سه‌رۆکى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى کۆبونه‌وه‌

9/23/2014 11:13:00 AM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

  سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ئاماده‌بونى عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رۆکى سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان  پێشوازى له‌ عه‌مار حه‌کیم سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى له‌ عێراق کرا

له‌سه‌ره‌تاى دانیشتنێکدا دواى به‌خێرهاتن، سه‌رۆکى په‌رله‌مان باسى له‌بارودۆخى ئێستاى کوردستان و قه‌یرانى دارایى و ژیان و گوزه‌رانى ئاواره‌کان کرد، له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، ره‌خنه‌ى له‌که‌مته‌رخه‌مى حکومه‌تى عێراق گرت له‌ به‌رامبه‌ر کێشه‌ى ئاواره‌کاندا.

له‌به‌رامبه‌ر وته‌کانى سه‌رۆکى په‌رله‌ماندا، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامى  هیواى خواست حکومه‌تى نوێى عێراق که‌ کورد به‌شدارى سه‌ره‌کییه‌ تێیدا کۆتایى بێنێت به‌ کێشه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا و هه‌مو لایه‌ک به‌ گیانى نیشتمانییه‌وه‌ پارێزگاریى له‌ وڵاته‌که‌مان بکه‌ین، چونکه‌ له‌ ئێستادا عێراق بووه‌ته‌ شوێنى ته‌سفییه‌ى ململانێى وڵاتانى ناوچه‌که‌.

له‌باره‌ى شه‌ڕى تیرۆرستانیش، حه‌کیم وتى ؛ تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌مومان به‌ بێ جیاوازى ئاین و نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌ب، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مومان به‌ گیانى یه‌ک تیمییه‌وه‌ به‌ره‌نگارى تیرۆرستان بینه‌وه‌، ئه‌و جه‌نگه‌ى ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌یکات دژ به‌ داعش، شه‌ڕێکى شه‌ره‌فماندانه‌یه‌ بۆ پارێزگاریى له‌ وڵات.

سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامى له‌ عێراق، باسى له‌ ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان و دیدارو کۆبوونه‌وه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى  هه‌رێمى کوردستان کرد.


 


زۆرترین خوێندراو