هه‌ولێر ...کونگره‌ى کۆڕبه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ها مرۆییه‌کان ده‌ستی پێکرد

11/20/2014 8:52:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ ژێر چاودێرى په‌رله‌مانى کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، ئه‌مڕۆ پینجشه‌ممه‌ 20/11/2014 له‌ شارى هه‌ولێر  کونگره‌ى دووه‌مى کۆڕبه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ها مرۆییه‌کان کاره‌کانى ده‌ستى پێکرد.

 له‌ ده‌ستپێکى کاره‌کانیدا کونگره‌که‌ که‌ بانگخوازى جیهانى بۆ ئاشتى شرى شرى رافى شه‌نکار و ژماره‌یه‌ک له‌ چاڵاکوانانى بواره‌کانى ئاشتى و مافى مرۆڤ و ژنان وئافره‌تان ئاماده‌یبوون، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان وتارێکى پێشکه‌شکرد و تیایدا ئاماژه‌ به‌ رۆڵى به‌رچاوى هه‌رێمى کوردستانى کرد له‌پاراستنى مافه‌کانى مرۆڤ وبه‌ها مرۆییه‌کان و ئاینییه‌کان و داکۆکیکردنى له‌ به‌رقه‌راربوونى ئاشتی، و وتى: گه‌لى کوردستان له‌ رابردوو و ئێستاشدا رۆلى کاریگه‌ر و به‌رچاوى هه‌بووه‌ له‌ بنیادنانه‌وه‌ى به‌ها به‌رزه‌کان که‌ له‌ پاراستنى ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیانى هه‌موو ئایینه‌ پیرۆزه‌کان خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، به‌مه‌ش به‌ها مرۆییه‌کان له‌ سه‌ر به‌ها هاوبه‌شه‌کانى هه‌موو ئایین و شارستانییه‌ته‌کان و برایه‌تى و خۆشه‌ویستى بنیادنروان،

 هه‌روه‌ها ئاماژه‌شى به‌و پێشێلکارییانه‌ کرد که‌ به‌ درێژایى مێژوو ده‌رحه‌ق به‌گه‌لى کوردستان کراون و ئه‌و تاوانانه‌ى که‌ ئێستا رێکخراوى تیرۆریستى داعش دژ به‌ گه‌لى کوردستان به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه‌ ئه‌نجامده‌دات.

جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان ووتى: ئه‌نجامدانى ئه‌م تاوانانه‌ وایکرد که‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌ په‌له‌ ئیدانه‌ى ئه‌و کارانه‌ بکات و هاوکاربێت بۆ له‌ناوبردنى ئه‌م رێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌، له‌شه‌ڕێکدا که‌ ده‌توانین به‌ شه‌ڕى به‌ها مرۆییه‌کان دژ به‌ دڕندایه‌تى وه‌سفى بکه‌ین، شه‌ڕێکه‌ ته‌نها به‌ چه‌ک ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵکو به‌ پێگه‌یشتن و تێگه‌یشتنى هزرى ئه‌نجام ده‌درێت.

   له‌ کۆتایى وتاره‌که‌یدا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ کۆنگره‌که‌ خواست، هه‌روه‌ک هیواشى خواست که‌ راسپارده‌کانى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى به‌رقه‌راربوونى ئاشتى و ئاسایش و به‌ها مرۆییه‌کاندا بن.  


زۆرترین خوێندراو