سه‌رۆکى هه‌رێم پێشوازى له‌ سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئیسلامیى عێراق ده‌کات

9/21/2014 10:19:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 21ـى ئه‌یلوولى 2014 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ عه‌مار ئه‌لحه‌کیم سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئیسلامیى عێراق و وه‌فدێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکداپه‌یوه‌ندیى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌کان و دوایین پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌کانى عێراق و پڕۆسه‌ى سیاسیى و پێکهێنانى حکوومه‌تى عێراقى تاوتوێ کرا و قسه‌ له‌باره‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستانى داعش و سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌ به‌ره‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان کرا.

هه‌ر له‌م دیداره‌ کێشه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ کێشه‌ و ناکۆکییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بکرێت.

بارودۆخى ئاواره‌کان و یارمه‌تیدانیان ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى دانیشتنه‌که‌ بوو و وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ هه‌وڵه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بۆ حه‌واندنه‌وه‌ى په‌نابه‌ران، جه‌خت له‌وه‌ کرایه‌وه‌ که‌ چاره‌سه‌رى سه‌ره‌کیى کێشه‌ى ئاواره‌کان گه‌ڕاندنه‌وه‌یانه‌ بۆ ناوچه‌کانیان و هه‌روه‌ها پاراستن و قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌یانه‌ و پێویسته‌ له‌م ڕووه‌وه‌ حکوومه‌تى عێراقى ئه‌رک و پابه‌ندبوونه‌کانى جێبه‌جێ بکات.


زۆرترین خوێندراو