆریستى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ سوریا و عیراق ته‌نیا یه‌ک مه‌زهه‌ب و یه‌ک وڵاتى نه‌کردووه‌ به‌ ئامانج  به‌ڵکو ته‌واوى ناوچه‌که‌ى کردووه‌ به‌ ئامانج، بۆیه‌ کۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ ته‌واوه‌تى له‌گه‌ڵ گه‌لى عیراقى دۆست و دراوسێى ده‌وه‌ستێت بۆ رووبه‌روونه‌وه‌ى ئه‌و گروپه‌، چونکه‌ رووبه‌روونه‌وه‌ى تیرۆر پێویستى به‌ هاوکارى هه‌موو وڵاتان هه‌یه‌ و چونکه‌ ده‌رکه‌وتنى ئه‌م گروپه‌ مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو میلله‌تانى ناوچه‌که‌.

پارێزگارى کوردستان له‌ درێژه‌ى په‌یامه‌که‌یدا بۆ پارێزگارى سلێمانى  ده‌ڵێت: به‌ هاوکارى خودا تا سه‌رکه‌وتنى یه‌کجاره‌کى و جێگربوونى ئارامى و ئاسایش له‌ ته‌واوى ناوچه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌مێنینه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یامه‌دا پارێزگارى سلێمانى سڵاو رێزى تایبه‌تى نارد بۆ پارێزگارى کوردستان و رایگه‌یاند " لاى ئێمه‌ سلێمانى و سنه‌ هیچ جیاوازییه‌کیان نییه‌ و کۆمه‌ک و پشتیوانییه‌کانى پارێزگارى کوردستان و خه‌ڵکى ئه‌و پارێزگایه‌ دووپاتکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندنى قوڵى هه‌ردوو لایه‌"

له‌ کۆتاى دیداره‌که‌یاندا وه‌فدى مانگى سورى ئێرانى و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانى سنه‌، ته‌ئکیدیان له‌ پشتیوانى و به‌رده‌وامى و خه‌مخۆرى هاووڵاتیانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانى پارێزگاى کوردستان کردووه‌ بۆ هاوکاریکردنى زیاترى ئاواره‌کان.


زۆرترین خوێندراو