په‌رله‌مان ناردنى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ په‌سه‌ند ده‌کات ،له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ فراکسیۆنى سۆسیالیست هه‌ڵوێستى خۆى ده‌خاته‌روو

10/22/2014 8:33:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ 22 تشرینى یه‌که‌مى 2014 له‌په‌رله‌مانى کوردستان ، دانیشتنى ژماره‌ (7)ى ئاساییى خولى گرێدانى ساڵى یه‌که‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 

له‌دانیشتنه‌که‌دا به‌هۆى گرنگیى خاڵى شه‌شه‌مى به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ که‌ ده‌نگدان بوو له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندیى په‌رله‌مانى کوردستان به‌ ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ له‌سه‌ر بڕیارى سه‌رۆکى هه‌رێم، ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان پێشنیازیان کرد که‌ ئه‌و خاڵه‌ ببێته‌ خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کار ‌و ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا ‌و له‌سه‌ر داواى ژماره‌ى یاسایى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش که‌ داوایان کردبوو گفتوگۆکردنى ئه‌و پرسه‌ به‌ نهێنى به‌ڕێوه‌بچێت سه‌رۆکى په‌رله‌مانیش ئه‌و پێشنیازه‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا ‌و به‌مجۆره‌ دانیشتنه‌که‌ به‌ نهێنى و به‌ئاماده‌بوونى مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى په‌رله‌مان مه‌ولود باوه‌ موراد به‌ڕێوه‌چوو.

په‌رله‌مانى کوردستان به‌ چه‌پڵه‌رێزان ‌و وتنه‌وه‌ى سروودى ئه‌ى ره‌قیب بڕیارێکى سێ خاڵیى گرنگى سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ په‌سندکرد که‌ تایبه‌ت بوو به‌ ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕین له‌سه‌ر ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان بۆ کۆبانێ ‌و پابه‌ندکردنى وه‌زاره‌تى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ پێویستیى جێبه‌جێکردنى حوکمه‌کانى ئه‌و بڕیاره‌ ‌و جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌ له‌ رۆژى ده‌رچوونییه‌وه‌ له‌ 22-10-2014 ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمیى وه‌قایعى کوردستان.

هه‌رسه‌باره‌ت به‌ پرسى ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆکۆبانى عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سیۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى کوردستان هه‌ڵوێستى فراکسیۆنه‌که‌ى خسته‌روو ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌له‌پێناو پاراستنى گه‌لى کوردو ده‌سته‌به‌رکردنى دیموکراسى پێویسته‌ پشتیوانى و هاوکارى سه‌رجه‌م هێزه‌ دیموکراتیخوازه‌کان بکه‌ین .

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌دژى هه‌ر ده‌ستدرێژیه‌ک و زوڵم و سته‌مێکه‌ له‌هه‌رکوێیه‌کى دونیا بێت به‌تایبه‌تیش که‌به‌رامبه‌ر گه‌لى کورد بکرێت بۆیه‌ فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتوانى ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ده‌کات بۆ هاوکارى کردن و پارێزگارى کۆبانى له‌ده‌ستى تیرۆرستان وپاراستنى کوردانى رۆژئاوا  .

هه‌وه‌ها ووتیشى پشتوانى و هاوکاریى کردنى کوردانى رۆژئاوا ده‌بێته‌ هۆى زیاتر پته‌وکردنى یه‌کریزى گه‌لى کوردستانی  وئه‌وهه‌ڵوێسته‌شى به‌به‌ئه‌رکێکى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى له‌قه‌ڵه‌مدا .

  


زۆرترین خوێندراو