په‌رله‌مانى کوردستان به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ره‌وشى په‌روه‌رده‌ تاوتوێ ده‌کات

10/22/2014 8:41:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

  ئه‌مڕۆ 22 ى تشرینى یه‌که‌مى 2014 به‌ سه‌رۆکایه‌تیى د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان‌و ئاماده‌بوونى د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینکى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (7)ى ئاساییى خولى گرێدانى ساڵى یه‌که‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 

خاڵه‌کانى به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ که‌ به‌ ئاماده‌بوونى پشتیوان صادق وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، له‌ شه‌ش خاڵ پێکهاتبوو، که‌ بریتى بوون له‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر له‌ گفتوگۆکردنى گرفته‌کانى په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان ‌و  گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ بڕیارى هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ‌و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارى یه‌که‌مى یاساى رێکخستنى خۆپیشاندان ‌و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى زمانه‌ فه‌رمییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان ‌و خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ بڕیار ‌و یاسایانه‌ (یاساى هه‌موارى یه‌که‌مى یاساى ده‌سته‌ى گشتیى ده‌سپاکیى هه‌رێمى کوردستان-عیراق ژماره‌ (3)ى ساڵى 2011، یاساى چاودێرى ‌و هاریکاریى کۆمه‌ڵایه‌تى، یاساى هه‌موارى یاساى سزادانى عیراقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969، یاساى هه‌موارى یاساى سزادانى عیراقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969، یاساى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى له‌شفرۆشى ژماره‌ (8)ى ساڵى 1988ى عیراقی، یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى له‌شفرۆشی، یاساى لێبووردنى گشتى له‌ هه‌رێمى کوردستان-عیراق، یاساى هه‌موارکردنى یاساى پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان ژماره‌ (3)ى ساڵى 2009، یاساى رێپێدراوى شه‌رعى "المأژون الشرعی"، یاساى "القانون اڵ‌ساسى لجمعیه‌ الهلال اڵ‌حمر الکردستانی"، پڕۆژه‌ بڕیارى "أستحداچ محافڤه‌ زاخو فى أقلیم کردستان-عیراق") ‌و خاڵى شه‌شه‌م ‌و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندیى په‌رله‌مانى کوردستان له‌سه‌ر بڕیارى به‌ڕێز سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان بۆ ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى کوردستان بۆ کۆبانێ له‌ رۆژئاواى کوردستان.

به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار که‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر له‌ گفتوگۆکردنى گرفته‌کانى په‌روه‌رده‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌ دانیشتنه‌کانى دوێنێدا ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان که‌ ناویان تۆمارکرابوو بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ مابوونه‌وه‌ له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازه‌کانى خۆیان سه‌باره‌ت به‌ راپۆرتى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ‌و ره‌وشى په‌روه‌رده‌ ‌و فێرکردن له‌ هه‌رێمى کوردستان ‌و ره‌وشى خوێندن له‌ پارێزگاى دهۆک به‌هۆى ئه‌و باره‌ نائاساییه‌ى که‌ به‌هۆى نیشته‌جێبوونى ئاواره‌کان له‌ نێو قوتابخانه‌کاندا بۆ قوتابیانى ئه‌و پارێزگایه‌ دروست بووه‌ که‌ تا ئێستا له‌ خوێندنى ئه‌مساڵ بێیبه‌شبوون ‌و ئه‌و کێشه‌ ‌و که‌موکوڕییانه‌ى که‌ له‌و که‌رته‌دا هه‌یه‌ خسته‌ روو ‌و چه‌ندین پرسیاریشیان سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ ئاراسته‌ى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ کرد.

پاشان وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ وێراى ده‌ربڕینى سوپاسگوزاریى خۆى بۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان ‌و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان بۆ ئه‌و میواندارییه‌یان ‌و سه‌رنج ‌و پێشنیازه‌کانیان، روونکردنه‌وه‌ى پێویستى له‌سه‌ر سه‌رنج ‌و تێبینییه‌کانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان خسته‌ روو ‌و وه‌ڵامى به‌شێکى ئه‌و پرسیارانه‌شى دایه‌وه‌ که‌ له‌ دانیشتنه‌کانى دوێنێ ‌و ئه‌مڕۆدا ئاراسته‌ى کرابوون ‌و به‌ڵێنیشى به‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌ماندا که‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیارانه‌ى  ئاراسته‌ى کراون له‌ ماوه‌یه‌کى زۆر کورتدا به‌ نووسراو وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ ‌و  هه‌موو ئه‌و پێشنیازانه‌شى که‌ کران به‌ هه‌ندیان وه‌رده‌گرێ ‌و ئه‌یانخاته‌ به‌رنامه‌ى کار ‌و پلانى وه‌زاره‌ته‌که‌ى.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌ ناوى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى ‌و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ سوپاسى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى کرد بۆ ئاماده‌بوونى له‌ په‌رله‌مان ‌و خستنه‌ رووى به‌رنامه‌ى کار ‌و پلانى وه‌زاره‌ته‌که‌ى.
 


زۆرترین خوێندراو