سه‌رۆکى حکومه‌ت پرۆژه‌ى بنیاتنانى که‌مپێک له‌ شاریا به‌ سه‌ر ده‌کاته‌وه‌

9/21/2014 10:24:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 21ى ئه‌یلوولى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، به‌ یاوه‌ریى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرانى په‌یوه‌ندار به‌ قه‌یرانى ئاواره‌کان و پارێزگارى دهۆک، به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز کونسلى گشتیى تورکیا له‌ هه‌رێمى کوردستان، سه‌ردانى پرۆژه‌ى بنیاتنانى که‌مپێکى ئاواره‌کانى له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى شاریا کرد، که‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاى ئافاد- ى حکوومیى تورکیاوه‌، به‌ ستاندارتێکى به‌رز، دروست ده‌کرێت.

سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌فدى یاوه‌ری، نموونه‌ى چه‌ند خێوه‌تێکى که‌مپه‌که‌یان به‌ سه‌ر کرده‌وه‌، که‌ چوار هه‌زار خێوه‌ت له‌ خۆ ده‌گرێت و‌ هه‌ر خێوه‌تێک بۆ خێزانێکه‌، به‌ شێوه‌یه‌کیش دروست کراون که‌ تیایاندا ڕه‌چاوى بارودۆخى که‌شوهه‌وا و سارد و گه‌رمى کراوه‌. هه‌روه‌ها چه‌ند یه‌که‌یه‌کى جیاجیاى تایبه‌تیان بۆ شوشتن و پاککردنه‌وه‌ و دووش و گه‌رماو و توالێت دروست کردووه‌ و کاره‌بایان گه‌یاندووه‌ته‌ خێوه‌ته‌کان، خێوه‌ته‌کانیش تایبه‌تمه‌ندیى دژى سووتانیان تیادایه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ش سه‌رما و تیشکى خۆر کاریگه‌رى له‌سه‌ر نیه‌.

دواى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى به‌شه‌کانى که‌مپه‌که‌،  سه‌رۆکى حکومه‌ت به‌ ناوى خۆى و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، سوپاس و پێزانینى پێشکه‌ش به‌ ده‌زگاى ئافاد و حکوومه‌تى تورکیا کرد و دووپاتى کرده‌وه:‌ تورکیا نه‌ک هه‌ر ئێستا، به‌ڵکوو له‌ ڕابردووشدا که‌ گه‌لى کوردستان تووشى کاره‌سات و نه‌هامه‌تى هاتووه‌، ده‌ستى هاوکارى و یارمه‌تى بۆ درێژ کردووه‌ و به‌هانایه‌وه‌ى چووه‌. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند وێڕاى ئه‌وه‌ى که‌ ده‌زگاى ئافاد له‌ چه‌ند شوێنێکى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان، که‌مپى هاوشێوه‌یان هه‌یه‌، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن تورکیا و ده‌زگاى ئافاد بۆ پازده‌ هه‌زار خێزانى دیکه‌ش خێوه‌تى هاوشێوه‌ بنێرن و چه‌ندین که‌مپى دیکه‌، به‌ هه‌مان ستاندارد بنیات بنێن.

له‌ کۆتاییى به‌سه‌رکردنه‌وه‌که‌دا، سه‌رۆک وه‌زیران، وێڕاى پێشکه‌شکردنى سوپاس و پێزانین بۆ سه‌رپه‌رشتیاران و ئه‌نجامده‌رانى کاره‌کانى دروستکردنى که‌مپه‌که‌، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌موو هاوکارى و ئاسانکارییه‌ک بۆ ده‌زگاى ئافاد پێشکه‌ش ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ ئاسانى که‌لوپه‌ل و پێویستییه‌کانى دروستکردنى که‌مپه‌کان؛ بهێنێته‌ کوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانى ڕاسپارد که‌ هه‌موو ئاسانکارییه‌ک پێشکه‌ش بکه‌ن.



زۆرترین خوێندراو