سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ سه‌رۆکى لیستى نیشتیمانیى عێراقى له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌کات

9/2/2014 10:22:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2 ى ئه‌یلولى  2014 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى پێشوازى له‌ ئه‌یاد عه‌لاوى سه‌رۆکى لیستى نیشتیمانیى عێراقى له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق کرد.

له‌ دیدارێکدا دوایین پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌کانى عێراق و پڕۆسه‌ى پێکهێنانى حکوومه‌تى تازه‌ى عێراقى خرایه‌ به‌ر باس هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌کانى تیرۆر بۆ سه‌ر کوردستان و عێراق و سه‌رکه‌وتنه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌ به‌ره‌کانى جه‌نگى دژى تیرۆریستانى داعش تاوتوێ کرا و قسه‌یش له‌باره‌ى باره‌دۆخى ئاواره‌کان و ڕه‌وش و گوزه‌رانیان کرا.

هه‌ر له‌م دیداره‌دا هه‌ردوو لا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕا بوون که‌ پێویسته‌ له‌ پێکهێنانى حکوومه‌تى داهاتوودا ویست و داواکاریى هه‌موو پێکهاته‌کانى عێراق له‌به‌ر چاو بگیرێت. ئه‌وه‌یش دووپات کرایه‌وه‌ که‌ بۆسه‌رکه‌وتن له‌ شه‌ڕى تیرۆریستان پێویسته‌ چاره‌سه‌رى سیاسیى گونجاوییش بدۆزرێته‌وه‌. له‌و دیداره‌دا جه‌ختیش له‌وه‌ کرایه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ حکوومه‌تى عێراقى پابه‌ندى ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ بێت که‌ بۆ یارمه‌تیدان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان له‌سه‌ر شانیه‌تی.


زۆرترین خوێندراو