ڕێکه‌وتنى دهۆک له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان واژۆ کرا

10/22/2014 6:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ـى تشرینى یه‌که‌مى 2014 له‌ شارى دهۆک به‌ ئاماده‌بوون و سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌نگاوێکى مێژوویى و چاره‌نووسسازدا ڕێککه‌وتنى دهۆک له‌نێوان سه‌رکردایه‌تیى ته‌ڤده‌م و ئه‌نجوومه‌نى نیشتیمانیى کوردى له‌ ڕۆژئاواى کوردستان واژۆ کرا.

دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بانگهێشتى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌پێناو کۆتایهێنان به‌ ناکۆکییه‌کان و گه‌ییشتن به‌ ڕێککه‌وتنێکى هاوبه‌ش لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان که‌ له‌ سه‌رکردایه‌تیى ته‌ڤده‌م و ئه‌نجوومه‌نى نیشتیمانیى کورد پێکهاتووه‌ و له‌شارى دهۆک و به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆکى هه‌رێم کۆبوونه‌وه‌، ماوه‌ى نۆ ڕۆژه‌ دانوساندن له‌ نێوان لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان به‌رده‌وامه‌ و سه‌رئه‌نجام گه‌ییشتنه‌ ڕێککه‌وتن و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ـى تشرینى یه‌که‌مى 2014 له‌ شارى دهۆک به‌ ئاماده‌بوون و سه‌رپه‌رشتیى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ڕێککه‌وتنه‌که‌ واژۆ کرا.

له‌ مه‌راسیمى واژۆکردنى ڕێککه‌وتننامه‌ى دهۆک سه‌رۆکى هه‌رێم وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و ئه‌م ڕۆژه‌ى به‌ ڕۆژێکى مێژوویى و پیرۆز وه‌سف کرد. ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ ده‌ستپێکى سه‌رکه‌وتنى گه‌لى کورده‌ له‌ ڕۆژئاواى کوردستان و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایى له‌ گه‌لى کوردستان و تێکڕاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان و هه‌روه‌ها هاووڵاتیانى ڕۆژئاواى کوردستان کرد و ده‌ستخۆشیشى له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردى ڕۆژئاوا کرد و هیواى ئه‌وه‌یشى خواست که‌ ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ به‌زووترین کات جێبه‌جێ بکرێت.

سه‌رۆکى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستى بێت بۆ پاڵپشتیکردنى ڕۆژئاوا ده‌یکات و ئاماژه‌یشى به‌ خۆڕاگرى و قاره‌مانێتیى کۆبانێ دا و سڵاو و درودى خۆى بۆ کۆبانێى قاره‌مان نارد. له‌درێژه‌ى قسه‌کانیدا بارزانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ سه‌رکه‌وتنى کورد له‌هه‌ر شوێنێک سه‌رکه‌وتنى گه‌لى کورده‌.

سه‌رۆکى هه‌رێم یه‌کڕیزیى نێوان لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى به‌رز نرخاند و هێماى به‌وه‌دا که‌ جێگه‌ى سه‌رفیرازییه‌ له‌و کاته‌ى که‌ دوژمنان ده‌یانه‌وێ وه‌زعى گه‌لى کوردستان تێک بده‌ن هێزه‌ کوردییه‌کان به‌ره‌و یه‌کڕیزى و یه‌کبوون و هاوکارى بچن. وه‌ڵامى ڕاست و دروست بۆ دوژمنان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ بین.


زۆرترین خوێندراو