فه‌ره‌نسا هاوکاریى زیاترى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات

10/22/2014 6:51:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى تشرینى یه‌که‌مى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ "مارک باریتى" باڵیۆزى نوێى فه‌ره‌نسا له‌ عیراق و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى کوردستان نیشان دا و جه‌ختى له‌ په‌ره‌پێدان به‌ په‌یوه‌ندیى دوولایه‌نه‌ى هه‌رێمى کوردستان و فه‌ره‌نسا کرده‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کى کۆنه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى دۆستانه‌ دامه‌زراوه‌، به‌هاناوه‌چوونى حکوومه‌ت و خه‌ڵکى کوردستانیشى بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، به‌ مایه‌ى سوپاس و پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا و ڕایگه‌یاند فه‌ره‌نسا له‌ هاوکاریکردنى سه‌ربازى و مرۆیى بۆ کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و هاوکارییه‌ مرۆییه‌کانى زیاتر ده‌کات، له‌و میانه‌شدا چه‌ند ئێن جى ئۆیه‌کى فه‌ره‌نسى بۆ یارمه‌تیدان و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزاریى مرۆیى به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، دێنه‌ هه‌رێمى کوردستان.‌ هه‌روه‌ها تیشکى خسته‌ سه‌ر کار و چالاکییه‌کانى سه‌نته‌رى کولتووریى فه‌ره‌نسى له‌ هه‌ولێر.

بارودۆخى ئه‌منى و سه‌ربازى له‌ عیراق و پرۆسه‌ى سیاسیى وڵاته‌که‌، له‌گه‌ڵ گرنگیى به‌شداریکردنى کورد و سوننه‌ له‌ حکوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا و دروستکردنى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ جه‌نگى دژى تیرۆر و باوردۆخى کۆبانێ، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ ‌بوو. هه‌ردوولاش له‌سه‌ر پێویستیى ‌دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێک بۆ دۆخى مووسڵ و ڕزگارکردنى له‌ تیرۆرستان هاوڕا بوون، تا ببێته‌ هانده‌رێک و ده‌رفه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵکى ئاواره‌ بۆ سه‌ر زێد و شوێنه‌کانى خۆیان بێته‌ ئاراوه‌.‌

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌و په‌ڕى بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ده‌ڕوانێت و سوپاسى حکوومه‌ت و خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانى بۆ سه‌ردانى فرانسوا هۆلاند سه‌رکۆمارى فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ولێر دووپات کرده‌وه،‌ که‌ وه‌ک پشتگیرییه‌کى سیاسیى مه‌زن بوو بۆ هه‌رێمى کوردستان. خواست و ئاره‌زووى کوردستانیشى بۆ په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵى له‌ هه‌موو بواره‌کاندا ده‌ربڕى.

له‌ کۆتاییى دیداره‌که‌دا سه‌رۆک وه‌زیران، تیشکى خسته‌ سه‌ر خواستى هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌موو کێشه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا و جه‌ختى له‌سه‌ر‌ پشتگیریى هه‌رێمى کوردستان بۆ حکوومه‌تى عه‌بادى کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێرى له‌گه‌ڵ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.



زۆرترین خوێندراو