جه‌بار یاوه‌ر: مه‌شقى هاوپه‌یمانان بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامه‌ وپێویستیمان به‌چه‌کى پێشکه‌وتووه‌

10/22/2014 12:16:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وته‌بێژى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى کوردستان، دووپاتیکرده‌وه‌ ئه‌و چه‌ک وته‌قه‌مه‌نیانه‌ى بۆ پێشمه‌رگه‌ هاتوون له‌سه‌ر داواى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وهێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانه‌وه‌ هاتوون. هه‌روه‌ها گوتى زۆربه‌ى ئه‌و چه‌که‌ى به‌ده‌ستى پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌ "چه‌کى رۆژهه‌ڵاتین وپێشکه‌وتوو نین وپێشمه‌رگه‌ پێویستى به‌چه‌کى زیاتره‌ وئێستاش هه‌ندێک چه‌ک گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ وله‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌مه‌ریکا ووڵاتانى هاوپه‌یمان مه‌شقى له‌سه‌ر ده‌که‌ن." دووپاتیشیکرده‌وه‌ که‌ هێشتا "چه‌کى قورس ومۆدێرن نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌سته‌ هۆکارێکى سه‌ره‌کى بوو بۆ ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ى پێشمه‌رگه‌ تۆمارى کرد".

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر له‌دیمانه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، پاڵپشتیکردنى کوردستان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا ووڵاتانى هاوپه‌یمانانه‌وه‌ هاوکێشه‌که‌ى گۆڕى و وایکرد "بارودۆخه‌که‌ له‌ به‌رگرى نێگه‌تیڤانه‌وه‌ بۆ هێرشى پۆزه‌تیڤانه‌ بگۆڕدرێت وپێشمه‌رگه‌ ئێستا خۆى بۆ هێرشبردن ده‌ستپێشخه‌ره‌".

  یاوه‌ر ره‌تیکرده‌وه‌ کاتێکى دیاریکراو بۆ شه‌ڕى دژى تیرۆر دابنێت ونیشانیدا "دیاریکردنى کاتى ته‌واوبوونى ئه‌م شه‌ڕه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌وپێیه‌ى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌نها له‌ کوردستاندا نیه‌ وشه‌ڕى تیرۆر شه‌ڕێکى جیهانیه‌ وهه‌موو وڵاتانى جیهان ئێستا له‌و بارودۆخه‌دان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا له‌ کوردستان وله‌ عیراق ئه‌م شه‌ڕه‌ کاتى زۆرى ده‌وێ".

هه‌روه‌ها هۆکارى هێرشه‌ چڕه‌کانى ئه‌م رۆژانه‌ى دوایى داعشى بۆ که‌شوهه‌واى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ به‌هۆى "بارینى بارانێکى زۆره‌وه‌ فرۆکه‌کانى وڵاتانى هاوپه‌یمان پرۆسه‌ى سه‌ربازیان ئه‌نجام نه‌داوه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ ده‌رفه‌تێک بۆ چه‌کدارانى رێکخراوى داعش بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تى له‌ میحوه‌ره‌کانى شنگار وچیاى زه‌رتک وگوێێ‌ وقه‌ره‌ته‌په‌ وله‌ زۆربه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ش تێکشکاوه‌ وپێشمه‌رگه‌ نه‌یهێشتوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ ورێگه‌ى لێگرتوون".

هاوکات ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه‌ که‌ چه‌کدارانى داعش هێز وته‌قه‌مه‌نى زۆریان هه‌یه‌ وتوانیویانه‌ شوێنێکى زۆر داگیر بکه‌ن "به‌سوود وه‌رگرتن له‌و چه‌کانه‌ى که‌ له‌سوپاى عیراقه‌وه‌ بۆیان ماوه‌ته‌وه‌ دواى جێهێشتنى شوێنه‌کانیان ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سوود وه‌رگرتن له‌و پاڵپشتیه‌ى له‌ سوریا لێیان ده‌کرێت که‌ توانایه‌کى باشى پێداون بۆ هێرشکردن وشه‌ڕى یه‌کجارى که‌ ناکرێ به‌یه‌ک شه‌ێ‌ وبه‌یه‌ک جار ئه‌و شوێنانه‌ى داگیریان کردوون رزگار بکرێت". دووپاتیشیکرده‌وه‌ سیاسه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دووپات له‌سه‌ر رزگارکردنى تێکڕاى ئه‌و شوێنانه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ تیرۆریستانى داعش داگیریان کردوون به‌که‌مترین زه‌ره‌ر.

جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ ناکرێ هه‌رێمى کوردستان دراوسێیه‌کى تیرۆریستى هه‌بێت وده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێت، ووتى که‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ "پێویستى به‌ هه‌ماهه‌نگى ته‌واوى نێوان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وحکومه‌تى فیدرالى عیراقه‌".

وته‌بێژى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى هه‌رێم دووپاتیکرده‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ رۆڵگێڕان له‌چاره‌سه‌رکردنى هه‌ر کێشه‌یه‌ک وبۆ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عیراق بۆ شه‌ڕى تیرۆر "دواى فه‌رمانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان وه‌کو سه‌رۆکى هێزى چه‌کدار".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد ده‌زگاکانى هه‌واڵگرى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وده‌زگاکانى ئاسایش ودژه‌تیرۆر "رۆڵى باشیان له‌ئاشکراکردنى هاوکارانى داعش گێڕاوه‌ که‌ رێخۆشکه‌ر بوونه‌ بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى گرووپه‌کانیان به‌تایبه‌تى له‌ناوچه‌ کوردستانیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ونیشانیدا به‌شێک له‌و هۆزه‌ عه‌ره‌بانه‌ى له‌و ناوچانه‌ دا هه‌ن بوونه‌ته‌ به‌شێک له‌داعش ودووپاتیشیکرده‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ مامه‌ڵه‌ى داعشیان له‌گه‌ڵدا ده‌کات جا له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌ وئایین وتایفه‌یه‌کدا بن" .

یاوه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌دا هه‌رێمى کوردستان هیچ جیاوازیه‌ک له‌نێوان شه‌ڕى تیرۆر له‌شنگار وسه‌عدیه‌ وجه‌له‌ولا له‌گه‌ڵ کۆبانێدا ناکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شه‌ڕه‌که‌ له‌کۆبانێ "هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ وهه‌مان ئامانجى له‌لاى تیرۆریستان هه‌یه‌ و دووپاتیکرده‌وه‌ "هه‌رێمى کوردستان وه‌کو ئه‌رکێکى نه‌ته‌وه‌یى ومرۆیى به‌باشى زانى به‌شێک له‌و چه‌ک وته‌قه‌مه‌نیانه‌ى که‌ هه‌یبووه‌ بیداته‌ شه‌ڕڤانانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ وحکومه‌تى هه‌رێم له‌یه‌که‌مین رۆژى هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌کۆبانێ هه‌وڵى خۆى داوه‌ بۆ گه‌یاندنى چه‌ک وته‌قه‌مه‌نى وگه‌یاندنى پێشمه‌رگه‌ش بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌هه‌ماهه‌نگیکردن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى تورکیا تا له‌ ئه‌نجامدا له‌ڕێگه‌ى فڕۆکه‌ ئه‌مه‌ریکیه‌کانه‌وه‌ گه‌یه‌ندرایه‌ کۆبانێ".

رونیشیکرده‌وه‌ که‌ ئه‌و چه‌کانه‌ى گه‌یشتونه‌ته‌ کۆبانێ "ئه‌وانه‌ نین که‌ ئه‌مه‌ریکا وهاوپه‌یمانان بۆ پێشمه‌رگه‌ى ناردوون چونکه‌ مه‌رجى ناردنى چه‌کى هاوپه‌یمانان بۆ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ " که‌ ته‌نها له‌هه‌رێمى کوردستان به‌کار بهێندرێت، به‌ڵکو ئه‌و چه‌کانه‌ن که‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌یبووه‌ وئه‌م کۆمه‌که‌ کار وئه‌رکێکى حکومى بوو به‌ناوى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان".

ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ باسى له‌وه‌کرد که‌ به‌پێى بڕگه‌ى پێنجه‌مى مادده‌ى 121ى ده‌ستوورى عیراق ماف به‌ هه‌رێمى کوردستان دراوه‌ هێزى پۆلیس وئاسایش وپاراستنى هه‌رێمى هه‌بێت وهێزى پێشمه‌رگه‌ "به‌شێکه‌ له‌سیسته‌مى به‌رگرى عیراق نه‌وه‌کو به‌شێک له‌وه‌زاره‌تى به‌رگرى عیراق وئه‌م هێزانه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ده‌جوڵێنه‌وه‌ وئه‌م پرسه‌ش تاوه‌کو ئێستا به‌هه‌ڵواسراوى له‌نێوان هه‌رێم وبه‌غدا ماوه‌ته‌وه‌، به‌و هیوایه‌ى به‌هاتنه‌کایه‌ى حکومه‌تى تازه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت".



زۆرترین خوێندراو