به‌ئاماده‌بونى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود مه‌راسیمى یادى رۆژى شه‌هیدى یه‌کێتى به‌رێوه‌چوو

11/21/2014 4:41:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 21 تشرینى دووه‌مى 2014 له‌ ته‌لارى هونه‌ر، له‌شارى سلێمانى یادى رۆژى شه‌هیدى یه‌کێتى به‌ئاماده‌بوونى به‌رێز محمه‌دى حاجى مه‌حمود و وه‌فدێکى یاوه‌رى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و  فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عیراق و ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان و   ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ که‌سوکارى شه‌هیدان نوێنه‌رى لایه‌ن سیاسییه‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌رێوه‌چوو .

سه‌ره‌تایى مه‌راسیمه‌که‌ به‌ چه‌ند ئایه‌تێک له‌قورئانى پیرۆز ده‌ستیپێکردو دواتر ئاماده‌بووان به‌ده‌م وتنه‌وه‌ى سرودى مه‌شخه‌ڵان، ده‌قیقه‌یه‌ک به‌پێوه‌ وه‌ستان بۆ گیانى پاکى شه‌هیده‌نه‌مره‌کان و پاشان له‌لایه‌ن به‌رپرسان وکه‌سوکارى شه‌هیدانه‌وه‌ مۆمى ته‌مه‌نى شه‌هیدى یه‌کێتى داگیرسێنرا، له‌پاشان فلیمێکى دیکۆمێنتارى که‌باسى له‌خه‌باتى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان ده‌کرد، بۆ ئاماده‌بووان نمایشکرا، دواتر سرودى پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌نگى هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ ناسرى ره‌زاى پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بووان و خوێنى شه‌هیده‌کان کرا. 

دواتر له‌لایه‌ن کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى جێگرى سکرتێرى گشتى یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستانه‌وه‌ ، وتارى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى خوێندرایه‌وه‌و تێیدا رێزو سڵاوى به‌رێز مام جه‌لال-ى گه‌یانده‌ که‌سوکارى شه‌هیدان و پاشان داواى له‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد که‌ جدیتر کار بۆ بنه‌ماڵه‌و که‌سوکارى شه‌هیدان بکات و هه‌وڵبدات به‌چه‌ند جارێک خانه‌واده‌ى شه‌هیدان بکاته‌ خاوه‌نى یه‌که‌ى نیشته‌جێى خۆیان، هه‌روه‌ها داواى له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و حکومه‌ت کرد، که‌ رۆژێک ده‌تنیشان بکه‌ن به‌رۆژى شه‌هیدان به‌گشتى و هه‌موو لایه‌ک بتوانین له‌و رۆژه‌دا یادى خوێنى شه‌هیده‌کانیان بکه‌نه‌وه‌.

له‌پاشان وتارى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان خوێندرایه‌وه‌و له‌وتاره‌که‌یاندا پشتگیرى له‌ وته‌کانى جێگرى سکرتێرى گشتى یه‌کێتى کراو ئه‌وانیش داوایان کرد که‌ رۆژێک ده‌تنیشان بکرێت وه‌ک رۆژى شه‌هیدان تا له‌و رۆژه‌دا به‌ڵێن بۆ شه‌هیده‌کانمان دووپاتبکه‌ینه‌وه‌.

له‌دواتردا وتارى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى خۆرئاواى کوردستان خوێندرایه‌وه‌و پاشان وتارى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و رێکخراوه‌کان، خوێندرایه‌وه‌و به‌سرودى شه‌هید له‌نوسینى شاعیرى گه‌وره‌ شێرکۆ بێکه‌س که‌له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکى شارى سلێمانییه‌وه‌ پێشکه‌شکرا، کۆتایى به‌مه‌راسیمه‌که‌ هات.


زۆرترین خوێندراو