نێچیرڤان بارزانى: پێشمه‌رگه‌ پێویستى به‌ چه‌کى قورس و ڕاهێنان هه‌یه‌

10/22/2014 3:39:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 
 سه‌ربه‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى تشرینى یه‌که‌مى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ "سێر ریچارد ئۆته‌وێى" سه‌رۆکى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى به‌ریتانیا و فدێکى یاوه‌رى کرد، که‌ له‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌که‌ پێکهاتبوون.

له‌ دیدارێکدا، وه‌فده‌که‌ ده‌ستخۆشییان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ ئه‌و ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشکه‌وتنانه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هاتوونه‌ته‌ دى، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینان بۆ حکوومه‌ت و خه‌ڵکى کوردستان ده‌ربڕى که‌ وێڕاى هه‌بوونى کێشه‌ى بودجه‌ و سنورداریى تواناکان، باوه‌شیان بۆ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کردووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها دوایین سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانییان بۆ به‌ریتانیا به‌ سه‌رکه‌وتوو و ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند و داوایان کرد کۆمیته‌ى هاوبه‌شى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ردوولا کارا بکرێت.

په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا، کێشه‌کانى بودجه‌ و مووچه‌ و پرسى هه‌نارده‌کردنى نه‌وت و هه‌وڵه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، گرنگیى به‌شداریکردنى سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق، ڕۆڵى هاوپه‌یمانان له‌ جه‌نگى دژى تیرۆردا، هه‌روه‌ها بارودۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێویستیى هاوکاریکردنیان له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى فیدرالیى عیراق و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ڕه‌وشى کرێکاران و کارى سه‌ندیکایى و مافه‌کانى مرۆڤ و مافى ئافره‌تان له‌ کوردستان، چه‌ند ته‌ورێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوون.

سه‌رۆک وه‌زیران سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى کوردستانى بۆ به‌ریتانیا دووپات کرده‌وه‌ بۆ هاوکارییه‌ سه‌ربازى و مرۆییه‌کانى و ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ ڕاسته‌ ئێستا له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا ده‌ستپێشخه‌رى که‌وتووه‌ته‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام بۆ نه‌هێشتنى مه‌ترسیى تیرۆر، پێشمه‌رگه‌ پێویستى به‌ چه‌کى قورس و ڕاهێنان و هاوکاریى زیاتر هه‌یه‌. ده‌رباره‌ى ئاواره‌کانیش جه‌ختى له‌و کرده‌وه‌ که‌ وێڕاى هه‌موو کێشه‌کان، هه‌رێمى کوردستان له‌ هاوکاریکردنیان به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌روه‌ها حکوومه‌ت به‌رده‌وام کار بۆ پێشخستنى کارى سه‌ندیکایى و ڕێکخراوه‌یى ده‌کات. له‌ کۆتاییشدا داکۆکى خواستى پێشخستنى په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌ کرایه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو