لیژنه‌یه‌ى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدانى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى شه‌هیدان کۆده‌بێته‌وه‌

9/30/2014 3:22:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ 30 ى ئه‌یلولى  2014 وه‌فدێک له‌لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان وقوربانیانى جینۆسایدى په‌رله‌مانى کوردستان که‌پێکهاتبوون له‌ به‌رێزان عه‌بدوڵاحاجى مه‌حمود و مه‌حمود گه‌رمیانى و مامۆستا هه‌ورامان حه‌مه‌شه‌ریف سه‌ردانى وه‌زاره‌تى  کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیان کردو له‌لایه‌ن مه‌حمود حاجى ساڵح  وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان پێشوازیان لێکرا. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رێز عه‌بدڵاحاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و ئه‌ندامى لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان وقوربانیانى جینۆساید له‌په‌رله‌مانى کوردستان به‌جه‌ماوه‌رنیوزى راگه‌یاند : ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌که‌یان سه‌ردانى وه‌زیرى شه‌هیدانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کردوه‌ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکى گرنگى تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌و که‌سوکارى شه‌هیدان و قوربانیان گفتوگۆیان کردووه‌.

ووتیشى له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا که‌ژماره‌یه‌ک له‌به‌رێوه‌به‌رى گشتى وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفاکراوان ئاماده‌ى بوون  تیشکخرایه‌ سه‌ریاساکانى تایبه‌ت به‌ که‌سوکارى شه‌هیدان وقوربانیانى جینۆساید وپرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان و  هه‌وڵدان بۆ  باشتر کردنى موچه‌ى که‌سوکارى شه‌هیدان  و پێدانى ئیمتیازیاتى زیاتر به‌که‌سوکارى شه‌هیدان وقوربانیان وده‌سته‌به‌رکردنى ژیانێکى شایته‌ بۆیان .

عه‌بدوڵاحاجى مه‌حمود ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌جه‌خت له‌سه‌ر باشکردنى بژێوى ژیانى که‌سوکارى شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و هه‌وڵه‌کان بۆ به‌جینۆساید ناساندنى که‌یسى هه‌ڵه‌بجه‌و بارزانیه‌کان و شه‌نگال کرایه‌وه‌،  چونکه‌ که‌یسى به‌جینۆسایدناساندن که‌یسێکى نیشتیمانیه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک تیایدا به‌شداربن، ئاماژه‌ به‌وه‌شدرا که‌ له‌ئێستاداپرسى جینۆساید ناساندن له‌ دونیا پێشوه‌چوونى باشى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ هه‌روه‌ک له‌ ناوخۆش وا پێویست ده‌کات کارى جدى له‌سه‌ر بکرێت تاکو سه‌رجه‌م ئه‌و تاوانانه‌ى دژ به‌ گه‌لى کورد کراوه‌ دانى پێدابنرێت و به‌جینۆساید بناسرێت .

 سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى کوردستان ووتیشى : ته‌کید له‌سه‌ر هه‌مئاهه‌نگى نێوان لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان وقوربانیانى جینۆساید له‌په‌رله‌مانى کوردستان و وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان کرایه‌وه‌ له‌پێناو باشترکردنى کردنى ژیانى پێشمه‌رگه‌و که‌سوکارى شه‌هیدان و قوربانیان .


زۆرترین خوێندراو