عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ چه‌ند پرسێکى گرنگ تاوتوێ ده‌کات

10/27/2014 7:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 27 تشرینى یه‌که‌مى 2014 لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ئاماده‌بوونى سه‌رۆک وجێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، میوانداریى مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ‌و ستافى وه‌زاره‌ته‌که‌ى کرد.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵاحاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى کوردستان و ئه‌ندامى لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان به‌جه‌ماوه‌رنیوزى راگه‌یاند : به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بڕیار ‌و راسپاردانه‌ى که‌ له‌ رابردوودا سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان بکرێت به‌ هێزێکى نیشتیمانى ده‌رکراون  ‌و ئیش ‌و کاره‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ‌و ره‌وشى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ‌و به‌ره‌کانى جه‌نگ ‌و هاتنى چه‌ک ‌و چۆنیه‌تیى دابه‌شکردنى ‌و پرسى ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ ‌و  چه‌ندین پرسى ترى په‌یوه‌ست به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان لیژنه‌که‌یان میواندارى  مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ‌و ستافى وه‌زاره‌تى پێمه‌رگه‌ى کرد.

عه‌بدوڵاحاجى مه‌حمود  وتى : له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ریه‌که‌ له‌ لیوا جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ‌و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌بوون وزیاتر له‌ چوار کاتژمێر کۆبونه‌وه‌که‌ به‌رده‌وام بووه‌ ، به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بڕیار ‌و راسپاردانه‌ى که‌ له‌ رابردوودا ده‌کرابوون سه‌باره‌ت به‌یه‌کخستنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌چوارچێوه‌ى  هێزێکى نیشتیمانى ‌و هاتنى چه‌ک ‌و چۆنیه‌تیى دابه‌شکردنى ‌و پرسى ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ.

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ هۆکاره‌کانى جێبه‌جێنه‌کردنى بڕیارى ژماره‌ 19ى په‌رله‌مانى کوردستان که‌ 21 خاڵى له‌خۆگرتبوو سه‌باره‌ت به‌ باشکردنى وه‌زعى پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه‌ واژۆ کراوه‌ ته‌وه‌رێکى ترى کۆبوونه‌وه‌که‌ بووه‌.

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حموود ئاماژه‌شى به‌وه‌دا له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا چه‌ندین بابه‌تى ترى په‌یوه‌ست به‌ ژماره‌ى شه‌هید ‌و برینداره‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ ‌و ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ دیله‌کانى لاى داعش ‌و دیله‌کانى داعش لاى پێشمه‌رگه‌ تاوتوێکران.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان له‌په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ یه‌کێکى تر له‌وپرسانه‌ى گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا، بڕیارى سزادانى ئه‌و که‌سانه‌بوو که‌ سه‌رۆکى هه‌رێم بڕیارى دابوو له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ سزایان بدات له‌سه‌ر هۆکارى کشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ک ‌و ئه‌نجامى لێکۆڵینه‌وه‌کان ‌و پرسى بازرگانیکردن له‌گه‌ڵ داعش بوو که‌له‌باره‌یانه‌وه‌ روونکردنه‌وه‌ى پێویست خرایه‌ روو.


زۆرترین خوێندراو