نێچیرڤان بارزانی: تائێستا پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ى کوبانێ نه‌کراوه‌

9/23/2014 12:03:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

دواى کۆتاییهاتنى سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان بۆ دهۆک، که‌ بۆ به‌دواداچوونى ڕه‌وشى ئاواره‌کانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، به‌ یاوه‌ریى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیرانى په‌یوه‌ندار به‌ قه‌یرانى ئاواره‌کانه‌وه‌، ماوه‌ى دوو ڕۆژ دیدار و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پارێزگار و به‌رپرسانى کارگێڕیى پارێزگاى دهۆک ئه‌نجام دا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ى ئه‌یلوولى 2014، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا تیشکى خسته‌ سه‌ر ئاکامى سه‌ردانه‌که‌یان و وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌نووسانى دایه‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند که‌ به‌ یاوه‌ریى وه‌فدى هاوڕِێى هاتنه‌ دهۆک، بۆ ئاگادار بوون له‌ بارودۆخى پارێزگاکه‌ و ستایشى ڕۆڵى یه‌که‌ کارگێڕییه‌کانى پارێزگاکه‌ى کرد، بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ى له‌پێناو خزمه‌تگه‌یاندن به‌ ئاواره‌کان، پێشکه‌شیان کردووه‌ و گوتی: ئێمه‌ چه‌ند ڕۆژه‌ له‌ دهۆکین، له‌و ماوه‌یه‌ به‌ یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیرانى حکوومه‌ت لێره‌ بووین، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین بارودۆخى ئه‌و خوشک و برایانه‌مان که‌ له‌ ده‌ڤه‌رکانى دیکه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ دهۆک چۆنه‌؟.

ووتیشى :له‌ ده‌ستپێکدا ده‌مه‌وێ سوپاسى هه‌موو میلله‌تى کورد بکه‌ین له‌ هه‌موو شوێنێک که‌ به‌هاناى ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و لێقه‌وماوه‌وه‌ هاتن و، به‌ ناوى سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ ناوى خۆم و کاک قوباد و هه‌موو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌، سوپاسێکى تایبه‌تى خه‌ڵکى پارێزگاى دهۆک بکه‌ین، که‌ له‌و ژیان و بارودۆخه‌دا ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ مومکین بوو بۆ هاریکارییان، پێشکه‌شیان کرد.

له‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا به‌ ڕاستى قه‌باره‌ى ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌و کاره‌ساته‌ى له‌ شه‌نگال و ناوچه‌کانى دیکه‌ى پارێزگاى مووسڵ ڕووى داوه‌؛ ده‌رکه‌وت، که‌ بێگومان قه‌باره‌که‌ى زۆر له‌ تواناکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان گه‌وره‌تره‌. ئێمه‌ له‌و بارودۆخه‌دا داوا له‌ به‌غدا ده‌که‌ین زیاتر بێته‌ نێو ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌، به‌ تایبه‌تى سه‌رۆک وه‌زیران که‌ داوا ده‌که‌ین سه‌ردانى پارێزگاى دهۆک بکات و له‌ نزیکه‌وه‌ ببینێت قه‌باره‌ى ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆییه‌ چه‌ند گه‌وره‌یه‌؟. هاوکات داوا له‌ د. فوئاد مه‌عسووم سه‌رکۆمار و سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عیراق ده‌که‌ین، بێن سه‌ردانى دهۆک بکه‌ن و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادارى ئه‌و بارودۆخه‌ بن که‌ له‌ کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى و به‌ تایبه‌تى له‌ پارێزگاى دهۆک هه‌یه‌.

ئیداره‌ى دهۆک و پارێزگارى دهۆک له‌باره‌ى گه‌یاندنى خزمه‌ت به‌ ئاواره‌ و لێقه‌وماوانى نێو پارێزگاى دهۆکه‌وه‌، هیچ درێغییه‌کیان نه‌کردووه‌، ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موو ستافى کارگێڕیى دهۆک ده‌که‌م، که‌ توانیان له‌و ماوه‌یه‌دا هاوکاریى خه‌ڵکى دهۆک بکه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خه‌ڵکى ئه‌و پارێزگایه‌، که‌ هیچ که‌مته‌رخه‌مییان له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌کردبوو و مایه‌ى ئه‌وپه‌ڕى ڕێز و پێزانینن.

له‌و دوو ڕۆژه‌دا ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى له‌باره‌ى که‌رتى په‌روه‌رده‌ و که‌رتى ئه‌منى و مه‌سه‌له‌ى ئاو و ته‌ندروستییه‌وه‌ دواین و، به‌ شێوه‌یه‌کى فراوان له‌ گرفته‌کانیانمان کۆڵیه‌وه‌، بێگومان ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر شانى ئێمه‌ بێت بۆ هاریکاریکردنى پارێزگاى دهۆک، ئه‌نجامى ده‌ده‌ین.

ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ و ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوى تیشکمان خسته‌ سه‌ری، پرسى قوتابخانه‌کان بوو، که‌ ئه‌مڕۆ نزیکه‌ى 450 - 460 قوتابخانه‌ خه‌ڵکى ئاواره‌ى تیادایه‌، ئه‌وه‌ى لاى ئێمه‌ گرنگه‌ چۆنیه‌تیى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و منداڵانه‌یه‌ بۆ قوتابخانه‌کانیان و ده‌ستپێکردنه‌ به‌ خوێندن. جێگه‌ى خۆیه‌تى جارێکى دیکه‌ سوپاسى خۆڕاگریى و به‌رگه‌گرتنى خه‌ڵکى به‌ڕێزى دهۆک بکه‌ین، ئه‌وانه‌ى تا ئێستا منداڵانیان نه‌چوونه‌ته‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ بیزانین، ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ بۆ قوتابخانه‌کانیان جددین و زۆر سوپاسى ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌که‌ین که‌ له‌ بارودۆخى دهۆک و هه‌رێمى کوردستان به‌ گشتی، تێده‌گه‌ن و ڕه‌وشه‌که‌ له‌به‌رچاو ده‌گرن.

له‌ سه‌ردانى ئێمه‌دا بۆ دهۆک، چه‌ند ڕێکارێکى دارایى هه‌بوو، وه‌زیرى دارایى جێبه‌جێى کردن، هه‌ندێک بابه‌تى ته‌ندروستى هه‌بوون،وه‌زیرى ته‌ندروستى جێبه‌جێى کردن، چه‌ندین پرسى دیکه‌ى وه‌ک په‌روه‌رده‌ و پۆلیس و ئاسایش هه‌بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پرسى دروستکردنى کامپى تایبه‌ت بۆ ئاواره‌کان، که‌ وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ کارى له‌سه‌ر ده‌کات و، بێگومان له‌ په‌له‌کردن بۆ دروستکردنى کامپ به‌رده‌وام ده‌بین، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک له‌و کامپانه‌ نیشته‌جێ بکرێن و قوتابخانه‌کان به‌تاڵ بکرێنه‌وه‌، تا خوێندن تیایاندا ده‌ست پێبکات.

سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانى په‌روه‌رده‌ى دهۆک و شه‌نگال، باس له‌ هه‌بوونى زیاتر له‌ (31000) هه‌زار قوتابیى ناوچه‌که‌ کرا، دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ بۆ حکوومه‌ت ئه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌و قوتابیانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ قوتابخانه‌ و ڕایگه‌یاند له‌گه‌ڵ دروستکردنى هه‌ر کامپێک، قوتابخانه‌ش ده‌بێت و، داوایشى له‌ مامۆستایانى شه‌نگال کرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ کامپه‌کان و ده‌ست به‌ گوتنه‌وه‌ى وانه‌ بکه‌ن و گوتی: وا بزانم ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ کاتى ده‌وێت و پێم وایه‌ تا دوو مانگى دیکه‌ش پێویستیمان به‌ کات ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م قوتابى و خوێندکارانه‌ بۆ خوێندن.

نێچیرڤان بارزانى هیواى خواست هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا بگه‌نه‌ لێکگه‌یشتنێکى هاوبه‌ش له‌سه‌ر پرسى بودجه‌ و به‌شى هه‌رێمى کوردستان له‌ بودجه‌ى گشتیى عیراق و ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ تا ئێستا دانوستاندنى فه‌رمى له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدادا ده‌ستى پێنه‌کردووه‌ و ڕۆژ نوورى شاوه‌یس به‌ ته‌نها چووه‌ بۆ به‌غدا و له‌ وێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرى نه‌وت کۆ بووه‌ته‌وه‌، هیوایشى خواست ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.

هه‌روه‌ها وتی: به‌ به‌شداریکردنمان له‌ حکوومه‌تى عیراق، ئێمه‌ چانسێکى دیکه‌مان به‌ به‌غدا دایه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و گرفتانه‌ى له‌ نێوانماندا هه‌ن له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عیراقدا، ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وامین و هیوادارین بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ری. مه‌سه‌له‌که‌ بۆ ئێمه‌ شه‌خسى نیه‌، به‌ پێى ده‌ستوور هه‌رێمى کوردستان ئێستا به‌شێکه‌ له‌ عیراق و خواسته‌کانى هه‌رێم له‌ عه‌بادى وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق، خواستى ده‌ستوورین و پێویسته‌ ئه‌و خواستانه‌ جێبه‌جێ بکرێن. ئێمه‌ وه‌ک هه‌رێمى کوردستان، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئێمه‌ بێت و تا گازنده‌مان نه‌یه‌ته‌ سه‌ر، ئاماده‌ى هه‌ماهه‌نگین و ئه‌و چانسه‌ش ده‌ده‌ینه‌ به‌ڕێز عه‌بادى و هیوادارین بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ریه‌ک.

سه‌رۆک وه‌زیران باسى له‌وه‌ کرد که‌ مه‌سه‌له‌ى کۆبانێ ته‌نها به‌و ناوچه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ست نیه‌، به‌ڵکوو به‌ ته‌واوى گه‌لى کورده‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ و نموونه‌یه‌کى دیکه‌یه‌ له‌و وه‌حشیگه‌رێتییه‌ى له‌ لایه‌ن تیرۆریستانى داعشه‌وه‌، له‌ دژى گه‌لى کورد ده‌کرێت. هاوکات به‌ ناوى حکوومه‌ته‌وه‌ ئیدانه‌ى ئه‌م کرده‌وانه‌ى کرد و تیشکى خسته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ى یارمه‌تیدانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ بتوانن هێز بنێرن و له‌ ڕووى جوگرافیشه‌وه‌ مومکن نیه‌ و وتی: ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌کان له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ى پێمان بکرێت درێغى ناکه‌ین.

نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌ دهۆک ڕوو ده‌دات کاره‌ساتێکى گه‌وره‌یه‌ و ئه‌گه‌ر پشتگوێ بخرێت، ئه‌وا کاره‌ساته‌که‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت و وتی: هه‌موو هه‌وڵه‌کانى ئێمه‌ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و پرسه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا له‌وه‌ تێبگات دهۆک له‌ بارودۆخێکى زۆر سه‌ختدایه‌ که‌ له‌ تواناکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زیاتره‌ و، له‌ هه‌ر شوێنێکى دنیا هه‌ر کاره‌ساتێکى له‌مجۆره‌ بقه‌ومێت، حکوومه‌تى ناوه‌ندى به‌رپرسیارى یه‌که‌مى چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێت.

ووتیشى  جارێکى دیکه‌ داوا له‌ به‌غدا ده‌که‌ین له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى جددیتر کار بکات، چونکه‌ کاره‌ساته‌که‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ و هیوادارین به‌غدا بێته‌ نێو مه‌سه‌له‌که‌وه‌ و له‌ ئاستێکى به‌رزه‌وه‌ سه‌ردانى ئه‌م پارێزگایه‌ بکرێت. سه‌رکۆمار و سه‌رۆکى حکوومه‌ت و سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادارى ئه‌م بارودۆخه‌ بن، چونکه‌ هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ده‌ستوور؛ به‌شێکه‌ له‌ عیراق.

سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌وه‌ى ڕه‌ت کرده‌وه‌ که‌ پاره‌ى نه‌وتى هه‌نارده‌کراوى هه‌رێمى کوردستان له‌ تورکیاوه‌ چووبێته‌ به‌غدا و ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى ئێستا له‌ به‌رده‌ستدایه‌، به‌شى خه‌رجییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ناکات و تا ئێستا هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ که‌ 17%ى ڕاسته‌قینه‌ى داهاتى نه‌وت بۆ هه‌رێمه‌ و 83%ى بۆ به‌غدایه‌ و وتی: ئێمه‌ لاریمان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێژه‌یه‌ نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌مانه‌وێ 17%ى ڕاسته‌قینه‌یه‌، چونکه‌ تا ئێستا ئه‌و ڕێژه‌یه‌مان به‌ ته‌واوى له‌ به‌غدا وه‌رنه‌گرتووه‌.

  سه‌رۆک وه‌زیران خۆشحاڵیى خۆى به‌ ئازادکردنى بارمته‌کانى کونسوڵخانه‌ى تورکیا له‌ مووسڵ نیشان دا که‌ دواى ماوه‌یه‌کى درێژ گه‌ڕانه‌وه‌ نێو ماڵ و که‌سوکارى خۆیان و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ ئازادبوونیان خۆشحاڵه‌، به‌ڵام هیچ ڕۆڵێکى له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌بوو.

هه‌روه‌ها وتی: ئێمه‌ قه‌ت باوه‌ڕمان به‌وه‌ نیه‌ که‌ تورکیا له‌ دژى هه‌رێمى کوردستان هاوکاریى داعشى کردبێت و ئه‌مه‌ ڕاست نیه‌ و، تورکیا بۆ ئێمه‌ دراوسێیه‌کى گرنگه‌ و له‌ زۆر کاتدا، له‌ ڕۆژانى سه‌ختدا یه‌کێک بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ى هاوکاریى هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌ و هیوادارین ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌مان زیاتر پێش بکه‌ون.

له‌باره‌ى پێشکه‌شکردنى هاوکاریى داراییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئاواره‌کان، سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ى خۆى مکوڕه‌ و بڕیاره‌که‌ له‌ جێى خۆیه‌تى و هاوکارییه‌که‌ش ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ هه‌موو ئاواره‌کان.

 نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تاى شه‌ڕى داعش له‌ هێڵى به‌رگریدابوو، دواى هه‌ڕه‌شه‌ى داعش بۆ هه‌رێمى کوردستان ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستاندا سه‌پێنرا و وتی: مه‌سه‌له‌ى داعش ئه‌مڕۆ ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکوو بۆته‌ پرسێکى نێوده‌وڵه‌تى و، ئه‌مڕۆ پێویستیمان به‌ هاوپه‌یمانییه‌کى جددى هه‌یه‌ بۆ شه‌ێ‌ له‌دژى داعش، نه‌ک ته‌نها به‌ چه‌ک، به‌ڵکوو به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک. به‌ڵێ، شه‌ڕى چه‌کدارى به‌شێکه‌ له‌و ستراتیژه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ببینین، ده‌ستپێشخه‌ریى شه‌ێ‌ له‌ ده‌ستى ئه‌واندا نه‌ماوه‌. ڕاسته‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر پێشمه‌رگه‌ تووشى کێشه‌ و گرفت بوو، به‌ڵام ئێستا پێشمه‌رگه‌ له‌و شوێنانه‌ى کۆنترۆڵى کردووه‌، له‌ جه‌له‌ولا تا ده‌گاته‌ زوممار و ره‌بیعه‌، ده‌ستپێشخه‌رى له‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌دایه‌.

 سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ حکوومه‌تى عیراق له‌ سه‌ره‌تاى کاره‌ساته‌که‌دا هه‌ندێک هاوکارى نارد، به‌ڵام کاره‌ساته‌که‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ و ڕوونى کرده‌وه‌ ئه‌و نوسراوه‌ى بۆ ته‌رخانکردنى پاره‌ بۆ دروستکردنى کامپ بۆ ئاواره‌کان ناردوویانه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام پاره‌که‌ به‌ کرده‌یى نه‌هاتووه‌ته‌ ده‌ست پارێزگاى دهۆک و ڕایگه‌یاند حکوومه‌تى عیراق خۆى لیژنه‌ى داناوه‌ که‌ به‌ڕێزان پارێزگارانى دهۆک و سلێمانى و هه‌ولێرى تیادایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بریکارى وه‌زاره‌تى کۆچ و کۆچبه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رێکى گشتى و گوتی: هیوادارین ئه‌و جێبه‌جێکردنه‌ زوو ده‌ست پێبکات و له‌ هه‌موویشى گرنگتر بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو جیهان بزانێت کاره‌ساتێکى گه‌وره‌ له‌ دهۆک ڕوو ده‌دات. بۆ زانیاریش ئه‌و یه‌ک ملیۆن دیناره‌ى باسى لێوه‌ ده‌کرێت، که‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى عیراقه‌وه‌ دابه‌شى سه‌ر ئاواره‌کان ده‌کرێت، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تیایدا نه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها وتی: کاره‌ساته‌که‌ له‌ دهۆک زۆر له‌ شوێنه‌کانى دیکه‌ گه‌وره‌تره‌، بۆ نموونه‌ له‌ شوێنێکى وه‌ک خانه‌قین و ده‌وروبه‌رى تا ده‌گاته‌ خانه‌قین و کفرى 60 - 70 هه‌زار ئاواره‌ى تیادایه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى دهۆک زۆر زۆر زیاترن، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ولێر و له‌ سلێمانیش هه‌ن. باسى له‌وه‌ش کرد که‌ پرسى ئاواره‌کان له‌ ڕووى ماددیه‌وه‌، قورسایى زۆرى خستۆته‌ سه‌ر شانى هه‌رێمى کوردستان و ڕوونیشى کرده‌وه‌ پارێزگاى دهۆک خۆى ملیۆنێک و 300 هه‌زار که‌سه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ 820 هه‌زار که‌سى دیکه‌ هاتوونه‌ته‌ سنوورى دهۆک، که‌ پێویستییان به‌ ئاو و کاره‌با و خزمه‌تگوزاریى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌یى و ئاسایش ده‌بێت، ئه‌مانه‌ش خه‌رجییه‌کى زۆر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، بۆ نموونه‌ ته‌نها بۆ که‌رتى ته‌ندروستی، پارێزگاى دهۆک ساڵانه‌ پێویسى به‌ زیاتر له‌ 500 ملیۆن دۆلاره‌.

سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد نامه‌یه‌کى بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراقى ناردووه‌، که‌ تیایدا باسى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غداى کردووه‌ و داواى هاوکارى له‌ به‌غدا کردووه‌ و وتی: من داوام لێکردن قبووڵى سه‌ردانى شاندێکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن بۆ به‌غدا و، ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانین و دواتر بڕیارى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین کێ بچێت و شانده‌که‌ چۆن بێت.

نێچیرڤان بارزانى ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ پرسى شه‌فافییه‌ت له‌ هه‌نارده‌کردنى نه‌وت هه‌میشه‌ له‌ لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ دووپاتى لێده‌کرێته‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ پرۆسه‌کانى ته‌نده‌رکردن و فرۆشتن و نرخى فرۆشتن، هیچ گرفتێکى نیه‌ که‌ سۆمۆ له‌گه‌ڵیدا هاوبه‌ش بێت و وتى : ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێم ده‌مانه‌وێ بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن و ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌ و ئه‌وانیشدایه‌، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یه‌ک هه‌بێت که‌ سوودى ئێمه‌ و حکوومه‌تى عیراقى تیادا بێت، ئێمه‌ ئاماده‌ین بیگرینه‌ به‌ر، به‌ڵام بێگومان هیچ کاتێک قبووڵى ئه‌وه‌ ناکه‌ین کۆنترۆڵى پرۆسه‌که‌ به‌ ده‌ستى به‌غداوه‌ بێت. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌زیرى ئێستاى نه‌وتى عیراق، یه‌کێکه‌ له‌ دۆسته‌ کۆنه‌کانى کوردستان و ئێستایش که‌ وه‌زیرى نه‌وته‌، ئه‌مه‌ هیوایه‌کى به‌خشیوه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نه‌وت له‌گه‌ڵ عیراق.

 سه‌رۆک وه‌زیران ستایشى ڕۆڵى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ ئارامگرتن له‌باره‌ى دواکه‌وتنى مووچه‌، دواى بڕینى له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى به‌غداوه‌ و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ جێگه‌ى شانازییه‌. هه‌روه‌ها گوتی: که‌م و زۆر، توانراوه‌ موچه‌یه‌ بدرێت، ئه‌گه‌رچى گرفتى زۆرى تێکه‌وتووه‌ و بارى حکوومه‌ت زۆر قورسه‌، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێک بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و گرفته‌ ده‌درێت و پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر پرسى داعش نه‌بوایه‌، ئێمه‌ ده‌مانتوانى له‌ مانگى هه‌شته‌وه‌، ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام پرسى داگیرکردنى مووسڵ و هه‌ڕه‌شه‌کردنى داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، مه‌سه‌له‌که‌ى دوا خست. دووپاتیشى کرده‌وه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، زوو یان دره‌نگ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کات.
 
نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ى بۆ کورد گرنگه‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى به‌ کورد ده‌درێت، ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌ک بێت هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى به‌شدار له‌ حکوومه‌ت پشکیان تیادا هه‌بێت و تیایدا به‌شدار بن و، یه‌کڕیزیى کورد زۆر له‌وه‌ گرنگتره‌ که‌ کورد بچێ له‌ به‌غدا له‌ حکوومه‌ت به‌شدار بێت و دواتر حزبێک گله‌یى بکات. هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ ده‌بێ هه‌موومان پێکه‌وه‌ به‌شدار بین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابى ئه‌و یه‌کڕیزییه‌ بێت حزبێک به‌شدارى بکات و ئه‌وه‌ى دیکه‌ نا، ئه‌وه‌ قابیلى قبووڵ نیه‌ و ناشزانین ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ چۆن دابه‌ش کراوه‌ و، بێگومان ئێمه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌که‌ین. خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانیش له‌وه‌ دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ مووچه‌یان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نافه‌وتێت. به‌ڵێ، دوا که‌وت، ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و مووچه‌یه‌ى هه‌مانه‌ پێیان ده‌ده‌ین، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ مووچه‌ى هیچ کارمه‌ندێکى حکوومه‌ت نافه‌وتێت و هه‌مووى وه‌رده‌گرن.

له‌ کۆتاییى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌که‌دا سه‌رۆک وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ تا ئێستا پێشمه‌رگه‌ ڕه‌وانه‌ى کۆبانێ نه‌کراوه‌ و، ئه‌گه‌ر داوایه‌کى وا هه‌بێ، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ جددى لێى ده‌کۆڵێته‌وه‌.



زۆرترین خوێندراو