نێچیرڤان بارزانى: کێشه‌ى سوریا به‌ ڕێگه‌چاره‌ى سیاسى چاره‌سه‌ر ده‌بێت

10/24/2014 1:41:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه‌ 23ى ئۆکتۆبه‌رى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ ستیڤان دى مستۆرا نێردراوى تایبه‌تى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ سووریا و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا دى مستۆرا خۆشحاڵیى خۆى به‌ پێشکه‌وتنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان نیشان دا و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا له‌ ڕاپه‌ڕینى 1991ه‌وه‌ تا ئێستا، پێشکه‌وتنى گه‌وره‌ و دڵخۆشکه‌ر له‌ هه‌رێمى کوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد که‌ پێشوازى له‌ نزیکه‌ى ملیۆنێک و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر کردووه‌ و دووپاتى کرده‌وه‌ کۆمه‌ک و هاوکاریى ڕێکخراوه‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.

بارودۆخى عیراق و ناوچه‌که‌ و مه‌ترسیى تیرۆر و پێکهێنانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستان و گرنگیى به‌شداریى هه‌مووان له‌ حکوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو، تیایدا  سه‌رۆک وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، سیاسه‌ت و ستراتیژێکى گشتگیرى پێویسته‌ و ده‌بێ له‌ ڕووى سه‌ربازى و مرۆییشه‌وه‌ هاوکاریى زیاترى هه‌رێمى کوردستان بکرێت. ده‌رباره‌ى سووریاش، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ کێشه‌ى سووریا کێشه‌یه‌کى سه‌ربازى نیه‌ و ده‌بێ ڕێگه‌چاره‌یه‌کى سیاسى بۆ چاره‌سه‌رکردنى بدۆزرێته‌وه‌ تا ئارامى له‌ ناوچه‌که‌دا سه‌قامگیر ببێت‌.

سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها سوپاسى کۆمه‌ک و هاوکارییه‌ مرۆییه‌‌کانى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و هاوکارى بۆ کۆبانێ کرد، ڕوونیشى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان پێویستى به‌ کۆمه‌ک و هاوکاریى زیاتر هه‌یه‌ و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و وڵاتانى کۆمه‌کبه‌خش، ده‌بێ زیاتر هاوکاریى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.

له‌ کۆتاییى دیداره‌که‌دا دى مستۆرا دووباره‌ خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند که‌ هه‌رێمى کوردستان بوێرانه‌ به‌ره‌نگارى تیرۆر بووه‌ته‌وه‌ و به‌رگرى و به‌رخودانى کردووه‌، بۆیه‌ به‌ دواڕۆژى هه‌رێمى کوردستان گه‌شبینن و ده‌گاته‌ ئامانجى خۆى.


زۆرترین خوێندراو