حکوومه‌ت و ده‌زگاکانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ ڕه‌وشى ئاواره‌کان ده‌کۆڵنه‌وه‌

9/21/2014 2:41:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 21 ى ئه‌یلوولى 2014 ، به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و، وه‌زیره‌ په‌یوه‌نداره‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وپارێزگارى دهۆک، کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ڕێکخراوى جیهانیى ته‌ندروستى WHO، به‌رنامه‌ى جیهانیى خۆراک WFP و کۆمیساری باڵاى کاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان UNHCR و ڕێکخراوى کاروبارى منداڵانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان UNICEF، له‌ دهۆک ساز کرا.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ڕێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، سوپاس و پێزانینیان پێشکه‌ش به‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد، که‌ له‌ ماوه‌یه‌کى پێوانه‌یى زوودا و به‌ شێوه‌یه‌ک پێشبینى نه‌ده‌کرا، مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا کرد و توانى پێشوازى له‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌کان بکات و داڵده‌یان بدات و پێداویستییه‌کانیان دابین بکات، هه‌روه‌ها لێزانى و لێهاتووییه‌کى ته‌واو بۆ چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌که‌ و به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و ژماره‌ ‌ زۆره‌ى ئاواره‌کان، نیشان بدات.

پاشان به‌ تێروته‌سه‌لى باس له‌ ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ کرا و تیشک خرایه‌ سه‌ر کێشه‌ و گرفته‌کانیان، جه‌ختیش له‌وه‌ کرایه‌وه‌ که‌ ئه‌وپه‌ڕى هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان ده‌زگا و ئاژانس و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ده‌زگاکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ت به‌ په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان بکرێت و کێشه‌ و گرفته‌کانیان چاره‌سه‌ر و، پێداویستییه‌کانیان له‌ ‌ڕووى ژیارى و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌یى و ته‌واوى خزمه‌تگوزارییه‌کانه‌وه‌ دابین بکرێن.

له‌ کۆتاییى کۆبوونه‌وه‌که‌دا  سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، سوپاس و پێزانینى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى پێشکه‌ش به‌ ده‌زگا و ئاژانسه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کرد، بۆ ئه‌و کۆمه‌ک و هاوکارییانه‌ى له‌ کوردستان به‌ گشتى و له‌ پارێزگاى دهۆک به‌ تایبه‌تى پێشکه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌که‌ن، که‌ بوونه‌ته‌ هاوکارێکى گرنگى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڕه‌وشه‌ قورسه‌ى به‌ هۆى زۆریى ژماره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر شانى حکوومه‌ت، به‌ تایبه‌تى که‌ حکوومه‌تى عیراق وه‌ک پێویست له‌م که‌یسه‌دا هاوکار نیه‌ و ئه‌رکه‌کانى خۆى جێبه‌جێ نه‌کردووه‌‌.



زۆرترین خوێندراو