حزب ولایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان له‌برۆکسل کۆده‌بنه‌وه‌

9/29/2014 12:52:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

رۆژى یه‌ک شه‌ممه‌  ٢٨ى ئه‌یلولى ٢٠١٤ سه‌رجه‌م حزبه‌ کوردستانیه‌کان له‌شارى برۆکسلى پایته‌ختى به‌لجیکا کۆبونه‌وه‌ .

کۆبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کوردستانیه‌کان  به‌ئاماده‌بونى  هه‌ڤاڵ حه‌مه‌ره‌ شید دۆڵاشى لێپرسراوى په‌یوه‌ندیه‌ کوردستانى و عێراقه‌کان له‌ئه‌وروپاو جێگرى مه‌ڵبه‌ندى ئه‌وروپاى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌ کوردستانیه‌کانى به‌شداربوو له‌باره‌گاى کومه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌ى کورد به‌رێوه‌چوو .

کۆبونه‌وه‌که‌ که‌ماوه‌ى شه‌ش کاتژمێرى خایاند ، تیشکخرایه‌ سه‌ر  ره‌وشى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌و کاره‌ساته‌ نه‌خوازراوه‌ى له‌سه‌رده‌ستى رێکخراوى تیرۆرستى داعش روبه‌روى هه‌رێمى کوردستان بۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ناوچه‌ى شه‌نگال وزوممار که‌به‌هه‌زاران که‌س ئاواره‌بوون و به‌سه‌دان که‌سى تریش بونه‌قوربانى و له‌نێویشیاندا ژن ومناڵى بێتاوان و رفاندنى سه‌دان له‌ئافره‌تانى ئێزدى وفرۆشتنیان له‌لایه‌ن رێکخراوى داعشه‌وه‌ ، هه‌وه‌ها گفتوگۆکرا سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵدان بۆ به‌جینۆساید ناساندرى کاره‌ساتى ئێزیدیه‌کان .

له‌به‌شێکى ترى کۆبونه‌وه‌ باس له‌ بارودۆخى ئاڵۆزى کوبانى و هێرشه‌کانى چه‌کدارانى داعش بۆسه‌ر رۆژئاواو کرا ، به‌تایبه‌تى که‌له‌ئێستادا زۆر نزیک بونه‌وه‌ له‌کۆبانى و مه‌ترسى دوباره‌بونه‌وه‌ى کاره‌ساتى شه‌نگالى لێده‌کرێت ، بۆیه‌ به‌پێویست زتندرا هه‌رچى زووه‌ هه‌وڵه‌کان چڕبکرێته‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشگیرى نێو ده‌وڵه‌تى و روبه‌روبونه‌وه‌ى رێکخراوى تیرۆرستى داعش له‌ رۆژئاوا .

له‌کۆتاى کۆبونه‌وه‌که‌شدا بڕیاردرا لیژنه‌یه‌کى پێنج که‌سى پێکبهێندرێت بۆ راپه‌ڕاندنى کاره‌کان و ئاماده‌کردنى په‌یام ونوسراو بۆ به‌رپرسانى وڵاتانى  ئه‌وروپاو  رێکخستن و ئه‌نجامدانى کۆبونه‌وه‌و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانداو گه‌یاندنى په‌یامى حزبه‌ کوردستانیه‌کان و ئاگادارکردنه‌وه‌یان له‌ره‌وشى ئاڵۆزى هه‌رێمى کوردستان و رۆژئاوا به‌هۆى هێرشه‌کانى رێکخراوى داعشه‌وه‌ ،

هه‌رله‌کۆبونه‌وه‌که‌ هه‌ڤاڵ حه‌مه‌ ره‌شید دۆڵاشى وتارێکى پێشکه‌ش کردوو بیرو بۆچونى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانى له‌سه‌ر ره‌وشى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستان و رۆژئاوا خسته‌روو .

 که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى : 

هه‌ڤاڵانى تێکۆشه‌ر ، خوشکان برایان ! سڵاوێکى شۆڕشگێڕانه‌. ئێمه‌ ، وه‌ک حیزبى سۆسیال دیموکراتى کوردستان ، هه‌میشه‌و هه‌رده‌م، هه‌ڵوێستى کوردانه‌ى خۆمان هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى شۆرشى نوێى گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ هه‌تاکو ئێستا،‌ نه‌ک هه‌ر به‌نووسین و له‌ ڕێگه‌ى مێدیاکانه‌وه‌ ، به‌ڵکو به‌کرده‌وه‌ش نیشان داوه‌ و سه‌لماندووه‌. ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌و بڕوایه‌دابووین و ده‌بین ، که‌ چه‌ک ته‌نیا بۆ به‌رگریکردن له‌خاک و له‌نه‌ته‌وه‌ له‌پێناوى سه‌ربه‌خۆیى و ئازادیدا ده‌کرێته‌ شان. بۆ یه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونى حزبى سۆسیال دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ هه‌تا کو ر ئه‌مڕۆ به‌بێ وچان ‌و به‌بێ جیاوازى کردن له‌نێوان پارچه‌کانى کوردستاندا خه‌باتمان کردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ پێناوى به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ڕه‌واکانى نه‌ته‌وه‌ى کورددا. 

به‌ڕێزان، وه‌ک خۆتان ده‌زانن ، ساڵیک له‌مه‌وبه‌ر به‌ ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ، به‌ناوى حزبى سۆسیال دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ ، به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاو کرده‌وه‌ و ئاماده‌یى خۆى ده‌ربڕى که‌حزبه‌که‌مان ویستو مه‌به‌ستێتى ،‌ ‌ وه‌ک هێزیکى چه‌کداربچێت به‌ده‌نگ براکورده‌کانماوه‌ له‌ ڕۆژاوا و شان به‌ شانى هاوخوێن و هاوزمانه‌کانمان  دژ به‌داگیرکه‌ران خه‌بات بکه‌ین. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م داواکارییه‌ فه‌رامۆشکرا و وه‌ڵام نه‌درایه‌وه‌.

  به‌ پێویستى ده‌زانم ئاماژه‌ش به‌وه‌ بده‌م ، که‌ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ شه‌ڕى دژ به‌داعشدا له‌ باشورى کوردستان ، یه‌که‌م هێزبوو که‌ ڕاپه‌ڕى و به‌ هێزێکى چه‌کداره‌وه‌ خۆى گه‌یانده‌ که‌رکوک و ناوچه‌کانى که‌رکوک.

به‌ڕێزان ، ئێمه‌ گه‌رچى پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان ، سه‌ر به‌هه‌ر حزب و لایه‌نێک بن، به‌ شه‌هیدانى کورد و کوردستانیان ده‌زانین، به‌ڵام نامه‌وێت ئه‌و ڕاستییه‌ بشارمه‌وه‌ که‌ یه‌که‌م پۆله‌پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕى دژ به‌داعش دا پۆلێ پێشمه‌رگه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بوو.

 ئیتر بۆ پێشه‌وه‌ له‌ پێناوى نیشتمانێکى سه‌ربه‌خۆ و گه‌لێکى ئازاد دا. 




لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌کان بریتى بوون له‌ :

حزبى سوسیالست دیموکراتى کوردستان
 یه‌کیتى نیشتمانى کوردستان 
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان 
پارتى کریکارانى کوردستان
 حزبى زه‌حمه‌تکیشانى کوردستان
حزبى شیوعى عێراقى 
یه‌کگرتوى ئیسلامى کوردستان
کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان
حزبى ئاینده‌ى کوردستان
 پارتى یه‌کێتى دیموکراتیک (په‌ یه‌ ده‌ )
نوێنه‌ رى ئێزیدیه‌ کان
 نوێنه‌رى سریانى 
نوێنه‌رى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌ى کورد 
پارتى ژیانه‌وه‌ى کوردستان 
ژماره‌یه‌ک لایه‌نى سیاسى دیکه‌ى هه‌رچوارپارچه‌ى کوردستان


زۆرترین خوێندراو