39 هه‌زار خێزانى ئاواره‌ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى نیشته‌جێ کراون

9/2/2014 10:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

بۆ گفتوگۆکردنى زیاتر له‌سه‌ر بارودۆخى ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ى که‌روویان  له‌ پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و کارائاسانى کردن بۆ ئه‌و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ماهه‌نگى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیاره‌کان هاوکارى پێشکه‌شى ئاواره‌کان بکه‌ن. ئه‌مرۆ سێ‌ شه‌مه‌ رێکه‌وتى 2ى ئه‌یلولى 2014  ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى پێشوازیکرد له‌ نوێنه‌رانى رێکخراوى ئه‌درا و له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رانى ( ناحیه‌ى تانجه‌رۆ و کۆچ و کۆچبه‌رانى سلێمانى) کۆبۆوه‌.

پاش گفتوگۆکردن  قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند:  بۆ ده‌ربازبوون له‌م بارودۆخه‌ پێویستیمان به‌ هاوکارى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ تاوه‌کو پێداویستی ته‌واو بۆ ئاواره‌کان دابین بکه‌ین تا ئه‌وکاته‌ى بارودۆخى سیاسى و ئه‌منى ئاسایى ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و خێزانانه‌ش  ئه‌گه‌رێنه‌وه‌ زێدى خۆیان.

ده‌رباره‌ى رێژه‌ى په‌نابه‌ران و ئه‌و خێزانانه‌ى له‌ (موسڵ و سه‌لاحه‌دین و شه‌نگال)ه‌وه‌ هاتوون  عوسمان مسته‌فا به‌رێوه‌به‌رى کۆچ و کۆچبه‌رانى سلێمانى رایگه‌یاند: تا ئێستا (39 ) هه‌زار خێزانى ئاواره‌ که‌ ده‌کاته‌ (160.000) که‌س  له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌مان تۆمار کراون و له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى نیشته‌جێ کراون.

له‌باره‌ى  ره‌وشى ئه‌و 81 خێزانه‌ ئێزیدیه‌ى که‌ له‌ خوێندنه‌یه‌کى ناحییه‌ى عه‌ربه‌ت  نیشته‌جێکراون هوشیار مسته‌فا  به‌رێوه‌به‌رى ناحییه‌ى تانجه‌رۆ رایگه‌یاند: سه‌رجه‌م پێداویستییه‌کانیان بۆ دابینکراوه‌ و له‌ ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت که‌مپێکى کاتییان بۆ ته‌رخانکراوه‌و و له‌ که‌مترین ماوه‌دا سه‌رجه‌میان ئه‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و که‌مپه‌ کاتییه‌.


زۆرترین خوێندراو